برادەرێك پێی وتم كە بافڵ تاڵەبانی كوردی ناخوێنێتەوە و هیوادارم وانەبێت ، ئەوەشم بیست جارێك خۆی وتبووی زۆر دەخوێًنمەوە ، بخوێنێتەوە یان نا من ئەم وتارە ئاراستەی ئەوو مەسعود بارزانی دەكەم ، هیواداریشم چ بارزانی چ تاڵەبانی هێندە توانایان هەبێت كە سزای ئەوانە بدەن كە زوخاو ئەكەن بە قورگی ئەم میلەتەدا ، لەو نزیكانەش نزیكێكی پارتی نووسیبوی ، ئێستا وەك جاران قسەی بارزانی نایخوات ، هیوام وایەئەوەش ناڕاست بێت و ئەو دوو ناوبراوەبە جۆرێكی دیكە بن.
حەزم دەكرد لە هەردوو ڕۆژنامەكەی پارتی و یەكێتی بوار هەبوایە ئەم وتارەم لەوێ دانابا ، لانی كەم دەبوو لەو دوو ڕۆژنامەیە لاپەڕەی بێسانسۆر ، ئازاد، یان بێ ڕووپۆش هەبا ، بۆئەوەی مرۆڤ لانی كەم بیزانیبا قسەی دڵی لە كوێ بكات ، ئێ خۆ هیچ یەك لەو دوو بەڕێزەش سندوقی وەرگرتنی گلەو گازندەو ڕەخنەیان نیە ، هەشیانبێت ناهێڵن ڕاستی وەك ئەوەی هەیە بگات پێیان .
ئەرێ ئەوان ئاگایان لە دۆخی خەڵك و بازاڕو ژیان و گوزەران و خزمەتگوزاریە ، ئاگادارن هەر هەوا ماوە ببێتە پارە ، ئاگایان لەوەیە هەر بابایەك ئیشی بە فەرمانگەیەك بكەوێت و قەرزی كارەباو ئاوو شتی دیكەی لابێت دەیڕوتێننەوە ، ئاگادارن ئەو خەڵكە لە ترسی پارەی كۆنی كارەبا نەبا ئەو نیوە خۆشبوونە نەمێنێت دەچن قەرز دەكەن و دەیدەنەوە دەڵێن زەرەر لە نیوەش بگەڕێتەوە هەر باشە چش قەرزاریش دەبن ، گەلۆ ئەو خەڵكە وا لە حاڵی حەلوەلاداو كەسیش نیە بپرسێت ئەمە چیە ، ئێستا چینی ناوەڕاست نەماو ئەوی خوارەوەش ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر نوقم دەبێت ، دەترسم بڵێن نان نیە با كێك بخۆن.
ڕێك لە كاتی ڕوتاندنەوەی خەڵكا لەو موچەیەی كە لە بەغداوە بۆیان دێت ، حكومەتی عێراق یەك ملیۆن پارچە زەوی بە خۆڕای دەدات بە هاوڵاتی ، لە نرخی كارەباو ئاوو بەنزین و نەوتیش هەر مەپرسە ، ڕاستە لە عێراق بەرتیل و گەندەڵی زۆرەو لەو بیست و سێ ساڵەدا نەتوانراوە بەرتاقای ئەو داهات و پارەیە وڵات بكرێتەوە وڵات ، بەڵام خەمی چینی خوارەوە هەیە ، خۆراك لای بریكارەكان بەردەوامە، هاوكاری نەداران هەیە، زۆر بەخەمەوەتربوونی دیكە هەیە، ئەی ئەو خەڵكە بە كێ بڵێن پڕۆژەی ڕوناكی و دانی ئاو بە كۆمپانیاو كەم بوونەوەی داو دەرمان لە نەخۆشخانەی گشتی و حكومی وپەروەردەو خوێندن بەزەیی و لێخۆشبوون نازانن و خەڵك چارەنوسی دراوەتە دەست ڕەشەبای قەدەرەوە ، ئەوەی هەیە لە ستەمكاری و نادادی و شكۆشكێنی زیاتر نیەو كەسیش نیە چارەسەری بكات ، ڕاستیەكەی خودی حزبیش بووە بە كۆمپانیاو خەیاڵی بە تەنێ لای قازانجەو هیچی تر ، لە من و نەكەوێن كۆشكی بلورین بەو جۆرە تاسەر ناچێت .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی