برازای خۆم، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی،
ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتیی
نیشتمانیی کوردستان،
لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی مێژوویی
و نیشتیمانی بەرامبەر بە بارودۆخی سیاسی و گوزەرانی هاووڵاتییانمان، بڕیارم دا هەفتەی
داهاتوو سەردانی شاری سلێمانی بکەم. ئاماژەدان بە وشەی «برازا» لێرەدا لەبەر ئەوەیە
کە ئێوە هەمیشە منتان بە مامی خۆتان قبوڵ کردووە و ئەم پەیوەندییە خێزانی و نیشتمانییە
بنەمای لێکتێگەیشتنمانە.
ئەم سەردانە تەنیا لە پێناو ئاشتەواییی نیشتمانیدا
دەبێت، هەر لەو سەردانەدا بانگهێشتی سەرجەم سەرۆکی حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم
دەکەم کە هاوکار و پاڵپشت بن بۆ تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخەی کە ڕوویدا، لەوێدا حکومەتێکی
نیشتمانیی بنکە فراوانی دوور لە هەستی حزبایەتی لە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ پێکدەهێنین،
بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە وەک پارتی لە زۆرینەی پۆست و پلە باڵاکانی خۆمان دەست هەڵدەگرین،
هەروەها بڕیار دەدەم بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە شاری سلێمانی بمێنمەوە و قەرەبووی ئەو
چەند ساڵە بکەم کە لێی دوور بووم، تا کێشەکان بنبەست دەبن و کۆتاییان پێ دێت.
ئێمە باش دەزانین کە کێشە ناوخۆییەکانمان و دەستێوەردانی
دەرەکی هێندەی نەماوە قەوارەکەمان بەرەو لەناوچوون
ببات، ئەو قەوارەیەی کە بە خوێنی دەیان هەزار شەهید و دەیان ساڵ خەبات و تێکۆشان و
ئەنفال و جینۆساید هاتووەتە بەرهەم.
لێرەوە، من وەک کەسی یەکەمی پارتی بەرپرسیارێتیی
هەموو ئەو ڕووداوانەی کە ڕوویان دا دەگرمە ئەستۆ، و پەڕەیەکی نوێی ئاشتەواییی نیشتمانی
لە دەباشان و لەسەر گۆڕی مام جەلال ڕادەگەیەنین.
لە دوای ئەم بانگەوازە، هەر پێشهات و ڕووداوێک
ڕووبدات، ئەوا دەبێ خەڵکی کوردستان بڕیاری خۆیان بدەن کە کێ ئاشتەواییی نیشتمانی ناوێت
و دەیەوێت قەوارەی هەرێم بەرەو نەمان ببات.
تێبینی، ئەم پەیامە ئەگەرچی دەبوو ڕاستەوخۆ دوای
تەواوبوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بارزانی باوک بیوتایە، بەڵام بۆ پاراستنی
خەڵک و قەوارەکەمان، هێشتا درەنگ نەبووە.
دیدو بۆچونی بەندە جیاوازترە لەم نوسینەی کە
بڵاوی دەکەمەوە، بەڵام ئەوەی نوسیومە، ڕێک وەک خەوێک دێتە پێش چاوم، حەزم کرد ئەو خەوە
بۆ ئێوەش باس بکەم...
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی