باکورو ڕۆژئاوای کوردستان لەبەردەم سیاسەتی ئینکارەوە بۆ شەڕی ئەمری واقع

2 کاتژمێر پێش ئێستا

هیوا سەید سەلیم

پێشەکی
بابەتی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات «هەسەدە» و پێشتر بڕیاری کۆنگرەی ١٢ی پەکەکە لە کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری لە نێو ڕای گشتی کوردستان مشتومڕی زۆری لێکەوتەوە، بە شێوەیەک کە ڕای زۆرینە بە نیگەرانییەوە لەو دوو هەنگاوە دەڕوانێت، تا ئاستی ئەوەی کەسانێک پڕۆسەکە بە ئاشبەتاڵ ناو دەبەن.

لێرەدا مەبەستمانە لە شیکارییەکی وردی سیاسی و بەراوردکاری، بە گەڕانەوە بۆ ڕاستییە مێژووییەکان و خوێندنەوەی واقیعی سیاسیی ئێستا، وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە ئایا ئەوەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگوزەرێت پاشەکشە و ئاشبەتاڵە؟ ، یان بەدەستهێنانی مافە بە ئاراستەی یەکگرتنی دیموکراسی «ئەنتگراسیۆن». و شەڕی ئەمری واقیع.

کوردستان لە نێوان خەونی دەوڵەت و ئەمری واقع
دوای زیاتر لە سەد ساڵ لە دابەشکردنی کوردستان، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا دەتوانرێت کێشەی کورد لە چوار بەشەکەدا لە چوارچێوەی ڕێڕەوێکی سیاسی و واقیعییەوە دووبارە یەکبخرێتەوە، کورد بگاتە مافی بەدەستهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی لە چوارچێوەی سنووری چوار پارچەی کوردستاندا؟ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستی بە خوێندنەوەیەکی هێمن، بابەتی و دوور لە ڕۆمانسیزمی نەتەوەیی، لە هەمان کاتدا دوور لە نائومێدی سیاسی، هەیە.

لە ڕووی واقیعییەوە، بیرۆکەی یەکخستنەوەی چوار بەشی کوردستان لە یەک دەوڵەتی سەربەخۆدا، کە لە سەرەتای دامەزراندنی پەکەکە درووشمی ئەو پارتە بووە، لە ئێستادا لەگەڵ بەربەستە ژیۆپۆلیتیکییە گەورەکان بەرەوڕوویە. چوار دەوڵەتی تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا بە شێوەیەکی ڕوون دژی هەر پڕۆژەیەکی لەم جۆرەن. هەروەها ئەزموونی مێژوویی و بارودۆخی نێودەوڵەتی نیشان دەدەن کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئامادەیییەکی ئەوتۆی نییە بۆ گۆڕینی نەخشەی سیاسیی ناوچەکە بە ئاراستەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردیی سەربەخۆ.

بۆیە، لە قۆناغی ئێستادا، واقیعیترە کە پرسی کورد لە چوارچێوەی بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی، سیاسی، کلتووری و زمانەوانییەکان و بە شێوەیەکی جیاواز لە هەر بەشێکدا بخوێندرێتەوە. ئەمە واتە چارەسەرکردنی کێشەی کورد مەرج نییە بە پڕۆژەیەکی یەکسان و هاوشێوە بۆ هەموو بەشەکان بێت؛ بەڵکو دەتوانرێت هەر بەشێک بە پێی بارودۆخی سیاسی، یاسایی، دەستووری و کۆمەڵایەتیی خۆی ڕێگایەکی جیاواز بگرێتەبەر.

کورد لە تورکیا؛ لە سیاسەتی ئینکارەوە بۆ داواکارییە سیاسییەکان
لە تورکیادا، کە یەکێکە لە زۆرترین ڕێژەی کوردی لەخۆ دەگرێت، کۆماری کەمالیستی لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە ساڵی ١٩٢٣ سیاسەتی نکۆڵیکردن لە بوونی کورد وەک گەلێکی جیاواز پەیڕەو کرد. بەقەدەغەکردنی زمانی کوردی لە خوێندن، هەروەها لە ڕاگەیاندن و دامەزراوە فەرمییەکان سنووردار کرا و هەوڵەکان بۆ مافی ناسنامەی کوردی بە شێوەیەکی توند سەرکوت کران، تەنانەت ئاستەنگی دەستووری بۆ مافی ناسنامە و هاوڵاتیبوون دروست کرا.

لە بەرانبەر ئەو سیاسەتەی ئینکارکردن و زەوتکردنی مافی کورد لە باکووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیا، لە ناوچە کوردنشینەکاندا چەندین ڕاپەڕینی چەکدار ڕوویدا؛ لەوانە ڕاپەڕینی شێخ سەعید لە ساڵی ١٩٢٥، ڕاپەڕینی ئاگری لە ساڵی ١٩٣٠ و ڕاپەڕینی دەرسیم لە ساڵانی ١٩٣٧–١٩٣٨. ئەم ڕاپەڕینانە هەموویان بە هێزی سەربازی سەرکوت کران و بوونە هۆی قوربانی و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی ناوچەکە.

لە ساڵی ١٩٨٤ەوەش شەڕی چەکداری لەنێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) و دەوڵەتی تورکیا دەستی پێکرد و بۆ چەندین دەیە بەردەوام بوو. ئەم ململا‌نێیە بووە هۆی مردنی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک.

لە ساڵی ٢٠١٣دا هەوڵێکی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە دەستی پێکرد، کە بە «پرۆسەی ئاشتی» ناسرا، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥دا ئەو پرۆسەیە تووشی شکستی سیاسی بوو و کۆتایی پێهات. لە ساڵانی دواتردا هەندێک بانگەشە و هەوڵی نوێ بۆ گەڕانەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی سیاسیی کێشەی کورد لە تورکیا دەستی پێکردووە.

وا بوو دوو ساڵ دەچێت ئەو پرسە لە چوارچێوەی پڕۆسەیەکی دیکەی دانووستان دەستی پێکردۆتەوە، گەیشتۆتە هەنگاوی چەکدانانی پەکەکە و هەڵوەشاندنەوەی پارتەکە لە بەرانبەر پێدانی مافی سیاسی لەلایەن دەوڵەتی تورکیا.

ئەوەی پابەند بوو لەسەر لایەنی کوردی هەمووی جێبەجێکراوە؛ ماوە بزانرێت دەوڵەتی تورکیا چەندە جددییە، بە تایبەت دوای دەرکردنی یاسای چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا.

کورد لە سووریا؛ لە نکۆڵیکردنەوە بۆ خۆبەڕێوەبردن
لە سووریا، کوردەکان لە دوای سەربەخۆبوونی وڵاتەکەوە تووشی سیاسەتەکانی پەراوێزخستن، نکۆڵیکردن لە ناسنامەی نەتەوەیی و سنووردارکردنی مافە کلتووری و زمانەوانییەکان بوونەتەوە.

لە ساڵی ١٩٦٢دا حکومەتی سووریا لە پارێزگای حەسەکە سەرژمێرییەکی تایبەتی ئەنجام دا، کە بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە کوردەکان لە ناسنامەی هاوڵاتیبوون بێبەش کران و بە «بێگانە» یان «بێ‌تۆمار» ناسێنران. ئەم سیاسەتە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووریی کوردەکانی سووریا دانا.

لە هەمان چوارچێوەدا، لە دەیەی شەستەکاندا پرۆژەی «کەمەربەندی عەرەبی» جێبەجێ کرا، کە ئامانجی گۆڕینی پێکهاتەی دیمۆگرافیی ڕۆژئاوای کوردستان بوو؛ بە تایبەتی لە ڕێگەی نیشتەجێکردنی هەندێک خێزانی عەرەب لە ناوچە کوردنشینەکان و گواستنەوە یان دەستبەسەرداگرتنی هەندێک زەوی.
هەروەها بەکارهێنانی زمانی کوردی لە بوارە فەرمییەکاندا سنووردار بوو و کوردەکان لە هەندێک چالاکییە کلتووری و کۆمەڵایەتییەکاندا ڕووبەڕووی بەربەست بوون.

شۆڕشی ڕۆژئاوا و دامەزراندنی خۆسەری
لە دوای دەستپێکردنی قەیرانی سووریا لە ساڵی ٢٠١١ و سەرهەڵدانی شۆڕشی ڕۆژئاوا، باڵادەستی هێزەکانی کورد لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بۆ کورد لەو پارچەیەی کوردستان دەرفەتێکی نوێی سیاسی و دامەزراوەیی دروست بوو. لەو چوارچێوەیەدا ئیدارەی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی و هێزەکانی سوریای دیموکرات (SDF) دامەزراون و سیستەمێکی خۆبەڕێوەبردنی ناوخۆیییان پەرەپێدا.

بەڵام ئەم ئەزموونەش ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵۆزیی سیاسی و ئەمنییە؛ لەوانە فشار و شەڕی تیرۆرستانی داعش و هێرشەکانی تورکیا و گرووپە وابەستەکانی بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان، پەیوەندییەکانی لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکان و، لە دوای کەوتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدیش، پرسیاری چۆنیەتیی یەکخستنی دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبردن لەگەڵ دەوڵەتی سووریا.

ئەم خاڵە بە تایبەتی گرنگە، چونکە کێشەکە تەنها پرسیاری داخستنی دامەزراوەیەکی سیاسی یان چەکدار نییە؛ بەڵکو پەیوەندی بە هاوبەشکردنی دەسەڵات، مافە کلتووری و زمانەوانییەکان، پاراستنی ناسنامە، بەشداریی سیاسی و دابەشکردنی سەرچاوە ئابوورییەکان هەیە.

کورد لە ڕۆژئاوا داوای چی دەکات؟
لەبەر ئەوە، ئەزموونی کورد لە چوار دەوڵەتدا دەتوانێت ببێتە وانەیەکی گرنگ بۆ پرۆسەی یەکخستن لە سووریا. یەکخستنی ڕاستەقینە نابێت تەنها بە مانای گەڕاندنەوەی دەسەڵات بۆ ناوەند بێت؛ بەڵکو پێویستە لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوونی یەکسان، مافە دەستوورییەکان، بەشداریی سیاسی، دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوەکان و ڕێکخستنی پەیوەندیی ناوەند و ناوچەکان دامەزرێت.

ئەم بنەمایە بە تایبەتی بۆ دۆخی سووریا گرنگە، چونکە سەرکەوتنی پرۆسەی یەکخستن پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەوە هەیە کە ئایا دەوڵەت دەتوانێت پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگا وەک هاوبەشی سیاسی قەبووڵ بکات، نەک وەک کێشەیەکی ئەمنی.

ئەو دۆخەی ئەمڕۆ لەنێوان حکومەتی کاتیی سووریا لە دیمەشق و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری و هەسەدە هەیە، تەنها پرۆسەیەکی کارگێڕی یان سەربازی نییە؛ بەڵکو پرۆسەیەکی بنەڕەتییە بۆ دووبارە پێکهێنانەوەی پەیوەندیی نێوان ناوەند و ڕۆژئاوای کوردستان، لە دەوڵەتێکدا کە بۆ دەیان ساڵ بە سیستەمی ناوەندی بەڕێوە دەچێت، ئەمەش بووەتە هۆی پشتگوێخستنی ناوچە و پێکهاتە کۆمەڵایەتی و نەتەوەییە جۆراوجۆرەکان.

دەبێت بزانرێت دۆخی سووریا تەنها پەیوەندییەکی دوولایەنە لەنێوان حکومەت و بەڕێوەبردنی خۆسەری نییە، بەڵکو چەندین لایەنی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی لە ناویدا کاریگەرن. لە هێزە ئەمریکییەکانی ناو سووریاوە بگرە تا تورکیا، کە بە شێوەیەکی سەربازی لە بەشێکی فراوانی باکووری سووریا کاریگەری هەیە، هەروەها ئیسرائیل کە لە باشووری سووریا کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی هەیە، لەگەڵ ڕووسیا و ئێران کە لە قۆناغەکانی پێشووی ململا‌نێدا ڕۆڵی گرنگیان هەبووە.

ئەم فرەییە وای کردووە پرۆسەی یەکخستنی ناوخۆی سووریا تەنها بە ویستی لایەنە ناوخۆییەکان پەیوەست نەبێت، بەڵکو بە ئاستێکی زۆر بە ڕێککەوتن و هاوسەنگییە دەرەکییەکانیش پەیوەست بێت.

بۆیە، حکومەتی کاتیی سووریا کەوتۆتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورس، بۆ دروستکردنی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی نوێ کە بتوانێت هەموو پێکهاتەکان لە چوارچێوەی دەوڵەتی نیشتیمانیدا کۆبکاتەوە، بەبێ دوورخستنەوە، پەراوێزخستن یان پشتگوێخستنی هیچ پێکهاتەیەک.

کۆتایی
ئەوەی لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان ڕوودەدات، کۆتاییپێهێنانی قۆناغی چەکداری و چوونە ناو قۆناغی سیاسیی تازەیە، کە لەگەڵ خۆیدا کۆتایی دەهێنێت بە سیاسەتی ئینکارکردنی پرسی کورد لەلایەن دوو دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان، چوونە ناو پڕۆسەی دانووستان بۆ بەدەستهێنانی مافی زیاتر، دانووستان لەگەڵ دوژمن کە لە نێوان ئەوان و نەتەوەی کورددا خوێنی زۆر ڕژاوە. بۆیە هەریەکە هەوڵ دەدات مەرجی خۆی بەسەر ئەوەی دیکە بسەپێنێت؛ ئەوەیان پڕەنسیپی دانووستانە. بۆیە پێویست ناکات لە هەنگاوەکانی چەکدانان بە گومان بین؛ چەک کاری خۆی کرد، کورد لەو دوو پارچەیە دەچێتە ناو قۆناغێکی دیکە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی