ئۆپۆزسیۆن لەهەرێمی کوردستان؛ لەئەزمونی ڕابردوەوە بۆ ئەڵتهرناتیڤی حکومڕانی
ئایا ئۆپۆزسیۆنی ئەمڕۆ دەتوانێت لە نەخۆشییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕابردوو خۆی ڕزگار بکات؟
لە هەرێمی کوردستان، مێژووی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی مێژوویەکی کورت نییە. لە پارتە ئیسلامییەکانەوە تا بزوتنەوەی گۆڕان و دواتر نەوەی نوێ و هێزە سیاسییەکانی تری ناڕازی لە دەسەڵات، هەر یەکەیان لە قۆناغێکدا توانیویەتی بەشێک لە کۆمەڵگە بە دەنگی خۆی بخاتە دەنگدانگە و بەڵێنی گۆڕانکاری بدات.
بەڵام کێشەکە لەوێدایە کە ئەم ئەزموونانە، لە دیدی بەشێکی زۆر لە هاووڵاتیانەوە، نەیانتوانیوە بە شێوەیەکی بەردەوام خۆیان وەک ئەڵترناتیفێکی جددی بۆ حکومڕانی بسەلمێنن. لەبەر ئەوە، پرسیاری گرنگ ئەوە نییە کە ئۆپۆزسیۆن هەیە یان نییە؛ پرسیاری سەرەکی ئەوەیە:
ئایا ئۆپۆزسیۆنی ئەمڕۆ دەتوانێت لە نەخۆشییەکانی ئەزموونی ئۆپۆزسیۆنی ڕابردوو فێرببێت و خۆی بگۆڕێت بۆ هێزێکی سیاسیی بەکردار، دامەزراوەیی و ئامادە بۆ حکومڕانی؟
ئۆپۆزسیۆن تەنها دژایەتی دەسەڵات نییە
لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکدا، ئۆپۆزسیۆن تەنها ئەو هێزە نییە کە بەردەوام بە دەسەڵات دەڵێت «نەخێر». ئۆپۆزسیۆن بەشێکە لە سیستەمی حکومڕانی و ئەرکی ئەوەیە هەڵەکانی دەسەڵات بخاتە ڕوو، بەڵام لە هەمان کاتدا خۆی بەرپرسیارێتی چارەسەر هەڵبگرێت.
لەو ڕوانگەیەوە، ئۆپۆزسیۆنێکی پێگەیشتوو تەنها نابێت بڵێت: دەسەڵات گەندەڵە، دەسەڵات شکستیهێناوە، دەسەڵات بەرپرسیارە.
دەبێت وەڵامی ئەم پرسیارەش بداتەوە:
ئەگەر ئێمە لە شوێنی ئەوان بووینایە، چۆن حکومڕانی دەکرد؟
ئەم پرسیارە جیاوازیی نێوان ئۆپۆزسیۆنی «اعتراچ» و ئۆپۆزسیۆنی «ئەڵترناتیف» دەردەخات.
ئۆپۆزسیۆنی اعتراض دەتوانێت ناڕەزایی کۆبکاتەوە؛ بەڵام ئۆپۆزسیۆنی ئەڵترناتیف دەبێت بتوانێت باوەڕ دروست بکات.
کێشەیەکی کۆن: گۆڕینی ڕۆڵ، نەک گۆڕینی بیرکردنەوە
یەکێک لە وانە گرنگەکانی ئەزموونی سیاسیی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە گۆڕینی شوێنی سیاسی بە تەنیا بە مانای گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوە نییە.
هێزێک دەتوانێت ساڵانێک لە ئۆپۆزسیۆن بێت، دواتر بچێتە ناو حکومەت؛ بەڵام ئەگەر هەمان کەلتووری حیزبی، هەمان شێوازی بڕیاردان، هەمان پەیوەندییەکان لەگەڵ دەسەڵات و هەمان تێگەیشتن لە دامەزراوەکان لەگەڵ خۆی ببات، ئەوا تەنها شوێنی خۆی گۆڕیوە، نەک سیستەمی بیرکردنەوەی خۆی.
ئەمە یەکێکە لەو نەخۆشییانەی دەبێت ئۆپۆزسیۆنی نوێ بە جدی لێی بترسێت.
کۆمەڵگەی ئەمڕۆ کۆمەڵگەیەکی جۆراوجۆرە؛ خەڵک تەنها بە یەک بیر و یەک ئایدیۆلۆجیا نادۆزنەوە. جیاوازییە سیاسی، کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی، چینایەتی و فکرییەکان بوونەتە بەشێک لە واقیعی کۆمەڵگە.
لەبەر ئەوە، هێزێکی سیاسیی نوێ ناتوانێت بە فکری تاک، زمانێکی تاک و ناسنامەیەکی تاک خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێت. ئەڵترناتیفی سیاسی دەبێت توانای بەڕێوەبردنی جیاوازییەکان هەبێت، نەک سڕینەوەیان.
گەندەڵی بە تەنیا پلاتفۆرمی سیاسی نابێت
ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان، هەر هێزێکی ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت بە ئاسانی گەندەڵی بکاتە ناوەندی وتارە سیاسییەکەی. ئەمە لە بنەڕەتدا گرنگە، چونکە گەندەڵی تەنها کێشەیەکی دارایی نییە؛ بەڵکو کێشەیەکی دەسەڵات، دامەزراوە، یاسا و کەلتووری سیاسییە.
بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە:
ئایا دژایەتی گەندەڵی بە تەنیا دەتوانێت هێزێکی سیاسی دروست بکات کە خەڵک پێی متمانە بکات؟
وەڵامەکە بە گومانەوەیە.
چونکە خەڵک تەنها ناپرسی: «کێ دژی گەندەڵییە؟»
بەڵکو دەپرسی:
کێ دەتوانێت دامەزراوەی دادپەروەر دروست بکات؟
کێ دەتوانێت سیستەمی دارایی و بودجە بە شێوەیەکی شەفاف بەڕێوە ببات؟
کێ دەتوانێت دەزگای حکومەت لە حیزب جیابکاتەوە؟
کێ دەتوانێت دادگا و دامەزراوە چاودێرییەکان بەهێز بکات؟
کێ دەتوانێت خزمەتگوزارییەکان باشتر بکات؟
و لە کۆتاییدا، کێ دەتوانێت ئەوەی بەڵێنی دەدات جێبەجێی بکات؟
ئەگەر ئۆپۆزسیۆن وەڵامی ئەم پرسیارانەی نەبێت، گەندەڵی دەبێتە تەنها شعار، نەک پڕۆژەی گۆڕانکاری.
پرسی نەتەوەیی؛ ئۆپۆزسیۆن نابێت لێی دووربکەوێتەوە
هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت. ناوچەکە لە ژێر کاریگەریی گۆڕانکارییە گەورەکانی ناوچەیی و جیهانیدایە، و لە هەمان کاتدا پرسی کورد و داهاتووی هەرێم لەگەڵ کۆمەڵێک پرسیاری ستراتیژی تێکەڵ بووە.
لەو بارودۆخەدا، ئۆپۆزسیۆن ناتوانێت هەموو توانای سیاسیی خۆی لەسەر کێشە ناوخۆییەکان کۆبکاتەوە و پرسی نەتەوەییەکان بخاتە پلەی دووەم.
بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان، یەکێتیی ناوخۆیی، پەیوەندیی هەرێم لەگەڵ بەغدا، ناوچە جێناکۆکەکان و داهاتووی کەرکووک هەیە.
ئەمە بە مانای پشتگیریکردنی هەموو سیاسەتەکانی دەسەڵات نییە. بە پێچەوانەوە، ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت بە توندی ڕەخنە لە دەسەڵات بگرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا لە پرسە ستراتیژییە نەتەوەییەکاندا هەڵوێستی نیشتیمانی و بەرپرسیارانە هەبێت.
ئەگەر دوو هێزی سەرەکیی دەسەڵات لە ماوەیەکی درێژدا نەیانتوانیوە بە شێوەیەکی پێویست کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچە جێناکۆکە بکەن، ئەمە نابێت ببێتە هۆی ئەوەی ئۆپۆزسیۆن تەنها تماشاکەر بێت. دەبێت پلانێکی ڕوون و جێگرەوە بۆ ئەم پرسانە پێشکەش بکات.
لە «ڕەخنە» بۆ «پلان»
ئۆپۆزسیۆنی پێگەیشتوو دەبێت لە قۆناغی «نەخێر» بگوازرێتەوە بۆ قۆناغی «ئەگەر».
ئەگەر دەڵێت حکومەت لە ئابووری شکستیهێناوە، دەبێت بڵێت:
ئەگەر ئێمە حکومەت بووین، پلانەکەمان چییە؟
ئەگەر دەڵێت گەندەڵی هەیە، دەبێت بڵێت:
کام دامەزراوە و کام یاسا دەتوانێت گەندەڵی کەم بکاتەوە؟
ئەگەر دەڵێت خزمەتگوزارییەکان لاوازن، دەبێت بڵێت:
لە کوێوە دەست پێدەکەین و چۆن داهات و بودجە بەکار دەهێنین؟
ئەگەر دەڵێت دەسەڵات لە پرسی نەتەوەیی شکستیهێناوە، دەبێت بڵێت:
ستراتیژیی ئێمە بۆ داهاتووی کوردستان چییە؟
ئەمە ئەو خاڵەیە کە ئۆپۆزسیۆن لە «هێزی ناڕەزایی» دەگۆڕێت بۆ هێزی ئەڵترناتیف.
ئایا «نخبه»ی ئەزمونکراو دەتوانێت ئەڵترناتیف بێت؟
لە هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک کادر و سیاسیی ئەزمونکراو هەن کە ساڵانێک لە پەرلەمان، حکومەت و دامەزراوە جۆراوجۆرەکاندا کاریان کردووە و ئێستا خۆیان لە ئۆپۆزسیۆن دەبینن.
ئەم ئەزمونە دەتوانێت خاڵێکی بەهێز بێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دەتوانێت ببێتە خاڵێکی لاوازیش.
بەهێزە، چونکە ئەو کەسانە تاقیکردنەوەی واقیعی حکومڕانییان هەیە.
لاوازە، چونکە خەڵک دەتوانێت بپرسێت:
ئەگەر ئەم کەسانە ساڵانێک لە ناو سیستەمدا بوون، بۆچی ئەو کاتە گۆڕانکارییەکانیان نەکرد؟
ئەم پرسیارە نابێت بە توڕەیی و پڕوپاگەندە وەڵام بدرێتەوە؛ دەبێت بە خۆڕەخنەیی سیاسی وەڵام بدرێتەوە.
هەر هێزێکی سیاسی کە داوای گۆڕینی کۆمەڵگە دەکات، پێویستە یەکەم جار توانای گۆڕینی خۆی هەبێت.
خۆڕەخنەیی؛ مەرجی مانەوەی ئۆپۆزسیۆن
لە ئەزموونی جیهانیی بیرکردنەوەی سیاسییەوە یەک وانەی گرنگ هەیە: کۆمەڵگەکان تەنها بە گۆڕینی حکومەتەکان نوێ نابنەوە؛ بەڵکو بە گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوە و دامەزراوەکان نوێ دەبنەوە.
لەبەر ئەوە، ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستان ئەگەر بیەوێت تەمەندرێژ بێت، پێویستی بە پرۆژەیەکی ناوخۆیی هەیە بۆ خۆی:
چۆن حیزب دەگۆڕێت بۆ دامەزراوە؟
چۆن بڕیار لە کەسایەتیی تاک جیا دەکرێتەوە؟
چۆن کادرەکان بە شایستەیی هەڵدەبژێردرێن؟
چۆن ژنان و گەنجان دەبنە بەشێک لە بڕیاردان؟
چۆن داهاتی حیزب و سەرچاوە داراییەکانی شەفاف دەکرێن؟
چۆن ڕێبەرایەتی دەگۆڕێت و دەستەڵاتی ناوخۆیی دەگوازرێتەوە؟
ئەم پرسیارانە لەوانەیە لە دژایەتی دەسەڵات قورستر بن، بەڵام بێ ئەوان هیچ ئەڵترناتیفێکی جددی دروست نابێت.
کوردستان لە نێوان دەرفەت و مەترسیدا
کوردستان لە دۆخێکی سادەدا نییە. گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیهان هەموویان مەترسی نین؛ هەندێکیان دەتوانن دەرفەت بن.
بەڵام دەرفەت تەنها بۆ ئەو کۆمەڵگەیە دەبێتە دەستکەوت کە ئامادەیی سیاسی و دامەزراوەیی بۆ قۆستنەوەی هەبێت.
ئەگەر هەرێم لە ناوخۆدا بە ناکۆکییە حزبییەکان، لاوازیی دامەزراوەکان، گەندەڵی، کەمبوونی متمانەی گشتی و نەبوونی ستراتیژیی هاوبەشەوە ماندوو بێت، ئەوا لە کاتی گۆڕانکارییە گەورەکاندا نەک تەنها دەرفەتەکان لەدەست دەدات، بەڵکو ڕەنگە زیانیش ببینێت.
لێرەدا ئەرکی ئۆپۆزسیۆن زۆر گەورەیە.
ئۆپۆزسیۆن نابێت تەنها چاودێریی شکستەکانی دەسەڵات بکات؛ دەبێت ئامادەیی خۆی بۆ ڕۆژی حکومڕانی پیشان بدات.
کۆتایی: ئۆپۆزسیۆن دەبێت خۆی بکاتە ئەڵترناتیف
لە کۆتاییدا، پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە ڕەوتێکی سیاسی چەند جار دەتوانێت لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگی خەڵک کۆبکاتەوە. پرسیاری قووڵتر ئەوەیە کە:
ئایا دەتوانێت متمانەی خەڵک دروست بکات بۆ ئەوەی کە ئەگەر سبەی دەسەڵات بگرێت، بتوانێت حکومڕانییەکی جیاواز و باشتر پێشکەش بکات؟
ئەگەر وەڵامەکە بەڵێیە، ئەوا ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت تەمەندرێژ بێت و ببێتە هێزی سیاسیی سەرەکی.
بەڵام ئەگەر هەموو پڕۆژەکە لەسەر «دژ بە گەندەڵی» و «دژ بە دەسەڵات» بنیات نرابێت، بێ ئەوەی پلانێکی ڕوون بۆ ئابووری، حکومڕانی، دامەزراوەسازی، پرسی نەتەوەیی، کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان، پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و سیاسەتی دەرەوەی هەرێم هەبێت، ئەوا مەترسیی ئەوە هەیە کە ئەزموونی ئۆپۆزسیۆنی ڕابردوو دووبارە بکرێتەوە.
ئۆپۆزسیۆنی سەرکەوتوو ئەوە نییە کە تەنها دەسەڵات بخاتە ژێر پرسیار؛ ئەوەیە خۆیشی بخاتە ژێر پرسیار.
چونکە کۆمەڵگەیەک کە دەیەوێت لە حکومڕانیی حیزبییەوە بگوازرێتەوە بۆ حکومڕانیی دامەزراوەیی، پێویستی بە هێزێکی سیاسی هەیە کە لە خۆیدا ئەو گۆڕانکارییە ئەزموون کردبێت.
لەو ڕوانگەیەوە، داهاتووی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان بە قەبارەی ناڕەزاییەکەی دیاری ناکرێت؛ بە قەبارەی ئەڵترناتیفەکەی دیاری دەکرێت.
و ئەمە ئەو تاقیکردنەوەیەیە کە هەر هێزێکی سیاسیی ئۆپۆزسیۆن ئەگەر بیەوێت لە ئەزموونی ڕابردوو جیاواز بێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی