هەربژین و ئافەرین بۆ ڕێبەرانی شۆڕشی ڕۆژئاوا؛ بە تایبەتی
مەزڵوم عەبدی و هەموو ئەو کەسانەی کە لە قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە مەترسییەکانی
سوریادا، بڕیاریان داوە خەباتی کورد لە شێوەیەکی نوێدا بەردەوام بکەن.
ڕاگەیاندنی کۆتاییهێنان بە هەسەدە و تێکەڵکردنی هێزەکانی
لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریە، تەنها گۆڕانێکی سەربازی نییە؛ بەڵکو گۆڕانێکی
ستراتیژییە لە شێوازی بەڕێوەبردنی پرسی کورد لە سوریادا. ئەم هەنگاوە، لە ڕووی سیاسییەوە،
دەتوانێت وەک گواستنەوەی خەبات لە قۆناغی «پاراستنی بوونی خۆ» بۆ قۆناغی «دڵنیابوون
لە ماف و شوێنی یاسایی» لە دەوڵەتی نوێی سوریا سەیر بکرێت.
ئەمە دەبێت دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بێت. قۆناغێک کە تێیدا
قەڵەم، گفتوگۆ، دامەزراوە، یاسا و ڕێککەوتن جێگای چەک دەگرن. ئامانجی سەرەکی لە ئێستادا
دەبێت ئەوە بێت کە مافە نەتەوەیی، زمانەوانی، کولتووری و سیاسییەکانی کورد لە دەستوور
و دامەزراوەکانی سوریەدا بە شێوەیەکی ڕوون و جێگیر مسۆگەر بکرێن.
لە ڕاستیدا، ئەمە هەمان ئەو بنەمایەیە کە خەباتی ڕۆژئاوا
بۆی دەستی پێ کرد ، دروستکردنی سوریایەکی دیموکراتیک، پلورالیستی و هاوبەش، کە تێیدا
کورد، عەرەب، سریانی، ئاشووری و هەموو پێکهاتەکانی تر بتوانن بە ماف و کرامەتی یەکسانەوە
بەشدار بن.
بڕیاری مەزڵوم عەبدی و هاوڕێیانی لە هەمان کاتدا خوێندنەوەیەکی
واقیعبینانەی هاوکێشەی ناوخۆیی، ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە. هەسەدە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا
توانایەکی سەربازی و سیاسیی گەورەی دروست کرد، بەڵام هیچ هێزێک ناتوانێت بە تەنیا
خۆی بەرامبەر هەموو گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بوەستێتەوە. بۆیە هەنگاوی
نوێ دەکرێت وەک هەوڵێک بۆ گواستنەوەی ئەو دەستکەوتانە بۆ ناو ڕێکخستنی یاسایی و سیاسیی
سوریای نوێ بخوێندرێتەوە.
بەتایبەتی لە کاتێکدا کە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەستیان بە
گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کردووە، پرسیارە سەرەکییەکە
چیتر ئەوە نییە کە (کێ ناوچەکە کۆنترۆڵ دەکات و کێ بەرپرسیارێتیەکەی چیە)، بەڵکو ئەوەیە:
«کورد لە سوریای نوێدا چ ماف و چ شوێنێکی دەستوورییان هەیە و دەبێت؟»
لەبەر ئەمە، ڕێککەوتن لەگەڵ دەمەشق نابێت بە مانای دەستبەرداربوون
لە پرسی کورد یان وازهێنان لە ئامانجەکانی خەبات نییە بەڵکو سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە
بەوە پێوانە دەکرێت کە تا چەند بتوانێت دەستکەوتە سیاسی و مەدەنییەکانی کورد بپارێزێت
و بیانخاتە ناو بنەمای یاسایی و دەستووری سوریای نوێ. ئەمەش خۆی جۆرێکە لە خەبات؛
بەڵام خەباتێکی نوێ، بە ئامرازێکی نوێ و لە مەیدانێکی نوێدا.
لە قۆناغی پێشوو، چەک ئامرازی پاراستن و بەرگری بوو؛ لە
قۆناغی داهاتوودا، سیاسەت، یاسا و دامەزراوە دەبنە ئامرازی پاراستنی ئەو بوونە. بۆیە
کۆتاییهێنان بە هەسەدە وەک هێزێکی سەربەخۆ نابێتە کۆتایی خەبات، بەڵکو دەبێتە دەستپێکی
قۆناغێکی سیاسیی نوێ.لە کۆتاییدا، مێژوو تەنها بەوە ناپێورێت کە هێزێک چەند ساڵێک
چەکی هەڵگرتووە؛ بەڵکو بەوەش دەپێورێت کە چۆن لە کاتی گۆڕانکارییە گەورەکاندا
توانراوە دەستکەوتەکانی خەبات بگوازرێنەوە بۆ سیستەمێکی سیاسی و یاسایی.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی