ئایا هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ دوو ئیدارەیی؟

45 خولەک پێش ئێستا

هەڤاڵ عارف


ئەوەی لە چواری نۆڤەمبەردا ڕوویدا، هەنگاوێکی ئاڵۆز و نالۆژیکی بوو، کە لە دەرئەنجامی نەخوێندنەوەیەکی دروست بۆ بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە و جیهان هاتە ئاراوە،
ئەم پێشهاتە جگە لە لێکەوتەکانی ئێستای هەموو ئەو کێشە بنەڕەتی و کەموکوڕییە دامەزراوەییانەی پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستانیشی خستە ڕوو، کە زیاتر لە دوو دەیەیە ناوبەناو سەرهەڵدەدەن، بەڵام بەشێوەیەکی کاتی سڕدەکرێن و بەبێ چارەسەرێکی ڕیشەیی دەمێننەوە، ئەوەتە دوای چەندین کابینەی یەکگرتوو، جارێکی دیکە پرسی داهاتووی یەکپارچەیی سیاسی و کارگێڕی هەرێم و ئەگەری گەڕانەوەی بۆ دوو ئیدارەیی هاتووەتەوە بەرباس و نێو مشتومڕە سیاسییەکان.

لێرەدا ئەوەی جێگەی سەرنجە، هەڵسەنگاندنی بەشێک لە نوخبەی ڕۆشنبیر و نووسەر و ئەکادیمییەکانە، کە لە شرۆڤەکانیاندا بەبێ لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی دۆخی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان و هاوکێشە سیاسی و ئابوورییەکانی ناوچەکە و جیهان، ئەگەری دووبارەبوونەوەی مۆدێلی دووئیدارەیی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دەخەنە ڕوو.

بۆ ئەوەی بە لێکدانەوەی مەنتیقی سیاسی و بەڵگەی واقیعی ئەم ئەگەرە هەڵبسەنگێنین، پێویستە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، ئایا بارودۆخی سیاسی و ئابووری و  یاسایی ئێستای هەرێمی کوردستان لەبارە بۆ دووبارەکردنەوەی مۆدێلی دووئیدارەیی نەوەدەکان؟ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستی بە بەراوردکردنی واقیعی ئەو قۆناغە هەیە لەگەڵ هەلومەرجەکانی ئێستادا.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ واقیعی ئەو قۆناغەی، کە باشووری کوردستان تێیدا دابەشی سەر دوو یەکەی بەڕێوەبردنی جیاواز کرابوو، عێراق لە دەرئەنجامی جەنگی کوەیتدا کەوتبووە ژێر ئابڵوقەیەکی نێودەوڵەتی کوشندەوە، سەرجەم پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی لەگەڵ جیهاندا پچڕابوون و  بەتەواوی گۆشەگیر و پەکخراو بوو، ، تەنانەت بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیش پشتی بە بەرنامەی  هاوکارییە مرۆییەکان، دواتریش نەوت بەرامبەر بە خۆراک دەبەست کە لەساڵی (١٩٩٦) چووە بواری جێبەجێکردنەوە،

لە هەمان کاتدا، باشووری کوردستانیش لەژێر سایەی ئەو گەمارۆ نێودەوڵەتییەدا ڕووبەڕووی هەمان زەمینە و چارنووس ببووەوە جگە لەهاوکاری  رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، (١٣٪)ی داهاتی نەوتیشی لە چواجێوی بەرنامەی نەوت بەرامبەر بە خۆراک بۆ سێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆک تەرخان کرابوو،  هیچ جۆرە جموجۆڵێکی نێودەوڵەتی، وەبەرهێنانی دەرەکی و پەیوەندییەکی سیاسی  بازرگانی جیهانی لەگەڵ هەرێمدا وجودی نەبوو، بەڵام ئێستا واقیعی سیاسی و ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان بەتەواوی گۆڕاوە وەک رابردوو نەماوەتەوە .

لە دوای ساڵی (٢٠٠٣)ەوە، سیستەمی سیاسی و هەیکەلیەتی دەوڵەتی عێراق گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەسەردا هاتووە و لە دەوڵەتێکی ناوەندیی داخراوەوە گۆڕاوە بۆ دەوڵەتێکی فیدڕاڵی و کراوە بە ڕووی جیهاندا، هەرێمیش بەپێی ماددەکانی (١١٧ و ١٢١)ی دەستووری پەسەندکراوی ساڵی (٢٠٠٥)، وەک قەوارەیەکی فیدڕاڵی بووەتە خاوەن تۆڕێکی فراوانی پەیوەندی سیاسی، دیپلۆماسی و ئابووری.

لەسەر ئاستی سیاسی و دیپلۆماسی لە ناوخۆی عێراقدا هێزە سیاسییە کوردییەکان بوونەتە بەشێکی گرنگ لە هاوکێشە و هاوپەیمانییەکانی پێکهێنانی حکومەت و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هێزە شیعە و سوننەکاندا، لە ئاستی ناوچەییشدا، هەرێم  پەیوەندیی سیاسی و ئابووری و ئەمنی لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێدا هەیە، لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، لە ڕێگەی نوێنەرایەتییەکانی لە دەرەوە و بوونی دەیان کۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتی بیانی،  هەرێم  تۆڕێکی فراوانی پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا و لایەنە نێودەوڵەتییەکاندا دروست کردووە. ئەم واقیعەش هەرێمی کوردستانی وەک یەک ئیدارەو حکوومەت بە کۆمەڵێک هاوکێشەی سیاسی و بەرژەوەندیی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە گرێداوە.

لە ڕووی جیۆپۆلەتیکییشەوە، ناوچەکە لەژێر کاریگەریی ململانێ سەربازییەکان، ڕکابەریی بلۆکە سیاسی و ئابوورییەکان و هەوڵی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندایە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگیی هەژموون و بەرژەوەندییەکانیان، لە هەلومەرجێکی وەهادا، گەڕانەوە بۆ دووئیدارەیی تەنها نەخشەی دەسەڵاتی ناوخۆی هەرێم ناگۆڕێت، بەڵکو کاریگەری لەسەر پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان، ئاراستەی هاوپەیمانییەکان و دابەشبوونی هەژموونی هێزە ڕکابەرەکانیش دادەنێت و تەوازونی هەندێک هاوکێشەکان تێکدەدات،  کەواتە ئەمەش خۆی لە خۆیدا لەمپەرێکە و حیسابی بۆ دەکرێت.


لە ڕووی ئابوورییەوە، بەپێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنان، لە نێوان ساڵانی (٢٠٠٦ تا ٢٠٢٥) زیاتر لە (١٦٥٠) پڕۆژە بە سەرمایەی تۆمارکراوی نزیکەی (٨٠) ملیار دۆلار مۆڵەتیان پێدراوە، کە (١٤) ملیار دۆلاری وەبەرهێنانی بیانی و هاوبەشە ئەمەش قەبارەی ئەو بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییانە دەردەخات، کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا لە هەرێمدا ڕەگیان داکوتاوە.

لە کەرتی وزەشدا، بەپێی داتای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و هەڵسەنگاندنی کۆمپانیای (Wood Mackenzie) لە (٢٩)ی ئۆکتۆبەری (٢٠٢٦)دا، بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم ڕۆژانە نزیکەی (٢٥٥) هەزار بەرمیل بووە، هاوکات لە بواری غازدا، کۆمپانیای دانەغاز و هاوبەشەکانی لە (Pearl Petroleum) بە وەبەرهێنانی زیاتر لە (٣.٥) ملیار دۆلار و ڕەخساندنی (٢٠) هەزار هەلی کار، لە دوای فراوانکردنی کێڵگەی کۆرمۆر لە ئۆکتۆبەری (٢٠٢٥) بە ڕێژەی (٥٠٪)توانای پرۆسێسکردنی غازیان گەیاندووەتە (٧٥٠) ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا، کە سووتەمەنی زیاتر لە (٧٥٪)ی کارەبای هەرێم دابین دەکات ،لە ئابی (٢٠٢٦)یشەوە ڕۆژانە (١٠٠) ملیۆن پێ سێجا غاز دەداتە وێستگەی کارەبای تازە لە کەرکووک، بەمەش وزەی هەرێم ڕاستەوخۆ بە پێداویستییەکانی ناوەندی عێراقیشەوە گرێدراوە.

کۆی ئەم ئامار و هاوکێشانە دەریدەخەن کە، ئەو کۆمپانیا و دامەزراوانەی سەرمایە و بەرژەوەندی یاسایی و بازرگانییان لە هەرێمدا هەیە، لە بڕیارەکانی خۆیاندا ڕەچاوی سەقامگیری سیاسی، یەکپارچەیی دامەزراوەیی، ئاسایشی وەبەرهێنان، بەردەوامی گرێبەستەکان و متمانەی بازاڕ دەکەن، هەربۆیە هەر هەوڵێک بۆ گەڕانەوە بۆ دووئیدارەیی هاوشێوەی رابردوو تەنها پرسێکی سیاسی ناوخۆیی نییە، بەڵکو پەیوەندی بە دابەشکردنی داهاتەکان، بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکان، چارەنووسی گرێبەستە درێژخایەنە نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا و دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهانەوە هەیە، لەبەر ئەمە و لە چوارچێوەی ئەم واقیعە نوێیەدا، کە لە ڕووی سیاسی و دەستووری و ئابوورییەوە جیاوازییەکی ڕیشەیی لەگەڵ قۆناغی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا هەیە، گەڕانەوە بۆ دووئیدارەیی ڕووبەڕووی ئاڵنگاری و تێچوویەکی زۆری سیاسی و ئابووری و بەربەستی بەرژەوەندی نێودەوڵەتی دەبێتەوە.

بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە، کە ئەگەر ناکۆکییە سیاسییەکان بەبێ چارەسەر بمێننەوە، مەترسی دوو ئیدارەیی لەئارادا نییە، بەڵکو ئەگەری دروستبوونی دەسەڵات و دامەزراوەی هاوتەریب لە واقیعی ناوخۆدا هەر بە کراوەیی دەمێنێتەوە، بەڵام بە مۆدێلێکی جیاوازتر، رەنگە ئەگەر رووبدات لەژێر سێبەری یەک هەرێمدا، لە ڕووی دارایی و ئیدارییەوە دوو یەکەی سەربەخۆ هەبن، بەڵام هێزی پێشمەرگە و  ئەو دەزگایانەی مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیاکان و دەرەوەدا دەکەن بە هاوبەشی بمێننەوە، بۆ ئەوەی لە دەرەوە شەرعییەتە دەستوورییەکە و بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان نەکەونە مەترسییەوە و لە ناوخۆشدا هەر یەکەیەک دارایی و ئیدارەی خۆی بەڕێوە ببات.

لە حاڵەتێکی وەهاشدا، ئەگەر گۆڕانکاریی تەواو لە هەیکەلیەت و پەیکەری سەرۆکایەتیەکانی  هەرێمدا ڕوونەدات،سەرۆکایەتی دەسەڵاتەکانی (تەشریعی، تەنفیزی و دادوەری) کە ئێستا بوونەتە هۆکاری سەرەکی ئەوەی ڕوویداوە، ئەوە ئاڵنگارییەکان هەر لە جێگەی خۆیاندا دەمێننەوە، بۆیە هەر دەبێت چارەسەرێکی لۆژێکی بدۆزریتەوە، جا ئیتر لە یەک ئیدارەدا بێت،  یان دوان و سیان .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی