مەزڵوم عەبدی، خیانەتکار یان پراگماتیستی سیاسی؟

3 کاتژمێر پێش ئێستا

مەجید ساڵح

لە دوای ڕاگەیاندنی کۆتایی هاتنی هەسەدە و تێکەڵبوونی هێزەکانی بە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریا، دەنگێکی زۆر لە باشووری کوردستان بەرز بووەتەوە دژی مەزڵوم عەبدی و بڕیارە سیاسییەکانی.

هەندێک لە نووسەران و چالاکوانان لە دڵسۆزی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی ترسیان لە داهاتووی ڕۆژئاوای کوردستانەوە قسە دەکەن، کە جێی ڕێزە. بەڵام هەندێکی تر بە شێوەیەکی زۆر توند و رادیکاڵ، عەبدی بە خیانەت و فرۆشتنی خاک و دەستکەوتەکانی کورد تۆمەتبار دەکەن؛ بێ ئەوەی لە خۆیان بپرسن: ئەڵتەرناتیڤی ئەم ڕێگایە چییە؟
پێش هەموو شتێک دەبێت دان بە ڕاستییەکی مێژوویی بنێین: هەسەدە و مەزڵوم عەبدی تا دوا نەفەس شەڕیان کرد.

ئەگەر بەرگری و خوێنی ئەوان و پشتیوانی خەڵکی کوردستان و هەڵوێستی هەندێ وڵاتی وەک فەرەنسا نەبوایە، ئەگەری ئەوە زۆر بوو کە کورد لە ڕۆژئاوا تواشی چارەنووسێکی زۆر خراپتر بوایەتەوە. لەبیرمان نەچێت کە جیهان لە بەرامبەر ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا چۆن بێدەنگ بوو.

ئەمڕۆ کە باس لە «دەستەبەرداربوون» دەکرێت، نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کە کورد لە ڕۆژئاوا لە سەد ساڵی ڕابردوودا لە ژێر سیاسەتی عەرەبکردن و سڕینەوەی ناسنامەی کوردیدا ژیاوە.

بۆیە ئەوەی لە ساڵانی دوای شەڕی داعشدا لە ڕۆژئاوا دروست بوو، تەنها «هێزی چەکدار» نەبوو، بەڵکو بەشێک بوو لە پرۆسەیەکی درێژی دامەزراندنی بوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی کورد.

لە ڕێکەوتنی ١٠ی ئاداری ٢٠٢٥ لەنێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی، بە ڕوونی هاتووە کە کۆمەڵگەی کوردی بە بەشێکی ڕەسەن لە دەوڵەتی سوریا ناسراوە و مافی هاوڵاتیبوون و مافە دەستوورییەکانی بۆ مسۆگەر کراوە، هەروەها مافی بەشداری لە پرۆسەی سیاسی و دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ هەموو پێکهاتەکان بەبێ جیاوازیی ئەتنیکی و ئایینی باس کراوە. 

بەڵام ئایا ئەمە بە ئەندازەی قوربانییەکانی کوردی ڕۆژئاوا دەگات؟
نەخێر.

ئەمە دەسکەوتە، بەڵام دەسکەوتێکی تەواو نییە.

کورد دەیەوێت خۆی شار و ناوچەکانی خۆی بپارێزێت ئەمە دابین کراوە، زمان و کولتووری خۆی بپارێزێت، خوێندن و زانکۆ بە زمانی کوردی هەبێت، لە پەرلەمان و دامەزراوەکانی دەوڵەت بەشدار بێت و مافی سیاسی و مەدەنییەکانی بە شێوەیەکی یاسایی و دەستووری پارێزراو بێت. ئەوانە مسۆگەر کراون.

بەڵام حەقیقەت ئەوەیە ئەمانە لە ئاستی ئەو قوربانییە گەورانەی گەلەکەمان نیین.

لە ساڵانی شەڕی داعشدا، هەسەدە بووە هێزی سەرەکیی هاوبەشانی ڕۆژئاوا لە دژی داعش، و ئەم ڕاستییەش نابێت بە ئاسانی لە مێژوو بسڕدرێتەوە.
بەڵام  بمانەوێ یان نا ئەمڕۆ دۆخەکە گۆڕاوە.

ئەحمەد شەرع کە پێشتر تیرۆریست بووە، ئەمڕۆ بە هۆی گۆڕانکارییە ژێئۆپۆلیتیکییەکانەوە هەنگاو بە هەنگاو لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ. تەنانەت لە ٢٠٢٥دا ئەمریکا هەنگاوەکانی بەرەو لابردنی ناوی ئەحمەد شەرع لە لیستی سزا و تیرۆری خۆی دەستپێکرد، و لە ٢٠٢٦داش ناساندنی سوریا و هەیئەتی تحریری شام لە هەندێک لیستەکانی تیرۆر و سزا گۆڕانکاریی بەسەردا هات.

ئەمە چیمان پێ دەڵێت؟
جیهان دۆستی کورد نییە، بۆ بەرژەوەندی خۆی کار دەکات. ئەمە یاسای سیاسەتی  نێودەوڵەتییە.

بۆیە ئەگەر لە ڕابردوودا سیاسەتی «یان سەرکەوتن، یان مردن» تاقی کراوەتەوە، دەبێت بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە بپرسین: ئایا هەمیشە مردن بە مانای سەرکەوتنە؟

کورد پێویستی بە سیاسەتێک هەیە کە بوونی کورد بپارێزێت، نەک تەنها کورد هەر قوربانی بێت.

لەبەر ئەوە من لە هەموو ڕەخنەیەکی دڵسۆزانە لە مەزڵوم عەبدی و ڕێککەوتنەکەی پشتیوانی دەکەم، بەڵام لەوەش دڵنیام کە ئەم بڕیارە نابێت بە چەکێک بۆ سڕینەوەی مافەکانی کورد بگۆڕدرێت.

لە ڕاستیدا، مەترسییەکە لە خودی «تێکەڵبوون بە دەوڵەت» نییە؛ مەترسییەکە ئەوەیە کە تێکەڵبوون ببێتە سڕینەوە.

ئەگەر کورد لە ناو دەوڵەتی سوریا بتوانێت زمان، ناسنامە، خوێندن، بەشداریی سیاسی، ئاسایش و مافە دەستوورییەکانی خۆی بپارێزێت، ئەوا  بەو مانایە دێت سیاسەتی پراگماتیزم دەکرێت ببێتە ڕێگایەک بۆ مانەوە.

بەڵام ئەگەر ئەم مافانە لە کاغەزدا بمێننەوە و لە واقیعدا سڕینەوەی سیاسی و کولتووری دەست پێ بکات، ئەوا دەبێت ڕەخنە لە عەبدی و هەموو ئەو لایەنانە بکرێت کە ئەم ڕێککەوتنەیان واژۆ کردووە.

کەواتە پێویستە لە عەبدی بپرسین: «بۆ کوێ دەڕۆیت؟» نەک بە خێرایی بڵێین: «تۆ خیانەتت کردووە.» چونکە ئەوەی گرنگە ناوی هێزەکە نییە؛ ئەوەی گرنگە ئەوەیە کورد لە دوای هەسەدە چی دەباتەوە. ئەوانەی ئەمڕۆ توندترین رەخنە لە عەبدی دەگرن، من پرسیارێکی سادەیان لێ دەکەم:
ئەڵتەرناتیڤەکەتان چییە؟

- ئەگەر ئەڵتەرناتیڤەکە بەرگرییە، بڵێن چۆن.
- ئەگەر شەڕە، بڵێن بە چ هێز و بە پشتیوانی کێ؟
- ئەگەر سەربەخۆییە، بڵێن لە ناو ئەم هاوکێشە ژێئۆپۆلیتیکییەدا چۆن؟
- ئەگەر هەموویان تەنها «نەخێر» بێت، ئەوا ئەوە سیاسەت نییە؛ تووڕەییە.
من پێم وایە مەزڵوم عەبدی لە بەرامبەر دوو هەڵبژاردەی زۆر قورسدا بڕیارێکی پراگماتیکی داوە:
- یان کەمکردنەوەی دەستکەوتەکان بۆ پاراستنی بوونی کورد، یان چوون بەرەو شەڕێک کە دەتوانێت هەموو شتێک بسڕێتەوە.

ئەمەش واتە پشتیوانیی بێ مەرج لە عەبدی ناکەم. بەڵکو دەڵێم:

بەڵێ بۆ سیاسەتی پراگماتیزمانە، نەخێر بۆ تەسلیمبوون. بەڵێ بۆ ئاشتی، نەخێر بۆ سڕینەوەی ناسنامە.

لە کۆتاییدا، ئەو کەسانەی لە باشووری کوردستان بە توندی دژی عەبدی دەنووسن، پێویستە پرسیارێکی مێژوویی لە خۆیان بکەن :
ئایا دەتوانین بە ئاسانی بڕیار لەسەر کەسێک بدەین کە لە ناو ئاگردانی ڕۆژئاوا بڕیاری سیاسی دەدات، لە کاتێکدا خۆمان لە دوورەوە لە سەلامەتیی باشوورەوە لێی دەڕوانین؟
ڕەخنە پێویستە؛ بەڵام ڕەخنە دەبێت ئەڵتەرناتیڤی هەبێت.

لەو کاتەدا کە هەموو دەوڵەتان بە بەرژەوەندی خۆیان کار دەکەن، کورد نابێت بە دەستی خۆی ئەو کەمە دەرفەتەش لە کیسی خۆی ببات کە بۆ مانەوەی سیاسی و نەتەوەیی بەدەستی هێناوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی