کێ هەیە لەم وڵاتە هەست بە باری گران و مەترسیەکانی ئەو قەیرانە سیاسیە نەکات، کە بێ هیچ پاساوێکی ڕەوا دروستکراوە؟
چ هاووڵاتیەک هەیە حەز نەکات ئەم قەیرانە چارەسەر بکرێت و
ئەم قۆناغە بێزراوەش تێپەرێنین؟
بێگومان تاک بە تاکی ئەم گەلە هەستی پێدەکەن و نزا بۆ بە هۆش خۆ هاتنەوەی بڕیار بەدەستان و چارەسەری ئەم بارودۆخە ناهەموارە دەکەن، چونکە دڵنیان، کە کێ دروستی کردوە هەر ئەویشە تا ئێستا نایەوێ چارەسەر بکرێ!
زۆر بە زەقی دیارە، کە ئەوەی دەتوانێ چارەسەری بکات و نایکات بیانوی نابەجێ دەهێنێتەوە و خۆی لە بەرپرسیارێتی نەبان دەکات!
ئەگەر وانەبێ هەر یەک رێگا نا، بەڵکو چەندین رێگای دەرباز بوون هەن، بە مەرجێک هەر یەکێک لەوانە بگیرێتەبەر ئەم قۆناغە رەشە تێدەپەڕێ، بەڵام پێدەچێ (عەیب بێ پیاو لە قسەی خۆی بێتە خوارێ)!
لە کاتێکدا پیرەمێردی نەمر ئامۆژگاری کردوین، کە بۆچی سوراحی بۆ پیاڵە سەر فرو دێنێ… ئەمڕۆ هەموو کوردستانیان (بە هەموو ڕەنگە جیاوازەکانەوە)لە مەترسییەکانی ئەم شێوازە ململانێ و ناکۆکیە بێ ئەنجامانە دەگەن، بۆیە بە پەرۆشیەوە داوای سازان و رێککەوتن دەکەن، کەچی لە سایەی ئەوانەی تەقەی سەریان دێ، تروسکاییەکی ئومێد بەدی ناکرێ!
ئێستا دەپرسم ئایا قسەی ئێوە گرنگە یان قسەی گەل؟
ئەوان دەتوانن بە خێرایی بڕیاری دەربازکردنی کوردستان لەو قەیرانەی کە خۆیان دروستیان کردوە بدەن، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەگەر پەلەش نەبێ ئەوا بە شێنەیی رۆژێک دێ گەل بڕیاری خۆی بدات.
ئایا چاوەڕوانی بڕیاری ئێوە یان بڕیاری گەل بین؟
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی