لە ڕۆمانی (۱۹۸٤)ی ئۆروێڵەوە بۆ واقیعی هەرێمی کوردستان

55 خولەک پێش ئێستا

کۆمەڵ کەریم

 شێوازەکانی هەژموون و بەتۆتالیتارکردنی (نەرم)ی دەسەڵاتداریی
ڕۆمانی «۱۹۸٤»ی جۆرج ئۆروێڵ تەنها وێناکردنێکی خەیاڵی نیە لە هەڕەشە و مەترسیەکانی هێزێکی دیکتاتۆریی ڕەها، بەڵکو تێگەیشتن و لێکدانەوەیەکی  قووڵە بۆ دروستکردن و بنیادنانەوەی هۆشیاری و ئەو ئامرازانەی بەهای مرۆڤ تێکدەشکێنن لە سایەی دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکاندا. بەڵام لەم وێناکردنەی (جۆرج ئۆروێڵ) گرنگتر، هۆکاری ئامادەیی دەستەواژە و چەمکی (هەژموون)ه وەک بنەمایەکی سەرەکی  جیهانبینیی ئەنتۆنیۆ گرامشی، گرامشی جیاوازیی دەکرد لەنێوان دەسەڵاتی زۆرەملێ (Domination)  کە بە هێزی ئاشکرا و سەرکوتکەر کاردەکات، لەگەڵ دەسەڵاتی هەژموونگەرا کە لە ڕێگەی دەستەبەرکردنی ڕەزامەندیی گشتییەوە خۆی لەناو جەستەی کۆمەڵگەدا ڕۆدەچێنێت.  ئۆروێڵ زیاتر تەرکیزی لەسەر فۆرمی یەکەمیان بوو؛ بەڵام واقیعی سیاسیی هەرێمی کوردستان  ئەگەر لە ئاوێنەی تێگەیشتنی هاوبەشی گرامشی و ئۆروێڵەوە تەماشای بکەین دەبێتە نموونەیەکی بەرچاو لە )تۆتالیتاریزمی نەرم – Totalitarianism(Soft لێرەدا میکانیزمی زۆرەملێ هەمیشە وەک پەلاماردەرێکی ئاشکرا دەرناکەوێت، بەڵکو لە ڕێگەی هەژموونی کۆمەڵایەتی  و ئابووری و تەنانەت ڕۆحییەوە کاردەکات، تاوەکو ئامرازەکانی کۆنترۆڵکردن لە چوارچێوە دەستووری و دیموکراسییەکان دەستەمۆبکات و بییانخاتە خزمەت مانەوەی ئۆلیگارشیی حزبی-خێزانییەوە.
لە ئۆقیانوسیای ئۆروێڵدا، (پارتی دایک یان پارتی ڕابەر - (The Party سەنتەری ڕەهای سەروەرییە، وەک ناوەندێکی ئایدیۆلۆژی کەسایەتیی (برا گەورە - (Big Brotherتەنها دەلالەتێکی سمبوڵیە،بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا، واقیعی سیاسی لەم سنوورە ئایدیۆلۆژییە حزبییە تێپەڕیوە. ئێستا ئێمە بەرامبەر پرۆسەیەکی بەرجەستەتر و بنەماڵەییتر وەستاوین، ئەویش  پەڕینەوەیە لە پارتی ڕابەرەوە بۆ بنەماڵەی پیرۆز و کەسی باڵا Elite Individual)). لێرەدا دەسەڵاتداریی نەک تەنها لە چوارچێوەی حزب دەرچووە، بەڵکو پەیکەرە حزبییەکەی کردووەتە قەڵغانی بەرگری بۆ بنەماڵەی پیرۆز و کەسی باڵا.  حزب و دادگا و دامەزراوە فەرمییەکان لە ئەرکە ڕاستەقینەکانی خۆیان داماڵدراون و گۆڕدراون بۆ ئامرازی شەرعیەتپێدان بە بنەماڵە.  بەم شێوەیە (برا گەورە/ کەسی باڵا) چیتر هێمایەکی ناڕوون و غائیب نییە، بەڵکو ناوەندێکی زیندوی دیسپۆتیک و خێزانییە کە خۆی وەک بەرجەستەبوونی تەواوی ئیرادەی نەتەوە و مێژوو و دەستکەوتەکان و ئاییندە دەسەپێنێت. ئەمە شێوازێک لە شەخسەنەکردنی تەواوەتیی دەسەڵاتە، کە تێیدا نەک تەنها سیاسەت، بەڵکو مانای نەتەوایەتیش دەبێتە موڵکی تایبەتیی کەسێک یان بنەماڵەیەک.
لە ڕۆمانی ۱۹۸٤دا کۆنترۆڵکردن لە ڕێگەی ئامرازی تەکنەلۆژیی وەک )تەلەسکرین (Telescreen و چاودێریی فیزیکییەوە بەڕێوەدەچوو،  بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا، دۆخەکە گەیشتووەتە تۆڕێکی مۆنۆپۆلکردن کە لە کایەی مادییەکانەوە دەستپێدەکات ودرێژدەبێتەوە بۆتەواوی کایە فکری و ڕۆشنبیریەکان و تەنانەت شۆڕدەبێتەوە بۆ ناو کایەی ڕۆحی کۆمەڵگا .  ئەم هەژموونە سەرەتا لە مۆنۆپۆلی ئابووری و سەربازییەوە دەست پێدەکات، کاتێک هێزی چەکدار لە لەشکری ووڵاتەوە  دەگۆڕدرێن بۆ میلیشیای حزبی-بنەماڵەیی و سەرچاوە داراییەکانی وڵات لە دامەزراوەی گشتی و دەوڵەتییەوە دەکرێن بە کۆمپانیای سێبەر، ئیتر ئەمە جۆرێک لە دەرەبەگایەتی نوێ (Neo-Feudalism) دەخولقێنێت کە تێیدا بژێوی و مافی کارکردنی هاووڵاتی بەستراوەتەوە بە ئاستی دڵسۆزی بۆ ناوەندی دەسەڵات  نەک بە مافی هاووڵاتیبوون. لێرەدا پێویستە جەخت بکەینەوە لەسەر جیاوازییەکی گرنگی دەرەبەگایەتیی نوێ لەگەڵ دەرەبەگایەتیی کلاسیک.  دەرەبەگایەتیی نوێ تەنها پابەند نییە بە خاکێکی دیاریکراوەوە، بەڵکو گشتگیرە بۆ هەموو کایەکانی ژیانی گشتی و تایبەتی، لەوانە بازاڕی کار و مۆڵەتی بازرگانی و تەنانەت دەرفەتەکانی پەروەردەش. پاش مۆنۆپۆلیزەکردنی کایەی ماددی، ئەم هەژموونگەراییە ڕوودەکاتە داگیرکردنی کایەی ڕۆشنبیری و پەروەردە.  زانکۆ و ناوەندەکانی توێژینەوە و سیستەمی پەروەردە لە مەڵبەندی ڕەخنە و داهێنانەوە دەگۆڕدرێن بۆ کارگەی بەرهەمهێنانەوەی ڕەوایەتی بۆ کەسی باڵا. جەماوەر لە ڕێگەی دەزگا میدیاییە زەبەلاح و سێبەرەکانەوە وەک کەرەستەیەکی پاشکۆ سەیر دەکرێن کە ئەرکی تەنها چەپڵەلێدان و پەسەندکردنە. ئەم کۆنترۆڵکارییە تەنانەت بەرەو کایەی ڕۆحی و ئایینیش پەلی کێشاوە؛ کاتێک دەسەڵاتدار دەستی خستووەتە ناو بڕوا و بیروباوەڕی ئایینی کۆمەڵگەوە و گوتاری ئایینیی کردووەتە حوجرەیەکی تری شەرعیەتپێدان بە دەسەڵات؛ بە جۆرێک ڕازیبوون بە فەرمانڕەوایی بنەماڵە، وەک ڕەفتارێکی ئەخلاقی و ئایینیی پێویست پێناسە دەکرێتەوە. ئەمە دیاردەیەکی هەژموونی گرامشییانەیە بە مانا ڕاستەقینەکەی کە دەڵێت: کۆنترۆڵ چیتر تەنها بە فشاری دەرەکی ناکرێت، بەڵکو لە ڕێگەی (ڕەزامەندیی دروستکراو) لەناو دامەزراوە کۆمەڵایەتی و ڕۆحییەکاندا بەرهەم دەهێنرێتەوە.
مەترسیدارترین کارکردنکانی سیستم لە ڕۆمانی ۱۹۸٤دا، بریتیببون لە سڕینەوەی (یادگە - ذاکیرە) و بڕینەوەی ڕەگ و ڕیشەی چەمکە باڵاکان لە ڕێگەی داهێنانی زمانێکی نوێ  (Newspeak) و هەروەها دروستکردنی بیرکردنەوەی دووانەیی (Doublethink)، پرۆسەیەک کە تێیدا داڕمانی زمان، توانای بیرکردنەوەی مرۆڤیش کورت دەکاتەوە. لە هەرێمی کوردستاندا، ئەم پرۆسەیە زیاتر بە شێوازێکی نەرم بەڵام قووڵ کاردەکات،  پرۆسەی بیرچوونەوە و داڕشتنەوەی خەونە گەورەکان، کە لە ڕێگەی پێناسەکردنەوەی بە ئەنقەستی  (Deliberate Redefinition) خەونە هاوبەشەکانی کۆمەڵگەوە بەڕێوەدەچێت. ئەم داڕوخانە لە سڕینەوەی خەونە مەزنەکاندا دەردەکەوێت، کاتێک خەونی مێژوویی و ئازادیی نەتەوەیی  کە پێشتر بزوێنەری سەرەکیی کۆمەڵگە بوو  لەلایەن دەسەڵاتەوە لە ناوەرۆکە ڕاستەقینەکەی داماڵدراوە و کورتکراوەتەوە بۆ پاراستنی قەوارە یان ڕاستتر پاراستنی پێگەی بنەماڵە. چەمکەکانی وەک سەربەخۆیی و سەروەری، ئێستا وەک ئامرازێکی ختووکەدانی سۆزی کۆمەڵگا بۆ بێدەنگکردنی ڕەخنەکان بەکاردەهێنرێنەوە، نەک وەک ئامانجی سیاسیی ڕاستەقینە.  ئەمە فۆرمێکی خۆماڵییە لە ( بیرکردنەوەی دووانەیی )،  هاووڵاتی هاوکات باوەڕی بە خەونی نەتەوایەتی هەیە و لە هەمان کاتدا دەبینێت ئەم خەونە لە واقیعدا کراوەتە ئامرازی چەوساندنەوەی خودی خۆی. هاوتەریب لەگەڵ ئەمەدا، پرۆسەی دووبارە پێناسەکردنەوەی بەها ئەخلاقی و دیموکراسییەکان قووڵتربووەتەوە.  دیموکراسی لە پرۆسەیەکی ڕاستەقینەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتەوە دابەزێنراوە بۆ نمایشی شانۆگەریانەی هەڵبژاردن، ئازادیش لە بەهایەکی بنەڕەتیی مرۆڤەوە بچووککراوەتەوە بۆ ئازادی لە سنووری ڕێپێدراوی حزب و بنەماڵەدا.  ئەمە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی شێواندنی پێوەرو بەها ئەخلاقییەکان، بە جۆرێک بەها باڵاکانی وەکو نیشتمانپەروەری، وەفاداری بۆ ڕاستی و بەرگری لە مافە گشتییەکان ناشیرین دەکرێن. لەم سیستەمە نوێیەدا، دەستکەوتی کەسی، خۆگونجاندن لەگەڵ گەندەڵی و بێدەنگی وەک دانایی پێناسە دەکرێن، لە کاتێکدا داکۆکیکردن لە ماف و دادپەروەری وەک تاوانی بیرکردنەوە (Thoughtcrime) یان تێکدانی ئارامی وێنا دەکرێت. ئەم شێواندنەی پێوەرە ئەخلاقییەکان تەواو لەگەڵ شیکردنەوەکانی هانا ئارێنت بۆ بنەماکانی تۆتالیتاریزم دەگونجێت، ئەو پێیوایە: کاتێک چەوسانەوە دەبێتە واقیعی ڕۆژانە، خراپەکاری خۆی لە شێوەیەکی (ئاسایی و دەستەمۆکراو)دا دەردەخات، نەک بەشێوەی دڕندەییەکی ئاشکرا.
ئەوەی لە ڕۆمانی ۱۹۸٤دا لە ڕێگەی وەزارەتی فرەیی (Ministry of Plenty)یەوە دەکرا بۆ دروستکردنی کەمیی بەردەوام و ئیفلیجکردنی تاک، لە هەرێمی کوردستاندا لە ڕێگەی گووشینی ئابوورییەوە ئاراستە دەکرێت کە وەک میکانیزمی کۆنترۆڵکردنی (بایۆ پۆلێتیک - (Biopolitics  کاردەکات. بایۆپۆلێتیک بەو مانایەی کە  میشێل فوکۆ ئاماژەی پێدەکات، واتە کۆنترۆڵکردنی ژیانی مرۆڤ لە ڕێگەی بژێوی و مووچەوە. لە هەرێمی کوردستاندا لەبری دەستکاریی ڕاستەوخۆی خوانەکانەکانمان، میکانیزمی پاشەکەوتکردن و دواخستن و بڕینی مووچەی فەرمانبەران، لەگەڵ دروستکردنی قەیرانی بەردەوامی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بەکاردەهێنرێت. ئامانجی ئەم پەلامارە ئابوورییە تەنها بڕینی داهات نییە، بەڵکو داماڵینی هاووڵاتییە لە وزەی ناڕەزایەتی و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، تا لە خولگەیەکی بەردەوامی ڕاوەدوونانی بژێوی ڕۆژانەدا کۆتگیر بێت. هۆکاری بە (نەرم) پێناسەکردنی  ئەم مۆدێلەی دەسەڵات ئەوەیە کە کۆنترۆڵ لە ڕێگەی شادەماری بازاڕ و ژمارەی بانکییەوە دەباتە پێش، نەک لە ڕێگەی زیندان و سێدارەوە،  بەڵام کاریگەرییەکەی هیچ کەمتر نییە لەو.
هاوکات لەگەڵ ئەم سەرکوتە مادییەدا، پرۆسەی شڵەژانی دەروونیی بەردەوام لە ڕێگەی دروستکردنی ترس لە ئاینده و بێئومێدکردن لە توانای گۆڕانکاری بەڕێوەدەبرێت، بە ئامانجی ئەوەی هاووڵاتی بە تەواوی تەسلیمی سیستەمی بەخشش و بەزەییی حزبی بێت. لە لوتکەی ئەم مۆدێلەدا، تۆڕی چاودێریی دیجیتاڵی و دەزگا ئەمنییەکان هاوتەریب لەگەڵ سوپای ئەلیکترۆنی پەرەیان پێدراوە، ئامرازی کۆنترۆڵکردن چیتر تەنها تەلەسکرین یان سیخوڕیی فیزیکی نییە، بەڵکو گۆڕدراوە بۆ ترسی نەبینراو لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەکارهێنانی کارتە ئابوورییەکان وەک ئامرازی فشار، بە ئامانجی ناچارکردنی تاک بۆ پیادەکردنی (خودچاودێری - (Self-Censorship و خنکاندنی دەنگی خۆی. ئەم دۆخە ڕێک دەکەوێتە خانەی چەمکی (دۆخی نائاسایی بەردەوام - (State of Exceptionی (جۆرجیۆ ئاگامبێن -Giorgio Agamben)، ئاگامابێن پێماندەڵێت کاتێک قەیرانی ئابووری، سیاسی یان ئەمنی  چیتر ڕووداوێکی کاتی نییە، بەڵکو بووەتە نەریتی بەردەوامی حکومڕانی، ئیتر دەسەڵات دەتوانێت بە ناوی (پاریزگاری لە ئاسایش) هەموو جۆرە چاودێرییەکی ناپێویست و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان بسەپێنێت بەبێ ئەوەی پێویستی بە فەرمانی یاسایی بێت.
بەراوردکردنی بارودۆخی هەرێمی کوردستان بە ڕۆمانی ۱۹۸٤، نیشانمان دەدات کە دەسەڵاتداریی لە هەرێمدا گەیشتووەتە قۆناغێک لە تۆتالیتاریزمی بونیادی (Structural Totalitarianism) و تۆتالیتاریزمی ڕەهایی بنەماڵەیی. بەڵام لە پێشبینییەکانی ئۆروێڵ قووڵتر، ئەوەیە کە ئەم مۆدێلە پێویستی بە پارتێکی ئایدیۆلۆژیی ڕەها نییە بۆ ئەوەی بگاتە هەمان ئەنجام؛ بەپێچەوانەوە، لە ڕێگەی هەژموونی گرامشییانەوە  واتە لە ڕێگەی دەستەبەرکردنی ڕەزامەندیی دروستکراو کە لە ناخی دامەزراوە کۆمەڵایەتی و ئایینی و ئابوورییەکاندا بونیاد دەنرێت ، دەتوانێت کاریگەرییەکی وێرانکەرتر بەجێبهێڵێت لەوەی هێزی زۆرداریی ڕەها دەیکات.
بەرجەستەبوونی کەسی باڵا یان بنەماڵەی پیرۆز، تەنها قۆرخکارییەکی سادەی دەسەڵات نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ سڕینەوەی سەربەخۆیی هاووڵاتی. کاتێک ئابووری، چەک، میدیا، ئایین، پەروەردە و تەنانەت بەها  ئەخلاقییەکانی ژیانی کۆمەڵگا دەبنە موڵکی تایبەتی ناوەندێک، هاووڵاتی چیتر تەنها لە ڕووی سیاسییەوە بێماف ناکرێت، بەڵکو لە ڕووی ڕۆحی و مەعریفییەوە تووشی ئیفلیجی دەکرێت. ئەمە قۆناغی کۆتایی بەئۆروێڵبوونی کۆمەڵگەیە: دۆخێک کە تێیدا هاووڵاتی نەک تەنها توانای بەرهەڵستکاری نامێنێت، بەڵکو کەرەستە فیکری و زمانییەکانیشی بۆ خەونبینین بە ئازادی لەدەست دەدات. لەگەڵ ئەوەشدا، وەک گرامشی خۆی جەختی لێ دەکاتەوە، هەژموون هەرگیز پرۆسەیەکی تەواوبوو و نەگۆڕ نییە؛ لە هەر شوێنێک ڕەزامەندی بونیاد بنرێت، تۆوی ڕەخنە و بەرهەڵستکاریش لە هەناویدا چەکەرە دەکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی