مێژووی پەرتەوازەیی

12 خولەک پێش ئێستا

کنێر عەبدوڵا





مێژووی گەلی کورد لانکەی هەڵبژاردنە سەختەکانە، بەڵام لە هەمانکاتدا، گۆڕەپانی دووبارەکردنەوەی هەمان هەڵەی کوشندەیە لەلایەن حوکمڕانان و دەسەڵاتدارانەوە؛ وەک بڵێی دەستێکی نەبینراو ڕستە مێژووییەکانمان بە هەمان خاڵی پچڕاو کۆتایی پێبهێنێتەوە.
ئەوەی لە پەرتەوازەیی ماڵی کورددا جێگەی سەرنج و ئازارە، تەنها دابەشبوونی جوگرافی یان سیاسی نییە، بەڵکو بێمتمانەیی دەروونییە کە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێتەوە. ئەم پەرتەوازەییە تەنها لە سەرووی دەسەڵاتەکاندا نییە، بەڵکو دزەی کردووە بۆ ناو خانە وردەکانی کۆمەڵگەش؛ کاتێک تاک لە ناو وڵاتی خۆیدا هەست بە نامۆیی دەکات، یان کاتێک متمانە بە دراوسێ، بە هاوکار، و بە هاوڕێی دەبێتە شتێکی دەگمەن، ئەمە نیشانەی ئەو شکاوییە دەروونییەیە کە لە ئەنجامی بێمتمانەیی گشتییەوە دروست بووە.
یەکێک لە گەورەترین هەڵە دووبارەبووەکانی عەقڵیەتی دەسەڵاتداران ئەوە بووە کە جیاوازیی بیرکردنەوەیان هەمیشە وەک هەڕەشە بینیوە، نەک دەرفەتێک بۆ دەوڵەمەندکردنی کۆمەڵگە. هەمیشە هێزمان لە دەرەوەدا سەرف کردووە بۆ تێکشکاندنی یەکتر، نەک بۆ دروستکردن و قایمکردنی کۆڵەکە ناوخۆییەکانی ئەم ماڵە گەورەیە، وهەمیشە بیرکردنەوەی تەسکی حزبایەتی پێش بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بووە.
مێژوو دەرفەتێکی زێڕینمان پێدەدات، کەچی ئێمە لەبەردەم هەر تاقیکردنەوەیەکی نوێدا، هەمان پەیمانی کۆن دەشکێنین و دەگەڕێینەوە خاڵی سفر؛ چونکە لە ژینگەیەکدا کە لێبوردەیی و قبوڵکردنی ڕای جیاواز بوونی نەبێت، و شەرکردن بۆ پۆست و پلە و بەرژەوەندی تایبەتی زاڵ بێت  بەسەر توانا و لێهاتوویی و بەها مرۆییەکاندا ،سروشتییە کە پەرتەوازەیی ببێتە دیاردەی باڵا و یەکڕیزی بێتە دروشمێکی بێ ناوەرۆک.
گەر ئەم دابەشبوون و پەرتەوازەیییە بە هەمان ئاراستەدا بەردەوام بێت، داهاتووی کورد رووبەڕووی مەترسییەکی قووڵتر دەکاتەوە؛ نەک تەنها لەدەستدانی دەرفەتە سیاسی و مێژووییەکان، بەڵکو پووکانەوەی متمانەی نیشتمانی و لەدەستدانی ئەو پێگەیەی کە نەوەکانی داهاتوو بتوانن لەسەری بوەستن. پارچەپارچەبوونی دەروونی و سیاسی دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە تەنگژە گەورەکاندا، هەمیشە وەک لایەنێکی لاواز بمێنینەوە کە چارەنووسمان لەلایەن ئەوانی ترەوە یەکلا دەکرێتەوە.
تا ئەو کاتەی تێناگەین کە پەرتەوازەیی نە تەڵەی قەدەرە و نە بەرهەمی ڕێککەوتی مێژوویی، بەڵکو دەرئەنجامی خۆشەویستیی کوێرانەی پشک، بەرژەوەندیی تەسک و قبوڵنەکردنی ئەویترە، نەوەکانی داهاتووشمان هەر دەبێت باجی هەمان گێژاو بدەنەوە، بۆیە دەرچوون لەم بازنە داخراوە، تەنها بە گۆڕینی ڕووکەشەکان ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە شۆڕشێکی فیکری و دەروونی هەیە؛ شۆڕشێک کە لە خودناسی و پەروەردەی دروستەوە دەست پێبکات بۆ ڕاهێنانی تاک لەسەر ئازادی، بەرپرسیارێتی و ڕێزگرتن لە سنووری یەکتر.
مێژوو لێمان ناگەڕێت ئەگەر فێر نەبین؛ یان لەم بازنەیە دەردەچەین و ماڵەکەمان لەسەر بنەمای خودناسی و ڕێزی هاوبەش بنیاد دەکەینەوە، یان هەر دەبینە بینەری ئەوەی چۆن مێژووی کاولکارییەکانمان وەک شانۆیەکی کۆن دووبارە دەبێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی