عەلی مەردانی مۆدێڕن و ئێمەی پاشڤەڕۆ

1 کاتژمێر پێش ئێستا

محەمەد عەلی دەستماڵی


ئەگەر بێت و سەرلەئێوارەیەکی تاریکی پاییزی ئەمساڵ، لە ناکاو لە شەقامێکی خەڵوەتی هەرکام لە شارانی کوردستاندا، لە یەک ئان و ساتدا ڕابچڵەکی و بزانی ئەو پیاوە قژ سپی و میهرەبانە وا نەرمە نەرمە هەنگاو دەنێ و بەرەوە تۆ دێ، خودی خودی مامۆستا عەلی مەردان گەورە پیاوی مێژوی چاند و مۆسیقا و مەقاماتی کوردییە، چی ئەکەیت؟ ئەڕۆیە پێش و سڵاو و چاکە و چۆنی و بەخێرهاتنی ئەکەی یان نا؟
 پرسیارێکی سەیر نییە. کاکە ئەوە نییە بە ئەنواعی ژیری دەسکرد (AI) خەریکە هەموو سنوورەکانی نابێ و چۆن دەبێ تێکدەچێ؟ هەر بەڕاست، وەکو خەیاڵ نا... وەکو حەشر و خەون و گەڕانەوەی جۆری ئایینی و نەجاتبەخش و ئەوانەش نا، وەکو ئەوەی هەست بکەیت شتی وا ڕوو ئەدات، پرسیارت لەو گەورە پیاوە چییە؟
لەوانەیە تۆ لە شۆک و حەپەساندا بیت و یەکسەر زمانت قوفڵ بکات و هیچ نەڵێی.
لەم حاڵەتەدا، بۆی هەیە مامۆستا عەلی مەردان بێتە گفت و بە گلەیی و گازەندەوەو پرسیار بکات: "ئەرێ بە قوربان... پاش ڕۆیشتنی ئێمە، چیتان لێقەوما؟ مۆسیقاکەمان، بۆچی وای بەسەرهات؟"
لە مێشکی خۆتدا و خۆت بۆ خۆت ئەڵێی: بە ئیمانم ڕێک وایە و پرسیارێکی ڕەوایە: بۆ وامان بەسەرهات؟
چۆن دەبێ میللەتێک لە کاروانی دەیان ئەستێرەی پرشنگداری وەکو
عەلی مەردان،
سەید عەلی ئەسکەری کوردستانی،
کاویس ئاغا،
عارف جزراوی،
حەسەن زیرەک،
سێوە،
عایشە شان،
شاکرۆ،
محەمەد شێخۆ
شوکر خەیات و کەسانیترەوە بگاتە ئەم دۆخە نالەبارەی ئێستا؟
چی ڕوویداوەو چی قەوماوە لەم کۆمەڵگایە و لە مێژووی ئەم ژیار و شارستانیەتەی ئێمەدا؟
ئایا لە ئەنفالەکەدا هەمو کوردان پێکەوە تەفر و تونا بووین و ئەوە چەند ساڵێکە دوبارە سەرلەنوێ هەولئەدەین دوبارە وەکو کورد لەدایک ببین؟
ئایا هەموو ئارشیوەکانمان لە هەموو ناوەند و میدیا و دامەزراوەکان و دڵ و مێشکەکاندا ئاگریان تێبەربوو هەر بۆیە هیچمان بۆ نادۆزرێتەوە؟
ئایا کۆی پەنجا ملوێن کوردەکە، هەموومان بە شیوەی هاوکات، توشی نەخۆشینی زەکا بووین و هەموو شتمان لەبیر چۆتەوە؟
ئایا هەرەسێکی هەزار میتری لە چیای ئاگرییەوە بە چوار دەوردا هاتە خوار و تەواوی پارچەکانی کوردستانی گرتەوەو هەموومان خنکاین؟
دڵنیام هەر شتێکی وەها ڕووی داوە! ئەگینا ئەوە دۆخێکی سروشتی نییە میللەتێک لە عەلی مەردان و ئەو گەورە ئەختەر و گەوهەرانەوە بگاتە ئەم دۆخەی ئێستا! وەک عەرەب دەڵێ: موستەحیلە! شتی وا نابێت.
ئەو پیاوە لەو دۆخە دژوارەی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، چلۆن توانیویە لەوپەڕی دڵسۆزی و ئەوینداری و وەفاداری بۆ گەل و زمان و نەتەوەکەی، ئەو هەموو بەرهەمە تۆمار بکات، شاگرد پەروەردە بکات، مەقامات لە فەوتان و لەناوچوون بپارێزێ؟ ئەو هەموو مەعریفە و عەشقە گەورەیەی لە کوێ هێنابوو؟
ئەو پیاوە چۆن توانی بە سەوادێکی کەم و بە هەوڵ و زەحمەتی زۆرەوە، مۆسیقای کوردی و فارسی و عەرەبی و تەنانەت تورکی بناسێ و سنوورەکانی مۆسیقای "ئێمە" و "ئەوان" دیاری بکات؟ ئەزانی ئامرازەکانی لە بەراورد لەگەڵ ئامراز و ئیمکانی من و تۆ، چەندە سنووردار و نەوی بوون؟ چی بەدەستەوە بوو جیا لە مۆڵەت و ئیمکانی هات و چوون بۆ ڕادیۆ بەغدا؟
کەوایە ئەگەر بەراورد بکەین، من و تۆی داماو کە لە ئێستادا بەشێکی زۆر لە گۆرانیبێژەکانمان سەد دانەیان توورێک ناهێنن وکۆمەڵێکی زۆر لە مەقاماتی کوردیمان فەرامۆش کردووە و گرفتاری دەستی چوار دانە دێڕی پڕ لە سێو و پرتەقاڵین و بەیانی تا ئێوارە تەنیا چەند فۆلکلۆری کۆن دوپات دەکەینەوە، وەک ئەو بازاڕی و بازرگانە دێینە بەرچاو کە دوکان و هەمبار و خەزێنەمان بە یەکجاری و بەشیوەی هاوکات، هەم توشی دز بووە، هەم ئاگر، هەم لافاو!
ئێستا لە هەموو شارە مۆدێڕن و چراخانی و ئاوەدانەکانی کوردستاندا، گۆرانیبێژی ئاست نزم و نەزان کە لە ڕاستیدا و لە باشترین حاڵەتدا تەنیا بەکەڵکی زەماوەن دێن، لە باشترین هۆڵ و تەلارەکاندا مایکیان بەدەستەوە گرتووەو خۆیان هەڵدەلەرزێنن و سمێڵ با ئەدەن و دەفتەر دەفتەر پارە وەردەگرن، بەلام ساڵ دێ و ئەڕوات، یەک دانە گۆرانی و بەرهەمی مۆسیقایی باش نایتە ناو بازاڕەوە کە هەست بکەیت مۆرکی ژیار و شارستانیەت و زانست و نوێخوازی و گەورەیی پێوە دیارە.
لەم خوسران و دۆڕاندنە گەورەیەدا کێ تاوانبارە؟
دیارە هەمومان تاوانبارین، بەڵام بە ئاستی جیاوازەوە.
بۆ وێنە میدیاکانمان تاوانبارن کە دەروازە بە ڕووی ژەنیار و مەقامبێژ و هۆرەچڕ و کلامبێژی باش و خاوەن ئەزموندا دادەخەن، بەڵام ئامادەن میوانداری بکەن لە کۆمەڵێک ئینسانی هیچ و پوچ بە خەرج و موسرەفی زۆرەوە. بۆ؟ چونکا بینەریان زۆرە!
بازرگان و شەریکەی گەورە و کەرتی تایبەتی ئێمە تاوانبارن لەبەر ئەوەی ئامادە نین پشتیوانی لە هونەرمەندی ڕەسەن و توانا بکەن.
زانکۆکانمان تاوانبارن لەبەر ئەوەی ئامادە نین لە هەر وەرزێکدا لانی کەم کۆنسێرتێکی گەورە یان فستیڤاڵێک ساز بکەن بۆ مۆسیقای ڕەسەن و پشتیوانی بکەن لە مۆسیقازانی شارەزا و پسپۆڕ و نوێخواز.
حوکومڕانییەکەی هەرێمی کوردستان تاوانبارە لەبەر ئەوەی هیچ جۆرە ئیستراتژی و بەرنامەیەکی نوژەن و ژیرانەی نییە بۆ پشتیوانی لە مۆسیقای ڕەسەنی کوردی. بەڵام سالانە دەیان کۆنفڕانس و کۆبوونەوەی دیپلۆماسی بێ کەڵک و بێ ئەنجام بە خەرجی هەزاران دۆلار بەڕێوە ئەبات و دڵخۆشە بەوەی کە فڵانە ژەنەڕاڵی فەڕەنسی و فلانی دیپلۆماتی ئەمریکی سەردانی کوردستانیان کرد!
خەڵکەکەی ئێمە تاوانبارە لەبەر ئەوەی لە ئینستاگرام و فەیسبوک و تیک تۆک و ئەمانەدا، بەیانی تا ئێوارە ئێسکڕۆڵی کلیپی نەوی و ئاست نزم ئەکات و بە ملوێنان لایک و سەرنج، ئەبێتە هۆکاری ئەوەی کە تاریکی و ڕەشایی ئەم بەرهەمە بێ بایەخانە، ڕێگا لە ڕوناکی ئەستێرەکانی پێشوو بگرێ و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، هەژارتر و پاشکەوتوتر ببین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی