رۆژئاوا: ناچاریی ڕێکەوتن لەگەڵ شەیتاندا

2 کاتژمێر پێش ئێستا

مەریوان وریا قانع


ئەوەی لە رۆژئاوادا روویدا رێکەوتنە لەگەڵ شەیتان، رێکەوتنێک هێندە ناجاریی لەپشتەوەیە هێندە خواست و ویستێکی سیاسیی تەندروستی لەپشتەوە نییە. کوردانی رۆژئاوا، وەک یەکێک لە ئەزموونە سەرەکییەکانی کوردبوون لە سەدەی بیستمەوە، بەجێهێڵدران و خرانە ناو هاوکێشەیەکی هێزەوە کە زۆر لە قەبارە و توانای ئەوان گەورەترە. بێگومان ئەو رێکەوتنە تاقە رێگایەکی عەقڵانیی و بەرپرسانەیە لەبەردەم ئەواندا. هەموو ڕێگاکانی تر رێگای پڕ ریسکن و هێندەی لە خۆکوژییەوە نزیکن لە هیچ شتێکی دیکەوە نزیکنین. بەبۆچوونی من ئەو خاڵانەی پێویستە لەبەردەم کوردانی رۆژئاوا و هێزە سیاسییەکانیاندا روون و بەرچاوبێت ئەم خاڵانەن:
ئەو دەسەڵاتەی لە ئێستادا لە سوریادا دروستکراوە
١- نە دەوڵەتی نەتەوەیە
٢- نە دەوڵەتی یاسایە
٣- نە دەوڵەتی دەزگایە
٤- نە دەوڵەتی هاوڵاتیبوونە
٥-نە دەولەتی ماف و بەرپرسیاریەتی یەکسانە.
ئەم دەوڵەتە:
٦-لەباتی سوپایەکی نیشتیمانی خاوەنی چەندان میلیشیای جیاواز و هەمەجۆرە، لەوپەری جیهادیستی رادیکاڵەوە بیگرە بۆ هێزی پرۆکسی سەر بە وڵاتانی ناوچەکە.
٧-سەرجەمی ئەو هەنگاوانەی تا ئەم ساتە ئەو دەوڵەتە لە سوریادا ناویەتی، هەنگاوی هەڵە و ترسناک و ناتەواون. لە ناوی دەوڵەتەکەوە بیگرە ، بۆ ناوی سوپاکەی، ناوی میدیاکەی، ناوی کۆمەڵگاکەی هتد...کە سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی زمانی بەعسە تێکەل بە گوتاری ئیسلامییە جیهادییەکان.
٨-ئینجا چۆنیەتی دانانی رەشنوسی دەستور و دامەزراندنی پەرلەمان و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئابوری وڵاتەکە و جۆری پەیوەندییەکانی لەگەڵ ولاتانی دراوسێدا، هەموویان هێما بۆ دروستبوونی حوکمڕانییەکی ترسناک دەکەن.
٩-لە پەیوەندیدا بە کوردەوە رێکەوتنەکە روون نییە:
ا- بەر لە هەمووشتێک مەسەلەی کورد تەنها مەسەلەی مافی بەکارهێنانی زمان و کولتوور نییە، بەڵکو مافی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ناوچەییشە.
ب- کورد لەسەرجەمی رێکەوتنەکاندا وەک میلەت یان گەلێکی تایبەت نەناسراوە.
ج- دیار نییە کورد چ بەشداریەکی دەبێت لە بڕیاردانی سیاسیی و جۆری حوکمرانی لە سوریادا.
١٠-ئەوەی ئێستا لە سوریادا هەیە و دروستکراوە، دەسەڵاتێکە بە:
-رقێکی دینیی گەورەوە
-رقێکی ئەتنیی و نەتەوەیی فوتێکراوەوە
-ڕق لە پلوارالیزم و جیاوازیی
١١-ئەمانەش بەسەرکەیەوە دژ بە هەموو شتێکن بۆنی ماف و دیموکراسیەت و پلورالیزم و دانان بەویتری جیاوازی، لێبێت.
١٢-هاوکات دژ بە هەرشتێکە ناوی پێکەوەژیانێکی یەکسان و مافخوازبێت، شتێکی لەوجۆرە لە فەرهەنگى ئەو دەوڵەتەدا نییە کە دروستکراوە.
١٣- بە کورتییەکەی، ئەوەی هەموومان پێویستە ئاگاداری بین و وەک ناوی خۆمان بیزانین، ئەو راستیانەی سەرەوەیە، راستییەک پێماندەڵێت ئەوەی ئەو بەشەی کوردستان چووەتە ناویەوە، پەیوەندیی ناچارییە، ناچاری ڕێکەوتن لەگەڵ شەیتاندا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی