سەقامگیری بە میرات بۆ وڵاتان نامێنێتەوە، بەڵکو لەلایەن ئەو سەرکردانەوە
بونیاد دەنرێت، کە ڕێگە سەختەکە هەڵدەبژێرن، ئەمە دواین نووسینی تۆم باراک نێردەی ئەمریکایە
بۆ کاروباری سوریا و عێراق، کە لەپاش کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی زەیدی بڵاوی کردەوە.
بیگومان ئەم قسانە تەنیا روتینێکی دیبلۆماسی و بەخششێکی بێبەرامبەر نیە،
بە دڵنییایەوە مەبەست و کۆدی ئاڵۆزی لەپشتەوەیه، بەکوردییەکەی خۆمان ئـەم ماستە بێ موو نیە، بۆیە پێویستە لە ڕووکەشی
ئەم دەربڕینانە تێپەڕین و لە ڕوانگەی واقیعی ئێستای عێراق و بەرژەوەندییەکانی واشنتۆنەوە
لێکیان بدەینەوە، بزانین باراک باسی کام سەقامگیری و کام ڕێگەی سەختی پێش زەیدی دەکات؟
ئەگەر ستایشەکانی باراک لە بەرامبەر کارنامەی پێنج مانگی ڕابردووی حکومەتەکەی
زەیدیدا بخەینە تەرزاوی هەڵسەنگاندنەوە بێگومان بەریەککەوتنێکی ئاشکرا لە نێوان ئەو
پێداهەڵدانە و دۆخی ئێستای عێراق و واقیعە
ئابوورێکەی دەبینین، چونکە تا ئێستا دیارترین هەنگاوی ئەم حکومەتە، بەرزکردنەوەی نرخی
دۆلار و دابەزاندنی بەهای دینار بووە لە ژێر پاساوی کەمبوونەوەی داهاتی نەوت و تەنگژەی
داراییدا، ئەم بڕیارەش نە زادەی ستراتیژییەکی نوێی ئابوورییە و نە چارەسەرێکی کۆنکرێتیشە
بۆ قەیرانە داراییەکانی وڵات، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ هەمان میکانیزمەکانی ڕابردوو، کە
لەبری چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکان، بارگرانی کەلێنی داهاتی دەوڵەت دەخاتە سەر شانی
خەڵک، لێرەشدا پرسیارەکیتر دێتە پێشەوە، ئەگەر سەقامگیری بە توانای پاراستنی بەهای
دراو و ئاسایشی ئابووریی هاووڵاتیان پێوانە بکرێت، ئەوا باراک ستایشی کام سەقامگیری
دەکات؟
کەواتە لەم خاڵەدا ڕوون دەبێتەوە، ئەو ڕێگە سەختەی پێش زەیدی، کە باراک
وەک بەدیهێنانی سەقامگیری باسی دەکات، ڕێگەیەکە بەرەو بەدیهێنانی بەرژەوەندی و ئەولەویەتە
ستراتیژییەکانی واشنتۆن، نەک ئەو ئیستیقرارە ئابووری و سیاسییەی، هاووڵاتی عێراقی خەونی
پێوە دەبینێت و چاوەڕوانی دەکات.
خواستەکانی ئەمریکاش لە عێراقدا شاراوە نین، لە کۆتاییهێنان بە ڕۆڵی گرووپەکان
لە دەرەوەی دەسەڵاتی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت و سنووردارکردنی نفووزی ئێران لە
هاوکێشە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانی وڵاتەکە دەست پێدەکات، تا دەگاتە فراوانکردنی
دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و پتەوکردنی پێگەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە کەرتی وزە و ژێرخانە
ستراتیژییەکاندا، بۆیە ستایشەکانی باراک دەکرێت وەک هاندانی زەیدی لە پێناو جێبەجێکردنی
ئەو خواستانە لێکبدرێنەوە، نەک هەڵسەنگاندنێکی ڕاستەقینە بۆ سەرکەوتنی حکومەتی بەغداد
لە باشترکردنی گوزەران و ژیانی خەڵک.
لێرەدا خاڵێکی گرنگ هەیە بۆ ئەمریکا، سەقامگیری عێراق گریدراوە بە توانای
حکومەتی بەغدادەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک، سنووردارکردنی هەژموونی ئێران و پاراستنی بەرژەوەندییە
ستراتیژییەکانی واشنتۆن، بۆ هاووڵاتی عێراقیش، سەقامگیری پێش هەر شتێک بەمانای پاراستنی
بەهای دینار، باشترکردنی گوزەران و دەستەبەرکردنی
خزمەتگوزارییەکان دیت، ئەم دوو خواستەش لە هەندێک خاڵدا دەتوانن یەک بگرنەوە، بەڵام ناڕژێنە ئاشی یەک ئامانجەوە.
لەکۆتایی ئەم شرۆڤەدا ئەوە ڕوونە، کە ستایشەکانی تۆم باراک زیاتر لە پاڵەپەستۆیەکی
دیپلۆماسیی بۆ بردنەپێشی ئەولەویەتەکانی واشنتۆن دەردەکەوێت، نەک هەڵسەنگاندنێکی ڕاستەقینە
بۆ سەرکەوتنی حکومەتی ئێستای عێراق، بۆیە گرنگ ئەوە نییە باراک چەندێک ستایشی زەیدی
دەکات، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە، لە پشت ئەم ستایشانەوە واشنتۆن چی دەوێت و لە بەرامبەردا
چی دەدات؟ قۆناغی داهاتوو تاقیکردنەوەیەکی سەخت دەبێت بۆ زەیدی، کە ئایا دەتوانێت ئەم
لێکنزیکبوونەوەیە بکاتە دەرفەتێک بۆ سەقامگیری و ڕاگرتنی باڵانس لە نێوان داواکارییەکانی
ئەمریکا و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی عێراقدا وەک وتراوە (نە شیش بسوتێ و نە کەباب)،
یان تەنیا دەبێتە ئامرازێک بۆ تێپەڕاندنی ئەجێنداکانی واشنتۆن و و فراوانبوونی هەژموونی
ئابووری و دیپلۆماسیی ئەو وڵاتە لەگوڕەپانی عێراقدا، ئیتر خودا بەخێری بگێڕێت، ئەوە
باراکە و ئەمیش عێراق.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی