بەڕێوەبردنی قەیران لەهەرێمی کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا

بەختیار ئەحمەد ساڵح

کاتێک چالاکی جێگەی ئەنجام دەگرێت
هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا تەنها لەگەڵ زیادبوونی کێشە سیاسی و ئابووری و دامەزراوەییەکاندا دەسو پەنجەى نەرم نەکردووە، بەڵکوو ژمارەی دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی گفتوگۆش لە هەڵکشاندا بووە. ناوەندەكانى توێژینەوە، سەنتەرە ستراتیژییەکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، دامەزراوە میدیاییەکان، پانێڵەکان، سمینارەکان، کۆنگرەکان و کۆبوونەوە ئەکادیمییەکان بەردەوامن بوون لە کارکردن. بە شێوەیەکی سادە، ئەمە دەبێت نیشانەیەکی تەندروستی کۆمەڵگا بێت، بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەمەیە ئایا بە ئەندازەی زیادبوونی گفتوگۆ، گۆڕانکاریش زیاد بووە؟ ئەگەر ژمارەی کۆنگرە و پانێڵ زیاد بێت، بەڵام گەندەڵی بەردەوام بێت، دامەزراوەکان لاواز بن، شەفافیەت کەم بێت، لێپرسینەوە سنووردار بێت، کێشەکانی خزمەتگوزاری دووبارە ببنەوە، و پێشنیارەکانی توێژینەوە نەگەنە بڕیار و جێبەجێکردن ئەوا دەبێت لە خۆمان بپرسین ئایا کۆمەڵگاکەمان زیاتر لەوەی چارەسەر بەرهەم بهێنێت، گفتوگۆ بەرهەم ناهێنێت؟

 قەیرانی هەرێم تەنها کێشەی سیاسی نییە؛ کێشەی بەرهەمهێنانی ئەنجامە. یەکێک لە هەڵە گەورەکان ئەوەیە هەموو شتێک بە قەیرانی سیاسی ناوببرین. قەیرانەکە فراوانترە: قەیرانی بەڕێوەبردن، قەیرانی دامەزراوە، قەیرانی بەرپرسیارێتی، قەیرانی شەفافیەت، قەیرانی متمانەی گشتی.

پیشەسازى گفتوگۆ چییە؟
مەبەست لەو سیستەمەیە کە تێیدا کۆمەڵێک دامەزراوە بەردەوام کۆبوونەوە ساز دەکەن، پانێڵ بەڕێوە دەبەن، کۆنگرە دەکەن، ڕاپۆرت بڵاو دەکەنەوە، میوانی میدیایی بانگهێشت دەکەن، پێشنیار دەدەن، ڕێکخراوەکان ڕێکدەخرێن، و هەمان کێشە دووبارە و دووبارە دەخرێتەوە بەرباس،  ئەمەش بە خۆی خراپ نییە، بەڵام کێشەکە لەوێ دەست پێ دەکات کە گفتوگۆ دەبێتە کۆتایی پرۆسەکە، نەک دەستپێکی.  لە هەرێمدا کێشەکە چۆن دەردەکەوێت؟ نموونەیەکی گشتی:

قۆناغی یەکەم، کێشەیەکی گەورە دەردەکەوێت، قۆناغی دووەم کەناڵەکان دەست بە گفتوگۆ دەکەن، قۆناغی سێیەم سەنتەرێک پانێڵ ساز دەکات، قۆناغی چوارەم ناوەندێکی توێژینەوە ڕاپۆرتێک بڵاودەکاتەوە ، قۆناغی پێنجەم کۆنگرەیەک ڕێکدەخرێت، قۆناغی شەشەم بەرپرسان بەشداری دەکەن و وتار دەدەن، قۆناغی حەوتەم ڕێکخراوێک پێشنیارەکان بڵاودەکاتەوە. قۆناغی هەشتەم چی گۆڕا؟ ئەگەر وەڵامەکە نەزانرێت، پرۆسەکە لە چارەسەرکردنی قەیرانەوە گۆڕاوە بۆ بەڕێوەبردنی گوتاری قەیران.

بەڕێوەبردنی گوتاری قەیران چییە ؟
واتە لەبری ئەوەی سیستەم هۆکاری قەیرانەکە چارەسەر بکات، هەوڵ دەدات وێنەی قەیران بەڕێوە ببات. بۆ نموونە قەیران، گفتوگۆ، ڕاگەیاندن، پانێڵ، ڕاپۆرت، کۆنگرە. لە دەرەوەى هەرێم وا دەردەکەوێت کە کارێکی زۆر دەکرێت بەڵام پێوانەی ڕاستەقینە ئەمەیە، چی گۆڕاوە؟

نمایشی بەڕێوەبردن لە هەرێمدا
لە نمایشدا گرنگە بینەر ببینێت کە ئەکتەرەکان چالاکن. لە بەڕێوەبردنی نمایشییشدا گرنگە هاوڵاتی ببینێت کە کۆبوونەوە هەیە، بەرپرسان وتار دەدەن، ڕاپۆرت بڵاودەکرێتەوە، پانێڵ بەڕێوە دەچێت، پێشنیار هەیە، کۆنگرە بەڕێوە دەچێت بەڵام ئەنجام لە پشت پەردەدا دەمێنێتەوە. ئەمە جیاوازییەکی زۆر گرنگە: دەرکەوتنی چالاکی یەکسان نییە بە کاریگەریی چالاکی.

 میدیا، چارەسەر یان پەردەپۆش؟
لە هەرێمی کوردستاندا ئەمە بابەتێکی زۆر هەستیارە، چونکە میدیا دەتوانێت لەهەمان کات دوو ڕۆڵ ببینێت:
ڕۆڵی یەکەم وەک چاودێر: دۆزینەوەی گەندەڵی، پرسیارکردن لە بەرپرسان، بڵاوکردنەوەی بەڵگە، دروستکردنی فشار .
ڕۆڵی دووەم وەک ڕێکخەرى نمایش: هەمان میوانەکان، هەمان پرسیارەکان، هەمان وتارەکان، هەمان کێشەکان، هەمان وەڵامەکان بەڵام بێ شوێنکەوتنی ئەنجام.

زۆریی زانیاری وەک جۆرێک لە پەردەپۆش کردن
پەردەپۆش کردنی زانیارى هەمیشە بە ماناى نەدانى ڕوونادات هەندێک جار بە خستنە ڕووى زانیارییەکی زۆر ڕوودەدات. ئەگەر لە هەفتەیەکدا دەیان ڕاپۆرت، وتار، پانێڵ، میوانداری و کۆنگرە هەبن، بەڵام هاوڵاتی نەزانێت کێ بەرپرسیارە؟چی دەبێت بگۆڕدرێت؟کەی دەبێت بگۆڕدرێت؟ کێ دەبێت لێپرسینەوەی لێ بکرێت؟ لێرەدا ئەوەى بەماناى  بوونى زانیاری زۆرە، دەبێتە جۆرێک لە پەردەپۆشکردنى زانیارى.

 بازنەی قەیران ـ گفتوگۆ ـ ئارامبوونەوە
دەتوانین میکانیزمی تایبەتی هەرێم بە شێوەیەکی تیۆری بەم شێوەیە نیشان بدەین قەیران، بوونى قەیران و فشار لەسەر کۆمەڵگا، دەبێتە جوڵاندنى میدیا و سۆشیال میدیا، کۆنگرە دەبەسترێت، پانێڵ ڕێکدەخرێت، سەنتەر چالاکى ڕێکدەخات، وتار و پێشنیار دەخرێنە ڕوو، سەرنج لەسەر گفتوگۆکان زۆردەبن، دەرەنجام کەمبوونەوەی کاتیی فشار، پەردەپرشکردنى گۆڕانکاری ڕاستەقینە، دواتر دووبارە گەڕانەوەی قەیران، کە دەکرێت ناوبنرێت بازنەی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی قەیران. لێرەدا  دەبێت پرسیار بکەین: ئایا زیادبوونی دامەزراوەکانی گفتوگۆ لە هەرێمی کوردستان نیشانەی پەرەسەندنی کۆمەڵگای مەدەنییە، یان لە هەندێک بارودۆخدا نیشانەی قووڵبوونەوەی پێویستی کۆمەڵگا بە گفتوگۆیە لەبەر ئەوەی سیستەم ناتوانێت کێشەکان بە کردار چارەسەر بکات؟ئەم پرسیارە زۆر گرنگە چونکە زۆربوونی سەنتەرەکانى لێکۆڵینەوە و پانێڵەکان بە خۆی نیشانەی دیموکراسی و نیشانەی توانا و زانست نییە. پێوەرەکە دەبێتImpact  واتەى کاریگەری بێت نەک تەنها چالاکی. 

 ئەنجام 
لە کۆتاییدا دەکرێت بگەین بە ئەم گریمانەیە: کێشەی هەرێمی کوردستان لە کەمبوونی گفتوگۆ نییە؛ بەڵکوو کردارە. لە نێوان گفتوگۆ و کرداریشدا بۆشاییەکی گەورە هەیە. هەرێم ڕەنگە پێویستی بە پانێڵی کەمتر، بەڵام کاریگەرتر، ڕاپۆرتی کەمتر، بەڵام بە دواداچوونى زیاتر، کۆنگرەی کەمتر، بەڵام بە ئەنجامی پابەندکەر، نمایشى کەمترى میدیای و زیاتر لە لێکۆڵینەوە، سەنتەری کەمتر بۆ بەرهەمهێنانی وتار و زیاتر لە بەرهەمهێنانی سیاسەتی گشتی، و رێکخراوى کۆمەڵگای مەدەنیی کەمتر و زیاتر چاودێری پێویس.

 پێشنیاز
هەرێمی کوردستان لەوانەیە لە قەیرانی گفتوگۆدا نەبێت، بەڵکو قەیرانی جێبەجێکردنی گفتوگۆی هەیە. کێشەکە ئەوە نییە کە کەسێک لەسەر گەندەڵی قسە ناکات، کێشەکە ئەوەیە دوای ئەو هەموو قسەکردنە، کێ بەرپرسیارە و چی دەگۆڕێت؟

کاتێک پانێڵ جێگەی بڕیار، کۆنگرە جێگەی کردار، ڕاپۆرت جێگەی لێپرسینەوە و نمایش جێگەی شەفافیەت دەگرێت، کۆمەڵگا دەتوانێت بە هەموو نیشانەکانی چالاکییەوە لە ناوخۆدا تووشی بێ‌جوڵەیی دامەزراوەیی بێت، لەو کاتەدا، تەنها گوتاری بەڕێوەبردنى قەیرانى چارەسەر نەکراو بەدیدەکرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی