(لە پەراوێزى کۆڕبەندى مێرى دا)
١. لە کۆنفرانسی ئەمساڵی مێریدا، شتێک زیاتر لە وتووێژە سیاسییەکان سەرنجی ڕاکێشام: ئەو هەموو ستایش و مەراییکردنەى سەرکردەکان و میدیاکاران و بەرپرسانی دامەزراوەکان بە یەکتریان دەبەخشی. وا دەهاتە بەرچاو کە هەر کەسە و هەوڵ دەدات جوانترین وشە بۆ ئەوی دیکە بدۆزێتەوە. لە نێوان ئەو هەموو ڕێزگرتن و گەورەکردنەدا، پرسیارێک هەر لە مێشکمدا دەسووڕایەوە: ئەگەر ئەم هەموو سەرکردەیە ئەوەندە گەورە و دانا و لێهاتوون، بۆچی ئەم هەموو کێشەیە هێشتا بەبێ چارەسەر ماوەتەوە؟ لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە کە سیاسەتمەداران نابێت ڕێز لە یەکتر بگرن، بەڵکو ئەوەیە کە کەی ڕێزگرتن دەبێتە مەراییکردن و کەی زمانی سیاسی لە ئامرازی ڕوونکردنەوەی ڕاستییەوە دەگۆڕێت بۆ ئامرازی شاردنەوەی؟ سەرکردەکان مەرایی یەکتر دەکەن، جێگرەکان مەرایی سەرۆکەکانیان دەکەن، سەرۆکی زانکۆکان مەرایی سەرکردە سیاسییەکان دەکەن، میدیاکاران مەرایی میوانەکانیان دەکەن و بەرپرسانی دامەزراوەکانیش لە پێشبڕکێدان بۆ ئەوەی جوانترین وشە و گەورەترین نازناو بۆ دەسەڵاتداران بدۆزنەوە. هەر کەسە و بە شێوازی خۆی مەرایی دەکات. تەنانەت وای لێهاتووە کە لە سەردەمی زیرەکیی دەستکرددا، ئای ئاییش دەکرێت بخرێتە خزمەتی ئەم کولتوورەوە و بۆخۆشى مەرایی بکرێت!. ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەوە نییە کە سیاسەتمەدارێک ستایشی سیاسەتمەدارێکی دیکە دەکات، بەڵکو ئەوەیە کە ئەم هەموو ستایشە لە کاتێکدا دەکرێت کە کۆمەڵگە پڕە لە کێشە و پرسیاری بێوەڵام. لە ناو هۆڵەکاندا هەموو شتێک جوانە، هەموو کەسێک گەورەیە و هەموو بڕیارێک مێژووییە؛ بەڵام لە دەرەوەی هۆڵەکان ژیان بەو جوانییە نییە. لە کاتێکدا سیاسی و سەرۆک و میدیاکارەکان بەهەشتێکمان پیشان دەدەن، ڕاستی لە بیچمی دۆزەخێکدا دێتە قسە.
لێرەدا پێویستە بگەڕێینەوە بۆ خودی چەمکی مەراییکردن: مەراییکردن جیاوازە لە ڕێزگرتن. ڕێزگرتن بەو مانایەیە کە تۆ شایستەیی و دەستکەوتی کەسێک دەناسیت و دانی پێدا دەنێیت، بەڵام مەراییکردن ئەوەیە کە تۆ بە مەبەستی ڕازیکردنی کەسێک، ئەوەی شایستەیەتی و ئەوەی شایستەی نییەتی پێکەوە دەخەیتە ناو ستایشێکی بێسنوورەوە. کەسێک دەتوانێت ڕێز لە مەسعود بارزانی، پاڤڵ تاڵەبانی، نێچیرڤان بارزانی یان هەر سەرکردەیەکی دیکە بگرێت و لە هەمان کاتدا ڕەخنەی توندیان لێ بگرێت. ئەمە هیچ ناکۆکییەکی تێدا نییە. بەڵام مەراییکەر ناتوانێت ئەم دوو کارە پێکەوە بکات، چونکە ڕەخنەگرتن بەرژەوەندییەکانی دەخاتە مەترسییەوە. بۆیە مەراییکردن لە بنەڕەتدا پەیوەندی بە نایەکسانیی هێزەوە هەیە. ئەو کەسەی دەسەڵاتی کەمترە، بە ستایشکردنی ئەوەی دەسەڵاتی زیاترە هەوڵ دەدات پێگەی خۆی بپارێزێت یان بەرز بکاتەوە.
٢. لە کۆنفرانسی مێریدا پاڤڵ تاڵەبانی مەرایی بۆ مەسعود بارزانی کرد و بەو دەربڕینە سەرنجڕاکێشەی «بڕنۆکەم هەر دەوێت» ئاستی نزیکی و ڕێزی خۆی بۆ ئەو دەربڕی. نێچیرڤان بارزانی بە زمانی ستایش و مەراییکردن باسی پاڤڵ تاڵەبانی کرد. قوباد تاڵەبانی ستایشی پاڤڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی کرد و مەرایی بۆ کردن. لە هەمان کاتدا سەرکردە سیاسییە کوردەکان بە زمانی ستایش و مەرایی باسی دەوڵەتی عێراق و سوریا و تورکیایان کرد و یەک وشەیان لەبارەى ستەمکارییان لەبارەى کوردەکانەوە نەگوت.. ئەوەی لێرەدا جێی سەرنجە، تەنها ئەوە نییە کە کێ مەرایی بۆ کێ دەکرد، بەڵکو ئەوەیە کە زمانی ستایش و مەراییکردن بووە زمانێکی هاوبەشی سیاسی. ئەوانەی ساڵانێکە ناکۆکیی سیاسی و حزبییان هەیە، لەسەر شانۆی کۆنفرانسەکەدا بە جوانترین وشە باسی یەکتر دەکەن. ئەمە بۆ خۆی شتێکی خراپ نییە؛ تەنانەت ئاشتبوونەوە و نزیکبوونەوەی سیاسی دەتوانێت زۆر گرنگ بێت. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئەگەر ئەم هەموو ڕێز و خۆشەویستییە لە نێوان سەرکردەکاندا هەیە، بۆچی ئەم هەموو کێشە سیاسی و ئیداری و ئابوورییە چارەسەر نەکراوە؟ بۆچی ئەم خۆشەویستییە لە کاتی دابەشکردنی دەسەڵات و بەرژەوەندییەکاندا دەگۆڕێت بۆ ناکۆکی، بەڵام لەسەر شانۆکاندا دەبێتە نموونەیەکی بێوێنەی برایەتی؟
٣. لە ڕاستیدا، ئەوەی لەم جۆرە کۆبوونەوانەدا دەبینرێت، جۆرێکە لە شانۆی سیاسی: هەر کەسێک ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت و هەر کەسێک دەزانێت چ وشەیەک بەکار بهێنێت بۆ ئەوەی دڵی ئەوی دیکە خۆش بکات. بەڵام ئەگەر ئەم هەموو ستایشە لەسەر بنەمای بڕوابوون بە یەکتر بێت، ئەوا پێویستە ئەنجامەکانی لە ژیانی سیاسی و ڕۆژانەی هاووڵاتیاندا ببینرێت و ڕەنگ بداتەوە. ئەگەر سەرکردەکان یەکتریان خۆش دەوێت، با ئەو خۆشەویستییە لە یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە، ڕێکخستنی دامەزراوەکان، کۆتاییهێنان بە دووئیدارەیی، چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و بەهێزکردنی یاسادا دەربکەوێت. کۆمەڵگە پێویستی بە خۆشەویستییەکی سیاسی هەیە کە ئەنجامی هەبێت، نەک خۆشەویستییەک کە تەنها لە میکرۆفۆنەکانەوە دەبیسترێت. ئەگەر ستایشەکان نەبنە کردار، ئەوا تەنها دەبنە بەشێک لەو زمانە سیاسییەی کە ساڵانێکە خەڵک گوێیان لێی بووە. ئەوەی لەم هەموو مەراییکردنەدا ون دەبێت، خودی مرۆڤە: هاووڵاتییەک کە چاوەڕێی مووچەکەیەتی، گەنجێک کە ساڵانێکە بەدوای کاردا دەگەڕێت، نەخۆشێک کە توانای دابینکردنی خەرجیی چارەسەری نییە، خێزانێک کە لە هاویندا کێشەی ئاو و کارەبای هەیە، ئەمانە لە کوێی ئەم هەموو ستایشانەدان؟ بۆچی ئەو هەموو کەسایەتییە گەورانە کە لەسەر شانۆکاندا یەکتر گەورە دەکەن، ناتوانن کێشە سەرەکییەکانی ژیانی خەڵک چارەسەر بکەن؟ ئەگەر ئەو هەموو دانایی و تواناییەی کە لە ستایشەکاندا باس دەکرێت بەڕاستی هەبێت، ئەوا دەبێت ئەنجامەکانی لە ژیانی خەڵکدا دەربکەون. چونکە گەورەیی سیاسەتمەدار بە ژمارەی ئەو کەسانە ناپێورێت کە ستایشی دەکەن، بەڵکو بە ژمارەی ئەو کێشانە دەپێورێت کە چارەسەری کردوون.
٤. بەڵام مەراییکردن تەنها لە نێوان سەرکردە سیاسییەکاندا نەماوەتەوە: لە کۆنفرانسەکەدا هەندێک میدیاکار و بەڕێوەبەری دیبەتەکانیش بە شێوازێک مامەڵەیان لەگەڵ میوانەکانیان دەکرد کە زیاتر لە ستایشکردن و مەراییکردن دەچوو نەک پرسیارکردن. لێرەدا کێشەیەکی گەورە هەیە، میدیاکار نابێت ببێتە بەشێک لە دەستەی مەراییکەرانی دەسەڵات. ئەو دەبێت نوێنەری پرسیاری کۆمەڵگە بێت. کاتێک میدیاکارێک لە بەرامبەر سەرکردەیەکدا دادەنیشێت، ئەرکی ئەوە نییە پێی بڵێت چەندە گەورە و دانا و مێژووییە، بەڵکو دەبێت لێی بپرسێت: چیت کردووە؟ چیت نەکردووە؟ بۆچی ئەو بەڵێنانەی داوتە نەهاتنە دی؟ بۆچی ئەم هەموو کێشەیە هێشتا ماوە؟ ئەگەر ڕۆڵى میدیاکار لە پرسیارکردنەوە بگۆڕێت بۆ ستایشکردن، ئەوا میدیا لە دەسەڵاتی چوارەمەوە دەگۆڕێت بۆ بەشێک لە دەسەڵاتی یەکەم. لەو کاتەدا چیتر میدیا چاوی کۆمەڵگە نییە، بەڵکو دەبێتە ئاوێنەیەک کە دەسەڵات تەنها وێنەی جوانی خۆی تێدا دەبینێت.
٥. هەر لەو کۆنفرانسەدا، ستایشەکانی سەرۆکی زانکۆی ئەمەریکی بۆ نێچیرڤان بارزانی نموونەیەکی دیکەی ئەو دیاردەیە بوو کە دەبێت لەسەری بوەستین. من لێرەدا کێشەم لەگەڵ ڕێزگرتن لە سەرکردەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو لەگەڵ ئەوەیە کە بەرپرسیاری دامەزراوەیەکی ئەکادیمی دەبێت لە هەمووان زیاتر ئاگاداری سنووری نێوان ڕێزگرتن و مەراییکردن بێت. زانکۆ شوێنی بەرهەمهێنانی زانست و پرسیارە، نەک شوێنی بەرهەمهێنانی ستایش. سەرۆکی زانکۆ دەبێت لەسەر ئاستی زانستی، سەربەخۆیی ئەکادیمی، توێژینەوە و داهاتووی خوێندنی باڵا قسە بکات. ئەگەر زانکۆش بێتە ناو پێشبڕکێی ستایشکردنی دەسەڵات، ئەوا قوتابییەکان چ فێر دەبن؟ فێری ئەوە دەبن کە بۆ پێشکەوتن پێویستە بیر بکەنەوە و پرسیار بکەن، یان پێویستە بزانن چۆن دڵى خاوەن دەسەڵاتێک خۆش بکەن؟ مەترسییەکە لێرەدایە، چونکە مەراییکردن لە زانکۆدا تەنها ڕەفتارێکی کەسی نییە، بەڵکو دەتوانێت ببێتە نەریتێکی پەروەردەیی. ئەو شێوازەی سەرۆکی زانکۆی ئەمەریکی لە ستایشکردنی نێچیرڤان بارزانیدا بەکاری هێنا، پرسیارێکی گرنگ لەبارەی سەربەخۆیی ئەکادیمی و سنووری نێوان ڕێزگرتن و مەراییکردن دروست دەکات، سەرۆکی زانکۆیەک دەبێت لە هەمووان زیاتر ئاگاداری ئەو سنوورە بێت.
٦. بەڵام لە نێوان ئەم هەموو مەراییکردنەدا، ڕۆڵی دکتۆر دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی دامەزراوەی مێری، جێی سەرنجێکی تایبەتە: بە بڕوای من، ئەو لەم کۆنفرانسەدا بووە یەکێک لە گەورەترین نوێنەرانی کولتووری مەراییکردن. ئەوەی لە شێوازی قسەکردن و ستایشەکانی ئەودا دەبینرا، ئەو پرسیارەی دروست دەکرد کە ئایا ئەرکی سەرۆکی دامەزراوەیەکی توێژینەوەیی ئەوەیە هەموو سەرکردەکان ڕازی بکات؟ دامەزراوەی مێری دەبوو شوێنێک بێت بۆ ئەوەی سیاسەتمەداران لە بەرامبەر پرسیارە سەختەکاندا دابنیشێن، نەک شوێنێک بۆ ئەوەی بە جوانترین وشە ستایش بکرێن. دکتۆر عەلائەدین، وەک کەسێکی ئەکادیمی و سەرۆکی دامەزراوەیەکی توێژینەوەیی، دەبوو لە هەمووان زیاتر هەوڵ بدات ئەو مەودایە بپارێزێت کە لە نێوان زانست و دەسەڵاتدا هەیە. کاتێک ئەو مەودایە کەم دەبێتەوە، دامەزراوەی توێژینەوە لە شوێنی بەرهەمهێنانی ڕەخنەوە دەگۆڕێت بۆ شوێنی بەرهەمهێنانی ڕەزامەندی. ئەمەش لە هەموو شتێک مەترسیدارترە، چونکە ئەگەر سیاسەتمەدار مەرایی بکات، دەکرێت لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی سیاسییدا تێی بگەین، بەڵام ئەگەر ڕووناکبیر و ئەکادیمی مەرایی بکات، ئەوا کێ دەمێنێتەوە بۆ ڕەخنەکردنی سیاسەتمەدار؟
٧. ئەم هەموو نموونانە پرسیارێکی سادە، بەڵام زۆر گرنگ دروست دەکات: کێ نەما مەرایی بۆ کێ نەکات؟ ئەگەر سەرکردە مەرایی سەرکردە بکات، جێگر مەرایی سەرۆک بکات، سەرۆکی زانکۆ مەرایی سیاسەتمەدار بکات، میدیاکار مەرایی میوان بکات و سەرۆکی دامەزراوەی توێژینەوەش مەرایی هەمووان بکات، ئەوا کێ دەبێت ڕاستی بڵێت؟ کێ دەبێت لە بەرامبەر ئەم هەموو ستایشەدا بوەستێت و بڵێت: بەسە، با جارێکیش باس لە کێشەکانی خەڵک بکەین؟ با جارێکیش ئەوە بپرسین کە لە پشت ئەم هەموو وشە جوانانەوە چ ڕاستییەک هەیە؟ ئەگەر هەمووان دەبنە ستایشکاری یەکتر، ئەوا هاووڵاتی دەبێتە ئەو کەسەی کە هیچ کەسێک نوێنەرایەتیی پرسیارەکانی ناکات.
٨. بەڵام هەموو مەراییکەرێک هەمان کارەکتەری نییە: هەندێکیان لە ترسدا مەرایی دەکەن، هەندێکیان بۆ بەرژەوەندی، هەندێکیان بۆ پاراستنی پۆست و هەندێکیانیش مەراییکردنیان کردووەتە پیشە. مەراییکەری ترساو دەترسێت ئەگەر ڕاستی بڵێت، ئەوەی هەیەتی لەدەستی بدات. مەراییکەری بەرژەوەندیخواز دەزانێت بە ستایشکردن دەتوانێت دەرفەتێکی نوێ بەدەست بهێنێت. مەراییکەری پیشەییش هەمیشە لەگەڵ ئەو کەسەیە کە دەسەڵاتی هەیە. ئەگەر ئەمڕۆ سەرکردەیەک لە دەسەڵاتدا بێت، ئەو گەورەترین مرۆڤی مێژووە؛ ئەگەر سبەی سەرکردەیەکی دیکە جێگەی بگرێتەوە، هەمان وشە و نازناو بۆ ئەوی نوێ بەکار دەهێنێت. ئەم جۆرە کەسایەتییە بەهایەکی جێگیریان نییە، چونکە بەهاکانیان بە پێی شوێنی دەسەڵات دەگۆڕێت: ئەو لەگەڵ ڕاستی نییە، بەڵکو لەگەڵ بەهێزە.
مەراییکردن کاریگەرییەکی قووڵیشى لەسەر ئەخلاقی گشتیی کۆمەڵگە هەیە: کاتێک خەڵک دەبینن کە کەسانی مەراییکەر پۆست و دەرفەت بەدەست دەهێنن، بەڵام کەسانی ڕاستگۆ و سەربەخۆ لە پەراوێزدا دەمێننەوە، ئەوا پەیامێکی مەترسیدار بۆ نەوەی نوێ دەنێردرێت: بۆ سەرکەوتن پێویست ناکات باشترین بیت، بەڵکو پێویستە باشترین مەراییکەر بیت، ئەمەش بە شێوەیەکی هێواش پێوەرە ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگە دەگۆڕێت. ڕاستگۆیی دەبێتە سادەیی، سەربەخۆیی دەبێتە سەرەڕۆیی، ڕەخنەکردن دەبێتە نەزانین و مەراییکردن دەبێتە زیرەکی. لەو کاتەدا کۆمەڵگە بەهای ئەو مرۆڤانە کەم دەکاتەوە کە بوێریی گوتنی ڕاستییان هەیە و بەهای ئەوانە بەرز دەکاتەوە کە باشتر دەزانن چۆن لەگەڵ دەسەڵاتدا بجووڵێنەوە.
٩. مەترسیدارترین جۆری مەراییکەر، مەراییکەری خوێندەوار و ڕووناکبیرە: چونکە ئەو تەنها بە وشەی جوان مەرایی ناکات، بەڵکو زانیاری و ئەزموون و توانای شیکردنەوەی خۆشی دەخاتە خزمەتی ستایشکردنەوە. دەتوانێت بۆ هەڵەیەکی سیاسی پاساوێکی مێژوویی بدۆزێتەوە، بۆ شکستێکی ئابووری ڕوونکردنەوەیەکی زانستی دروست بکات و بۆ بڕیارێکی نادادپەروەرانە ناوی بەرژەوەندیی نیشتمانی بەکار بهێنێت. لێرەدا زانیاری چیتر ئامرازی ڕوونکردنەوەی ڕاستی نییە، بەڵکو دەبێتە ئامرازی شاردنەوەی. ئەوەش یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەوەی مەراییکردنی ڕووناکبیر لە مەراییکردنی کەسێکی ئاسایی زیاتر زیان بە کۆمەڵگە دەگەیەنێت. چونکە خەڵک چاوەڕێی ئەوە لە ڕووناکبیر دەکەن کە ئەوە بڵێت کە سیاسەتمەدار حەزی لە بیستنی نییە، نەک ئەوەی سیاسەتمەدار دەیەوێت بیبیستێت.
١٠. ئەم دیاردەیە تەنها تایبەت بە کوردستان نییە: لە زۆرێک لە سیستەمە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە دەسەڵات زیاتر لە دەوری کەسایەتی و بنەماڵە و حزب کۆدەبێتەوە، مەراییکردن دەبێتە بەشێک لە میکانیزمی بەڕێوەبردن. لەو سیستەمانەدا نزیکی لە سەرکردەوە دەتوانێت گرنگتر بێت لە شایستەیی و گوێڕایەڵی دەتوانێت گرنگتر بێت لە پسپۆڕی. ئەوەی دەبێت لە ڕێگەی یاسا و دامەزراوەکانەوە بەدەست بهێنرێت، لە ڕێگەی پەیوەندیی کەسییەوە بەدەست دەهێنرێت. لەم بارودۆخەدا مەراییکردن دەبێتە جۆرێک لە دراو؛ کەسێک ستایش دەدات و لە بەرامبەردا پۆست، پاراستن، دەرفەت یان نزیکی لە دەسەڵات وەردەگرێت. ئەمەش بە مانای ئەوەیە کە مەراییکردن تەنها کێشەیەکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو کێشەیەکی سیاسی و دامەزراوەییە. سیستەمێک کە مەراییکردن پاداشت بکات، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕاستگۆیی سزا دەدات.
١١. ئەگەر جیاکردنەوەکەی ماکس ڤێبەر لە نێوان سێ جۆری ڕەواییی دەسەڵات وەک چوارچێوەیەکی شیکاری بەکار بهێنین، دەتوانین لە پەیوەندیی نێوان مەراییکردن و کەسیبوونی دەسەڵات تێبگەین. ئەوەی لێرەدا گرنگە، نەک ئەوەی ڤێبەر خۆی تیۆریی مەراییکردنی داڕشتبێت، ئەوەیە کە لە سیستەمە کەسییەکاندا پابەندی بە سەرکردەوە دەتوانێت لە پابەندی بە ڕێسا و دامەزراوەکانەوە گرنگتر بێت. ئەگەر ئەم جیاوازییە بخەینە بەرامبەر کولتووری مەراییکردنەوە، دەبینین کە مەراییکردن زۆرجار لەو شوێنانەدا گەشە دەکات کە دەسەڵاتی کەسی بەسەر دەسەڵاتی دامەزراوەییدا زاڵ دەبێت. لە سیستەمێکی دامەزراوەییدا بەرپرس دەبێت پابەندی یاسا و ڕێسا بێت، بەڵام لە سیستەمێکی کەسییدا بەرپرس هەوڵ دەدات پابەندی خواستی سەرکردە بێت. لە یەکەمدا پسپۆڕی و بەرپرسیارێتی گرنگن، لە دووەمدا نزیکی و گوێڕایەڵی. لە یەکەمدا هەڵە دەبێت ئاشکرا و ڕاست بکرێتەوە، لە دووەمدا دەبێت بشاردرێتەوە بۆ ئەوەی کەسێکی بەدەسەڵات تووڕە نەبێت. ئەمەش ئەو خاڵەیە کە مەراییکردن لە ڕەفتارێکی تاکەکەسییەوە دەگۆڕێت بۆ نەخۆشییەکی دامەزراوەیی.
١٢. لە هەرێمی کوردستاندا ئەم کێشەیە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە تێکەڵبوونی حزب و حکومەت و دامەزراوەکانەوە هەیە. کاتێک بەرپرسیارێک پۆستەکەی زیاتر بە پشتیوانیی حزبی بەدەست بهێنێت نەک بە شایستەیی، ئەوا هەست دەکات قەرزداری ئەو کەسەیە کە پۆستەکەی پێ بەخشیوە. لەو کاتەدا بەرپرسیارێتیی ئەو لە بەرامبەر هاووڵاتی و یاسادا لاواز دەبێت و پابەندییەکەی بۆ سەرکردە بەهێز دەبێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی دامەزراوەکان وردەوردە لە ناوەڕۆکی خۆیان بەتاڵ ببن. بەرپرسیارەکان لەبری ئەوەی لەسەر ئەنجامی کارەکانیان هەڵبسەنگێنرێن، لەسەر ئاستی دڵسۆزی و نزیکییان لە سەرکردە هەڵدەسەنگێنرێن. بەو شێوەیە دەوڵەت لە دامەزراوەیەکی گشتییەوە دەگۆڕێت بۆ تۆڕێک لە پەیوەندییە کەسی و حزبییەکان.
١٣. بەڵام مەراییکردن تەنها مەراییکەر تێک نادات، بەڵکو سەرکردەش تێک دەدات: سەرکردەیەک کە هەمیشە دەنگی ستایش دەبیستێت، وردەوردە توانای بیستنی ڕەخنە لەدەست دەدات. لە سەرەتادا ڕەنگە بزانێت کە هەموو ئەو وشە جوانانە ڕاست نین، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات خۆی دەبێتە باوەڕمەندی ئەو وێنەیەی کە دەوروبەرەکەی بۆیان دروست کردووە. ئەو چیتر کۆمەڵگە وەک خۆی نابینێت، بەڵکو لە ڕێگەی چاوی مەراییکەرەکانەوە دەیبینێت. ئەگەر خەڵک ناڕازی بن، پێی دەگوترێت خەڵک ڕازین. ئەگەر کێشەیەک هەبێت، پێی دەگوترێت کێشەکە بچووکە. ئەگەر بڕیارێک هەڵە بێت، کەس نایەوێت هەڵەکەی پێ بڵێت. لە کۆتاییدا سەرکردە لە جیهانێکی ساختەدا دەژی، جیهانێک کە مەراییکەرەکان بۆیان دروست کردووە. لێرەدا مەراییکردن دەبێتە جۆرێک لە گەمارۆدانی سەرکردە بە وشەی جوان.
١٤. لێرەدا پرسیارێکی دیکەش دێتە ئاراوە: ئایا مەراییکەرەکان خۆیان باوەڕیان بەوە هەیە کە دەیڵێن؟ من گومان دەکەم هەموویان باوەڕیان پێی هەبێت. هەندێکیان بە باشی دەزانن ئەوەی دەیڵێن لەگەڵ ڕاستی یەک ناگرێتەوە، بەڵام دەیڵێن چونکە قازانجیانى تێدایە. هەندێکی دیکەش لەوانەیە بە درێژایی کات باوەڕیان بە درۆکانی خۆیان هێنابێت. ئەمەش قۆناغێکی مەترسیدارە، چونکە وەک لە (نیتشە)وە فیربووین: کاتێک مرۆڤ بەردەوام درۆیەک دووبارە دەکاتەوە، لەوانەیە وردەوردە خۆشی نەتوانێت جیاوازی لە نێوان ڕاستی و درۆکەدا بکات. لەم بارودۆخەدا مەراییکردن چیتر تەنها ڕەفتارێکی دەرەکی نییە، بەڵکو دەبێتە بەشێک لە کەسایەتیی مرۆڤ. ئەو کەسەی هەمیشە بۆ ڕازیکردنی ئەوانی دیکە قسە دەکات، لە کۆتاییدا دەکرێت توانای ئەوە لەدەست بدات کە بە زمانی خۆی قسە بکات.
١٥. مەراییکردن کاریگەرییەکی قووڵیشى لەسەر ئەخلاقی گشتیی کۆمەڵگە هەیە: کاتێک خەڵک دەبینن کە کەسانی مەراییکەر پۆست و دەرفەت بەدەست دەهێنن، بەڵام کەسانی ڕاستگۆ و سەربەخۆ لە پەراوێزدا دەمێننەوە، ئەوا پەیامێکی مەترسیدار بۆ نەوەی نوێ دەنێردرێت: بۆ سەرکەوتن پێویست ناکات باشترین بیت، بەڵکو پێویستە باشترین مەراییکەر بیت، ئەمەش بە شێوەیەکی هێواش پێوەرە ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگە دەگۆڕێت. ڕاستگۆیی دەبێتە سادەیی، سەربەخۆیی دەبێتە سەرەڕۆیی، ڕەخنەکردن دەبێتە نەزانین و مەراییکردن دەبێتە زیرەکی. لەو کاتەدا کۆمەڵگە بەهای ئەو مرۆڤانە کەم دەکاتەوە کە بوێریی گوتنی ڕاستییان هەیە و بەهای ئەوانە بەرز دەکاتەوە کە باشتر دەزانن چۆن لەگەڵ دەسەڵاتدا بجووڵێنەوە.
١٦. ئەوەی پێویستە لێرەدا بگوترێت، ئەوەیە کە کۆمەڵگەیەک ناتوانێت بە مەراییکردن پێش بکەوێت: هیچ دامەزراوەیەک بە ستایشکردنی بەڕێوەبەرەکەی بەهێز نابێت و هیچ دەوڵەتێک بە گەورەکردنی سەرکردەکانی کێشەکانی چارەسەر ناکات. پێشکەوتن پێویستی بە ڕاستگۆیی، لێپرسینەوە، شایستەیی و بوێریی ڕەخنەکردن هەیە. سەرکردەیەکی باش ئەوە نییە کە هەمووان ستایشی بکەن، بەڵکو ئەوەیە کە بتوانێت ڕەخنە ببیستێت و لە هەڵەکانی خۆی فێر بێت. دامەزراوەیەکی باش ئەوە نییە کە بەڕێوەبەرەکەی لە هەموو کۆبوونەوەیەکدا ستایش بکرێت، بەڵکو ئەوەیە کە بتوانێت بەبێ پشتبەستن بە کەسایەتییە دیارەکان کار بکات و بەردەوام بێت. میدیایەکی باشیش ئەوە نییە کە باشترین وێنەی دەسەڵات پیشان بدات، بەڵکو ئەوەیە کە بتوانێت ئەو ڕاستییانە ئاشکرا بکات کە دەسەڵات حەزی لە بینینیان نییە.
١٧. لە کۆتاییدا، ئەوەی لە کۆنفرانسی مێریدا بینیمان دەبێت ببێتە هۆی بیرکردنەوە لە پرسیارێکی گەورەتر: ئایا ئێمە لە هەرێمی کوردستاندا خەریکی دروستکردنی دامەزراوەین، یان خەریکی گەورەکردنی کەسایەتییەکان؟ ئایا دەمانەوێت سیستەمێکی سیاسی هەبێت کە لەسەر بنەمای یاسا و بەرپرسیارێتییەوە کار بکات، یان سیستەمێک کە تێیدا هەموو کەسێک هەوڵ بدات دڵی کەسێکی بەدەسەڵات خۆش بکات؟ ئەگەر ئامانجمان دروستکردنی دەوڵەتێکی بەهێز بێت، دەبێت ئەم کولتوورە بگۆڕین. پێویستە فێری ئەوە بین کە ڕێزگرتن لە سەرکردە بە مانای بێدەنگبوون لە بەرامبەر هەڵەکانیدا نییە. دەبێت سەرکردەکانیش فێری ئەوە بن کە ئەو کەسەی ڕاستییان پێ دەڵێت، لەوانەیە دڵسۆزتر بێت لەو کەسەی هەمیشە ستایشیان دەکات و مەراییان بۆ دەکات..
١٨. سەردەمی مەراییکەران ئەو سەردەمەیە کە تێیدا هەمووان قسە دەکەن، بەڵام کەم کەس ڕاستی دەڵێت. هەمووان یەکتر گەورە دەکەن، بەڵام لە نێوان ئەو هەموو گەورەکردنەدا، ئەوەی بچووک دەبێتەوە هاووڵاتییە. مەراییکەر دەتوانێت سەرکردەیەک گەورە بکات، بەڵام ناتوانێت بە گەورەکردنی ئەو کێشەیەکی خەڵک چارەسەر بکات. دەتوانێت هۆڵێک پڕ بکات لە چەپڵە و هەراوزەنا، بەڵام ناتوانێت بە چەپڵە بێکاری کەم بکاتەوە، بە هەراوزەنا مووچە دابین بکات یان بە ستایش نەخۆشخانە و قوتابخانە باشتر بکات. ئەوەی لە سەردەمی مەراییکەراندا لەدەست دەچێت، تەنها ڕاستی نییە، بەڵکو شەرەفی وشە و سەربەخۆیی مرۆڤیشە. مەترسیی گەورە ئەوە نییە کە مەراییکەرێک درۆ دەکات، بەڵکو ئەوەیە کە کۆمەڵگەیەک وردەوردە ڕاهێنرێت ڕاستگۆیی بە سادەیی و مەراییکردن بە زیرەکی بزانێت. لەو کاتەدا چیتر پرسیارەکە ئەوە نییە کە کێ مەرایی بۆ کێ دەکات؛ پرسیارەکە ئەوەیە کە کێ هێشتا بوێریی ئەوەی ماوە ڕاستی بڵێت؟
لە ڕاستیدا، ئەوەی مەراییکەرەکان لێی دەترسن، ڕاستییە؛ چونکە ڕاستی پێویستی بە مەراییکەر نییە، ڕاستی بە چەپڵەلێدان گەورە نابێت و بە بێدەنگی بچووک نابێتەوە. ئەو هەمیشە ڕێگەیەک بۆ دەرکەوتنی خۆی دەدۆزێتەوە، تەنانەت ئەگەر هەموو میکرۆفۆنەکانیش بخرێنە خزمەتی مەراییکردنەوە.
سیاسەت دەتوانێت هەمیشە بە درۆ بەهەشتێکمان پیشان بدات، بەڵام ڕاستیی ژیان، لە بیچمی دۆزەخێکدا، هەردەم دێتە قسە. خۆزگە مەراییکردن دەیگەیاندین بە سیاسەتێکى ڕاستەقینە، ئەوسا مەرایی جێى دەستخۆشى دەبوو..
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی