تێڕوانینی مارکس بۆ تەکنۆلۆژیا و ژیری دەستکرد

54 خولەک پێش ئێستا

ئەردەڵان عەبدوڵڵا


لە ئێستادا تەواوی جیهان بە مەسەلەی کاریگەرییەکانی ژیری دەستکرد بەسەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییەوە سەرقاڵە، لەمەشدا کۆمەڵێک تێڕوانین و دیدگای جیاواز پەیدابووە و هەریەکە و بەپێی بەرژەوەندیی و تێگەیشتنی خۆی بۆ ئەم کێشەیە دەڕوانێت. لەلایەکی ترەوە ئەم مەسەلەیە بۆتە بابەتی سەرەکی  بۆ زۆربەی فەیلەسوف و ڕووناکبیرانی جیهان، بەشی زۆریان وەکو ترسێک بۆ سەر مرۆڤایەتی دەیبینن.
پەیوەندی من لەگەڵ مارکس زۆر جیاوازە، جاری وایە هەیە وازی لێدەهێنم و ساردی تێدەکەوێت، بەڵام دواجار هەر دەگەڕێمەوە بۆ لای، کاتێک دەمویست لە بارەی ئەم کێشەیەوە بنووسم، دووبارە گەڕامەوە بۆ کتێبە تۆزلێنیشتووەکانی مارکس لە کتێبخانەکەمدا، بەتایبەتی کتێبە مەزنەکەی ( کەپیتاڵ، سەرمایە، ڕەخنە لە ئابووری سیاسیی). بە بڕوای من هیچ فەیلەسوفێک، هێندەی مارکس نەیتوانییوە شڕۆڤەی دروست بۆ تەکنۆلۆژیا و کاریگەرییەکانی بەسەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییەوە دەربخات.
زۆر سەرسام بووم، کاتێک هەستمکرد، دەڵێیت مارکس لە ئێستادا دەژی، ئاوا باسی کاریگەرییەکانی تەکنۆلۆژیا و ژیری دەستکرد لەسەر کۆمەڵگە دەکات.  هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە لایەکەوە مارکس کەسێکی بلیمەت و بەتوانا بووە، توانیویەتی داهاتووی سیستەمی سەرمایەداری بخوێنێتەوە، لەلایەکی تریشەوە کێشەی تەکنۆلۆژیا و کاریگەری خراپی لەسەر کۆمەڵگە، کێشەیەکی کۆنە و لەگەڵ سەرەتاکانی لەدایکبوونی سیستەمی سەرمایەداری و شۆڕشی پیشەشازی لە بەریتانیا دروستبووە.

سێ شۆڕشە مەزنەکەی مرۆڤایەتی
مێژوونووسان لەسەر ئەوە کۆکن مرۆڤایەتی سێ شۆڕشی گەورەی کردووە، یەکەمیان: وازهێنان لە ژیانی ڕاوکردن و پاشان نیشتەجێبوون لە کەناری ڕووباڕەکان و کشتوکاڵکردن و بەخێوکردنی ئاژەڵی خۆماڵی، ئەمە یەکەم شۆڕشی مرۆڤایەتی بووە، دووەمیان:  شۆڕشی پیشەشازییە کە لە بەریتانیا سەریهەڵدا، ئەم شۆڕشە  توانی مرۆڤایەتی بە تەواوەتی بەسەر سروشتدا زاڵبکات، لەڕووی کۆمەڵایەتییشەوە کۆتایی بە سیستەمی دەرەبەگایەتی بهێنێت و لەهەناویشدا سیستەمی سەرمایەداری لەدایک بێت. دوایین  شۆڕشی مەزنی مرۆڤایەتیش، شۆڕشی تەکنۆلۆژیای نوێیە، کە لە ئێستادا ئەمریکا ڕابەرایەتی دەکات. 

بزووتنەوەی لادیزم Luddite

لە سەرەتاکانی شۆڕشی پیشەشازی لە بەریتانیادا، تەکنۆلۆژیا بووە هۆی بێکاربوون و نانبڕینی هەزاران کرێکاری ڕستن و چنین بەتایبەتی لە هەرێمی یۆرکیشایەر، کە مەڵبەندێکی گەورەی پیشەشازی ڕستن و چنینی بەریتانیا بوو. لەپاش بەکار‌هێنانی تەکنۆلۆژیا لە بواری  ئەم پیشەشازییەدا، هەزاران کرێکار بێکار بوون و نانبڕاو بوون، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی هەژارییەکی زۆر لە ناوچەکەدا، هەر ئەمەش وایکرد کە بزووتنەوەیەکی جەماوەری گەورە بەناونیشانی ( Luddite، یان لادیزم) لەدایکبێت. ئەم جووڵانەوەیە یەکەم شۆڕشی جەماوەری بوو دژی تەکنۆلۆژیا و ئامێرەکان، دوژمنی سەرەکیان ئامێرەکان بوون.  لە ساڵی1811ەوە تاوەکو 1816 بەردەوام بوو، کرێکارەکان پەلاماری کارگەکانیان دەدا و هەرچی ئامێر هەیە لەناویاندەبرد و دەیانشکاند، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە حکومەتی بەریتانیا ڕێوشوێنی توند بگرێتەبەر، سەرەتا سزای لەسێدارەدانی بۆ ئەندامانی ئەم جووڵانەوەیە دانا، بەڵام دواتر سزاکانی کەمکردەوە و لە ڕێگەی سیخورەکانییەوە، توانی ئەندامە سەرەکییەکانی ئەم  جووڵانەوەیە بگرێت، ئەمەش لە ڕێگەی بەخشینی پارەیەکی زۆر بەو کەسانەی کە هاوکاریان دەکەن، لە پێدانی زانیاری لەبارەی سەرکردەکانی ئەم بزووتنەوەیەوە. بەهەرحاڵ ئەم جووڵانەوەیە دواتر لە وڵاتانی تری ئەوروپاش پەیدابوو، بەڵام نەیانتوانی ڕێگە لە هاتنی ئامێرەکان و بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا  و پێشکەوتنی بگرن، هەربۆیە کێشەی ئامێر و تەکنۆلۆژیا، کێشەیەکی نوێ نییە، بەڵکو مێژووی بۆ سەرەتاکانی شۆڕشی پیشەشازی دەگەڕێتەوە.

مانگرتنی کارمەندانی هۆلیود
لە ماوەی پێشوودا لە شاری فرانسیسکۆ، کە بە پایتەختی هونەری ئەمریکا دادەنەرێت و مەڵبەندی سەرەکی هۆلیودە، خۆپیشاندانێکی گەورەی کارمەندانی کەرتی سینەما بەڕێوەچوو، لەو خۆپیشاندانەدا، بەشێکی زۆری کارمەندانی ئەم کەرتە دژی بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا و ژیری دەستکرد خۆپیشاندانیان کرد، چونکە ئێستا لە ڕێگەی ژیری دەستکردەوە، بەشێکی زۆری خەڵکی کارەکانیان لەدەستداوە، بۆ نموونە لە ڕێگەی بەکارهێنانی ژیری دەستکردەوە، سیناریست و کامێرامان و دەرهێنەران و هاوکارانیان، کارەکانیان لەدەستداوە،  بۆ نموونە لە ڕێگەی بەکارهێنانی ژیری دەستکردەوە، سیناریۆ دەنووسرێت، یان کامێراکان کار دەکەن و دیمەنەکان تۆماردەکەن، مۆنتاژکردنی فیلمەکان، بەشێکی زۆری بە ژیری  دەستکرد دەکرێت، هەروەها  ئۆتۆمبیلەکان بەکاردەهێنن  و پێویستیان بە شۆڤێری نییە، لە زۆر شوێنی تریشدا، ژیری دەستکرد وایکردووە کە بەشێکی زۆری کارمەندانی ئەم کەرتە گرنگەی ئابووری ئەمریکا، کارەکانیان لەدەستبددەن. خۆپیشاندەران زۆر تووڕە بوون، بەڵام هێندەی باپیرانیان تووڕە نەبوون تا بچن ئامێرەکان بشکێنن، بەڵام ئەگەر وەزعەکە وا بەردەوام بێت، ئەوا ئەوانیش وەکو باپیرانیان، هەموو ئامێرەکان دەشکێنن. لێ ئەوەی مایەی سەرنجە مارکس دژی ئەم جۆرە جووڵانەوە و بزووتنەوە کرێکاریانە بووە.

مارکس و تەکنۆلۆژیا و ژیری دەستکرد

پێش 150 ساڵ مارکس لە کتێبە مەزنەکەیدا( کەپیتال، ڕەخنە لە ئابووری سیاسی،) دا، بەشێکی گرنگ بەناونیشانی (ئامێرەکان و پیشەشازی) دادەنێت، ئەم بەشە نزیکەی 150 لاپەڕە دەبێت.  کە دەتوانم بڵێم کتێبێکە لەناو کتێبێکدا، لێرەدا مارکس زۆر بە درێژی باسی تەکنۆلۆژیا و کاریگەرییەکانی بەسەر مرۆڤ و سیستەمی سەرمایەدارییەوە دەکات. مارکس پێی وایە، لە داهاتوودا ( مەعریفە) دەتوانێت ببێتە ( هێزێکی بەرهەمهێنی ڕاستەوخۆ) و کۆتایی بە  (کار)ی تەقلیدی کرێکاران بهێنێت. مارکس پێی وایە، لە داهاتوودا کرێکاران لەجیاتی ئەوەی ژیانیان بۆ کارکردن تەرخانبکەن، دەکرێت ببنە (پاسەوان یان ڕێکخەری) پڕۆسەی بەرهەمهێنان. کاری کرێکار زیاتر چاودێرییکردن و چاککردنەوەی ئامێرەکان دەبێت، بەمشێوەیەش دەکرێت ( کات) ی خۆی، بۆ ژیانی شەخسی و گەشەپێدانی مەعریفی بەکاربهێنێت.
  مارکس پێی وایە، تەکنۆلۆژیا مانای زاڵبوون و دەستبەرداگرتنی مرۆڤ دەگەیەنێت بەسەر سروشتدا. هەمیشە مارکس جەخت لەسەر دوو چەمکی گرنگ دەکاتەوە، ئەوانیش:(پەیوەندی بەرهەمهێنان و هێزی بەرهەمهێنان)، مرۆڤ بەبێ ویستی خۆی، تێکەڵی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان دەبێت، ئەویش زیاتر لەمەدا پرۆسەی ( دابەشکردنی کار، پەیوەندی کرێکار و خاوەنکار) لە خۆ دەگرێت، گەرچی ( هێزی بەرهەمهێنان) هەموو ئەو هێزانە دەگرێتەوە کە بەشدارن لە پرۆسەی بەرهەمهێنان کە بریتین لە ( کرێکار، ماددەی خاو، ئامێرەکان).

بەکارهێنانی ئامێرەکان
مارکس پێی وایە بەکارهێنانی ئامێرەکان لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا، دەبنە هۆی دروستبوونی پەیوەندییەکی نوێی کۆمەڵایەتی و ئەو حاڵەتەی کە ناوی لێدەنێت( نامۆبوونی کرێکار)،چونکە ئامێرەکان کرێکارەکان لە ژیانی واقعی دووردەخەنەوە. لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە، کە ئامێرەکان دەبنە هۆی ئەوەی کرێکارێکی زۆر بێکار بکرێت و بخرێنە ناو (سوپای یەدەگی سەرمایەداریی)، مارکس بێکارەکانی بە سوپای یەدەگی سەرمایەداری وەسف دەکرد. ئەو پێی وایە تەکنۆلۆژیا و ئامێرەکان و سسیتەمی سەرمایەداری، پەیوەندییەکی ڕیشەیی و هەمیشەییان بە یەکەوە هەیە، چونکە هەمیشە سەرمایەداری بەدوای قازانج و کەمکردنەوەی کرێکارەوەیە. مارکس دەڵێت: تەکنۆلۆژیا وەکو ئەو مانگایە وایە کە جووتەکە ڕادەکێشت و زەویەکە دەکێڵێت، ئامێرەکان لە سیستەمی سەرمایەداریدا ڕۆڵی مانگاکە دەگێڕێت بۆ پرۆسەی بەرهەمهێنان و جێگەی کرێکاران دەگرنەوە.   
بەڵام لەهەمانکاتیشدا مارکس دژی شکاندنی ئامێرەکان یان دژایەتیکردنی تەکنۆلۆژیایە، چونکە ئەو پێی وایە خراپی لە تەکنۆلۆژیا و ئامێرەکان نییە، بەڵکو کێشەکە سیستەمی سەرمایەدارییە کە ئامێرەکان بۆ چەوساندنەوەی کرێکاران بەکاردەهێنێت و دەیەوێت لەرێگەی بەکار‌هێنانی ئامێرەکانەوە، زۆرترین قازانجی دەستبکەوێت و کرێکاران بێکار و برسی بکات.
هەروەها پێی وایە، خراپ بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا و ئامێرەکان وادەکات کە خەڵکانێکی زۆر بێکار بن، ئەمەش وادەکات هەژاری و برسێتی بڵاوبێتەوە، بەمشێوەیەش سەرمایەداری قەبر بۆخۆی هەڵدەکەنێت، چونکە دەکرێت ئەم هەژاری و بێکارییە، ببێتە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشێکی مەزنی کرێکار و کۆتایی بە سیستەمی سەرمایەدرای بهێنێت.
لەلایەکی ترەوە مارکس پێی وایە دەکرێت سوود لە تەکنۆلۆژکیا و ئامێرەکان وەربگیرێت ئەمەش بۆئەوەی کاتی زیاتر بۆ کرێکارەکان بگەڕێتەوە، هێندە خۆیان بە  پرۆسەی بەرهەمهێنانەوە خەریک نەکەن، بەڵکو تەنیا وەکو پاسەوانی ئامێرەکان بن، ئەو کاتە زۆرەی بۆیان دەمێنێتەوە، دەتوانن هۆشیاری مەعریفی خۆیان بەهێزتر بکەن و ئاسوودە تر بژین.
بەگشتی تێگەیشتنی مارکس پۆزەتیف بووە، چونکە لە لایەکەوە پێی وابووە، کە بەکار‌هێنانی تەکنۆلۆژیا دەبێتە هۆی دروستبوونی واقعێکی نوێ کۆمەڵایەتی، کرێکاران کارەکانیان لەدەستدەدەن و هەژاری و بێکاری زیاتر دەبێت، ئەمەش دەبێتە داینەمۆیەکی مەزن بۆ سەرهەڵدانی شۆڕشی کرێکاری. لەهەمانکاتیشدا پێی وایە، تەکنۆلۆژیا دەتوانێت سوود بە مرۆڤایەتی بگەیەنێت، چونکە کرێکاران کاتی زیاتریان دەبێت بۆ خۆیان، هەروەها  هێندە کاری تاقەتپروکێن ناکەن، بگرە ئامێرەکان کارەکانی ئەوان دەکەن.

دەرئەنجام
لەوانەبێت لەم وتارەدا من نەتوانم بە تەواوەتی باسی هەموو تێگەیشتنەکانی مارکس لەمبارەیەوە بکەم، بەڵام ئەوەی سەرەوە پوختەی تێگەیشتنەکانی مارکسە، لێرەدا ئێمە ڕووبەڕوی  چەند تێڕوانینێک دەبینەوە، لەلایەکەوە ڕاستە مارکس پێشبینی  گەورەبوونی ئەم کێشەیەی کردووە و زۆر بە جوانیش شرۆڤەی بۆ ئەم دیاردەیە کردووە، لەهەمانکاتیشدا کاریگەرییە خراپەکانی دەرخستووە بەتایبەتی بەسەر چینی کرێکارەوە، بەڵام لەلایەکی ترەوە مەرج نییە بێکاربوونی ڕێژەیەکی زۆری خەڵکی، ببێتە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشێکی گەورەی کرێکاری و کۆتاییهێنان بە سسیتەمی سەرمایەداری، بەتایبەتی لە ئێستادا، چونکە سەرمایەداری ڕووبەڕوی تەنگەژە و کێشەی زۆر لەمە زیاتریش بۆتەوە و کۆتایی پێ نەهاتووە، وەکو هەندێک فەیلەسوفی لیبڕاڵی دەڵێن، یەکێک لە خاڵە باشەکانی سسیتەمی سەرمایەداری ئەوەیە، کە خۆی دەتوانێت ڕێگە چارە بۆ کێشەکانی بدۆزێتەوە، بەڵام کێشەکەی ئەمجارە زۆر قووڵترە، چونکە زەحمەتە سەرمایەداری چارەسەر بۆ ئەم کێشەیە بدۆزێتەوە، کەسیش نازانێت چارەنووسی مرۆڤایەتی بەرەو کوێندەر دەچێت.
یوڤال نوح حەراری لە (کتێبی 21 وانە بۆ سەدەی 21) دەڵێت: لەگەڵ پەیدابوونی ئۆتۆمبیلدا، هەموو عەرەبانچییەکان بێکار بوون، بەڵام دواتر توانییان  خۆیان لەگەڵ سیستەمەکدا بگونجێنن، ئەوان توانیان خۆیان فێری ئۆتۆمبیل لێخورین بکەن، بەم شێوەیەش کارەکانیان لەدەستنەدا،  بەڵام ئەمجارە ئۆتۆمبیلەکان بەبێ شۆڤێر لێدەخورێن، کەس نازانێت چارەنووسی شۆڤێرەکان چیان لێ بەسەردێت، جگە لە بێکار بوون.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی