سێگۆشەی نوێی هەژمون، ڕێککەوتنی مەککە لەنێوان بەرژەوەندیی دەوڵەتان‌و پەرتەوازەیی کورددا

9 کاتژمێر پێش ئێستا

هەڤاڵ عارف

ڕێککەوتنی بەرگریی حەوتی ئاب لە نێوان تورکیا، سعودیە و پاکستان لە مەککە، گۆڕانکارییەکی نوێیە لە هاوکێشە سەربازی و سیاسییەکانی ناوچەکەدا و دەستپێکی دروستبوونی جەمسەرێکی دیکەی هاوپەیمانێتی سێ وڵاتی ئیسلامییە بە ئامانجی دارشتنی نەخشەی هەژموونی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیادا، ئەمەش لە ڕێگەی گرێدانی سەرمایەی زەبەلاحی ئابووریی سعودیە بە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای سەربازیی ئەنقەرە و هێزی ستراتیژیی ئیسلام‌ئاباد وەک تاکە وڵاتی ئیسلامی خاوەن چەکی ئەتۆم.

سەرباری ئەوەی هەر یەکێک لەم سێ دەوڵەتە خاوەنی پاشخان و ئاراستەی ئایدۆلۆژیی جیاوازن، بەڵام لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە ستراتیژی و نەتەوەییەکانیاندا، ئامانجەکانی خۆیان لەم ڕێککەوتنەدا یەکخستووە. ئەوەی ناچاری کردون ئەم جیاوازییانە تێپەڕێنن و ئەمری واقع بخەنە پێش ئایدۆلۆژیاوە، دروستبوونی بۆشاییەکی جیۆپۆلەتیکی سەختە لە ناوچەکەدا بۆشاییەک، کە دەرەنجامی ڕاستەوخۆی پاشەکشەی ڕۆڵی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت لە سایەی سیاسەتەکانی کابینەکەی ئێستای ترەمپدا، ئەم واقیعە نوێیەش، بەڕوونی لە دوای پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە و جەنگە چل ڕۆژەیەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا دەرکەوت، کە تەواوی هاوکێشە ئەمنییەکانی ناوچەکەی بردە ئاقارێکی دیکەوە.

لەم تەوقیتە هەستیارەشدا، پاڵنەرەکانی پشتی ئەم ڕێککەوتنە بۆ هەر یەکێک لەم سێ وڵاتە ڕەهەندی ستراتیژی و ئیعتیباری قوڵی هەیە، سعودیە، دوای ئەوەی لە چەندین بەرەوە ڕوبەڕوی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنی بووەوە لەلایەن ئێران، حوسییەکانی یەمەن و میلیشیاکانی ناوخۆی عێراقەوە، گەیشتە ئەو قەناعەتەی، کە چیتر ناتوانێت تەنها پشت بە چەتری ئەمنی ئەمریکا ببەستێت و ناچارە قەڵغانێکی ئەمنیی نوێ بۆ پاراستنی خۆی دابڕێژێت، لە لایەکی دیکەشەوە، پێگەی تورکیا لەم هاوکێشەیەدا خوێندنەوەیەکی ئاڵۆزتر هەڵدەگرێت، ڕاستە ئەنقەرە خاوەنی دووەم گەورەترین سوپایە لەناو ناتۆدا و بەپێی بەندی پێنجەمی پەیماننامەکە، هەر هێرشێک بۆ سەر ئەندامێک بە هێرش بۆ سەر تەواوی هاوپەیمانێتییەکە دادەنرێت، بەڵام واقیعی ئێستای ناتۆ تەواو جیاوازە، ڕێکخراوەکە لە لایەکەوە لەژێر قورسایی جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیادایە، لە لایەکی دیکەشەوە هەڕەشە بەردەوامەکانی ترەمپ بۆ کشانەوە یان کەمکردنەوەی بەشدارییە داراییەکان، ناتۆی خستووەتە بەردەم تەنگژەیەکی گەورەوە، سەرەڕای ئەمانەش، لە ڕووی ئایدۆلۆژی و جیۆپۆلەتیکییەوە، تورکیا باش درک بەوە دەکات ئەگەر گرژییە توندەکانی ئێستای لەگەڵ ئیسرائیل تەرجەمە بێت بۆ پێکدادانی سەربازی، ئەستەمە ناتۆ ئامادە بێت پشتیوانییەکی پراکتیکی ئەنقەرە بکات، بۆیە تورکیا لەم دۆخەدا پێویستی بە جەمسەرێکی دیکەی پاڵپشتی هەیە، هاوکات دەیەوێت لەم هاوپەیمانێتییە نوێیەشدا بازاڕێک بۆ ساغکردنەوە و بەکارهێنانی پێشکەوتنە تەکنەلۆژیا سەربازییەکانی بدۆزێتەوە، هەرچی پاکستانیشە، کە لەئێستادا بەدەست قەیرانێکی سەختی داراییەوە دەناڵێنێت و بەردەوامیش لە ململانێیەکی ئەمنی قورسدایە لەگەڵ هیندستان، لەم سێگۆشەیەدا هەناسەیەکی ستراتیژی بۆ خۆی دەبینێتەوە، بەمجۆرە، یەکگرتنی ئەم سێ هێزە بەم پاڵنەرە جیاوازانەوە، گۆڕانکارییەکی بونیادییە لە نەخشەی هاوپەیمانێتییەکانی ناوچەکەدا و پێشهاتێکە کە دەبێت بە وریاییەوە بخوێندرێتەوە.

بەڵام لە دەرەوەی ئامانجە ڕاگەیەندراوەکان، ئەوەی جێگەی هەڵوەستەو شیکارییە، ڕەنگدانەوەی شاراوەی ئەم ڕێککەوتنەیە لەسەر پرسی کورد،. بەو پێیەی لە ڕابردووشدا هەر ڕێککەوتن و هاوپەیمانێتییەک لەم ناوچەیەدا  کرابێت یان لە دەرەوەی ئەم سنوورەش بە بەشداریی هەر جەمسەرێکی سەر بەم جوگرافیایە واژۆ کرابێت دەرئەنجامە عەمەلییەکانی بە زیانی کورد شکاوەتەوە، لەم سێگۆشە نوێیەشدا، گەرچی دەقێکی ڕاشکاوی دژ بە کورد بوونی نییە، بەڵام ئامادەیی تورکیا وەک جەمسەرێکی بڕیاردەر، مەترسییەکە دەکاتە کارتێکی کراوە و خوێندنەوەکان بەو ئاراستەیە دەبات، کە ئەنقەرە هەر کات و لە هەر قۆناغێکدا بیەوێت، دەتوانێت لەژێر چەتری ئاسایشی نەتەوەییدا، قورسایی سیاسی و ئەمنیی ئەم هاوپەیمانێتییە وەک ئامرازێک دژی پرسی کورد ئاراستە بکات

سەرئەنجام، لە بەرامبەر دروستبوونی ئەم جەمسەرگیرییەدا، قەوارەی هەرێمی کوردستان گیرۆدەی بۆشاییەکی گەورەی ناوخۆییە بەدبەختێکەش لەوەدایە  سەرباری ئەم هەموو پێشهاتانە، هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر دۆخی شێواوی ناوماڵی کورددا نەهاتووە و هەر بە پەرتەوازەیی ماوەتەوە، لە کاتێکدا ئەو سێ دەوڵەتە خاوەنی سێ نەتەوەی جیاواز، سێ جوگرافیای لێکدابڕاو، سێ زمانی جیاواز و تەنانەت ئایدۆلۆژیای جیاوازیشن، بەڵام لەپێناو بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانیان خاڵی یەکگرتنیان دۆزیوەتەوە، کەچی لە بەرامبەردا، وەک چۆن لە کاتی هەر ڕێککەوتنێکی ڕابردودا کورد پەرتەوازە بووە، لە بەردەم ئەم ڕێککەوتنەشدا ژینگەی سیاسی هەرێم وێڕای ئەوەی خاوەنی یەک نەتەوە، یەک زمان و یەک جوگرافیایە هێشتا نوقمی قەیرانی لێکترازانە، ئەم مانەوەیە لە بۆشاییەکی بێ ئاراستەدا، لەپاڵ غیابی دامەزراوەیەکی یاسادانانی کارا، دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و نەبوونی گوتارێکی هاوبەشی نەتەوەیی، ئەو فاکتەرە کوشندانەن، کە ڕاستەوخۆ پارێزبەندی سیاسی و دیپلۆماسیی هەرێم دادەماڵن و قەوارەکە لەبەردەم لێکەوتەکانی ئەم گۆڕانکارییە خێرایانەدا بە پەراوێزخراوی و لاوازی دەهێڵنەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی