ئەگەر کۆتاییهاتنی
تراژیدیانەی جووڵانەوە نەتەوەییخوازەکەی شێخ عوبەیدوڵای نەهری، حکومەتی کوردستانی
شێخ مەحمود ، کۆماری مەهابادی قازی محەمەد و شۆڕشی ئەیلولی مەلا مستەفا بارزانی تێکشکاندنی
سەربازی و سیاسیی ئەو جووڵانەوانە بووبێ، لەسەر دەستی داگیرکەران و لە ئەنجامیشدا
زیانی زۆری بە ئابووری و دیمۆگرافیای کوردستان گەیاندبێ، ئەوا رووداوەکانی ٣١ ی
ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر، بە هێنانی لەشکری داگیرکەران، بۆ داگیرکردنەوەی کوردستان، لەسەردەستی
نەیارە کوردیەکان، تێکشانێکی روحی و دەروونی گەورەی خەڵکی کوردستانی بەدوای خۆیدا
هێناوە، بە جۆرێکی وا کە نەباوەڕی بەم هێزانە بمێنێ و نە بەخۆیشی.
هێزێکی کوردی بۆ مانەوەی
خۆی و بۆ نابووت کردنی نەیارە کوردەکەی، دەستی داگیرکەر بگرێ ، ئەویان بەهێنانی سپای بەعس، هەولێر لەدەستی یەکێتی دەربێنێ
و (شکۆی پەرلەمان )بشکێنێ و ئەمیان( دڵ و قودسی کوردستان )رادەست کات و هەردوولاشیان
لە لەدەستدانی کەرکوکدا، خۆیان بەدۆڕاو نەزانن ، ئەویان بۆ لەدەستدەرهێنانی کەرکوک
لەدەستی یەکێتی و ئەمیشیان بۆ دەرپەڕاندنی
پارێزگارە لەژێرەوە پارتییەکەی یەکێتی.. ئەوە ئەگەر نەڵێین کە لەدەستدانی کەرکوک و
ناوچە دابڕێنراوەکانی تر ، لە ئەنجامی پەلاماری
سپا و حەشدی شەعبی ، یەک لە لێکەوتەکانی ریفراندۆمی
ناوەخت بوو.. بەمەی ئەو دوو هێزە ، لە ٣١ی
ئاب و لە ١٦ ئۆکتۆبردا کردیان، ناسنامەی نیشتیمانیبوونی
خۆیان ، ئەگەر لەدەستیش نەدابێ، خستیانە ژێر پرسیاری زۆر جدییەوە و میللەتیشیان رووبەرووی تێکشکانێکی روحی و دەروونی
وا کردەوە کە زۆر لە تێکشکانی سەربازی و سیاسی مەترسیدار ترە و ئاسەوارەکەی ، وەک
برینێکی تیراوە، تا زەمەنێکی زۆر بە جەستەی میللەتەوە دەمێنێ..
هەر ئەو تێکشکانەشە کە
وا لە میللەت دەکا هیچ متمانیەکی بە دروشم
و فیشاڵ و بە مەسەلەی یەکێتی و یەکگرتنی هێزە کوردیەکان نەمێنێ ..لەوێشەوە، لەدیدی
هاووڵاتیدا : خاک دەبێ بە خۆڵ و ،
ئاڵا بە پارچەیەک پەڕۆ و ،
یاسا بە قامچی و ،
ئینتیماش بۆ نیشتمان دەبێتە
ئینتیمای مەلێک بۆ ئەو لقە درەختەی کە بۆ چەند چرکەیەکی کەم لەسەری هەڵدەنیشێ و
دواتر جێی دێڵێ و هەرئاوڕیشی لێناداتەوە..
لەوەش خراپتر مەسەلەی
ئازادی وسەربەخۆیی و سەروەری نیشتمانیان لەلا ، لە خەونێکی گەورەوە دەبێتە وەهمێکی
رووت..
ئەم وەهمەش تا ئەو کاتە
بەردەوام دەبێ کە هێزێکی نوێ سەرهەڵدەدا، هێزێک کە پێچەوانەی ئەمانەی ئێستا، بەرژەوەندییەکانی
خەڵک و نیشتمان دەخاتە سەرووی بەرژەوەندییەکانی خێزان و خێڵ و حیزبەوە.
١٦ی ئۆکتۆبەر
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی