كوردو دەوڵەت

4 کاتژمێر پێش ئێستا

هەندرێن شێخ ڕاغب


( سەبارەت بە هەڵوەشانەوەی هەسەدەو ئیدارەی كوردی لە سوریا)


هیچ بابەت و گرێ و سەختیەك هێندەی دەوڵەت لە ناخی كورد نەئاڵاوە، لەهەموو هەنگاوو خەباتێك كە دێتە پێشەوە یەكسەر پرسی سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردی دەبێتە ناونیشان. لێرەدا هەندێك لایەنی ئەم بابەتە پێویستی بە رونكردنەوە هەیە:
زۆرێك لە میللەتان بوونەتە بارمتەی دەوڵەتەكەیان و سنورو جوگرافیا سیاسیەكەیان، ئەگەر هاتبوایە دەوڵەت نەبان لەوانەیە باشترو چاكترو پێشكەوتووتر بان، بۆ نمونە ئەگەر گەلی سودان و سۆماڵ و ئەفغانستان دەوڵەتیان نەبوایە توشی ئەم هەموو برسیەتی و نەهامەتی و شەڕو داگیركارییە دەبوون؟ ئەم نەتەوانە لەگەڵ دەوڵەتێكی باشترو سەقامگیر ژیابان زۆر باشتر بوو، بۆ نمونە ئەمریكاو كەنەداو روسیاو هەر یەكێك لەوجۆرە دەوڵەتانە سەرپەرشتیان بكردبان لەوانەیە ژیانیان جۆرێكی تربایە؟؟. ئەمە راستی نیەو گریمانەیە، لەوانەیە من لەم گریمانەیە هەڵە بم.
واتە دەوڵەت ئەو نیعمەت و ئارامیە نیە بۆ بەشێكی زۆر لە نەتەوەكان بەڵكو چوارچێوەیەكی دۆزەخیە. بەڵام بۆ كورد دۆخەكە زۆر جیاوازە، هەتا ئیمپراتۆریەت لەم ناوچانە هەبوو، دەوڵەت نەبوو، كورد پارێزراو بوو، كەس نەدەهات بڵێت نابێت كورد بیت. دوای ئەوەی لە جەنگی یەكەمی جیهان دەوڵەت دەبێتە شوێنگرەوەی ئیمپراتۆریەتیەكانی ناوچەكە، ئیدی كورد دەبێتە قوربانی و دیل و چەوساوەی دەستی دەوڵەت. مانەوەو زمان و كولتورو خاكی داگیردەكرێت، دەوڵەت دەبێتە كورەی توانەوەی كورد. 
كاتێك تورك و عەرەب و فارس دەبنە دەوڵەت، نایەن بنەماكانی دەوڵەتی هاوچەرخ و دیموكراسی و مەدەنی و هاوڵاتی بوون دروست بكەن، بەڵكو دەوڵەت دەكەنە كوتكێكی گەورەو سەری كوردی پێ پان دەكەنەوە، دەیكەنە كورەیەك بۆ ئەوەی خاك و نەتەوەو زمان و هەبوونی كورد بكەنە خۆڵەمێش. سەدساڵە ئەم دەوڵەتانە بوونەتە ئالەتی دژە مرۆڤ و دژە ئازادی و دژە ژیان و دژە ژینگە. ئەم دەوڵەتانە دەیانجار توشی كودەتاو شۆڕش و شەڕی ناوخۆو كارەساتی گەورە بوونە، نەك هیچ فێر نەبوون، بەڵكو كەللەپوتترو مێشك وشكترو ناحاڵی تر بوونە. بەڵگەش سەیری سیستەم و بڕیارو بیركردنەوەیان بكەن. 
كورد كە بووە قوربانی دروستكردنی چواردەوڵەت لەناوچەكە، دەوڵەت بووە دۆزەخ بۆی و هەزاران و ملیۆن رۆڵەی بووە قوربانی شەڕانگێزی و نەژادی و مەزهەبی و مێشك وشكی ئەم دەوڵەتانە. ئاخر دوای سەد ساڵ كارەسات بۆ دەوڵەت لەوە گەورەتر هەیە ئەحمد شەرع و ئەردۆغان ببنە سەرۆك كۆمار؟؟. بۆیە ئێمەی كورد جیاواز لەهەموو نەتەوەو میللەتی دنیا زۆر زۆر پێویستمان بەدەوڵەت هەیە. پێویستمان بە دەوڵەتێك هەیە بۆ دوو مەبەست: یەكەم لەدەست دەوڵەت رزگار بین. دووەم لە دەست خۆمان رزگار بین. چونكە ئەگەر دەوڵەت بین زوڵم و ستەمكاری و چەوسانەوەو دواكەوتوویی عەرەب و تورك و فارسمان لەسەر لادەچێت. ئینجا ئەگەر دەوڵەت بین بەهانەی داگیركەران و مەترسی و وەهمی دوژمنانمان نامێنێت و ئاسان دەتوانین زوڵم و ستەم و چەوسانەوەی خۆمان رووبەڕووی ببینەوە. ئەوە چل ساڵە ئێمە خاوەنی كیانی هەرێمی كوردستانین بوینەتە بارمتەی سیستەم و دەسەڵاتداریەتیەكی زۆر حزبی و بچوك بیركردنەوەو نادەوڵەتی و نادیموكراسی. ئەگەر بێت و دەوڵەت بوینایە ژیانی سیاسیمان و حكومەتمان زۆر جیاوازبوو. واتە هەنگاوی هەرە بنەڕەتی یەكەم ئەوەیە دەوڵەتمان هەبێت، هەنگاوی دووەم ئەوەیە دەوڵەتێكی سودانی و سۆماڵی و یەمەنیمان نەبێت، بەڵكو دەوڵەتێكی سویدی و هۆڵەندی و ئەڵمانیمان هەبێت، ئەمە مەبەست ئەوە نیە سویدو هۆڵەنداو ئەڵمانیا بەهەشتن، بەڵكو مەبەست سیستەمی ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات و سیستەمێكی لانی كەمی دیموكراسی و خاوەن بنەمایەكی ئازادو گوزارشت كردن لە خۆت هەیە. 
ئێمە دەزانین دۆخی سەربازی و سیاسی و پاڵپشتی ناوخۆیی و دەرەكی كۆمەك بە مانەوەی رۆژئاوای كوردستان ناكات بە سەربەخۆیی و ئیدی ناچارین هەنگاوی لەم جۆرە بنێین، وەك چۆن لە رۆژهەڵات و باكورو باشوری كوردستان ناتوانین سەربەخۆو ئازاد بژین. راستیەك هەیە هەرگیز نابێت لەیادی بكەین و یەك چركە لە بیرمان بچێتەوە ئەویش ئەوەیە: توركیاو سوریاو ئێران و عێراق هەرگیز وەك كوردو كوردستانی تۆیان قبوڵ نیە، دەبێت ئێرانی و توركی و سوری و عێراقی بیت و زمانی ئەوان ستانداردو شوناسی سەرەكی  بێت، تۆ نیشتمان و زمان و نەتەوەت نیەو قبوڵی ناكەن، بەشێكی لە گەلی دەوڵەتی ئەوان. ئەم دەوڵەتانە هەرگیز نابنە دیموكراسی و مافی مرۆڤ و مەدەنی و ئازاد. بۆیە ئەگەر كورد بیەوێت خاك و زمان و نەتەوەو خۆی بپارێزێت تاكە مەرج و داواكاری و دروشمی دەبێت دەوڵەتی كوردی بێت. ئەگەر دەوڵەتمان نەبێت نامێنین. بۆچونم وایە زیاد لە پێویست توركیاو سوریاو ئێران و عێراقمان لەسەر دڵ و مێشك و ژیانی خۆمان گەورە كردووە، ئەوان ئەوەندە دەوڵەتی پتەوو بەهێز نین. بەڵام جۆری خەبات و بیركردنەوەو فەلسەفەی خەباتی ئێمە دەوڵەتی نەكردۆتە بنەمای یەكەم و كۆتایی. 
كورد دەبێت چاو لە ئەزمونی گەلی جوو بكات، ئەگەر ئیسرائیل دەوڵەت نەبوایە، ئێستا بنیامین نەتەنیاهۆ لەبەردەم جلجاشە لەبەرێكی عەرەب دەبوو بە شاگەشكەییەوە بیگوتبا: ئێمەی جوو سوپاسی فەخامەتی سەرۆك فڵان دەكەین كە لەمەودوا ئەتوانین لەناوچە جوو نشینەكان بە زمانی خۆمان بخوێنین، لە بۆنە ئاینییەكانیش رێگامان لێ ناگرن نوێژێك لە قودس بكەین. تەبعەن پڕۆگرامی خوێندنەكەش بەزمانی خۆیان نابێت دژی جلجاشە لەبەرەكان بێت؟. بەڵام ئەوە دەوڵەتە گەلی جوو دەكاتە سەروەری خۆی و ئەوانی دیكەو تەنانەت رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەخاتە ژێر كاریگەری خۆیەوە. بۆچونم وایە ئەزمونی تورك و عەرەب و فارس بۆ ئێمە نابێت و هەموو شتێكمان لەگەڵیان تاقی كردەوە، بەڵام ئەزمونی خۆ سەروەری و خۆ گەورەیی و خۆ رابەری گەلی جوو دەبێت ببێتە كەسایەتی منداڵەكانمان لەداهاتوو، چونكە نەوەی رابردوو ئێستای كورد پێی لەناو دەیان زەلكاوی مەزهەبی و فكری و چەمك و ئایدیا چەقیوەو كەڵكی كوردستانی بوونی زۆری پێوە نەماوە. بەڵام زۆر جێگای رێزن چونكە نەوەی رابردوو ئێستا، قوربانی زۆر زۆر گەورەیان داوە، لە تێكۆشان و خەبات و خوێن بەخشین بە كوردستان درێغیان نەكردوە، بەڵام لە ئاراستەی رۆیشتنی كاروانەكە خراپ دەڕۆن. 
ئێوە تەماشا بكەن، عێراق خۆی بە دەوڵەتێكی عەرەبی دەزانێت و زمانی عەرەبی سەروەرە، سوریا لە دەستور نوسیویەتی كۆماری عەرەبی سوری، توركیا لە دەستور نوسیویەتی ئەم دەوڵەتە هی گەلی توركەو تەواو. ئێران زمانی فارسی و رابردوویان سەروەرە. كەسیان كوردیان وەك بەشێك لە نیشتمان و خاوەن قبوڵ نیە. من نازانم ئێمە لەم سەردەمە جیهانی و كرانەوە گەورەیەدا بۆچی  ئەوەندە خۆمان تۆقاندووە؟ كاتی خۆی تەنها ناوزەنگ و یەك دوو ئەشكەوتی قەندیلمان لەبەردەست بوو، دۆست و كەسمان نەبوو، رادیۆیەكیش باسی نەدەكردین، بە دەیان جۆر چەكی كۆكوژو قەدەغەكراو لەناو دەبراین، گوندمان تەختی زەوی دەكرا، كەچی دەمانگوت یان كوردستان یان نەمان و كاتێك لەگەڵ وەفدی عێراق و ئێران و توركیاو سوریا دادەنیشتین داوای دەوڵەت و مافی چارەی خۆنوسینمان دەكرد، كەچی ئێستا خاوەنی 130 سەدو سی هەزار چەكدارو ئاسایش و پۆلیس و شەڕكەری راهێنراویت، كەچی وشەی كوردستان و كیانی كوردی بەكارناهێنیت و ئامادەی خۆت لەناوبەریت؟؟. ئێستا خاوەنی هەزاران هەزار پێشمەرگەین بەڵام بە دنیایەك حەزەرەوە ناوی ئێران ئەهێنین كاتێك موشەك و درۆنمان تێدەگرێت و سەروەریمان پێشێل دەكات؟؟ دەبێت بابەتی سەروەری و دەوڵەت ببێتە كەسایەتی هەموو كوردێك.. بەبێ دەوڵەت لە مێژوودا نامێنیتەوەو دەكەویتە پەراوێزی هەموانەوە. 
لە ئێستادا لەم جیهانە گەورەیەدا نەمدیوە لە رۆژئاوای كوردستان بێكەس تر، بێ پشتوپەناتر، راستە نەتەوەی كورد لە پشت براكانی خۆیەتی، بەڵام ئەوە دەرەقەتی ئەم هەموو گەلە گورگە نایەت كە دەوریان داوە، تاكە تكام ئەوەیە بەمەی هەیە رازی مەبن و بیرتان بێت تەنها سەربەخۆیی و كیانی كوردستان دەرمانی برینەكانی ئێمەیە ئیدی دەرفەتەكانی داهاتوو بۆ ئەمە بەكاربهێنن، برایەتی گەلان و ئاشتی و دیموكراسی و مەدەنیەت لەگەڵ ئەم چوار دەوڵەت تراویلكەیە.
هەر هێزێكی كوردی ئەگەر دەوڵەت و كیانی كوردستان ستراتیژو بنەمای سیاسەت و خەباتی نەبێت، مەحكومە بە پوكانەوەو تەسلیم بوون. یان مەحكومە بە توانەوە لەناو یە‌كێك لە پڕۆژەكانی داگیركەرانی كوردستان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی