دروست بوونی لافاو لە هەرێمی کوردستان، ئەگەر بەشێکی بەهۆی
گۆڕانکاری کەش و هەوا و شێوازی دابارینی تووند و خێرای بارانەوە بێت، بەشەکەی دیکەی
ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە گەندەڵییەکانی ماستەرپلانی شارەکان و شێوازی چاوچنۆکانەی نائاسایی
فراوانکردنی شارەکان و پرۆژەکانی بیناسازییەوە هەیە.
گەشەسەندێک بەگەندەڵی
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ و بەتایبەت پاش
دەرچوونی یاسای ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠٠٦ی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، دەرفەتێکی فراوان
بە سەرمایەدارانی کەرتی تایبەت درا سەرمایەگوزاری لە گەشەپێدانی بیناسازیدا بکەن؛ بۆ
ئەمەش لە ڕێگای دەستەی وەبەرهێنانەوە ئاسانکاری زۆر بۆ لێخۆشبوونی باج و پێدانی زەوی
بە نرخێکی سیمبولی بە سەرمایەدارە بیانی و ناوخۆییەکان درا؛ ئەوەش وایکرد زەوییەکی
بەرفراوان لە دەورووبەری کەند و ڕێڕەوەکانی ئاو بدرێت بە پرۆژەکانی بیناسازی.
لە هەمان کاتدا ماستەرپلانی شارەکان تا ساڵی ٢٠٠٣ کە لەژێر
دەسەڵاتی حکوومەتی عێراق دابوون، ئیتر لەوکاتە بەدواوە لە کوردستان درا بە کۆمپانیا
بیانییەکانی ئەڵمانیا، لوبنان، فەرەنسا و ئیتاڵیا،…هەر یەکێک لەو کۆمپانیایانە لە قۆناغی
جیاوازدا ماستەرپلانی نوێی شارەکانی کوردستانیان کێشا و ئامادەیان کرد، بەڵام بەهۆی
دەست بەسەرداگرتنی پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتیمانی بەسەر ئەو کەرتەدا، بەڕێگای جۆراوجۆر
توانییان دەستتێوەردان بکەن و ماستەرپلانەکان لە بەرژەوەندی و قازانجی خۆیان ئاراستە
بکەن، گوێیان بەو ڕێنماییانە نەدا کە ئەندازیارانی ناوخۆ بۆ پۆلێن کردنی زەوییەکان
لە نێوان: کشتوکاڵی، پیشەسازی، بازرگانی، گەشتوگوزاری، لەوەڕگا و نیشتەجێبووندا خستیانە
ڕوو؛ هەموویان کرد بە قوربانی قازانجی خێرای پرۆژەکانی خانووبەرە.
ماستەرپلان کە دەبێ نهێنی بوونی پارێزراو بێت و نەکەوێتە
دەست گرووپەکانی بەرژەوەندی و دەسەڵات؛ بۆ پارتی و یەکێتی نەخشەیەکی بازرگانی زێڕینی
ئاشکرا بوو، لەبەرئەوە زوو دەستیان کرد بەکڕینی ئەو زەویانەی دەیانزانی لە ساڵانی داهاتوودا
لەو ناوچانە پرۆژەکان دروست دەکرێن و شار فراوانتر دەبێت.
ئەو باڵادەستییە حیزبییە وایکرد گەندەڵی بگاتە لووتکە و دڕندانە
کەند و دۆڵ و کێو و زەوییە کشتوکاڵییەکانیش بکەنە قوربانی پرۆژە چاوچنۆکەکانیان؛ بەبێ
ئەوەی هیچ ئاوڕدانەوە و لێکدانەوەیەکیان بۆ گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا و فراوان بوونی
نائاسایی و ناسرووشتی شارەکانی کوردستان هەبێت، شوێنی ڕێڕەوی ئاوەکانیان پڕکردەوە و
هەندێک بۆری کۆنکریتیی بچووکیان لە ژێرەوە دانا و لەسەرەوەش پرۆژەکانی نیشتەجێبوونیان
دروست کرد، لەگەڵ ئەوەش کوالێتی باڵەخانەکان و شەقام و سیستەمی ئاوەڕۆکانیش لە بەشێکی
دەوروبەری شارەکان بە ئاستێکی خراپ دروست کران، بەبێ ئەوەی بیر لە بوومەلەرزە و ئاگرکەوتنەوە
و هەر ڕووداوێکی دیکەی سرووشتی بکەنەوە؛ لە ئەنجامدا ئەو پرۆژانە بەپێی دابەشکارییە
چینایەتییەکان مۆدیلێکی ئەمنی نوێیان هێنایە ناو شارەکان و لەسەر بنەمای هەژاری و دەوڵەمەندی
گەڕەکەکانیان دابەش کردەوە، شێوازی دراوسێیەتی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشیان گۆڕی،
کارێکیان کرد لافاو کەمتر یان بە دەگمەن «ستی» یە دەوڵەمەندەکان بگرێتەوە، بەڵام لە
بەرامبەردا ڕووی ئاوی کەند و دۆڵەکانیان بەرەو ئەو گەڕەکانە ئاراستە کرد کە لە بنەماوە
کەمترین و خراپترین ئاستی خزمەتگوزارییان هەیە، بەتایبەت ئەو پرۆژانەی لەسەر کەندەکان
دروست کراون یان ڕێڕەوی ئاوەکانیان ڕوو لەوان گۆڕیوە.
بوودجەی کۆمەک
بەپێی دوایین یاسای بوودجەی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٣ بڵاوکراوەتەوە،
لە کۆی «١٤ترلیۆن و ٩٢٧ ملیار و ٤١٦ ملۆن دینار» تەنیا بڕی «٨٥ ملیار دینار» بۆ سندووقی
فریاگوزاری و ڕووداوە لەناکاوەکان تەرخانکراوە کە دەکاتە «٠،٥٠٪» نیوەی سەدا یەکی کۆی
بوودجەکە، تائێستا کە ١٢ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر دوایین یاسای بوودجەدا، هیچ بڕە پارەیەکی
فەرمی بەشێوەی ساڵانە ڕانەگەیندراوە بۆ سندووقی ڕووداوە لەناکاو و سروشتییەکان، ئەوەندە
نەبێت لەکاتی لافاوەکاندا لە میدیاکانەوە کار بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک لە خەڵک دەکرێت بە
مەبەستی هاوکاری کردنی زیانلێکەوتووان؛ ئەو داهاتەی خەڵک لە ڕێگای میدیاکانەوە دەیبەخشن،
میدیا حیزبییەکان وا کاری بۆ دەکەن، سەرنج لەسەر بەرپرسیارێتییەکەی حکوومەت لابچێت
و کۆمەکی خەڵک شوێنی بوودجەی فەرمی بگرێتەوە.
بۆیە لەبری زیادەڕۆیی لەخۆنمایش کردن بە شەقامەکان و ڕووکەشی
باڵەخانە بەرزەکان و هێنانی هونەرمەندانی وڵاتانی خەلیج و ڕژاندنی پارە بەسەریاندا،
پێویستە سیستەمی ئاوەڕۆی شارەکان سەرلەنوێ بە نەخشەی ئەندازیاری تۆکمە نۆژەنبکرێنەوە،
بەجۆرێک توانای بەرگەگرتنی ڕووداوە سرووشتییەکانیان
هەبێت، پێوەرەکانی خاوێنی ئاوی خواردنەوە، ئاوەڕۆ و پاراستنی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی
تیادا پەیڕەو بکرێت.
پێویستە ئەو خاوەن پرۆژانەی بەرپرسیارن لە دروست کردنی ئەو
جۆرە پرۆژانە لەگەڵ حکوومەت بەیەکەوە قەرەبووی ماڵە زیانلێکەوتووەکان بکەنەوە.
هەروەها تەواوی ئەو ڕێکارانەی کە پێش بە کەمکردنەوەی زیانی
تەنگژە سرووشتییەکان دەگرن، لەوانە؛ دەریاچەی دەستکرد، زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی،
قەدەغەکردنی ئەو پرۆژانەی دەستکاری سرووشت و ڕێڕەوەکانی ئاو دەکەن، هەموویان بەیەکەوە
بکرێنە کاری بەپەلە.
لەگەڵ هەر لافاوێکدا خەڵکی کوردستان قوربانی گیانی و زیانی
ماددیان دەبێت، گرنگە بۆ یەک جاریش بێت مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی وەک دوو حیزبی
دەسەڵات، لەبری هاندانی میدیایی و ختوکەدانی خەڵک بە ئازاری شارەکانی دیکە لە ڕێگای
میدیاکانیانەوە، کەمێک لە ئاست بەرپرسیارێتیدا بن، چونکە ئەم ڕۆژانە هەمووی بەشێک دەبن
لە مێژووە ڕەشەکەیان.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی