کاتێک سیاسەت دەبێتە بارگرانایی دەروونی و کاری بەکرێگیراو « مرتزقة » !

1 کاتژمێر پێش ئێستا

محمد خۆشناو

دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و تائێستاش لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆر لە ڕوخساری نوێ هاتنە ناو بواری گشتی و سیاسی ، کە ئەمە شتێکی سروشتیە ، چونکە بڵین و نەڵێین شوڕش و ڕاپەڕینەکان دەرگا لەبەردەم نەوەی نوێ دەکاتەوە بۆ بەشدایکردن لە سیاسەت و کاری سیاسی ، سیاسەت بریتی نیە لە هێنانەوەی قسەی ئەوانی تر و ، کۆمەڵێک دروشمی فەنتازیاش نیە کە دەستبدات بۆ ئیستیهلاکردن لەسەر سۆشیالمیدیا ، سیاسەت هەڵوێست و باوەڕ و قەزیەیە ، سیاسەتمەداری ڕاستەقینە ئەو کەسەیە نرخی هەڵوێستەکانی دەدات و لەناو خەڵک دەژیت و هەست بە ئازارەکانیان دەکات و لە چارەسەکردنی گرفت و کێشەکانیان دەگەڕێت ، بەڵام کە خەڵکت پەڕاوێزخست ئەوە ورە-یان دادەماڵی ، بۆیە مەترسیدارترین شت کە تووشی هەر کۆمەڵگەیەک دەبێت تووڕەیی نیە و ناڕەزایش نیە ، بەڵکو ئەو ماندوبوونە نادیارەیە کە خواست لەسەر پرسیارکردن دەکوژێنێتەوە و ، باوەڕ بە جەدوای بەشداریکردن لاواز دەکات ، و سیاسەت لە کرداری گشتیەوە دەگۆڕێت بۆ بارگرانایی دەروونی و ، لێرەوە وڵاتان هەر بە شکست یان ئیفلاسبوون ناناڵێنن ، بەڵکو هەندێک جار کۆمەڵگا ماندوو دەکات ، مەبەست لە ماندووبون لەڕووی جەستەوە نیە ، بەڵکو لەڕووی دەروونی و ئەخلاقیە ، کاتێک سیاسەت بووە سەرچاوەی گرژی فەزای هیوا ووندەبێت و ، ئەوکات ترسناکی بە بێدەگی دزە دەکات ، کە لە ڕۆتیندا خۆی دەشارێتەوە و ، دواجار لە دەروونەکاندا جێگیر دەبێت تا دەبێتە شتێکی ئاشنا ، دەبێت سیاسی هەموو ئەمانە بزانێت ، هەندێک سیاسی ناو حزبەکان و ئەوانەی کە ئێستا سواری شەپۆلی بێزاری و ناڕەزایی خەڵک بوونە ، دێت چالاکی وێنەیی و دروستکراو لە سۆشیالمیدیا و ئامرازەکانی تری ڕاگەیاندن ڕێکدەخات بۆ ئیستیهلاکی ئیعلامی بێئەوەی کاریگەریەکی ڕاستەقینە لەسەر ژیانی خەڵکدا جێبهێڵیت ، ئەمە کرداری سیاسی نیە بەڵکە نمایشی سیاسی-یە ، بەداخەوە ئێمە ئێستا لەبەردەم دیاردەیەک داین کە پێی دەڵێن بەکرێگیراوی سیاسەت ( مرتزقة السياسة ) نموونە لەسەر بەکرێگیراوی سیاسەت : هەندێک کەس مامڵە لەگەڵ کاری گشتی دەکەن بە ئیعتیباری ئەوەی ئامرازێکە بۆ هێنانەدی بەرژەوەندی کەسیی و ، دێن باسی هەژار و نەداران دەکەن خۆشیان لە ماڵێکدا دەژین کە لە هیچیان کەم نیە ، ئەمە ئەوپەڕی ئیرتیزاقی سیاسیە کە نیشتیمانپەروەری بگۆڕیت بە نمایشی سیاسی ، هیچ گرفت نیە ئەو سیاسیانە لە خانوو و ژیانێکی خۆشدا بژین ، گرفتەکە لە پارە نیە ، بەڵکو لە کەلێنی نێوان گووتار و مومارەسەیە و ، لە هەمووی ترسناکتر ئەوەیە کە ئەو جۆرە مومارەسانە هەر تەنها زەرەر بە خاوەنەکەی ناگەیەنێت ، بەڵکو بە خودی سیاسەتیش دەگەیەنێت و سیاسەت لەبەرچاوی هاوڵاتی سووک دەکات ، کاتێک هاوڵاتی دەبینێت حزبێک یان سیاسیەک زۆر قسەدەکات و کرداریشی نیە بەمە متمانە لەدەست دەدات ، سیاسەتی ڕاستەقینە لە شەقامەوە دەستپێدەکات ، بڕۆنە خوار کن خەڵک ، لەگەڵ جوتیار و کرێکار و فەرمانبەر و خاوەن پڕۆژەی بچووک دانیشن ،

لە هاوڵاتی بپرسن : گیروگرفتەکە لەکوێیە ؟ لەبەرچی ڕوویداوە ؟ چارەسەر چیە ؟ بە پێشنیاری ڕاستەقینە نەک بە بیاننامە و لێدوان و ماستاو و نیفاق بڕۆنە کن لایەنە جێبەجێکارەکانی دەسەڵات…..حزب دەبێت قوتابخانەیەکی سیاسی و خانووی هاوڵاتی بێت و سەکۆی خستنەڕووی گرفت و کێشەکان و پردی ڕاستەقینەی نێوان شەقام و دامەزراوەکانی دەسەڵات بێت ، ئێمە پێویستمان بەوەیە کە سیاسەت مانا ڕاستەقینەکەی بگەڕێنێتەوە و ، هاوڵاتی پێویستی بە موزایەدات نیە ، پێویستی بەوەیە لە پێناویدا کار بکات ، سیاسی بێ هاوڵاتی دەبێتە دیکۆر وەک ئەوەی کە دەبینین زۆریەیان بونەتە دیکۆر ، تەنها حکومەت و دەوڵەتە دەتوانێت متمانەی هاوڵاتی و مانا بۆ سیاسەت بگەڕێنێتەوە و ( ئەوە ) توانای سەقامگیری هەیە .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی