چاوپێکەوتن لەگەڵ شەیتان

49 خولەک پێش ئێستا

مەجید ساڵح

 (١) ناپلیۆن هێل (۱۸۸۳ – ۱۹۷۰)، نووسەری ناوداری ئەمریکی و یەکێک لە پێشەنگە دیارەکانی بواری فەلسەفەی سەرکەوتن و گەشەپێدان. ساڵی ۱۹۳۸دا، شاکارێکی نووسی بە ناوی «زاڵبوون بەسەر شەیتان» (Outwitting the Devil)؛ کتێبەکە لە شێوەی چاوپێکەوتنێکە لە نێوان هێل و شەیتان و سەدان پرسیار لەخۆ دەگرێت.. بەڵام خێزانەکەی (ئەنی لۆ وایت) لە ترسی کاردانەوەی پیاوانی ئاینی و دامەزراوەکانی پەروەردە دژی بڵاوکردنەوەی بوو لەوکاتەدا، چونکە کتێبەکە بە ڕاشکاوی هێرشی دەکردە سەر ئەم دامەزراوانە و بە بەشێک لە ئامرازەکانی کۆنترۆڵکردنی مێشکی مرۆڤی دەناساندن. سەرئەنجام لە ساڵی ۲۰۱۱ (واتە ۷۳ ساڵ دوای نووسینی)، دەستنووسەکە بە هاوکاری «شیرۆن لێچتەر» بڵاوکرایەوە.

بەڵام تێپەڕبوونی کات نەبووە هۆی بەسەرچوونی پەیامەکانی هێل، بەڵکو بۆ مرۆڤی بەتایبەتی بۆ ئێمەی کورد زۆر گرنگە. (٢) وەک وتم کتێبەکە چاوپێکەوتنێکی فەلسەفییە لە نێوان هێل و هێزێکدا کە ناوی دەنێت «شەیتان» (رەمزە بۆ لایەنی تاریک، ترس و نەزانی لە زەینی مرۆڤدا). لەم گفتوگۆیەدا، هێل لە شەیتان دەپرسێ (ئامرازە شاراوەکانی تۆ بۆ کۆنترۆڵکردنی مرۆڤ چین؟) شەیتان بە ڕاشکاوی وەڵامی دەداتەوە و دەڵێ «بەهێزترین ئامرازەکانی من بۆ دەستەمۆکردنی زەینی مرۆڤ، ئەو سیستم و دامەزراوانەیە کە مرۆڤ خۆی دروستیان دەکات؛ لە سەرووی هەمویانەوە: قوتابخانەکان و دامەزراوە ئایینییەکان. شەیتان دەرەبارەی قوتابخانە و پەروەردەدەڵێ: «من حەزم لە سیستمێکە کە تەنیا زانیاریی وشک دەدەن بە قوتابیان تا لەبەری بکەن. من قوتابخانەکان فێری منداڵان بکەن «بیر بکەنەوە»؛ بەڵکو تەنیا فێری ئەوە ببن چی لە بیر بکەن.

چونکە کاتێک منداڵێک فێر ناکرێت زەینی خۆی بۆ بڕیاردان بەکاربهێنێت، دەکەوێتە داوی من و بە ئاسانی جڵەوی دەکەم.» سەبارەت بە ئایین و مەعنەویەت پرسیاری لێ دەکار و شەیتان دەڵێ: «هەركاتێک پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ خالق لەسەر بنەمای "ترس" ترس لە جەهەنەم، ترس لە سزا، ترس لە دوای مرگ و عەزابی قەبر بونیاد بنرێت، ئەوا ڕاستەوخۆ خزمەت بە من دەکات. من لە ڕێگەی ئەو ترسەوە زەینی مرۆڤ شەلەل دەکەم. کاتێک مرۆڤ لە ترسدا بژی، ئیمانی ڕاستەقینە و ئازادی فکری لەدەست دەدات و خێرا دەکەوێتە ژێر چنگم.» ئینجا هێل لە شەیتان دەپرسێ دوژمنی سەرەکیی تۆ کێیە؟ چ جۆرە مرۆڤێک ناتوانیت بە ئاسانی کۆنترۆڵی بکەیت؟ شەیتان ڕاستەوخۆی دەڵێ: «گەورەترین دوژمنی من، مرۆڤێکی سەربەخۆیە کە خاوەنی ئامانجێکی دیاریکراوە و بە عەقڵی خۆی بیر دەکاتەوە. من دەسەڵاتم بەسەر مرۆڤێکدا نییە کە دەزانێت چی لە ژیان دەوێت و پلانی ڕوونی بۆ جێبەجێکردنی هەیە.

هەروەها ئەو مرۆڤانەشم پێ کۆنترۆڵ ناکرێ کە عەقڵی خۆیان بەکاردەهێنن و ڕێگە نادەن ترس، ڕەخنەی خەڵک، یان باوەڕە سەپێنراوەکان ئاڕاستەی بڕیارەکانیان بکەن. مرۆڤيک کە لە شکستهێنان نەترسێت و شکست وەک ئەزموونێک بۆ بەهێزبوون بەکاربهێنێت، دەستەمۆ کردنی بۆ من سەختە، ئەوانەی بێ ئامانجن و ڕێگە دەدەن ڕووداوەکان ئاڕاستەیان بکات، نيچیری سەرەکی منن. بەڵام مرۆڤی بەئاگاو خاوەن ئامانج، زەینی خۆی قفڵ کردووە لە بەرامبەر دزەکردنی ترس و نەزانی؛ هێزی من بە تەواوی ناهێڵێت.» (٣) فەلسەفەی پشت ئەم پرسیارانەی هێل و وەڵامەکانی شەیتان ئەوە دەردەخات کە کتێبی «زاڵبوون بەسەر شەیتان» مانیفیستێکە بۆ خاوەندارێتیکردنی عەقڵ. پەیامی کۆتایی ناپلیۆن هێل ڕوونە: گەورەترین ترسەکان و شەیتانەکان لە دەرەوەی ئێمە نین، بەڵکو لە ناو ئەو بەشەی عەقڵماندا دەژین کە تەسلیمی ترس، نەزانی و بێئامانجی کردووە. ڕزگاربوونی ڕاستەقینە ئەو کاتە ڕوودەدات کە مرۆڤ بە سەربەخۆیی بیر دەکاتەوە و ئاڕاستەکردنی ژیانی بەپێی ئامانجە ئاگایانەکانی خۆیەتی نەک کەسانی تر. پرسیارەکان زۆرن و وەڵامەکان زۆر فەلسەفین.. من هەر ئەوەم پێکرا.. —— تێبینی: ناوی تەواوی کتێبەکە: Outwitting the Devil: The Secret to Freedom and Success داهێنانی شەیتان: نهێنیی ئازادی و سەرکەوتن

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی