لە سازانی عەلی زەیدییەوە بۆ شەڕەگەڕەكی هەرێم

3 کاتژمێر پێش ئێستا

اسماعیل حاجی زەڵمی


لە فەرهەنگی سیاسیی ئێمەدا، جیاوازییەكی ڕوون لە نێوان «پۆلەتیك» (Politics) و «پۆلەسی» (Policy) نابینرێت. لە كاتێكدا «پۆلەتیك» هونەری دانوستان، هاوپەیمانی و ململانێی مەدەنییە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات و بەرژەوەندییەكان، «پۆلەسی» بریتییە لە بەرنامەی حوكمڕانی و بەڕێوەبردنی دامەزراوەیی.
ئەوەی ئەمڕۆ لە بەغدا دەگوزەرێت، نموونەیەكی زیندووی بەكارهێنانی «پۆلەتیك»ـە لە پێناو «پۆلەسی»دا؛ كاتێك لایەنە شیعەكان سەرەڕای ناكۆكییە قووڵەكانیان، توانییان لەسەر كەسایەتییەكی وەك عەلی زەیدی وەك كاندیدی سازان ڕێكبكەون و تەنانەت لە دۆسیە هەستیار و ئەمنییەكانیشدا (وەك ڕێككەوتنەكان لەسەر دۆخی جورف سەخر و ڕێكخستنەوەی هێزەكان) پەنا بۆ لێكتێگەیشتن و سازان ببەن، تەنها بۆ ئەوەی قەوارەی دەسەڵات و بەرنامەی حوكمڕانییان لە مەترسی بپارێزن. 
بە پێچەوانەی ئەمەوە، لە هەرێمی كوردستاندا چەمكی سیاسەت دابەزێنراوە بۆ ئاستی «شەڕەگەڕەك» و جنێودان بە نەیاری حزبی. لەبری ئەوەی ململانێكان لەسەر باشتركردنی «پۆلەسی» و خزمەتكردنی هاووڵاتیان بن، عەقڵییەتی یەكترسڕینەوە و ڕێگریی كوێرانە زاڵ بووە. ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی دوای تێپەڕبوونی كاتێكی زۆر بەسەر هەڵبژاردنەكاندا، هێشتا ڕێگری لە یەكگرتنەوەی دامەزراوەكانی هەرێم بكرێت و قەوارەی هەرێمی كوردستان لەبەردەم مەترسیی دابەشبوون و لاوازبوونی زیاتردا بێت.
سیاسەت و مامەڵەی سیاسی ڕاستەقینە ئەوە نییە كە شەقام و سۆشیال میدیا پڕ بكەیت لە ڕق و جنێو بەرامبەر بە هاوزمانەكەت، بەڵكو ئەوەیە كە لە ساتە چارەنووسسازەكاندا بتوانیت بەرژەوەندیی باڵا بخەیتە سەروو دەمارگیریی حزبییەوە؛ تا ئەو كاتەی ململانێی حزبی نەگۆڕین بۆ هاوبەشیی نیشتمانی و حوكمڕانییەكی یەكگرتوو، هەرێمی كوردستان باجی ئەو «شەڕەگەڕەكە سیاسییە» دەدات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی