ئاشتی و ئینتگراسیۆن؛ هەڵبژاردەی ستراتیژیی کورد لە سوریای نوێ

1 کاتژمێر پێش ئێستا

حەکیم عەبدوالکریم

گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی سوریە لە دوای گۆڕانی سیستەمی سیاسی، کێشەی کورد لە ڕۆژاڤاوی سوریەی خستووەتە قۆناغێکی نوێ. ئەم قۆناغە تەنها کێشەیەکی نێوان دوو هێزی سیاسی یان سەربازی نییە؛ بەڵکو پەیوەندی بە داهاتووی پێکهاتەی دەوڵەت، شێوازی بەڕێوەبردنی ناوچەکان، ناسنامەی نەتەوەیی و چۆنیەتی دامەزراندنی هاوسەنگییەکی نوێ لە نێوان پێکهاتەکانی سوریە هەیە.

لەو چوارچێوەیەدا، ڕێککەوتن و گفتوگۆی نێوان سەرکردایەتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات و دەسەڵاتی نوێی سوریە بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، دەبێت نەک تەنها وەک ڕێککەوتنێکی کاتی، بەڵکو وەک هەوڵێک بۆ گۆڕینی شێوازی چارەسەرکردنی کێشەی کورد و کێشە نەتەوەیی و سیاسییەکانی سوریە بخوێندرێتەوە. پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: ئایا کورد دەتوانێت لە ڕێگەی ئینتگراسیۆن و بەشداریی سیاسییەوە ماف و دەستکەوتەکانی خۆی بپارێزێت، یان ئەوەی گەڕانەوە بۆ شەڕ و پێکدادانە؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، پێویستە سەرەتا لە مێژووی ئەم قۆناغە تێبگەین. کۆبانی و حەسەکە تەنها ناوی دوو شوێن نین؛ ئەوان بوونەتە بەشێک لە یادەوەریی سیاسیی کورد و نیشانەی ئەو قۆناغەیە کە کورد بە هێزی خۆی و بە بەرگرییەکی قورس توانی ڕۆڵێکی گرنگ لە شەڕی دژ بە توندڕەوی و تیرۆر بگێڕێت. بەڵام هەر ئەو مێژووەش دەڵێت کە بەرگریی سەربازی، هەرچەند پێویست و کاریگەر بێت، نابێت ببێتە ستراتیژییەکی هەمیشەیی.

شەڕ لە مێژووی کورددا زۆرجار بژاردەیەکی ناچاری بووە، نەک خواستی سەرەکیی گەل. کورد هەموو کاتێک کە ڕووبەڕووی سیاسەتی سەرکوتکردن، نکۆڵیکردن و لەناوبردنی ناسنامەی خۆی بووەتەوە، بەرگریی کردووە. بەڵام ئەمە نابێت بەو مانایە بێت کە شەڕ خۆی ببێتە ئامانج. ئامانجی سەرەکیی تێکۆشانی سیاسیی کورد دەبێت گەیشتن بە ئازادی، ماف، کەرامەت و ژیانێکی سەقامگیر بێت؛ نەک بەردەوامکردنی شەڕ بۆ خۆی.

لەبەر ئەوە، ئینتگراسیۆن نابێت بە «تسلیمبوون» یان «نەمانی ناسنامە» لێک بدرێتەوە. ئینتگراسیۆنی سیاسی و نیشتیمانی، ئەگەر لەسەر بنەمای بەشداریی ڕاستەقینە، پاراستنی مافە نەتەوەیی و کەلتوورییەکان، هاوبەشی لە دامەزراوەکان و دڵنیابوون لە مافی هاووڵاتیبوون بێت، دەتوانێت ببێتە ڕێگایەک بۆ گۆڕینی پەیوەندیی کورد و دەوڵەت لە پەیوەندیی پێکدادانەوە بۆ پەیوەندیی هاوبەشی.

لەو ڕوانگەیەوە، ئەو کەسانەی دژ بە هەر جۆرە ئینتگراسیۆنێک دەبن، پێویستە جیاوازیی نێوان ئینتگراسیۆنی هۆشیارانە و ئاسیمیلاسیۆن بزانن. ئاسیمیلاسیۆن واتە سڕینەوەی ناسنامە و توانای سیاسیی کۆمەڵێکە؛ بەڵام ئینتگراسیۆن دەتوانێت بە مانای بەشداریی هاوبەش لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا بێت، بەبێ ئەوەی کورد دەست لە ناسنامە و مافەکانی خۆی هەڵبگرێت.

ئەم جیاوازییە بەتایبەتی لە سوریای ئەمڕۆ گرنگە. ئەگەر پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریە بە شێوەیەکی سیاسی و یاسایی و لەسەر بنەمای متمانە بەڕێوەبچێت، دەتوانێت دەرفەتێک بۆ گواستنەوەی کێشەی کورد لە قۆناغی سەربازی بۆ قۆناغی سیاسی دروست بکات. بەڵام ئەگەر ئەم پرۆسەیە ببێتە هۆی سڕینەوەی مافەکان، لابردنی بەشداریی ڕاستەقینە یان سەپاندنی سیاسەتی یەکدەستکردنەوە، ئەوا ناتوانێت بنەمای ئاشتییەکی بەردەوام بێت.

ڕووداوەکانی کۆبانی و حەسەکە لەم ڕوانگەیەوە دەبێت وەک ئاگادارکردنەوەیەکی سیاسی بخوێندرێنەوە. هەر توندوتیژییەک کە لەسەر بنەمای ناسنامەی نەتەوەیی یان مەزهەبی دروست بکرێت، دەتوانێت کۆمەڵگە بگەڕێنێتەوە بۆ بازنەیەکی نوێی پێکدادان. بەتایبەتی ئەگەر هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بەجای گفتوگۆ و دامەزراوەسازی، پەنا بۆ هێز و توندوتیژی ببرن.

لە هەمان کاتدا، دەبێت دان بەو ڕاستییەدا بنرێت کە لە سوریای نوێدا هێشتا هێزە جۆراوجۆرە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بەرژەوەندیی جیاوازیان هەیە. هەندێک لەو هێزانە دەتوانن لە لاوازیی پەیوەندییە نێوان کۆمەڵگەکان سوود وەربگرن و کێشە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان بە ئامرازێک بۆ دروستکردنی پێکدادان بەکاربهێنن. لەبەر ئەوە، کورد نابێت بە ئاسانی ببێتە بەشێک لە پرۆژەی گەڕاندنەوەی ناوچەکە بۆ شەڕ و دابەشبوون.

گۆڕانی ستراتیژییەتی هێزە گەورەکانیش پێویستی بە خوێندنەوەیەکی واقع‌بینانە هەیە. سیاسەتی نێودەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرجار لە نێوان پاراستنی سنوورە جوگرافییەکان، سەقامگیریی دەوڵەتەکان و بەرژەوەندییە ئابووری و ئەمنییەکاندا دەسوڕێتەوە. بۆیە نابێت کورد هەمیشە چاوەڕوانی ئەوە بێت کە هێزە دەرەکییەکان بۆی بڕیار بدەن. ستراتیژیی سەرەکیی کورد دەبێت لە ناوخۆوە دروست بکرێت: یەکێتی، دامەزراوەسازی، دیپلۆماسی، بەشداریی سیاسی و پاراستنی مافەکان.

لەوێشدا فەلسەفەی سیاسیی نوێی کورد، کە بە تایبەتی لە بیرکردنەوەکانی عەبدولڵا ئۆجەلاندا گرنگی بە کۆمەڵگە، دیموکراسی، پێکەوەژیان و چارەسەری سیاسی دەدات، دەتوانێت ببێتە بابەتێکی بۆ گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی ئەکادیمی. ئەم ڕوانینە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی کورد لە دووگمەی «یان دەسەڵاتی سەربازی، یان نەبوونی ماف» دەربچێت و بەرەو شێوازێکی سیاسی و مەدەنیی بەرگری لە مافەکان بچێت.

لە بنەڕەتدا، ئاشتی تەنها نەبوونی شەڕ نییە. ئاشتیی ڕاستەقینە ئەو بارودۆخەیە کە تێیدا هەموو پێکهاتەکان هەستی بە ئاسایش، کرامت و مافی سیاسی و کەلتووری خۆیان بکەن. بۆیە ئەگەر کورد ئاشتی دەوێت، پێویستی بە لاوازی نییە؛ بە پێچەوانەوە، پێویستی بە کۆمەڵگەیەکی بەهێز، یەکگرتوو، هۆشیار و خاوەن ستراتیژی هەیە.

ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پرسیارە سەرەکییە: کورد لە قۆناغی نوێدا چی دەوێت؟ ئەگەر وەڵامەکە ئازادی، کەرامەت، ماف و پێکەوەژیان بێت، ئەوا شەڕ نابێت ئامانج بێت. شەڕ تەنها کاتێک دەکرێت بەرگرییەکی ڕەوا بێت کە هیچ ڕێگایەکی سیاسی بۆ پاراستنی ژیان و ماف نەهێڵرابێت. بەڵام کاتێک دەرگای گفتوگۆ و ڕێککەوتن و بەشداریی سیاسی کرایەوە، هەڵبژاردنی ئاشتی و دامەزراوەسازی دەبێت بە هەڵبژاردەی ستراتیژی.

لەبەر ئەمە، کورد دەبێت بە وردی لە نێوان دەرفەت و مەترسییەکانی قۆناغی نوێدا بڕوانێت. ڕێککەوتنەکانی نێوان سەرکردایەتیی کورد و دەسەڵاتی نوێی سوریە دەکرێنە دەستپێکی پرۆسەیەکی نوێ، بەڵام تەنها ئەوکاتەی ئەم پرۆسەیە بە متمانەسازی، پاراستنی ماف، بەشداریی ڕاستەقینە و گەرەنتیی یاسایی پشتیوانی بکرێت.

کورد نابێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو قۆناغەیەی کە شەڕ بڕیار لەسەر داهاتووی دەکات. بەڵکو پێویستە هێزی بەرگریی خۆی بگۆڕێت بۆ هێزی سیاسی، مەدەنی و دیپلۆماسی. ئەمە بە مانای پشتکردن لە مێژوو نییە؛ بەڵکو بە مانای فێربوون لە مێژووە.

کۆبانی و حەسەکە دەبێت لە یادەوەریی کورددا بمێنن، بەڵام نابێت ببنە بەردەوامیی شەڕ. ئەوان دەبێت ببنە یادەوەریی بەرگری، بەرامبەر بەوەی ئاشتی و پێکەوەژیان ببنە ئامانجی داهاتوو.

ئەرکی ئەمڕۆی کورد ئەوەیە کە لەگەڵ پاراستنی مافەکانی، هەمان کات دەرفەتی ئاشتی و سەقامگیری بپارێزێت. چونکە گەورەترین سەرکەوتن ئەوە نییە کە کورد هەمیشە لە شەڕدا بمێنێت؛ گەورەترین سەرکەوتن ئەوەیە کە بتوانێت لە دوای شەڕ، بە هێزی سیاسی و یەکێتیی کۆمەڵایەتی، مافەکانی خۆی لە ناو سیستەمێکی دیموکراتیکدا جێگیر بکات.

ئاشتیی ڕاستەقینە خەونی کوردە، بەڵام ئاشتیی بەهێز تەنها بە هێزی چەک دروست نابێت؛ بە هێزی کۆمەڵگە، یەکێتی، هۆشیاری، دیپلۆماسی و باوەڕ بە ماف و ئازادییەکان دروست دەبێت.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی