ئێستا هیچ گفتوگۆیەك لە ئێوان ئەمەریكاو ئێراندا نیە هەردولاش هەڕەشە لە یەكتر دەكەن ، ترەمپ بە ڕاشكاوی ئەوەی گوت كە دەبێت ئێران خۆی ڕادەست بكات ، ئێرانیش هەر ڕۆژە لە ڕێگەی كارەكتەرێكەوە هەڕەشەی گەورە دەكات و خۆیشی بە سەر كەوتوی شەڕەكە دەزانێت ،لە كاتێكا زیانمەندی یەكەم تا ئێستا ئێرانە،هەردوولاش گرەو لە سەر ئازار دانی ئەوانی تر دەكەن ، ئەمەریكا پێی خۆشە ئێران پەلاماری دەورو بەردەدات ، بۆ ئەوەی بە هەمووان بڵێت من نەبم كەس فریاتان ناكەوێت ، هەروەها گەرەكێتی ئێران زیاتر لە گەڵ دەرو دراوسێكانیدا بكاتە دوژمن و نەیاری یەكتر ، ئێرانیش بۆ دوو مەبەست ئەو كارە دەكات و لە دەرو دراوسێكانی دەدات ، یەكەم بۆ ئەوەی ناچاریان بكات فشار بخەنە سەر ئەمەریكا بۆ گفت و گۆ ، دوەمیش بۆ ئەوەی پێیان بڵێت ئەگەر من پارێزراو نەبم كەس پارێزراو نیە.
بە هیچ شێوەیەك پێناچێت ئەم شەڕە بەم جۆرە درێژە بكێشێت ، هەردولا دانە جیڕە لە یەكتر دەكەن ، لە ئێراندا گفت و گۆو دانوستان لە دەستی یەك كەس و یەكگروپدا نیەو ئەوەش هەندێك جار وەك دابەشكردنی ڕۆڵ و هەندێكجاریش وەك ناكۆكی و ناڕێكی ناو خۆیی دەردەكەوێت ، ئێرانیەكان وانیشاندەدەن كە هەموو یەكجەستەن ، بەڵام لە ڕاستیدا وانیەو ئەگەر بە وردی خوێندنەوە بۆ لێدوان و قسەكانیان بكەیت ، جیاوازی زۆر لە نێوان لێدوانی پزیشكیان ، قالیباف، قائانی و سەرانی پاسداران دەبینی ، ئەمەش ئەمەریكای شۆككردوەو نازانێت دانوستان لە گەڵ كێ بكات .
ئەگەری شەڕ زۆر لە ئەگەری ڕێكەوتن زیاترەو لەناو خۆیشدا ئێران لە بارو دۆخێكی باشدا نیە بە تایبەت بەشێك لەنەتەوەو پێكهاتەكانی ئێران چاویان لە سەر ئازادی و كرانەوەی زیاترەو لە زۆرێك لە كارو ڕەفتارەكانی رژێمی ئیسلامی ئێران بێزاررن و بۆ خەڵكێكی زۆر ئێران بووە بە دۆزەخێكی گەورە لە ڕوی ئازادی و ژیانەوە ، هیچ خوێندنەوەیەكی ورد و تەواو ڕاست نیە بۆ ئەوەی ئەم شەڕە بەرەو كوێ دەڕوات و كێ سەردەكەوێت، بەڵام بەهەمو جۆرێك وێرانكاری و زەرەرو زیانی بەردەوام هەیە ، تەنانەت بۆ هەندێك وڵات زۆر گەورەن بۆنمونە بۆ عێراق ، وێڕای گرژیەكانی گەروی هورمزو ڕێگری و لەمپەرەكان لە ناوخۆی عێراقیشدا ئێران توانای دەستوەردان و نانەوەی ئاژاوەی هەیە ، ئەوەی كەزیاتر لە هەر كات چاوەڕێ دەكرێت لە لایەن ئەمەریكاوە ئەوەیە ، كە ڕۆژ بە ڕۆژ ئێران لاواز تر بكات و ناچاری خۆبەدەستەوە دانی بكات ، ئەوەش لە ئێستادا دیار نیە ئێران تاكوێ دەتوانێ بەرگە بگرێت ، هەروەها چەك و چۆڵەكەی تا كەی دەتوانن هەراسانی بۆ دەورو بەر دروست بكەن .
لە بەردەم سەرهەڵدانەوەو دەسپێكردنەوەی شەڕداین نەك ئاستی ، نازانین داخوا ئەم قۆناغەی شەڕ چەند دەخایەنێ و كێی تر دەبێتە ناوبژیوان ، ترەمپ توڕەو دڕدۆنگەو بە نیشاندانی نەخشەیەك گەروی هورمز وەك بەشێك لە ئەمەریكا وێنا دەكات ، ئەمەش جۆرێكی ترە لە هەراسان كردن ، وەك چۆن پێشتر بێ شەڕ و هەر بە قسە ئەو هەراسانكردنانەی بەرانبەر كەنەداو مەكسیك و شوێنگەلی دیكە خستوەتە گەڕ.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی