ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جارێکی تر لە
قۆناغێکی هەستیار و پڕ مەترسیدایە. شەڕی هێزەکان، گۆڕانی هاوپەیمانییەکان و
پێکدادانی بەرژەوەندییەکان، نەخشەی داهاتووی ناوچەکەیان خستووەتە ژێر پرسیارەوە.
لەم ناوەندە ئاڵۆزەدا پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە: کورد لە کوێی ئەم هاوکێشەیەدایە؟
خاوەنی بڕیارە یان چاوەڕێی ئەوەیە وەك هەمیشە ئەوانی تر بڕیار لەسەر چارەنووسی
بدەن؟
-کورد لەناو
هاوکێشەکەدایە، بەڵام وەک خاوەنی بڕیار نا
کێشەی کورد گرنگی جوگرافی نییە.
کوردستان لە دڵی ناوچەیەکدایە کە بەرژەوەندی وزە، ئابووری و ئاسایشی جیهانی تێیدا
یەک دەگرنەوە. کێشە ئەوەیە گرنگی جوگرافی بە تەنها نابێتە هێزی سیاسی، ئەگەر
ستراتیژی و یەکگرتوویی و دامەزراوەی بەهێز لە پشتی نەبێت. شانازی بە مێژووی خەبات
ڕێزی هەیە، بەڵام ناتوانێت جێگەی سیاسەتی ڕۆژ بگرێتەوە.
-هەرێمی کوردستان؛ مەترسی دابەشبوونی
ناوخۆیی
مەترسی تەنها لە دەرەوە نییە. دواکەوتنی
پێکهێنانی حکومەت دوای هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری 2024 و ململانێی نێوان پارتی و
یەکێتی، دەیسەلمێنێت کە کێشەی هاوبەشی لە بڕیارداندا چارەسەر نەکراوە. لە کاتێکدا
ناوچەکە لەو پەڕی ئاڵۆزیدایە، ئایا گونجاوە لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن هێشتا
سەرقاڵی دابەشکردنی پۆست بن؟ چۆن داوای ڕێزگرتن لە بڕیاری مافی نەتەوەكەت لە جیهان
دەکەیت، لە کاتێکدا لە ناوخۆدا لەسەر یەکخستنی بڕیاری نیشتمانی ڕێک ناکەوین؟
گومانی تێدانیە كە ئەمریکا، ئێران،
تورکیا؛ هەر یەکە و بەرژەوەندی خۆی هەیە و كاری جدی بۆ دەكەن،
ئاشكرایە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا
هاوپەیمانی بە سۆز دروست نابێت، بە بەرژەوەندی دروست دەبێت. هەر سێ هێزەکە هەژماری
تایبەتی خۆیان بۆ ناوچەکە هەیە. بۆیە کورد نابێت هیچ هێزێک بە پشتیوانێکی هەمیشەیی
بێ مەرج بزانێت. پرسیارەکە ئەوە نییە کورد لەگەڵ کێ بوەستێت، پرسیارەکە ئەوەیە چۆن
لەگەڵ هێزەکاندا مامەڵە بکات بەبێ ئەوەی بەرژەوەندی خۆی بکاتە بەشێک لە بەرژەوەندی
ئەوان.
-چار چیە .؟ کورد دەبێت چی بکات؟
ئەگەر کورد نایەوێت تەنها چاودێر بێت،
ئەوا پێویستە:
1-یەکخستنی بڕیاری نیشتمانی: جیاوازی
حیزبی نابێت ڕێگر بێت لە ڕێککەوتن لەسەر ئاسایش و مافە دەستوورییەکان.
2-دامەزراوەی بەهێز: دەسەڵاتەکان دەبێت
لە چوارچێوەی یاسا کار بکەن، نەک دەسەڵاتی پارچەپارچە.
3-دیپلۆماسی واقیعی: پەیوەندی لەگەڵ
واشنتن، بەغدا، ئەنقەرە و تاران دەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی کورد بێت.
ئامادەکاری بۆ قەیران: لە بواری ئابووری
و وزە و ئاسایشدا پلانی دامەزراوەیی پێویستە.
-دەرئەنجام: کاتێک ناوچەکە دەکوڵێت، هیچ
هێز و نەتەوەیەك بە دروشم بازی ناگەتە ئامانج. ئەوانەی دەنگیان لە سەر مێزی
بڕیاردا دەبیسترێت، ئەوانەن کە توانای ڕێکخستن و پاراستنی بەرژەوەندییان هەیە.
ئەگەر بڕیارە کورد دابەش بێت و بەرژەوەندی حیزبی لە سەرووی بەرژەوەندی گشتی بێت،
ئەوە گرنگی جوگرافی ناتوانێت داهاتووی کورد بپارێزێت.
ئاشكرایە پرسیارەکە بۆ داهاتوویەکی دوور
نییە، تاقیکردنەوەی ئەمڕۆیە: کورد دەیەوێت خاوەنی دەنگ و بڕیار بێت، یان تەنها
ناوێک بێت لەسەر نەخشەی ئەوانی دیکە.؟
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی