ئابوری ئەمریکا قەیرانێکی گەورەتری لە پێشە!

1 کاتژمێر پێش ئێستا

سامان کەریم

داتا نوێیەکانی ئابوری ئەمریکا پێمان دەڵیت، کە ئابوری ئەمریکا بەخێراییەکی زۆر بەرەو ‌قەیرانێکی قوڵتر ملی ناوە. سندوقی دراوی نێو دەوڵەتی IMF، ڕایگەیاند کە قەرزی حکومەتی ئەمریکا 40ترلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، وەزارەتی خەزانەی ئەمریکی لە ڕۆژی ٢٠/٨/ ٢٠٢٦ واتە سێ رۆژ لەمەوبەر کۆی قەرزی حکومەتی ئەمریکای ڕاگەیاند، گەیشتۆتە 40,033ترلیۆن (وەزارەتی خەزێنە).

بەڵام کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ئەمریکا GDP لە ئەمساڵدا 32,4ترلیۆن دۆلارە، کەواتە قەرزەکە 125,8٪ ی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەکەیە. کۆسپێکی گەورە تێچووی سودی قەرزەکەیە کە ئێستا ساڵانە زیاترە لە ترلیۆنێک دۆلار. لێرەدا ئاراستەیەک خۆینیشان دەدات کە خێرایی گەشەی قەرزەکەیە، لەماوەی تەنها ٥ مانگی ڕابوردوودا تریلیۆنێک دۆلار چۆتە سەر کۆی قەرزەکە.

ئابوری ئەمریکا دەرگیرە لەگەڵ کورتهێنانی بودجە-عەجزی موازنە- واتە حکومەتی ئەمریکی زیاتر خەرج دەکات لەوەی دەستیدەکەوێت لە جۆرە جیاوازەکانی باج و گومرگو دەستکەوتی شوێنە گشتیەکانی سەر بە دەوڵەت وەک مۆزەخانە. IMF لەسەرەتای نیسانی ئەمساڵدا ڕایدەگەیەنێت کە ڕێژەی کورتهێنانی بودجە ٧،٥٪ واتە بۆ هەر سەد دۆلارێک لەبەرهەمی ناوخۆیی بەشی حکومەت، حکومەت بەو ئەندازە رێژەییە ٧،٥٪ زیاتر خەرجدەکات. لێرەدا دەتوانین ڕێژەی کورتهێنانی بودجە دەربهێنین: عەجزی بودجە ÷ کۆی بەرهەمی ناوخۆ × 100 2,43 =تریلیۆن دۆلار حکومەت کورتهێنانی بودجەی هەیە.

بەڵام ئابوری ئەمریکا کورتهێنانی بازرگانیشی هەیە واتە هاوردەکردنی بەهای کاڵای-استیراد- لە هەناردەکردنی بەهای کاڵا-تصدیر- زیاترە. تەنها لە مانگی حوزەیراندا 73 ملیار دۆلار کورتهێنانی بازرگانی هەبووە. بەڵام لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا واتە لە کانوونی دووەمەوە تا کۆتایی حوزەیران کۆی کورتهێنانی بازرگانی لە گەڵ وڵاتانی چین و یابان و هند و تایوان و مەکسیک و ڤێتنام و بەریتانیاو یەکێتی ئەوروپادا دەگاتە 371,2 ملیار دۆلار . لەماوەی تەنها 3مانگی ڕابوردوودا، باڵانسی کرێدیت کارت Credit Card Debt، 21 ملیار دۆلار بەرزبۆوەتەوە – کۆی قەرزکردن لەم ڕێگەیەوە گەیشتۆتە 1.26 تریلیۆن دۆلار، کە 111ملیۆن کەس دەگرێتەوە. باڵانسی قەرزی ئۆتۆمۆبیل Auto Loans 28 ملیار دۆلار بەرزبۆوەتەوە، گەیشتۆتە 1.71 ترلیۆن دۆلار.

لە ماوەی سێ مانگی ڕابوردوودا 21 ملیار قەرز بەکارت کراوە لە لایەن خەڵکی ئەمریکاوە. سەرنج بدەن ئەمپارەیە بۆ خواردن و تێچووی ڕەهنی مانگانەی خانووبەرە وپێداویستیەکانی ژیان بووە، واتە هەڵئاوسان بەرزبۆتەوەو بەهای موچەیان دابەزیوەو، توانایی کڕیاریان دابەزیوەو هەژاری زیادیکردووەو . کۆی قەرزەکانی کریدیت کارتو ئۆتۆمۆبیل(کۆی قستی مانگانە + سودی مانگانە) پێکەوە دەگاتە 2,97ترلیۆن. کۆی قەرزی ڕەهنی خانووبەر Mortgage Debt 13.12 ترلیۆن دۆلارە. تێکڕایی قەرزی خانووبەرە بۆ قەرزکەران 264,16 هەزار دۆلارە. نزیکەی 48٪ ی خێزانەکانی ئەمریکا ئەم قەرزە دەیانگرێتەوە. 6,6 ملیۆن خێزان کۆسپیان هەیە لە دانەوەی مانگانەی ڕەهندا. کۆی گشتی قەرزی خێزانە ئەمریکییەکان گەیشتۆوەتە ئاستێکی مێژوویی و نزیکەی 18.8 ترلیۆن دۆلارە.

(www.mssb.uscourts.gov/quarterly report-us-household-debt-and-credit/ وFederal Reserve Bank Of New York ). ئیفلاس کردنی 25960 کۆمپانیا لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٦دا، بەلام لەسەرەتای ساڵی 2026 تاکو کۆتایی مانگی تەموز-یۆلیۆ- 477,033 کرێکار لەسەر کار دەرکراون، بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیاکان. لەم ژمارەیە کەرتی تەکنۆلۆژیای سەرجەم ییشەسازییەکان کە زیاتر بۆ زیرەکی دەستکرد دەگرێتەوە 149,023کرێکاری دەرکراوی بەردەکەوێت، و کەرتی گواستنەوە-نقل- 41,748 کرێکاری دەرکراوی بەردەکەوێت و کەرتی تەندروستی 34,426کڕێکار و خزمەتگوزاری 23,942 کرێکارو کەرتی حکومەت( مەتارەکان، پۆست، کەرتی ئەمنی شوێنە گشتیەکان، فەرمانبەرانی باجو گومرک.) 20,752 کرێکاری بەردەکەوێت.( سەرچاوە/. Challenger Gray and Christmas, Inc ).

هێشتا زیرەکی دەستکردو ڕۆبۆتەکان لەئاستێکی فراواندا پرۆسەکانی بەرهەمهێنانیان دانەپۆشیوە، هێشتا کەمایەتیەکی بجووکن لەچاو ‌ کرێکارانی گیان لەبەردا. سەرەڕای ئەوە لە نیو ساڵدا نزیکەی نیو ملیۆن کرێکار دەرکراوە. بەڵام ئابوری ئەمریکا بە پێچەوانەی بۆقەکانی بورژواییەوە بەتەنها بەهێزی ئابوری ئەمریکا ڕاینەگیراوە، بەڵکو لە بناغەوە ئابوری و بازاڕی جیهانی، بازاڕی چینی و یەکێتی ئەوروپاو .... رایانگرتووە، سەرمایەداری سەرەڕای دوژمنایەتی و جەنگ دژی یەکتر، سەرەڕای کێبەرکێی توندو کارەساتبار یەکدەستن، دژ بە پرۆلیتاریا. سەرمایەداری جیهانی دژ بە پرۆلیتاریای جیهانە. 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی