ئایا دانانی چەک و کۆتاییهێنان بە شێوەی پێشووی هێزەکانی سوریای دیموکرات، بە مانای لەدەستدانی هێزە، یان دەتوانێت دەستپێکی گواستنەوەی هێزی سەربازی بۆ هێزی سیاسی بێت؟ ئەمە پرسیاری سەرەکییە بۆ هەڵسەنگاندنی هەنگاوی مەزلوم عەبدی بۆ کۆتاییهێنان بە شێوەی پێشووی هێزەکانی سوریای دیموکرات و تێکەڵکردنیان لە ناو سوپای سوریادا.
ئەم بڕیارە نابێت تەنها لە چوارچێوەی (بردنەوە)یان (دۆڕان)دا بخوێندرێتەوە، چونکە مانای ڕاستەقینەی ئەم هەنگاوە لەوەدا نییە کە هەسەدە وەک هێزێکی جیاواز دەمێنێتەوە یان نا، بەڵکو لەوەدایە کە کورد لە بەرامبەر گۆڕینی شێوەی هێزەکەی چی بەدەست دەهێنێت؟ لە مێژووی سیاسەتدا، هێزی سەربازی بۆ خۆی گەرەنتیی ماف نییە، هێز تەنها ئەوکاتە دەبێتە سەرمایەی سیاسی کە بتوانرێت بۆ دروستکردنی ڕێککەوتن، دامەزراوە و گەرەنتیی سیاسی بەکاربهێنرێت.
بۆیە تێکەڵکردنی هێزێکی چەکدار لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت، بە خۆی نە سوودە و نە زیان، ئەنجامە سیاسییەکانی ئەو گۆڕانە دیاری دەکەن کە هەنگاوەکە دەرفەتە یان مەترسی؟ ئەگەر تێکەڵبوون بە مانای لەناوبردنی توانای کورد بۆ پاراستنی خۆی و لەدەستدانی دەنگی سیاسی بێت، ئەوا بێگومان زیانە، بەڵام ئەگەر بتوانێت هێزی سەربازی بگوازێتەوە بۆ ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت و لە بەرامبەردا مافە سیاسی و دەستووری و یاساییەکانی کورد جێگیر بکات، ئەوا هەمان هەنگاو دەتوانێت ببێتە دەرفەتێکی ستراتیژی.
پرسیاری بنەڕەتی ئەوە نییە کە هەسەدە لە دەرەوەی سوپای سوریادا دەمێنێتەوە یان دەچێتە ناوی پرسیاری گرنگتر ئەوەیە ئایا سوریای نوێ چ جۆرە دەوڵەتێک دەبێت؟
ئەگەر بونیادنانی سوریای نوێ بە مانای گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی ناوەندی، تاکڕەهەندی و دیکتاتۆریەت بێت، ئەوا هەر هێزێکی کەمینە کە بچێتە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت، مەترسیی ئەوەی هەیە کە بە تێپەڕبوونی کات ناسنامە و تایبەتمەندیی سیاسیی خۆی لەدەستبدات، بەڵام ئەگەر سوریای نوێ بەرەو دەوڵەتێکی فرەیی، هاوبەش، دامەزراوەیی و دەستووری بڕوات، ئەوا بەشداریی کورد لە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەتوانێت لە جێی لەدەستدانی هێز، ببێتە بەدەستهێنانی شوێنێکی دەستووری و یاسایی.
لێرەدا جیاوازییەکی بنەڕەتی لەنێوان هێز و دامەزراوە هەیە هێزی سەربازی دەتوانێت دەسەڵات دروست بکات، بەڵام ئەوە تەنها دامەزراوەیە دەتوانێت دەسەڵات بەردەوام بکات، هێز دەتوانێت مافێک بپارێزێت، بەڵام ئەگەر ئەو مافە لە دەستوور و یاسا و دامەزراوەدا جێگیر نەکرێت، لەگەڵ گۆڕانی هاوسەنگیی هێزەکاندا دەتوانێت لەدەست بچێت.
مەترسییە سەرەکییەکە لەوەدایە کە کاتێک هێزێکی سیاسی چەک و توانای سەربازیی خۆی دەخاتە ناو دامەزراوەیەکی گشتیی دەوڵەت، یەکێک لە گرنگترین کارتەکانی فشاری خۆی لەدەست دەدات، لە سیاسەتدا، هێز تەنها بۆ جەنگ بەکار نایەت؛ هەندێک جار بوونی هێز خۆی دەبێتە کارتێکی فشار لە گفتوگۆدا، بۆیە ئەگەر کورد هێزی سەربازیی خۆی لەدەست بدات و لەهەمان کاتدا گەرەنتیی دەستووری یاسایی و دامەزراوە نێودەوڵەتییە بەهێزەکانیش بەدەست نەهێنێت، ئەوا هاوسەنگیی هێز بە زیانی کورد دەبێت، لەبەر ئەمە، هەنگاوی عەبدی تەنها ئەوکاتە دەتوانێت بە هەنگاوێکی ستراتیژی ناوببرێت کە هێزی چەکدار بگۆڕێت بۆ هێزی سیاسی، دەستووری و دامەزراوەیی.
لەگەڵ هەموو مەترسییەکاندا، ئەم هەنگاوە دەتوانێت دەرفەتێکی گرنگیش بێت ،کوردانی ڕۆژئاوا لە ساڵانی ڕابردوودا توانایەکی سەربازی، سیاسی و ئەمنیی بەرچاویان دروستکردووە، ئەگەر ئەو توانایە بتوانێت بگوازرێتەوە بۆ ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت، پەرلەمان، حکومەت، سیستەمی دادوەری، دامەزراوەکانی ئاسایش و بەڕێوەبردنی خۆجێیی ناوچە کوردییەکان، ئەوا گۆڕانێکی بنەڕەتی ڕوودەدات، هەروەها ئەگەر مافە زمانی و کولتوورییەکان و مافە سیاسییەکانی کورد لە دەستووری نوێی سوریادا جێگیر بکرێن، ئەوا کورد لە قۆناغی هێزی دەرەوەی دەوڵەتەوە دەچێتە قۆناغی بوون بە بەشێک لە بونیادی دەوڵەت، ئەمە لە ڕوانگەی سیاسییەوە گۆڕانێکی گرنگە، چونکە مافێک کە تەنها بە هێزی چەکدار بپارێزرێت، هەمیشە بە گۆڕانی هاوسەنگیی هێزەکان لە مەترسیدایە ، بەڵام مافێک کە لە دەستوور، یاسا و دامەزراوەدا جێگیر بکرێت، بنەمایەکی بەردەوامتر و قایمتر هەیە.
لێرەدا خاڵێکی زۆر گرنگ هەیە هیچ گۆڕانێکی سەربازی نابێت پێش گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سیاسیی ڕوون و میکانیزمی جێبەجێکردنی، وەک ئامانجی خۆی سەیر بکرێت ، ئەگەر هێزەکان تێکەڵ بکرێن، بەڵام مافەکانی کورد ناڕوون بن، دەستوور نەنووسرابێتەوە، گەرەنتییەکان نەبن و میکانیزمی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان دیاری نەکرابێت، ئەوا کورد سەرمایەی سەربازیی خۆی داوە بەرامبەر بە بەڵێنێکی سیاسی،لە سیاسەتدا جیاوازییەکی زۆر گەورە هەیە لەنێوان بەڵێن و گەرەنتی،چونکە بەڵێن دەکرێت بگۆڕدرێت بەڵام گەرەنتیی دامەزراوەیی و دەستووری بە ئاسانی ناگۆڕدرێت ، بۆیە پرسیاری سەرەکی بۆ کورد نابێت تەنها ئەوە بێت کە ئایا هەسەدە لەناو سوپای سوریادا دەبێت، بەڵکو دەبێت ئەوە بێت کە کورد لە بەرامبەر ئەو گۆڕانەدا چ گەرەنتییەکی سیاسی و دەستووری وەردەگرێت؟.
هەڵسەنگاندنی بڕیارەکەی عەبدی بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕوانگە و بەرژەوەندیی ئەمریکا و ئەوروپا تەواو دروست دەرناچێت ئەگەر ئەم هێزانە پشتگیریی بونیادنانی سوریای نوێ و دامەزراندنی دەوڵەتێکی یەکگرتوو دەکەن، پرسیاری سەرەکی بۆ کورد ئەوەیە ئایا ئەم پشتگیرییە تەنها بۆ یەکپارچەیی خاک و دامەزراندنی دەوڵەتە، یان لە هەمان کاتدا پشتگیریی مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی کوردیشە؟.
ئەگەر هەموو فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوە بێت کە کورد چەک دابنێت، بەڵام هیچ فشارێک بۆ دیمەشق نەبێت بۆ جێبەجێکردنی مافەکانی کورد، ئەوا هاوسەنگیی پرۆسەکە نادادپەروەرانە دەبێت، بەڵام ئەگەر واشنتۆن و پایتەختە ئەوروپییەکان لە هەمان کاتدا ببنە پاڵپشت و گەرەنتی سیاسی بۆ ڕێککەوتنی نێوان کورد و دەمەشق، ئەوا هەنگاوی عەبدی دەتوانێت مانایەکی جیاواز و ستراتیژی وەربگرێت.
هەڵسەنگاندنی دادپەروەرانە ئەوەیە کە نە عەبدی بە پاڵەوان بناسرێت و نە بە شکستخواردوو، ئەو بڕیارێکی زۆر هەستیاری سیاسیی داوە، بەڵام ئەنجامی ڕاستەقینەی ئەو بڕیارە لە ئێستادا دیاری ناکرێت بەڵکوو پەیوەستە بە شێوەی مامەڵەکردنی دیمەشق لەگەڵ کورد و بە جۆری سوریای داهاتووەوە ، ئەگەر هێزەکانی هەسەدە ببنە بەشێک لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و مافی کورد ببێتە بەشێک لە دەستوور و یاسای سوریای نوێ، ئەوا عەبدی دەتوانێت بڵێت هێزی چەکدارم بە سەرمایەی سیاسی گۆڕییەوە، بەڵام ئەگەر هەسەدە تێکەڵ بە سوپای سوریابێت، لە هەمان کاتدا مافەکانی کورد پشتگوێ بخرێن و دەسەڵاتی ناوەندی بەبێ گەرەنتییەکی دەستووری و سیاسی بەسەر کورددا بگەڕێتەوە، ئەوا مێژوو ئەم هەنگاوە بە شێوەیەکی جیاواز تۆمار دەکات.
چونکە لە سیاسەتدا پرسیاری بنەڕەتی ئەوە نییە کە چەند چەکت هەیە، پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە چەند توانایت هەیە بۆ ئەوەی مافەکانت لە دامەزراوە، یاسا و دەستووردا بپارێزیت
لە کۆتاییدا، ئەوەی مێژوو بڕیار لەسەر هەنگاوی عەبدی دەدات، نە تەنها کۆتاییهێنان بە شێوەی پێشووی هەسەدەیە، بەڵکو ئەوەیە کە ئایا ئەو هێزە سەربازییەی لەدەستی کورد بوو، توانرا بە هێزی سیاسی، دەستووری و دامەزراوەیی بگۆڕدرێت یان نا؟ ئەگەر ئەو گۆڕانە بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدرێت، هەنگاوەکە دەتوانێت نموونەیەکی گرنگ بێت لە گواستنەوەی هێزی سەربازی بۆ هێزی سیاسی، بەڵام ئەگەر گۆڕینی هێز بەبێ بەدەستهێنانی گەرەنتیی مافەکان بێت، ئەوا دەکرێت ببێتە نموونەیەکی تر لەو دۆڕانانەی کورد لەسەر مێزی گفتوگۆ.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی