بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، بڕیارێکی رەگەزپەرستانەی نەتەوەی سەردەستە، ئامانج لەو بڕیارەش بە ئاشکرا داگیرکردنەوەی کوردستانە، واتە نائومێدکردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستانە و بەغدا دەیەوێت کۆتایی بە سەردەمی سازش و ڕێککەوتنی سیاسی بێنێت و فەرمانەکانی عەلی زەیدی بکات بە بڕیارێکی ڕەها! دادگای فیدرالی دەسەڵاتی دەروازەی سنوورەکان و گومرگەکانی لە هەرێم سەندەوە و بەتەواوی خستیە دەستی ناوەند، هاوکات سنووری هەرێمیشی بۆ ساڵی ٢٠٠٣ گەڕاندەوە و هەموو ڕاستییەکی مەیدانیی دوای ئەو مێژووەی هەڵوەشاندەوە، ئەمە تەنیا بڕیارێکی دادوەری نییە، بەڵکو تەواوکردنی بازنەی گەمارۆیەکی کوشندەی دارایی و یاساییە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان!
من دەمەوێت پرسیارێک لە بەشێک لە عێراقییەکان بکەم کە وا دیارە لە ڕواڵەتدا سادە بێت، بەڵام دژایەتییەکی گەورە ئاشکرا دەکات: بۆچی پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە کوردستان بگەڕێتەوە و ببیتە بەشێک لە عێراق، بۆچی ناڕەحەت دەبن کاتێک ناوی بە هەرێمی کوردستان دەبەن، بەڵام خاکی ئێمەیان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا دەوێت، ئەدی کەواتە بۆچی هەستیارن بە ناسنامەی نەتەوەیی کورد و ناوە مێژووییەکەی؟
پرسیارەکەم لەوەدایە ئایا ئێوە کوردستانتان وەک کۆمپانیایەک دەوێت، یان خاکێکتان دەوێت بە ناوی “باکوری عێراق” و کەسانێک نیشتەجێی بکەن کە بە مەرجێک داوای دانپێدانان بە تایبەتمەندی نەتەوەیی خۆیان نەکەن، با جیاوازییەکە ڕوونتر بکەمەوە: کاتێک کەسێک بۆ وەسفکردنی شوێنێکی جوگرافی دەڵێت “باکوری عێراق”، ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە. بەڵام کاتێک پێداگری لەسەر بەکارهێنانی ئەم دەربڕینە دەکات، چونکە ڕەتی دەکاتەوە دان بە ناوی کوردستاندا بنێت، ئیتر مەسەلەکە جوگرافی نییە. مەسەلەکە بۆتە هەڵوێستێک لەسەر ناسنامەی گەلێک.
سەیرتر ئەوەیە دەستووری عێراق خۆی پرسی دانپێدانانی هەرێمی کوردستان و ناوەکەی یەکلایی کردۆتەوە. ماددەی سێ دان بەوەدا دەنێت کە عێراق وڵاتێکی فرەنەتەوەییە، مادەی چوار زمانی کوردی و عەرەبی دەکاتە زمانی فەرمی عێراق، مادەی ١١٧ش بە ڕاشکاوی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتە هەبووەکانی وەک هەرێمێکی فیدراڵی دەناسێت.
جا ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین ئەو دەستوورەی کە ئەوان پشتی پێ دەبەستن بۆ بەرگری کردن لە یەکگرتوویی عێراقن هەمان دەستوورە کە دان بە هەرێمی کوردستاندا دەنێت. ئیدی چۆن داوا دەکەن ڕێز لە دەستوور بگرین، کاتێک باس لە یەکڕیزی عێراق دەکات، ئینجا چاوپۆشی لەوە بکەین کە لەبارەی بوونی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان لە دەروازە سنوورییەکان و گومرگەکانەوە دەیڵێت؟
ئایا دەستوور پابەندە بە مافەکانی هەرێمی کوردستانەوە، کاتێک باس لە یەکڕیزی دەوڵەت دەکرێت، بۆ هەندێکیش ئیختیارییە کاتێک باس لە مافەکانی کورد دەکرێت، لێرەدا دەمەوێت پرسیارێکی شەرمەزارتر بکەم: بۆچی هەندێکیان ئەوەندە لە ناسنامەی کوردستان دەترسن؟
ئایا داننان بە ناوی کوردستان لە مافی عەرەبی عیراقی کەم دەکاتەوە؟ ئایا کورد بە زمانەکەی قسە دەکات هەڕەشەیە لە زمانی عەرەبی و ئاساییشی نەتەوەیی عەرەب؟
ئایا بوونی دامودەزگە کوردییەکان مەرجە بە مانای هەڵوەشاندنەوەی دامودەزگاکانی دەوڵەتی فیدراڵی بێت؟ یان کێشەی ڕاستەقینە ئەوەیە کە هەندێک کەس دەتوانن کورد وەک تاک قبوڵ بکەن، بەڵام بە ئەستەم وەک گەلێکی خاوەن ناسنامەی نەتەوەیی و دامەزراوەی دانپێدانراو قبوڵیان بکەن؟ جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان ئەوەی بە کورد بڵێیت: ئێوە هاووڵاتی یەکسانن لەگەڵ ئێمە لە دەوڵەتدا، و پێیان بڵێن: ئێوە هاووڵاتی یەکسانن بەو مەرجەی کە واز لە هەموو ئەو مافانە بهێنن کە کوردستان جیاواز دەکات لە باقی عێراق. یەکەمیان هاوبەشییە، دووەمیان داواکاری هەڵوەشاندنەوەیە لەژێر ناوی یەکێتی عیراق.
بۆ ئەوەی قسەکانم بە هەڵە تێنەگەن، داننان بە کوردستان و ناسنامە نەتەوەییەکەی بە مانای نکۆڵیکردن لە مافی عەرەب و تورکمان و ئاشووری و کلدان و دانیشتووانی دیکەی ناوچەکە نییە. ئەمە بەو مانایە نییە کە هەموو کوردێک لە سەرووی ڕەخنەکانەوەیە، یان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حزبەکانی بێ هەڵەن. هاووڵاتیان مافی خۆیانە ڕەخنە لە گەندەڵی و و نادادپەروەری و خزمایەتی و حوکمڕانی حزبی لە کوردستان بگرن، هەروەک چۆن ئێمە ڕەخنەیان لێدەگرین. هەموو هاووڵاتیەکی عێراقی مافی ئەوەی هەیە بە هۆی نەتەوەیی خۆیەوە بەبێ جیاوازی لە مافە دەستوورییەکانی خۆی بەهرەمەند بێت.
بەڵام پرسیارێک هەیە: گەندەڵی حزبێکی سیاسی چ پەیوەندییەکی بە ناوی تەواوی گەلێکەوە هەیە؟ ئەگەر حکومەتێک لە بەغدا گەندەڵ بێت، ئایا مافی ئەوەمان دەبێت نکۆڵی لە عێراق و ناسنامەکەی بکەین؟ ئەگەر وەڵامەکە نەخێر بێت، بۆچی ئینکاری مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە هۆی ناکۆکییان لەگەڵ سەرکردەکانی دەبێتە جێی قبوڵکراو بۆ هەندێک، سەرلێشێواندنی کوردستان لەگەڵ حکومەت و حزبەکانی یەکێکە لە هەڵە گەورەکانی دیبەیتی عێراق، حکومەتەکان دەگۆڕدرێن و حزبەکان دێن و دەڕۆن، بەڵام ژیانی گەلان لەو ڕۆژەوە دەست پێناکات کە حزبێک دەسەڵات دەگرێتە دەست، هەروەها ناسنامەکەیان لەو ڕۆژە کۆتایی نایەت کە حزبێک دەکەوێت.
من دەمەوێت یەک پارادۆکسی کۆتایی لەبەرچاو بگرین. کەسانێک هەن بە کورد دەڵێن: بیر لە جیابوونەوە مەکەنەوە، چونکە عێراق زێدی ئێوەیە. کاتێک کورد دەڵێ: باشە ئێمە بەشێکین لە عێراقی فیدراڵی، بەڵام دەمانەوێت ڕێز لە کوردستانی بوونی خۆمان و ناسنامەکەی و دەسەڵاتەکانمان بگرین، وەڵامی ان دەدەنەوە: کوردستان نییە، ئێوە تەنها باکوری عێراقن! چی لە مانای هاوبەشی دەمێنێتەوە؟ ئەگەر کورد بەڕای ئێوە مافی جیابوونەوەی نییە، هەروەها مافی ئەوەی نییە شانازی بە تایبەتمەندی نەتەوەیی خۆیەوە بکات لەناو دەوڵەتدا، ئەوا ئێوە چ فۆرمێکتان دەوێت بۆ بوونی؟
ئایا دەتانەوێت ئێمە هاوبەش بین لە نیشتمانێکدا، یان تەنها دانیشتووی خاکێک بین و پرۆسەیەک بین بۆ ئاسمیلاسیۆن و توانەوە؟ ئیدی پێویست ناکات ئینکاری هەرێمی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی عێراقیان خۆش بوێت. پێویست ناکات ناسنامەی کوردستانی لاواز بکەن بۆ ئەوەی ناسنامەی عێراقی بەهێزتر بکەن. عێراقی فیدراڵی، وەک دەستوورەکەی باسی دەکات، دەوڵەتێک نییە کە یەکگرتوویییەکەی لەسەر بنەمای سڕینەوەی ناکۆکی نێوان گەلی کورد و مافە د\ەستوورییەکانی بێت، بەڵکو دەوڵەتێکە کە بڕیارە ئەو ناکۆکییانە لەخۆبگرێت و مافی هەمووان بپارێزێت. ڕێزگرتن لە ناو و ناسنامە و مافە دەستوورییەکان، ئەگەر دەتانەوێت کوردستان ئەگەر بەشێک بێت لە عێراق، بۆچی ئەو بەشە ئێوە بێزار دەکات کە مافەکانی هاووڵاتیانی کوردستان دەگرێتەوە؟
ڕەنگە کێشەکە ترسی بەغدا نەبێت لە جیابوونەوەی کوردستان، بەڵکو سەختی قبوڵکردنی ئەوەیە کە هاوبەشی ژیانت نابێت کۆپی تۆ بێت، ناتوانی داوای ئەوە بکەیت کە گەلێک لەگەڵت بمێنێتەوە و دواتر خۆبەگەورە زانینی خۆی بە هەڕەشەیەک بۆ سەرت بزانێت، هەرکەسێک یەکڕیزی ڕاستەقینەی دەوێت، سەرەتا دەبێت فێربێت چۆن ڕێز لە جیاوازییەکان بگرێت. وڵاتێک کە بەشێک لە خەڵکەکەی لە ناوی یەکێک لە پێکهاتەکانی دەترسن، پێویستی بە پێداچوونەوە بە چەمکی هاوبەشی هەیە، نەک گۆڕینی ناوی ئەو پێکهاتەیە. کە بەر لە درووستبوونی قەوارەی عیراق ناوی کوردستان بووە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی