لە بازنەیەکی ئاڵۆز و پڕ لە کێشمەکێش و ململانێی ناهاوسەنگدا، جیهان خەریکە هەنگاو بەرەو قۆناغێکی ڕاگوزەری سەخت و هەستیار دەنێت، کە تیایدا ڕێساکانی پێشووی سیستەمی نێودەوڵەتی، کە لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ساردەوە زاڵ بوون هەڵدەوەشێتەوە، ئەم هەڵوەشاندنەوەیەش لە بنەڕەتدا پەیوەستە بەو ئاڵۆزی و گۆڕانکاری و پەرەسەندنە خێرایانەوە کە لە ناوچە جیاجیاکانی گۆی زەویدا روودەدەن.
کێبڕکێی ئابووری و سەربازیی نێوان زلهێزە گەورەکانی وەک ئەمریکا، چین و ڕووسیا، بەردەوامیی قەیران و شەڕی ئۆکرانیا، هەروەھا سەرهەڵدانی کێبڕکێی توند لەسەر دابینکردنی سەرچاوەکانی تەکنەلۆژیا و وزە، لەگەڵ پاشەکشەی بەرچاو لە توانای دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردن و چارەسەرکردنی قەیرانەکان، هەموویان پێکەوە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە جیهان بەرەو سیستەمێکی فرە جەمسەری کێبڕکێکارتر و لە هەمان کاتدا کەمتر سەقامگیر هەنگاو دەنێت.
ئەم دۆخە جیهانییە پڕە لە قەیرانی جۆراوجۆر، لەوانە قەیرانی ململانێ چەکدارییەکان، قەیرانی وزە و خۆراک، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی نایەکسانییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لە نێوان چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا.
لە هەمان کاتدا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە یەکێک لە گۆڕەپانە سەرەکی و هەستیارەکان بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ئەم سیستەمە نوێیە. ململانێ بەردەوامەکانی نێوان لایەنە سەرەکییەکان، پەرەسەندنی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی لە سوریا، لوبنان و یەمەن، و پرسە هەستیارەکانی پەیوەندیدار بە ئاسایشی ناوچەی کەنداو و ڕێڕەوەکانی بازرگانی و وزە، ئیتر تەنها کێشەیەکی ناوچەیی گۆشەگیر نین، بەڵکو بە شێوەیەکی قووڵ لەگەڵ کێبڕکێ فراوانە نێودەوڵەتییەکاندا تێکەڵ بوون.
ئەم قۆناغە ئاڵۆزە ئێستا بە جۆرێک پەرەی سەندوە کە قەیرانەکان لە شەڕی بەوەکالەتەوە بەرەو پێکدادانی ڕاستەوخۆی نێوان دەوڵەت و زلهێزەکان هەنگاو دەنێن، و لە ماوەی ڕابردوودا باشترین بەڵگەی ئەو پەرەسەندنە مەترسیدارانەمان بینی کە تێیدا ئاسایشی دەریایی و ناوچەیی کەوتە ژێر هەڕەشەی ڕاستەوخۆوە.
لەناو ئەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، عێراق خۆی لە پێگەیەکی ستراتیژی و زۆر هەستیاردا دەبینێتەوە. هەڵکەوتەی جوگرافی و پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتی و دراوسێکاندا وای لێکردووە ببێتە یەکێک لەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیان و کاریگەریی بەرکەوێت ئەویش لە دەرئەنجامی ئەو پەرەسەندن و هەڵکشانە سەربازی و سیاسیانەدا کە ناوچەکەی داپۆشیووە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە عێراق دەیەوێت وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری و سەربەخۆ دەركەوێت، بەڵام بە شێوەیەکی بەرفراوان کەوتووەتە ژێر کاریگەریی باڵانسی دەسەڵاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانەوە و نەیتوانیوە پێچەوانە بەو ئاراستەیە کار لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و ڕێگریکردن لە دەستێوەردانە دەرەکیەکان بکات و ببێتە دەروازەی بونیادنانی سیاسەتێکی دەرەکی هاوسەنگ لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی باڵا، و گەڕاندنەوەی بڕیاری سەربەخۆی نیشتمانی بۆ ناو دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت.
لەولاشەوە هەرێمی کوردستان هاوتای عێراق بوەتە ناوچەیەکی پڕ لە کێشە و تەنگژەی جیاجیا و ئەمەش ڕەنگدانەوەی لەسەر دۆخی ناوخۆ و پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ دا هەیه و وایکردوە بەردەوام لە دۆخێکی هەڵکشان و داکشاندا خۆی ببینێتەوە.
هەرچەندە زۆر جار ئەم کێشانە بە سادەیی لە نێوەڕۆکدا لە چوارچێوەی ناکۆکی لەسەر نەوت و بودجەدا دەبینرێن، بەڵام لە ڕاستیدا پەیوەندییەکی قووڵیان بە سروشتی دەوڵەتی فیدراڵی، چۆنیەتی دابەشکردنی دەسەڵات و سامان، پرسەکانی ئاسایش، و بەڕێوەبردنی سامانی سروشتییەوە هەیە، کە ئەمەش بووەتە مەترسییەک لەسەر هاوکێشە ناوخۆییەکان و ڕەوتی گۆڕانکارییەکان بە گشتی.
هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەوەی خاوەنی چەندین خاڵی بەهێزە، وەک پێگەی ستراتیژی، پەیوەندییە بەرفراوانەکانی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دەوڵەمەندی بە سامانی سروشتی، و توانا بۆ ڕۆڵگێڕانی ئابووری و سیاسی، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگ و خاڵی لاوازی قورس بووەتەوە. لەوانە: دابەشبوونی سیاسی ناوخۆیی، ناکۆکیی قوڵی نێوان حزبە دەسەڵاتدارەکان، ناجێگیریی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، پشتبەستنی لەڕادەبەدەر بە داهاتی نەوت، تەحەددیاتی ئەمنی، بێکاری و نەبوونی هەلی کار، دۆخی سەختی دارایی، کاریگەریی ململانێ ناوچەییەکان، و پێویستییەکی بەپەلە بە ئەنجامدانی چاکسازیی ڕیشەیی لە دامەزراوەکاندا و هەمەچەشنکردنی ئابووری بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانەکان.
ئاسایشی هەرێم و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی وەک تورکیا و ئێران پێویستی بە هاوسەنگییەکی زۆر ورد هەیە. تورکیا لە ڕوانگەی ئاسایشی سنوورەکانی، دۆسیەی پەکەکە، وزە و بازرگانییەوە سەیری هەرێم دەکات، و ئێرانیش لە ڕوانگەی پاراستنی سنوورەکان، هاوسەنگی لەگەڵ بەغدا و پێگەی هێزە کوردییەکانەوە مامەڵە دەکات. ئەم واقعە هەرێمی خستۆتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی مەزن کە ئەویش پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی ژیرانەیە لەسەر بنەمای ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی هەرێم بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکان، و هاوکات ڕەتکردنەوەی تەواوەتیی ئەوەی ناوچەکەی ببێتە گۆڕەپانێک بۆ پێکدادانی سەربازی و یەکلاکردنەوەی تەسفیەحیسابی هێزە دەرەکییەکان.
باشترین ڕێگا و ستراتیژ بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لەم دۆخە پڕ مەترسییەدا، پێکهێنانی دامەزراوەیەکی ئەمنی و سەربازیی یەکگرتووی نیشتمانی، گرتنەبەری سیاسەتێکی دەرەکیی سەربەخۆ و هاوسەنگ، و دروستکردنی پەیوەندییەکی پتەو و متمانەپێکراوە لەگەڵ بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا. بە کورتی، هیچ ڕووداوێک لە گۆڕەپانی سیاسیدا بە خۆڕایی و ڕێکەوت ڕوونادات، بەڵکو سەقامگیری یان پشێوی بەرهەمی کار، خەبات، جووڵەی سیاسی و سەربازی، و جۆری هاوپەیمانییەکانە. تابلۆی ئێستای ئەم دۆخە ڕاگوزەرە پڕە لە هەڕەشەی گەورە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەرفەتی زێڕینیش لەخۆ دەگرێت بۆ گەشەپێدان، و سەرکەوتن تیایدا بە تەواوی دەکەوێتە سەر شێوازی مامەڵە و هوشیاریی سیاسیی سەرکردایەتییەکان لەگەڵ ئەم قۆناغە سەختەدا.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی