پلانی هەولێری بێ لافاو 2050 بەکوێگەیشت؟

1 کاتژمێر پێش ئێستا

فەرمان سادق

پلانی هەولێری بێ لافاو 2050 بەکوێگەیشت؟
لافاوەکەی هەولێرو چەند پرسیارێک لەجێگەی سەرقاڵکردنمان بەشارچیەتی سیاسیی!


بەداخەوە لافاوەکەی ئەمجارەی هەولێر وەک لافاوەکەی ساڵانی ڕابردوو بەدەر نەبوو لە زیانی گیانی و زیانی مادی، هەروەک بەدەریش نەبوو لە جوامێری دەیان دیمەنی بەهاناوە چوون لەلایەن دەیان مێرخاس و تیمەکانی بەرگری شارستانی و تیمەکانی دیکەی دامەزراوە میرییەکان، بە تەنیشتیەوەش بەدەر نەبوو لە گوتاری ڕقەبەری شارچیەتی دروستکراوی سیاسی و ئایدۆلۆژی.. بەڵام ئەمانە بە تەنیا بەس نین بۆ دەربڕینی هاوخەمی و فۆکەس کردن لەسەر شارچیەتی، بەڵکو دەبێت بپرسین ئایا دابارینی بارانی زۆر لەماوەیەکی دیاریکراو هۆکارن یان کەمتەرخەمی ئیدارەی شارەکە، یانیش دەستکاریکردنی ڕێڕەوەکانی ڕووبارە وەرزییەکان بەهۆی گەشەسەندنی شار.

پێش ئەوەی باسی هۆیەکانی شارچیەتی بکەین کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە حیزبی کوردی کاری لەسەر دەکات و، سنووری دێگەڵە بەهێزی چەک تۆختر دەکات، نزیکترین نمونەش؛ هەڕەشەکانی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بوون لەبەرانبەر کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام بە ئەزموونی ڕۆژنامەوانی خۆم، بە سەدان نمونەی بەردەست هەن کە شارچیەتییەکە سیاسییە و خەڵک دوور و نزیک بەشێک نین لەم گوتارە ڕقەبەرییە.

با بێین قسە لەسەر ئامارەکان بکەین و پرسیاری لەسەر دروست بکەین و بەدوای وەڵام بگەڕێین لە کەسانی بەرپرس و شارەزا، کەشناسی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ٧٠ ملم باران لەماوەی ٢٤ کاتژمێر باریوە، ئەمەش بەهۆکاری لافاوەکە دادەنرێت. کاک ئومێد خۆشناو؛ پارێزگاری هەولێر دەڵێت: پێشبینیمان دەکرد ٣٠ ملم باران ببارێت.

کەواتە با ئەم پرسیارانە بکەین:
- سیستەمی زێرابەکانی هەولێر بۆ چەند ملم باران لە کاتژمێرێکدا دیزاین کراون؟
- کەی دواجار ئەم سیستەمە پشکنین و نوێکراوەتەوە؟
- ئایا ڕاپۆرتی ئەندازیاری هەیە کە زێرابەکان بەرگەی ئەو بڕە ئاوە دەگرن یان نا؟
- ئایا ڕێڕەوی سروشتیی ئاو بەهۆی بیناسازی و فراوانبوونی شارەوە گۆڕاوە؟
- ئایا لە پێش کارەساتەکەدا ئاگادارکردنەوە و پلانی فریاکەوتن هەبووە؟

ئەم پرسیارانە دەبێت بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر وەڵامیان بداتەوە، هەروەها چارەسەریش بخاتەڕوو.
تەنیا وەڵامی پرسیاری پێنجەم نەبێت کە دەبێت جەنابی پارێزگاری هەولێر هۆشداری بدات و ژووری ئۆپراسیۆن لەناو بینای پارێزگای هەولێر ئامادەکاری بۆ بکات بۆ بەدەمەوە هاتنی هاوڵاتیان.

ئینجا با بگەڕێینەوە بۆ کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی لافاوی هەولێر – ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٢؛
ئەم کۆنفراسە کەدوای لافاوەکەی مانگی کانونی یەکەمی ٢٠٢١ و شوباتی ٢٠٢٢ لە هەولیر بەسترا، لەسەر بنەمای چوار تەوەر (١- دانانی پلان و بەرنامە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو و چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی. ٢- تەکنیکەکانی کۆگاکردنی ئاوی لافاو. ٣- ڕێکخستنی ڕێڕەوی ئاو لە گوندەکانی دەوروبەری هەولێر. ٤- کەمکردنەوەی کاریگەریی ئاوی سەر زەوی لە کاتی بارانبارینی زۆر).

دەرئەنجامی کۆنفراسیەکەش ئەم ڕاسپاردانە بوون:
١. دروستکردنی ٧ بەنداو و پۆند:
لەسەر پێشنیاری پرۆفیسۆری یاریدەدەر باسل یونس، بۆ ٧ ناوچەی حەوزی ئاو، پێشنیاری دروستکردنی ٧ بەنداو و پۆند کراوە، بە توانای کۆگاکردنی کۆی ١٣ ملیۆن مەتر سێجا ئاو.

٢. پاککردنەوە و فراوانکردنی ڕێڕەوە ئاوییەکان:
پاککردنەوەی کەناڵ و ڕێڕەوە سروشتییەکان، لابردنی بەربەستەکان و پاراستنی توانای گواستنەوەی ئاو.

٣. دروستکردنی ئاوەڕۆی لوولەیی و سندووقی: 
دروستکردنی سیستەمی ئاوەڕۆی نوێ و زیادکردنی توانای گواستنەوەی ئاوی باران.

٤. کردنەوەی مەنهۆڵەکان:
کردنەوە و پاککردنەوەی مەنهۆڵەکان و لابردنی ئەو بەربەستانەی ڕێگری لە چوونەژوورەوەی ئاو دەکەن.

٥. پاراستنی ڕێڕەوە سروشتییەکانی ئاو:
ڕێگری لە داخستنی ڕێڕەوە ئاوییەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ زێدەڕۆییەکان کە ڕێگری لە تێپەڕبوونی ئاو دەکەن.

٦. لێکۆڵینەوەی زانستی:
پێویستە هۆکارەکانی لافاو بە شێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی بخوێندرێنەوە و کەموکوڕییەکان دیاری بکرێن.

بەپێی ڕاگەیاندنی فەرمیی حکومەتی هەرێم لە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، ئەو ساڵە زیاتر لە ٣٥ ملیار دینار بۆ وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان تەرخان کرابوو بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی لافاو لە پارێزگای هەولێر.

پێویستە جەنابی پارێزگاری هەولێر، وەڵامی ئەوە بداتەوە کە چی کراوە و چی نەکراوە لە دەرئەنجامی ڕاسپاردەکانی کۆنفراسەکە، ئەی بۆ لەگەڵ یەکەم بارانبارین جارێکی دیکە لافاو دروست بوو؟

با ئەمە پرسیارانەش سەربار بخەم:
یەکەم: لەو ٧ بەنداو و پۆندەی پێشنیار کرابوون، چەندیان بەڕاستی دروست کراون؟ لەوانە پۆندەکانی گردجۆتیار، دارەتوو، قوشتەپە و گەڕەکی ڕۆشنبیری کە لە ڕاسپاردەکان هاتبوون.
دووەم: ئایا توانای کۆگاکردنی ١٣ ملیۆن مەتر سێجا ئاو بەدەستهاتووە؟
سێیەم: ئایا زێراب و کەناڵەکانی شار بە پێی پێداویستییەکانی زیادبوونی دانیشتووان و فراوانبوونی شار نوێ کراونەتەوە؟
چوارەم: لەو ٣٥ ملیار دینارەی تەرخان کرابوو، چەندەی خەرج کراوە و چەندەی بۆ پڕۆژەکان ماوەتەوە؟
پێنجەم: ئەو لیژنە ئەکادیمییەی بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی لافاو پێکهاتبوو، دەرئەنجامی کۆتاییی چی بوو؟

هەروەها توێژینەوەیەکی زانستیی ساڵی ٢٠٢٣ بە ناونیشانی [[ GIS-based hydrodynamic modeling for urban flood mitigation in fast-growing regions]]، کە لە گۆڤاری [[Scientific Reports]] بڵاوکراوەتەوە، هەندێک ڕاستیی گرنگی دەربارەی هەولێر ئاشکرا کردووە:

- فراوانبوونی شار و داخستنی ڕێڕەوە سروشتییەکانی ئاو یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی مەترسیی لافاو.
- زۆرێک لە بیناکان لەسەر ڕێڕەوی سروشتیی ئاو دروست کراون.
- کەناڵ و زێرابە هەندێک شوێن بەهۆی خۆڵ و پاشماوەوە تەسک بوونەتەوە.
- پێویستی بە سیستەمی نوێی بەڕێوەبردنی ئاوی باران و پاراستنی بۆشاییە سەوزەکان هەیە.
توێژینەوەکە هەروەها پێشنیاری کۆگاکردنی ئاو، پاککردنەوەی ڕێڕەوەکان و دروستکردنی حەوزی هەڵگرتنی ئاو دەکات. 

ئەمەش لینکی ڕاپۆرتەکە (https://pmc.ncbi.nlm.nih.gov/articles/PMC10235075/...) 

چارەسەر چییە بۆ سەدبارە نەبوونەوەی؟
تۆکیۆ، پایتەختی وڵاتی ژاپۆن: تێکڕای بارین لە ساڵێکدا ١٥٩٨ ملم. زۆرترین بارین لە مانگەکانی ئەیلول و تشرینی یەکەم کە سەرووی ٢٥٠ ملمە.

بۆ چارەسەر و ڕێگرتن لە ڕوودانی لافاو، حکومەتی ژاپۆن سیستەمی گەورەی کۆکردنەوە و هەڵگرتنی ئاوی بارانی لە ژێر زەوی دروست کردووە. لە شاری تۆکیۆ ٢٨ حەوزی ژێرزەوی هەن کە بە کۆی گشتی دەتوانن ٢.٥٦ ملیۆن مەتر سێجا ئاو هەڵبگرن.

لە نموونەیەکی فەرمیی حکومەتی تۆکیۆدا، لەکاتی لافاوێکی ساڵی ٢٠٠٤، کە تێیدا ٥٧ ملم باران لە یەک کاتژمێردا باری، دوای تەواوبوونی پرۆژەی کۆنترۆڵکردنی لافاو، ژمارەی خانووە زیان پێگەیشتووەکان تەنیا ٤٦ خانوو بوو. لە کاتێکدا لە ڕووداوێکی پێشوودا بە بارانێکی نزیک لەهەمان کۆی گشتی، ٣١١٧ خانوو ئاو زیانی پێگەیشت،  هەروەها تۆکیۆ بۆ بەشێک لە ناوچەکانی شار سیستەمی کۆکردنەوەی ئاوێکی هەیە کە بۆ بەرگەگرتنی بارانی ٧٥ ملم لە کاتژمێرێکدا دیزاین کراوە، لە هێنانەوەی ئەم نمونەیەدا بە تۆکیۆ، لە کۆمێنت بۆم مەنووسە: (خۆ ئێمە ژاپۆن نین؟). 

بەڵێ؛ ئێمە ژاپۆنین و ئەولاتریشین و دەتوانین لە ژاپۆنیش باشتر بین، ئەگەر پلانێک هەبێت، ئیرادەیەک هەبێت، بەرژەوەندی گشتی و نیشتمانی پێش بەرژەوەندی حیزبی و کەسی و کۆمپانیاکانی کەسەکان بێت.

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی ئەکادیمیی بڵاوکراوە لە ١٤ی تەمموزی ٢٠٢٥ بە ناونیشانی: ( Performance Evaluation of Recently Constructed Ponds for Flood Mitigation in Erbil City and their Impacts on the Environment) بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بە دروستکردنی ٣٥ پۆند لە هەولێر دەکات و هەڵسەناگاندنی بۆ کردووە کە کۆی گشتیان نزیکەی ١٠ ملیۆن ملم ئاو گلدەدەنەوە.

 ئەم توێژینەوەیە ٣٥ پۆندی هەولێری هەڵسەنگاندووە؛ هەندێکیان تەواوبوون، هەندێکیان لە ژێر دروستکردن بوون و هەندێکیان لە قۆناغی تێندەردا بوون، لافاو تەنیا ماڵ و دوکان و ئۆتۆمبێل ناپۆشێت؛ هەندێک جار لە قووڵایی ویژدانی کۆمەڵگاش دەکۆڵێتەوە و ئەو شتانە ئاشکرا دەکات کە لە ژێر قسە و دروشمەکاندا شاراوەن، ئەمە بەشێکە لە پڕۆژەی هەولێری بێ‌لافاو ٢٠٥٠، بەڵام چەندی لەمەدا دروستکراوە؟ ئایا پۆندەکان هەولێر دەپارێزێت لە لافاو؟ ئەی چی لەبارەی زێرابەکانی ناوشار؟

لە توێژینەوەیەکی دیکەی (JICA)ـدا کە لە ١٧ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە، لەسەر ماستەرپلانی ڕێڕەوی ئاوی زێرابی هەولێر، ئەمەش لینکەکەیەتی (https://openjicareport.jica.go.jp/pdf/12387932_03.pdf...)، بەوە گەیشتووە:

(بەپێی ڕاپۆرتی ماستەرپلانی هەولێری JICA، تۆڕی ئاوەڕۆی ئاوی باران تەنیا ٤٥–٥٠٪ی ڕووبەری شارۆچکەی هەولێر دەگرێتەوە، لە کاتێکدا لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ئەم ڕێژەیە ٦٠٪ هاتووە. ئەمە بە مانای ئەوەیە بەشێکی بەرچاو لە شار لە دەرەوەی تۆڕی ئاوەڕۆی ئاوی بارانە و پێویستی بە پلانی گشتگیر و نوێکردنەوەی ژێرخانەی ئاودەرکردن هەیە).
هەر لە ڕاپۆرتەکەدا پێشنیار کراوە:

یەکەم: دروستکردنی ١٧ حەوزی کۆگاکردنی ئاوی پێشینەیی.
دووەم: دروستکردنی ٤٨ پۆند و حەوزی پلاندانراو.
سێیەم: زیادکردنی توانای گواستنەوەی ئاو لە کەناڵ و لوولەکان.
چوارەم: پاککردنەوە و ڕێکخستنی ڕێڕەوە ئاوییەکان.
پێنجەم: دروستکردنی پلانی ئاوەڕۆی ئاوی باران لە ناو بازنەی ١٢٠ مەتر.
شەشەم: دیزاینکردنی پلانی ناوشار بەپێی بارانی بە خولی دووبارەبوونەوەی ١٠ ساڵ (10-year ARI).

ئەمەش پێمان دەڵێت؛ وەها بارانێکی بەلێزمەی وەک ئەوەی دوێنێ ڕوویدا، ئەگەری دروستبوونی لافاو هەمیشە ئەگەرێکی کراوەیە.

لەم پرسەدا کۆتا پرسیار لە سەرپەرشتیاری (هەولێری بێ لافاو ٢٠٥٠) ئەوەیە: پلانی هەولێری بێ لافاو، چەندی لێ جێبەجێکراوە؟ گرفت و بەربەستەکانی بەدەمتان چییە؟ کەی کارەکانتان تەواو دەبن؟

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، لافاو دیاردەیەکی سروشتییە و ڕوودانی بەمانای ئەوە نایەت بەرپرسانی ئەو ناوچەیەی ڕووداو تێیدا ڕوودەدات هیچیان نەکردووە، بەڵام دەبێت پرسینەوە بکرێت لە کەمتەرخەمی، هۆکارەکان دەستنیشان بکرێن، پلان دابندرێت بۆ دووبارە نەبوونەوەی.

ئینجا سەبارەت بە سروشتی هەولێرییەکان؛ 
لەوەتەی خۆم دەناسم وەک هەولێرییەک، هەمیشە بەخشندە بووە بەرانبەر بەوانەی ڕوویان تێکردووە بۆ ژیان کردن، بەوانەی پێویستیان بە هاوکاری بووە.. بەڵام ناکرێت لەوەها دوخێکدا وەک پەرچەکردارێکی شارچیەتی، بەخشندەیی و پێشکەشکردنی کۆمەک بە کەسوکارمان لە شار و شارۆچکەکانی دیکە وەک قەرز و فەڕز بەچاویاندا بدرێتەوە بەوەی ئێوەش دەبێت دەستی کۆمەکمان بۆ درێژ بکەن. ئەگەر دەستپێشخەرییەک هەبێت لەهەر شوێنێک بەڕێزەوە بەدەمیەوە بچن و بیگەیەنن بە لێقەوماوان، ئەگەرنا دڵنیام لەوەی زیانی ئەم لافاوە بەوەی خەملێندراوە بە نزیکەی ملیۆنێک و ٨٠٠ هەزار دۆلار، بۆ خودا پێداوێکی هەولێری وەک ئاو خواردنەوە وایە و ئامادەن لەوەش زیاتر ببەخشن!
بەڵام پێموایە دەبێت چەند شتێک لێک جیا بکەینەوە:

یەکەم: هاوخەمیی مرۆیی نابێت بە مەرج بێت. ئەوەی هەولێر لە ڕابردوودا لەگەڵ شارەکانی دیکەی کوردستان کردویەتی، مایەی شانازییە؛ بەڵام ئەوە نابێت ببێتە هۆی ئەوەی ئێستا چاوەڕێی قەرەبووی هاوخەمی بکات. هاوخەمی قەرز نییە بەڵکو بەها و ئەخلاقە.

دووەم: نابێت کارەساتەکە بکەینە دەرفەتێک بۆ ڕق و دووبەرەکیی سیاسی و، ڕێگە بدەین جنێوفرۆشانی ناو حیزب و ئادیۆلۆژیا پیسەکان بیقۆزنەوە بۆ پەرەپێدانی گوتاری ڕقەبەری.
سێیەم: ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات، بە تایبەتی لەکاتی کارەساتدا، مافێکی ڕەوای هاوڵاتییە؛ بەڵام جیاوازییەکی گەورە هەیە لەنێوان داواکردنی لێپرسینەوە و بەکارهێنانی ئازار و خوێنی قوربانییان بۆ بەرژەوەندی سیاسیی.

چوارەم: هاوخەمی نابێت ببێتە بەهانە بۆ بێدەنگبوون لە بەرامبەر کەمتەرخەمی. ئەگەر کێشەی زێرابەکان، پلاندانانی شار، دروستکردنی بینا و ڕێگاکان، یان نەبوونی سیستەمی کاریگەری ئاگادارکردنەوە و فریاکەوتن هۆکار بووبن، دەبێت بە وردی لێیان بکۆڵدرێتەوە. ئەوەی دەسەڵاتدارە، دەبێت وەڵام بداتەوە؛ نەک تەنیا لە ڕۆژی کارەساتدا، بەڵکو لە ڕۆژانی پێش کارەساتەکەش.

هەولێر موڵکی پارتی نییە!
هەولێر، موڵکی پارتی نییە، هەروەک هیچ حزبێکی دیکە، نکۆڵیش لەوە ناکرێت پارتی لەدوای ١٩٩٦ـەوە حاکمی موتڵەقی ئەم شارەیە، بەرپرسە لە باش و خراپەکانی لەم شارە ڕوودەدەن. بەڵام هەولێر، شاری هەموومانە، دوا وێستگەی گەیشتنە بۆ هەموو کوردێک بەوەی کورد دەبێتە دەوڵەت یانیش دوا بزمار لە پڕۆژەی دەوڵەتی کوردی دەدرێت هەر لە هەولێر!

بۆ ئێستا و داهاتووش، هەولێر لەکاتی تەنگانە و پێویستی شارەکانی دیکە دەبێت لەگەڵیان بێت. بۆ ئەوەی ئێستاش بەسەر هەولێر هاتووە، شارەکانی دیکە دەبێت لەگەڵ هەولێر بن. ئەمە هاوسۆزیی و ئەرکێکی نەتەوەییە، نەک یادخستنەوەی قەرز و حیساب!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە