ڕێککەوتنەکەی بافڵ تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحید، ونکردنی ناوەڕۆکەکەی.

1 کاتژمێر پێش ئێستا

هاوکار عزت میکە

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا یەکێک لەو بابەتانەی کە زۆر باسدەکرا رێککەوتنی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ) بوو، کە من هەر لە بنەماوە پێموابوو رێککەوتنی دوو قۆڵی (بافڵ تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحیدە) نەک هی حزبەکانیان، چونکە بەشێکی زۆر لە سەرکردایەتی یەکێتی ناڕازی بوون لە میکانیزمەکە و سەرکردانەتی نەوەی نوێش ڕۆڵێکی وایان نەبوو لە پرۆسەکەدا، هەموو کارەکان خودی هەردوو سەرۆک ئەنجامیاندا و ئەوانی تر تەنها دیمەنەکانیان دەڕازاندەوە و دیکۆرەکەیان جوان دەکرد وەک ئەوەی رۆژی راگەیاندنی رێککەوتنەکە بینیمان.

ئەوەی ئەوکات و ئێستاش جێی سەرنجی من بوو، لە دوای ئەوەی کە بلڵاوکرایەوە ڕێککەوتنێکی چەند خاڵی ئەنجامدراوە و ڕەشنوسی خاڵەکان لە میدیا و سۆشیاڵ میدیاوە بڵاوکرایەوە، بەندە لە چەند قۆڵ و لە رێگەی چەند سەرچاوەیەکی بەهێزەوە هەوڵم دا لە هەردوو حزبەوە کە دەقی ڕێککەوتنە واژۆکراوەکە بەدەست بهێنم و بزانم چی تیا نوسراوە، ئاخۆ هەمان ئەو ڕەشنوسەی لە میدیای فەرمی هەردوولاوە بڵاوکرایەوە کراوەتە دەقی رێککەوتنەکە یان شتێکی تیا گۆڕاوە؟ ، بەڵام ئەوەی جێی سەرنج بوو، هەر ئەوکاتیش بە هەندێک لە هاورێیانی هەردوو حزبم وت، کە مادام دەقی واژۆکراوەکەمان دەست ناکەوێت ئەم ڕێککەوتنە تەنها "شۆ"یەکە و هیچی تر، ئەم ڕێککەوتن و مەراسیمە تەنها فشارە و هیچی لێ بەرهەم نایەت، بەڵام ئەوان کە خۆشیان دەیانزانی وایە، هێشتا ئینکارییان دەکرد و دەیانوت هەمان ڕەشنوس کراوەتە سەر کاغەز و ڕەنگە دواتر بڵاو بکرێتەوە. ( کە هەر نەشکرا).

ئێستا کە هەموو زانیاری و دەنگۆکان باسی ئەوە دەکەن یەکێتی و پارتی پێکەوە گفتوگۆیان کردوە و بڕیارە بەم نزیکانە کۆبونەوەی پەرلەمان بکرێت، نەوەی نوێش ئێوارە بە دوو دێڕ وتی (من ناچمە حکومەت و دەبمە ئۆپۆزسیۆن)، واتە شتێک بەناوی ڕێککەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێ یان بڵێین ڕێککەوتنی تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحید نەماوە یان ڕاستتر بڵێین هەر نەبوە لە بنەماوە.

ڕەنگە رۆژانی داهاتوو، ڕوداوی سیاسی نوێ ڕوبدەن و هاوتەریب لەگەڵ دۆخ و گۆرانکاریە ئەمنیی و سەربازییەکانی عێراق و ناوچەکە، گۆرانکاری سیاسیش لە هەرێم ڕووبدەن.

ئەگەر ئەوە جێبەجێ بکرێت کە باس دەکرێت و زانیارییەکان باسی لێوەدەکەن پارتی و یەکێتی لەسەری گفتوگۆیان کردوە، ئەوا نە یەکێتی و نە پارتی هیچی زیاتر لە ئێستایان بە دەست نەهێناوە و هەر دوو ئیدارەیی قیسمەتی ئەم هەرێمەیە، کەسیش نازانێت پارتی و یەکێتی دوو ساڵە چاوەڕێی چی دەکەن و بۆچی وا لەم میللەتە دەکەن لە کاتێکدا کە کۆتاییەکەشی هەر ئەمەبێت؟...


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی