میدیای دیجیتاڵی دامەزراوە فەرمییەکان؛ بۆچی هەرێمی کوردستان پێویستی بەچوارچێوەیەکی یاسایی نوێ هەیە؟

3 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەحمەد ستار

لەهەرێمی کوردستاندا میدیای دامەزراوەیی چیتر تەنها لە بەیاننامەی فەرمی، کۆبوونەوەی ڕۆژنامەوانی و ڕاگەیاندنی بڕیارەکاندا کورت نابێتەوە؛ بەڵکو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وێبسایتەکان و پلاتفۆرمە دیجیتاڵەکان بوونەتە بەشێکی سەرەکی لە پەیوەندیی دامەزراوە فەرمییەکان لەگەڵ هاووڵاتیان. ئەمڕۆ دامەزراوەکانی هەرسێ دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری، لەگەڵ دەزگا و دامەزراوە سەربەخۆ و گشتییەکان، لە ڕێگەی فەیسبووک، ئینستاگرام، X، تێلەگرام، یوتیوب، تیکتۆک، وێبسایت و ئەپلیکەیشنەکانەوە زانیاری و هەواڵ و ڕاگەیاندنە فەرمییەکانیان بڵاو دەکەنەوە. بۆیە ئەوەی پێشتر تەنها «پەیجی فەیسبووک» بوو، ئەمڕۆ بووەتە بەشێک لە ناسنامەی فەرمیی دامەزراوە و ئامرازێکی سەرەکی بۆ گەیاندنی زانیاری بە هاووڵاتی. لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییەدا، پرسیارێکی گرنگی یاسایی خۆی دەخاتەڕوو: ئەکاونتێکی دیجیتاڵی کە بە ناوی دامەزراوەیەکی فەرمییەوە کار دەکات، لە ڕووی یاساوە چییە؟ ئایا تەنها پەیجێکە کە کارمەندێک دروستی کردووە و بەڕێوەی دەبات، یان بەشێکە لە خاوەندارێتی و ناسنامە و بەرپرسیاریی یاسایی دامەزراوەکە؟ ئەگەر ئەکاونتەکە هاک بکرێت و ناوەڕۆکێکی ساختە لەسەری بڵاو بکرێتەوە، کێ بەرپرسیارە؟ ئەگەر کارمەندێک زانیارییەکی هەڵە بڵاو بکاتەوە، بەرپرسیارییەکە لەسەر ئەو کارمەندەیە یان دامەزراوەکە؟ ئەگەر کارمەندێک لە دامەزراوەکە جیا بێتەوە، دەستگەیشتن بە ئەکاونتەکە چی بەسەر دێت؟ و ئەگەر هاووڵاتییەک لە پەیجی فەرمیی دامەزراوەیەک ڕەخنەیەکی توند بنووسێت، سنووری دەسەڵاتی دامەزراوە لە سڕینەوەی کۆمێنتەکە لە کوێیە؟ ئەمانە پرسیاری تەنها تەکنەلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نین؛ بەڵکو پرسیاری یاسا، بەرپرسیاریی دامەزراوەیی، شەفافیەت، دەستگەیشتن بە زانیاری و مافی هاووڵاتیین.

لە ڕاستیدا، هەرێمی کوردستان لە بابەتی ڕێکخستنی میدیا و دەستگەیشتن بە زانیاری بە تەواوی بێ‌ چوارچێوە نییە. یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی ڕۆژنامەگەری، یەکێکە لە بنەما یاساییە سەرەکییەکانی بواری میدیا لە هەرێم، و یاساکە ڕۆژنامەگەری بە شێوەی گشتی بە کارکردنی میدیایی لە کەناڵە جۆراوجۆرەکان پەیوەست دەکات.  لە هەمان کاتدا، یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2013ی «مافی دەستگەیشتن بە زانیاری» چوارچێوەیەکی گرنگتر بۆ پەیوەندیی نێوان دامەزراوە و هاووڵاتی دابین کردووە. ئەم یاسایە «دامەزراوەی گشتی» بە هەموو دامەزراوەکانی؛ یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەرییەکان، بەڕێوەبەرایەتییەکان و دەستە سەربەخۆکان پێناسە دەکات. هەروەها «زانیاری» تەنها بە دەق و بەڵگەی کاغەزی سنووردار ناکات، بەڵکو داتا، تۆمار، بەڵگەی وێنەیی و تۆمارکراو و زانیارییە هەڵگیراوە ئەلیکترۆنییەکانیش دەگرێتەوە. ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە؛ چونکە نیشانی دەدات یاساکانی هەرێم لە بنەڕەتدا زانیاریی ئەلیکترۆنی بە بەشێک لە ژیانی فەرمیی دامەزراوە و مافی دەستگەیشتنی هاووڵاتی دەزانێت، بەڵام ئەوەی هێشتا پێویستی بە ڕوونکردنەوە و وردکردنەوە هەیە، شێوازی بەڕێوەبردنی ئەو کەناڵانەیە کە ئەو زانیارییە لە ڕێگەیانەوە دەگاتە هاووڵاتی.

یاسای دەستگەیشتن بە زانیاری هەنگاوێکی گرنگی تریش دەخاتەڕوو: دامەزراوە گشتییەکان دەبێت زانیارییە سەرەکییەکانیان، لەوانە ناسنامە و شوێن و وێبسایت و ڕێگاکانی پەیوەندی، ئەرکەکان، بڕیارەکان، بەڕێوەبەرەکان، بودجە و پڕۆژەکان و خزمەتگوزارییەکان، لە وێبسایت یان بە ڕێگەی میدیا بڵاو بکەنەوە و بەردەوام نوێیان بکەنەوە. هەروەها دامەزراوەکان دەبێت کارمەندێکی دیاریکراو یان زیاتر بۆ وەرگرتنی داواکارییەکانی زانیاری هەبێت. بەم پێیە، دەکرێت بڵێین پەیوەندیی دیجیتاڵی دامەزراوە و هاووڵاتی تەنها بابەتێکی هەڵبژاردەیی نییە؛ بەڵکو لەگەڵ بنەماکانی شەفافیەت و مافی دەستگەیشتن بە زانیاری پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە. بەڵام هێشتا پرسیارەکە لەجێی خۆی دەمێنێتەوە: ئەگەر دامەزراوەیەک ئەم زانیارییانە لە فەیسبووک یان ئەپلیکەیشنێکی تر بڵاو بکاتەوە، ئەو کەناڵە خۆی چ بەرپرسیارییەکی یاسایی هەیە؟

ئەم پرسیارە لە هەرێمی کوردستاندا لەبەر گەشەی دیجیتاڵبوونی دەسەڵات گرنگتر بووەتەوە. حکومەتی هەرێم لە ساڵانی ڕابردوودا پرۆژە و سیستەمی جۆراوجۆری دیجیتاڵی پەرەپێداوە و خۆی لە ستراتیژیی گۆڕانکاریی دیجیتاڵدا، لەسەر «حوکمڕانیی دیجیتاڵ»، «پاراستنی ئاسایش و نهێنیی داتا» و «بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ خزمەتکردن بە هاووڵاتی» جەختی کردووەتەوە. لە هەمان کاتدا، بە پێی زانیاریی فەرمیی حکومەت، ئێستا ژمارەیەک سیستەمی دیجیتاڵی لە بواری خزمەتگوزاری و بەڕێوەبردنی حکومەتدا کار دەکەن، لەوانە سیستەمی بەڕێوەبردنی بەڵگەنامە، ناسنامەی دیجیتاڵ و پلاتفۆرمەکانی خزمەتگوزاری. کەواتە، کاتێک حکومەت خۆی بەرەو دیجیتاڵبوون دەچێت، پێویستە یاساش هاوشێوەی ئەو گۆڕانکارییە بەرەو پێشەوە بڕوات.

لە ئێستادا حکومەت هەنگاوی تریشی ناوە بۆ ڕێکخستنی پەیوەندیی دیجیتاڵی. بۆ نموونە، فەرمانگەی میدیاو زانیاریی حکومەت لەساڵی 2025 خزمەتگوزاریی «خزمەتی هەواڵ»ی لەسەر WhatsApp بەکارهێناوە بۆ گەیاندنی زانیاریی فەرمی بە ڕۆژنامەوانان، دامەزراوە میدیاییەکان، ئەکادیمییەکان و توێژەران، و ئەم خزمەتگوزارییە بە شێوەی فەرمی وەک کەناڵێکی خێرا و ڕێکخراوی گەیاندنی زانیاری ناسێنراوە.  هەروەها حکومەت «Media Policy and Guide for Institutional Branding» ـی هەیە کە ڕێنمایییەکی فەرمییە بۆ ناسنامە و بڕاندی دامەزراوەیی حکومەت. ئەمانە هەموویان نیشانەی ئەوەن کە پەیوەندیی دامەزراوە و کۆمەڵگا بە ئاراستەی کەناڵە دیجیتاڵەکان دەچێت، بەڵام جیاوازییەکی گرنگ لەنێوان «ڕێنمایی کار» و «چوارچێوەی یاسایی» هەیە. ڕێنمایی دەتوانێت بڵێت چۆن دامەزراوەیەک لوگۆ، ناسنامە و شێوازی پەیجەکەی بەکاربهێنێت؛ بەڵام یاسا دەبێت بڵێت کێ بەرپرسیارە، مافی هاووڵاتی چییە و لە کاتی پێشێلکاری چی دەبێت بکرێت.

یەکێک لە گرنگترین خاڵەکان لە چوارچێوەی پێشنیارکراو بۆ میدیای دیجیتاڵی دامەزراوەکان، پێناسەکردنی ئەکاونتی فەرمییە. پێویستە یاسا یان ڕێسایەکی پابەندکەر دیاری بکات کە ئەکاونتی فەرمی ئەو ئەکاونت و پلاتفۆرمەیە کە بە ناوی دامەزراوەکە، بۆ گەیاندنی زانیاری و پەیوەندی لەگەڵ گشتی، بە شێوەی فەرمی دروست و پشتڕاستکراوە. ئەمە لەگەڵ ئەوەی پێویستە هەموو ئەکاونتەکان لە وێبسایتی فەرمیی دامەزراوەکەوە بناسێنرێن، ئەوە دەتوانێت کێشەی پەیجی ساختە و ئەکاونتی نادروست کەم بکاتەوە. بە هەمان شێوە، پێویستە خاوەندارێتیی ئەکاونتەکە ڕوون بێت: ئەکاونتی فەرمی دەبێت موڵکی دامەزراوە بێت، نەک موڵکی ئەو کارمەندەی بەڕێوەی دەبات. کارمەند دەگۆڕێت، بەڵام دامەزراوە دەمێنێتەوە؛ بۆیە نابێت بە گۆڕینی کارمەندێک ناسنامە و دەستگەیشتنی دامەزراوە بۆ کەناڵێکی فەرمی لەدەست بچێت.

بابەتی دووەم بەرپرسیاریی ناوەڕۆکە. کاتێک دامەزراوەیەکی فەرمی پۆستێک بڵاو دەکاتەوە، هاووڵاتی بە سروشتی کارەکە زانیارییەکە بە زانیارییەکی پشتڕاستکراوی فەرمی دەبینێت. لەبەر ئەمە، دەبێت زنجیرەی بەرپرسیاریی ناوەڕۆک دیاری بکرێت؛ واتە کێ دەنووسێت، کێ پشکنینی دەکات، کێ مۆڵەت دەدات و کێ لە کۆتاییدا بەرپرسیارییەتیی ئەو بڵاوکردنەوەیە لەئەستۆ دەگرێت. هەروەها پێویستە ڕێکاری ڕاستکردنەوەی هەڵە هەبێت. سڕینەوەی پۆستێکی هەڵە بەبێ ڕوونکردنەوە نابێت ببێتە ڕێگایەک بۆ سڕینەوەی مێژووی زانیارییە فەرمییەکان؛ بەڵکو لە کاتێکدا کە هەڵەیەک ڕوو دەدات، پێویستە ڕاستکردنەوە و ڕوونکردنەوە بە شێوەیەکی دیار بکرێت.

لە لایەکی تریشەوە، مافی هاووڵاتی لە کۆمێنت و ڕەخنەکردن نابێت لە چوارچێوەکەدا لەبیر بکرێت. پەیجی فەرمیی دامەزراوە نابێت تەنها بڵندگۆی دامەزراوە بێت؛ دەبێت بەشێک لە پەیوەندیی دوولایەنەی نێوان دامەزراوە و هاووڵاتی بێت. هاووڵاتی دەبێت بتوانێت پرسیار بکات، سکاڵا بکات و ڕەخنە بگرێت. بەڵام لە هەمان کاتدا، دامەزراوەش دەبێت بتوانێت ناوەڕۆکی نایاسایی، هەڕەشە، هاندانی توندوتیژی یان پێشێلکردنی مافی کەسانی تر لاببات. بۆیە جیاوازیی نێوان «ڕەخنە» و «ناوەڕۆکی نایاسایی» دەبێت بە ڕێسایەکی ڕوون دیاری بکرێت، نەک بە بڕیاری کەسیی ئەو کارمەندەی پەیجەکە بەڕێوە دەبات.

لە بابەتی پاراستنی زانیاری و داتا، پێویستە چوارچێوەی یاسایی وردتر بێت. یاسای مافی دەستگەیشتن بە زانیاری، لەگەڵ پاراستنی مافی هاوڵاتی بۆ دەستگەیشتن بە زانیاری، هەندێک جۆر لە زانیارییە تایبەتییەکان لە بڵاوکردنەوە دەپارێزێت؛ وەک زانیارییە کەسییەکان، تۆمارە پزیشکییەکان، زانیارییەکانی خوێندن و کار، زانیارییە بانکییەکان و هەندێک زانیاریی تایبەتی تر. بۆیە ئەم جۆرە زانیارییانە نابێت بەبێ ڕەزامەندیی کەسەکە یان بەبێ هۆکارێکی یاسایی بڵاو بکرێنەوە. هەروەها ئەو زانیارییەی ئاشکراکردنی دەبێتە هۆی تێکدانی تۆڕە ئەلیکترۆنییە پارێزراوەکان، لە کۆمەڵەی ڕیزپەڕەکاندا هاتووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە چوارچێوەی دیجیتاڵی دامەزراوەکان ڕوونی بکاتەوە کە ئەگەر هاووڵاتییەک لە ڕێگەی پەیجێکی فەرمییەوە ژمارەی مۆبایل، وێنە، بەڵگە یان زانیاریی تایبەتی بنێرێت، ئەو داتایە چۆن و بۆ چ مەبەستێک بەکاردێت و کێ دەستی پێی دەگات.

بابەتی ئاسایشی ئەکاونتە فەرمییەکانیش نابێت تەنها بە تەکنەلۆژیا جێبهێڵرێت، واتە: ئەم بابەتە نابێت تەنها بە لایەنی تەکنەلۆژیا و تیمی IT بسپێردرێت، بەڵکو پێویستی بە ڕێکخستنی یاسایی و دیاریکردنی بەرپرسیارییەتیی دامەزراوەیی هەیە. ئەگەر ئەکاونتی دامەزراوەیەکی فەرمی هاک بکرێت، دەبێت بە ڕوونی دیاری بکرێت کێ بەرپرسیارە لە پشتڕاستکردنەوەی ڕووداوەکە، کێ دەبێت هاووڵاتی ئاگادار بکاتەوە، چۆن پۆستە ساختەکان بناسرێنەوە و چۆن بەڵگەکانی پێشێلکاری بپارێزرێن. هەروەها پێویستە بەرپرسیارییەتیی پاراستنی ئەکاونتەکە و ڕێکاری مامەڵەکردن لەگەڵ هاککردن، پێش ڕوودانی کێشەکە بە ڕوونی دیاری کرابێت، نەک دوای ئەوەی زیانەکە ڕوویدا. هەروەها پێویستە ئەرشیفی دیجیتاڵ ببێتە بەشێکی سەرەکی لە چوارچێوەکە. دامەزراوەی فەرمی نابێت بتوانێت بە ئاسانی مێژووی بڵاوکردنەوەکانی خۆی لەناوببات، بە تایبەتی کاتێک ئەو پۆستانە پەیوەندییان بە بڕیار، سیاسەت، بودجە، خزمەتگوزاری یان ڕووداوێکی گشتییەوە هەیە. یاسای مافی دەستگەیشتن بە زانیاری خۆی دامەزراوەکان پابەند دەکات بە هەڵگرتنی بەڵگەنامەکان بە شێوەیەک کە دەستگەیشتن بەوان ئاسان بێت. بۆیە دەتوانرێت ئەم بنەمایە بۆ پۆست و ڕاگەیاندنە دیجیتاڵە فەرمییەکانیش فراوان بکرێتەوە، بۆ ئەوەی مێژووی پەیوەندیی دامەزراوە و هاووڵاتی نەبێتە شتێک کە بە گۆڕینی کارمەندێک یان گۆڕینی سیاسەتی دامەزراوە لەناو بچێت. لە هەمان کاتدا، پێویستە ئەم چوارچێوەیە هەرسێ دەسەڵات لەخۆ بگرێت. مەبەست تەنها وەزارەت و دەزگا حکومییەکان نییە. پەرلەمان و دامەزراوەکانی دەسەڵاتی یاسادانان، دامەزراوەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، دادگا و دامەزراوەکانی دەسەڵاتی دادوەری، هەروەها دەستە سەربەخۆ و دامەزراوە گشتییەکان، هەموویان بە پێی یاسای دەستگەیشتن بە زانیاری لە چوارچێوەی «دامەزراوەی گشتی»دا جێیان هەیە. ئەمەش واتە چوارچێوەکە نابێت تەنها بۆ حکومەت دابین بکرێت، بەڵکو دەبێت بنەمایەکی گشتی بۆ هەموو دامەزراوە فەرمییەکان هەبێت، لەگەڵ ئەوەی وردەکارییەکان بەپێی سروشتی هەر دامەزراوەیەک جیاواز بن. بۆ نموونە، پەیجی پەرلەمان سروشتی پەیوەندییەکەی لەگەڵ هاووڵاتی جیاوازە لە پەیجی دامەزراوەیەکی ئەمنی، و شێوازی بڵاوکردنەوەی زانیاریی دادگا جیاوازە لە دامەزراوەیەکی خزمەتگوزاری. بەڵام بنەمای شەفافیەت، بەرپرسیارییەتی و پاراستنی مافەکان دەبێت بۆ هەموویان یەکسان بێت. 

پرسیارێکی گرنگ لێرەدا ئەوەیە: ئایا پێویستە یاسایەکی تایبەت بۆ میدیای دیجیتاڵی دامەزراوەکان دابنرێت؟ بەڕای من، بەڵێ، پێویستە؛ چونکە گەشەی خێرای میدیای دیجیتاڵی و بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن دامەزراوە فەرمییەکان، بابەتگەلێکی نوێی یاسایی دروست کردووە کە یاساکانی هەنووکە بە تەواوی ناگرنەوە. یاسایەکی تایبەت دەتوانێت خاوەندارێتیی ئەکاونتە فەرمییەکان، بەرپرسیاریی ناوەڕۆک، پاراستنی داتا، مافی بەکارهێنەر، ئەرشیفی دیجیتاڵ و ئاسایشی ئەکاونتەکان بە شێوەیەکی ڕوون ڕێکبخات. هەروەها دەبێت ئەم یاسایە هەموو دامەزراوەکانی هەرسێ دەسەڵاتەکە، یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری، لەخۆ بگرێت، تا میدیای دیجیتاڵی دامەزراوە فەرمییەکان لە چوارچێوەیەکی یەکگرتوو و پابەندکەر کار بکەن.

لە ڕاستیدا، هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکدایە کە پێویستی بە هاوتاکردنی گەشەی تەکنەلۆژیا و گەشەی یاسا هەیە. دەستەی میدیا و زانیاری لەساڵی 2026دا تەنانەت ڕێنمایی تایبەتی بۆ میدیای دیجیتاڵ و بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە کاتی ڕووداوە ئەمنییەکان بڵاو کردووەتەوە، کە خۆی نیشانەی ئەوەیە میدیای دیجیتاڵ چیتر بابەتێکی لاوەکی نییە و پێویستی بە ڕێکخستن و ڕێنمایی هەیە. بەڵام قۆناغی داهاتوو دەبێت لە ڕێنمایییە جیاوازەکان بگوازرێتەوە بۆ سیستەمێکی یەکگرتوو کە تەنها نەڵێت «چۆن پۆستێک بڵاوبکەرەوە»، بەڵکو وەڵامی ئەو پرسیارە یاساییانەش بداتەوە کە پشت ئەو پۆستەوە هەن.

لە کۆتاییدا، مەبەست لە ڕێکخستنی میدیای دیجیتاڵی دامەزراوە فەرمییەکان نابێت کۆنترۆڵکردنی ڕەخنەی هاووڵاتیان یان سنووردارکردنی ئازادیی دەربڕین بێت؛ بەڵکو پێویستە دەسەڵات خۆی پابەند بە یاسا بکرێت. کاتێک دامەزراوەیەکی فەرمی بە ناوی خۆی لە تۆڕدا قسە دەکات، دەبێت بەرپرسیارییەتی ئەو قسانەی لەسەر بێت؛ دەبێت زانیارییەکان پشتڕاست بکرێنەوە؛ دەبێت مافی هاووڵاتی بپارێزرێت؛ دەبێت زانیاریی کەسی بە شێوەیەکی یاسایی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت؛ و دەبێت لە کاتی هەڵە، هاککردن یان پێشێلکردنی مافەکاندا ڕێکاری دیاریکراو هەبێت. ئەمە کۆنترۆڵی میدیا نییە؛ بەیاساییکردنی بەرپرسیارییەتی دەسەڵاتەکانە.

ئەمڕۆ پەیجی فەرمیی دامەزراوە تەنها شوێنێک نییە بۆ بڵاوکردنەوەی وێنە و هەواڵ؛ ئەو پەیجە بەشێکە لە دەنگی دامەزراوە. بۆیە کاتێک دامەزراوەیەکی فەرمی بە ناوی گەل قسە دەکات، پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە «کێ پۆستەکەی نووسی؟»، بەڵکو پرسیاری ڕاستەقینە ئەوەیە: «کێ بەرپرسیارە لەو دەنگەی کە بە ناوی دامەزراوەکەوە دەگاتە هاووڵاتی؟» ئەگەر یاسا بتوانێت وەڵامی ئەم پرسیارە بە ڕوونی بدات، ئەوا میدیای دیجیتاڵی دامەزراوەکان تەنها ئامرازێکی پەیوەندی نابێت؛ بەڵکو دەبێتە بەشێک لە سیستەمی شەفافیەت، بەرپرسیارییەتی و حوکمڕانیی باش لە هەرێمی کوردستان.

سەرچاوە فەرمییە سەرەکییەکان:
 یاسای مافی دەستگەیشتن بە زانیاری ـ ژمارە 11ی ساڵی 2013
 یاسای ڕۆژنامەگەری ـ ژمارە 35ی ساڵی 2007
 ڕێنمایی میدیاو ناسنامەی دامەزراوەیی حکومەتی هەرێم⁠
 دەستەی میدیاو زانیاریی ـ خزمەتگوزاریی‌و ڕێکخستنی میدیا⁠

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی