ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر گەرووی هورمز تەنها
کێشەیەکی سەربازی یان دەریایی نییە؛ بەڵکو شەڕێکە بۆ گواستنەوەی فشارە دەرەکییەکان
بۆ ناوخۆی بەرامبەر. فشارە دەریایی و ئابوورییە توندەکان ، دەتوانن ئێران تووشی کێشەی
داهات، نرخەکان، نەوت و بازاڕ بکەن و بەوەش هەزینهی بەردەوامبوونی سیاسەتی دەرەکی
بۆ حکومەت زیاد بکەن.
لە بەرامبەر ئەوەش، ئێران هەوڵ دەدات فشارەکانی ئەمریکا
بە وێنەی هەڕەشەی دەرەکی پیشان بدات و لە ڕێگەی هەستی بەرگریی نیشتیمانییەوە پشتیوانیی
ناوخۆیی بەهێز بکات. بەم شێوەیە، هەمان فشار دەتوانێت لە یەک لایەن ببێتە هۆی ناڕەزایی
و لە لایەکی تر ببێتە هۆی کۆبوونەوەی کۆمەڵگە لە دەوری حکومەت.
لە هەمان کاتدا، درێژخایەنی کێشەی هورمز دەتوانێت فشارە
ئابوورییەکان بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی خۆیشی زیاد بکات، بە تایبەتی ئەگەر بازاڕی
وزە و نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەردەوام نائارام بن. بۆیە هەردوو لایەن هەوڵ دەدەن یەکتر
بگەیەننە ئەو خاڵەی کە هەزینهی بەردەوامبوونی ململانێک لە سوودی ئەوە زیاتر بێت.
لە کۆتاییدا، گەرووی هورمز دەتوانێت ببێتە مەیدانی «شەڕی
ئیرادەکان»: ئەو لایەنەی بتوانێت فشارە دەرەکییەکان بە کەمترین زیان بۆ ناوخۆی خۆی
بەردەوام بکات و لە هەمان کاتدا فشارەکە بۆ ناوخۆی بەرامبەر بگوازێتەوە، دەستێکی بەهێزتر
لە دانانی مەرجەکانی داهاتووی ململانێکدا دەبێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی