نەوت، گرێی شیرپەنجە، لەجەستەی كوردستان

47 خولەک پێش ئێستا

سەرتیپ جەوهەر

پەیمانگای شانشینیی بۆ كاروباری نێودەوڵەتی (چاتەم هاوس) دوێنێ شكارییەكی سیاسی لەبارەی دۆخی كوردستان بڵاوكردۆتەوە. لەوێدا بەڕوونی دەڵێت ململانێ لەسەر هەژموون و ناكۆكی سیاسی لەبارەی حوكمڕانی هەرێم وایكردووە بەغدا دەستدرێژیی بكاتە سەر دەسەڵات و توانای هەرێم و سنورداریی بكات. هەروەك دەڵێت ئەم ناكۆكییانەی نێوان پارتی و یەكێتیی، هەرێم لاوازتر دەكات و بەغدا بەهێزدەكات.

بەر لەم شیكارییەی (چاتەم هاوس) كە ناوەندێكی زۆر ناسراوی شیكارییە لەبریتانیا، هەموومان چەند ساڵێكە باس لەلاوازبوونی هەرێم دەكەین بەهۆی دەستگرتنی حوكمڕانان بەبەرژەوەندی حزبیی و شەخسیی. هەروەك پێشبنی دەكەین ساڵی نوێ‌ ساڵی لەچوارچێوەدانی زیاتری هەرێم بێت، ئەمەش بەهۆی دانانی بودجەیەك لەعیراق كە هەرێم بەتەواوی پەڕوباڵ دەكات، دووەمیش درێژەكێشانی ئەو چەقبەستنە سیاسیەی ئێستا لێكەوتەكەی رەگداكوتانی زیاتری حوكمڕانیی زۆن و لاوازبوونی هەرێمێكی یەكگرتووی كوردستان دەبێت.

بەداخەوە هەرێمی كوردستان خەریكە هەموو دامەزراوەكانی بەهایان نامێنێت و فەرهەنگی دوو ئیدارەیی زۆر تۆختر گەڕاوەتەوە. جیاواز لەهەموو كاتەكانی دیكە، ئەمجارە وڵاتانی كە لەعیراق و ناوچەكە خاوەنی هەژموونی گەورەن، لەكورد بێزاربوون و تاقەتی نێوانگریشیان نییە. بۆیە ئەگەر بڕیاربێت ئەمجارە بەغدا زێدەڕۆیی و تەجاوز بكاتەسەر دەسەڵاتەكانی هەرێم و مافی گەلی كورد بكات، دەسەڵاتدارێتی هەرێم هیچ كارت و كەرستەیەكی بەردەست نییە بۆ رێگریكردن لەبەغدا! بۆیە لەئێستاوە هۆكاری ئەم لاوازبوونە نەخرێتە ئەستۆی كەس، بەڵكو ئەوەی روودەدات، ئەنجامەكەی لەئەستۆی حوكمڕانانە نەك دواتر بەقەمیسی عوسمانەوە گوتارمان بۆ بدەن موزایەدەمان بەسەرەوە بكەن.

دەرهێنانی نەوت لە كوردستان لەدوای رووخانی سەدام، بووە گرێیەكی شێرپەنجەیی كوشندە بۆكورد، لەباتی دۆزی ئەم نەتەوەو گەلە بەرەو پێشەوە ببات، بووە دەردو بەڵایەكی گەورە. لەسامانی گەلێكی ستەملێكراو و نەوەكانی داهاتوو، بووە سامانێك لەژێر ركێفی كەمینەیەكی حوكمڕان و خێروبێرەكەی وەك شاباش تەخشان و پەخشانكرا. لەباتی نەوت ببێتە فاكتەرو كارتی فشار لەسەر بەغدا، ئێستا بووە بەڕێگر لەبەردەم بژێوی و موچەی فەرمانبەرانی كوردستان. نەوتیان بەجۆرێك بەكارهێنا، هیچ دەریچەیەك بۆ هەرێم نەمێنێتەوە، بۆیە ئێستا لەگفتوگۆی بودجەدا، حوكمڕانان هیچ كەرستەیەكی بەرگرییان بەردەست نییە، ئەوەی بەغدا دایناوە، هەر ئەوە تێدەپەڕێت.

ئەوەی زۆر مەترسیدارە، ماوەیەكی درێژە دۆخی سیاسی و حوكمڕانی هەرێم لەبازنەیەكی بۆشدا دەخولێتەوە، ئێستا خەریكە دوو حوكمڕانیی و دوو زۆنی بۆ حوكمڕانیی وەك فەرهەنگ بەتەواوی دەق دەگرێت، بەڵام مەترسیەكە هێشتا لەوە واوەترە، بەڵكو ژیانی سیاسی و حزبایەتیش كۆتایی دێت، چونكە دوو حزبی حوكمڕان و حاكمیەتی دوو زۆن بەتەواوی دەق دەگرێت و ئیدی هیچ بەهایەك بۆ هەرێم و دامەزراوەكانی حوكمڕانی نامێنێت. 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی