نەوت، یان جینۆساید كامیان بژاردەی كورد بوون

58 خولەک پێش ئێستا

ئارام هەڵەدنی

ئەم ناونیشانەی سەرەوە دوو بابەتی گرنگن، نەوت بەسەرچاوەی سەرەکی داهاتی وڵاتە نەوتیەکان دادەنرێت وەکو عێراق و زۆر وڵاتیتر کە کەمترین داهاتی نانەوتیان هەیە، لە ئێستادا هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچە و خەرجیەکان پشت بە سەرچاوەی نەوت دەبەستێت.
جینۆساید  بریتییە لە ناوبردنی بە ئەنقەستی گەلێک یان گرووپێکی نەتەوەیی، ئایینی یان ڕەگەزی، بە تەواوی یان بەشێکی.

لە ساڵی ١٩٤٨دا، ڕێککەوتننامەی جینۆسایدی نەتەوە یەکگرتووەکان، جینۆسایدی بە هەریەکێک لە پێنج "کردەوەیە کە بریتی بوون لە: کوشتنی ئەندامانی گرووپەکە، دروستکردنی زیانی گەورەی جەستەیی یان دەروونی، سەپاندنی بارودۆخی ژیانی قورس بە مەبەستی لەناوبردنی گرووپەکە، ڕێگریکردن لە لەدایکبوون و گواستنەوەی زۆرەملێی منداڵان بۆ دەرەوەی گرووپەکە. قوربانییەکان بەهۆی ئەندامێتی ڕاستەقینە یان هەستپێکراوی گرووپێکەوە بکرێنە ئامانج.
دەستەی ئەرکی ناسەقامگیری سیاسی مەزەندەی کردووە کە ٤٣ جینۆساید لە نێوان ساڵانی ١٩٥٦ بۆ ٢٠١٦ ڕوویداوە و لە ئەنجامدا نزیکەی ٥٠ ملیۆن کەس گیانیان لەدەستداوە. UNHCR مەزەندەی کردووە کە ٥٠ ملیۆن کەسی دیکە بەهۆی ئەم جۆرە ئەڵقانەی توندوتیژییەوە تا ساڵی ٢٠٠٨ ئاوارە بوون.
کەواتە جینۆساید بووەتە بابەتێکی جیهانی، لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان چاودێری دەکرێت، بۆ ئەو گروپانەی بە هۆی جیاوازی نەتەوەیی یان ئایینی یان ڕەگەزی دەچەوسێنرێنەوە بەوردی چاودێری هەر دۆخێکی نەخوازراو دەکەن.
پێویست بوو هەرێمی کوردستان گرنگی بە کامیان بدایە وەکو بناغەیەکی پتەوی حکومڕانی کوردی تا ئاستی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان؟
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی کورد بدەینەوە بە درێژایی سەد ساڵی ڕابووردوو زۆرجار لە لایەن حکومڕانانی عێراقەوە ڕووبەڕووی جینۆساید بووەتەوە، گرنگی نەدانی کورد بە مێژووی خوێناوی و کۆمەڵکوژی وای کردووە کە دەسەڵاتدارانی عێراق سڵ لە هیچ نەکەنەوە و بە ئارەزووی خۆیان کورد بچەوسێننەوە.
ئەم ناونیشانە (نەوت، یان جینۆساید كامیان بژاردەی كورد بوون) وتارێکی نووسەر و رۆژنامەنووسی هاوڕێ (لەتیف فاتیح فەرەج)ە کە لە ژمارە ٩٧١٤ ی رۆژی
٢٠٢٦/٨/٩ ی لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ دا بڵاوکراوەتەوە.
 بە وردی باسی گرنگیدان بە مێژووی جیۆسایدی گەلەکەمانی کردووە، کە دەبێت دەسەڵاتی کوردی بناغەی حکومڕانیەکەی لەسەر جینۆسایدی کورد دابنێت تا وڵاتانی زلهێز و نەتەوەیەکگرتووەکان هەست و سۆزیان بجوڵێت بەرامبەر گەلی کورد و دیواربەندیەک دروست بکەن تا چیتر کۆمەڵکوژی و داگیرکاری لە کوردستان دووبارە نابێتەوە.
دوای خوێندنەوەی بابەتەکە بەگرنگم زانی بۆ پاڵپشتی بیرکردنەوەکەی منیش ڕای خۆم لەسەر ئەو پرسە دەرببڕم.
دەبوایە لە جیاتی دەستبردن بۆ پرسی نەوت، دەست بۆ پرسی جینۆساید ببرایە بۆ ئەوەی ببوایە هۆکاری ڕاکێشانی سۆزی جیهان بەلای كێشەكەماندا، بەڵام ئێمە بە هۆی سیاسەتی نەوتیەوە هەستی كۆمپانیاكانمان بە لای بۆنی نەوتدا ڕاکێشا، کە پرسی جینۆساید و ئەنفال بەلای ئەوانەوە پرسێکی گرنگ نین.
 كورد سەبارەت بە جینۆساید و ئەنفال چۆن مامەڵەی كرد و لە بەرامبەردا ئەوانی دیکە چۆن مامەڵەیان لەسەر کەیسی جینۆسید کرووە؟!
بۆ نموونە ئەرمەن و جولەکە لە بەرامبەر کۆمەڵکوژی  و هۆڵۆكۆستدا چۆن مامەڵەیان كرد؟ ئەرمەن بوونە خاوەنی دەوڵەت وسەروەری خۆیان، جووەکان دەوڵەتیان دروست کرد و بەشێک لە خاکی فەلەستینیان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیان و یەکێکن لە دەوڵەتە زلهێز و بڕیار بەدەستەکانی ئەم سەردەمە تەنانەت کاریگەری سیاسیان لەسەر وڵاتانی زلهێزی وەکو ئەمریکا هەیە.
ئێمە بۆچی باسی ئەو دوو دوڵەتەمان کرد تا بەراوردی بکەین بە پلان و مامەڵەی ئێمە لە سەر جینۆساید و تاوانی ئەنفال کە بە داخەوە لە سێ دەیەی ڕابووردودا نەمانتوانیوە ئەنفال و جینۆساید وەکو کارتێکی فشار بە کاربێنین تا ڕێگری بکەین لەدووبارە بوونەوەی تاوانەکانی بەعس، هاتنی داعش بۆ ناوچە کوردیەکان بە تایبەت شەنگال مەسجێکیتری دا بە گوێماندا کە تا کەمتەرخەم بین لە ئاست کوشتوبڕی گەلەکەمان دەبێت چاوەڕوانی چەندین ڕووداوی نەخوازراویتر بین کە یەخەی گەلی کورد و کوردستان بگرێت.

کورد نەیتوانیوە جینۆساید و ئەنفال کە زۆربەی رەهەندە (سیاسی، دیمۆگرافی، جوگرافی، ژینگەیی، دەرونی،تەندروستی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، کەلتوری و ئینتیمای نیشتیمانی) تێکشکاندووە بکاتە قەزیەیەکی گەورە.
ئەگەر ئێمەش وەکو جولەکە و ئەرمەنمان بکردایە بێگومان سەرکەوتووتر دەبووین و هەنگاوی باشمان دەبڕی بۆ بەدیهێنانی ئامانجی بەدی نەهاتومان،  لە هەموو ئەو دۆخە ئاڵۆزەی ناوچەکەی گرتووەتەوە.
 نەوتمان کردە ئامانجی سەرەکی هەوڵدانمان بۆ بنیاتنان و پێشخستنی وڵات لە عێراقدا کە تا ئێستا بیری شۆڤێنی نەتەوەیی و مەزهەبی زاڵە بە سەر دەوڵەت و حیزبدا.
هیوا دەخوازین هاوشانی سیاسەتی ئابووری گرنگی بە جینۆسایدی گەلەکەمان بدرێت، ڕاگەیاندنی کوردی کاری باش بکەن بۆ ناساندنی ئەو کەیسە بە وڵاتانی جیهان.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی