"ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی" مەقولەیەکە یەکێتیی نیشتمانی زۆر بەکاری دەهێنێت بەرامبەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام خەڵکی کوردستان نابێت جارێکی دیکە بکەونە داوی ململانێ و پیلانە حیزبییەکانی یەکێتی و پارتیەوە. ئەم دوو حیزبە، سەرەڕای هەر ناکۆکی و گرژییەك کەلەگەل یەکتری هەیانە لەسەر دەسەلات و داهات، بەڵام لە پاراستنی شێوازی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و بەردەوامکردنی سیستەمی حوکمڕانیی و ئەو هەموو کوێرەوەری و موسیبەتانەی بەسەر خەڵکی کوردستانیان هێناوە. هاوبەشن.
دوای ئەوەی لە جەنگی یەکەمی کەنداودا، عێراق کووەیتی داگیر کرد و ئەمریکا دەرفەتی بۆ ڕەخسا تا پێگەی خۆی وەك زلهێزێك سەرلەنوێ بسەپێنێتەوە، حیزبە ناسیۆنالیستەکانی کورد خۆیان بە داوێنی سیاسەتەکانی ئەمریکاوە گرێ دا و لە ساڵی ١٩٩١دا دەسەڵاتیان کەوتە دەست. لەو ساتەوە ململانێ و کێبڕکێیان بوو لەسەر ئەوەی کامیان لەسەر کورسیی دەسەڵات دابنیشێت. شەڕی ناوخۆیان بەرپاکرد و هەزاران کەسیان لەیەکتر کوشت، سەرکوتی خەڵکی کوردستانیان کردو بێمافیان کردن، هەزاران ژن بەناوی ناموسەوە کوژران، کەرەستەو کەلوپەلی بەنداوەکانی وەکو بەنداوی بەخمە، بلدۆزەر، ئەمبوڵانس، ئۆتۆمبێلی شارەوانی، ئامێری ئەشیعە و کەیبڵی کارەبایان ئاودیوی ئێران کرد ..تاد. لە هەموو سەردەمێکیشدا خواست و ئامانجی خۆیان وەك بەدیل و ڕێگایەك بۆ گەیشتنی خەڵکی کوردستان بە ئاوات و ئارەزووەکانیان نیشان داوە، گوایە کار بۆ ڕزگاربوون لە ستەمی میللی دەکەن، بەڵام پێچەوانەی خواست و ویستی خەڵك مامەڵەیان کردووە و بوونەتە کۆسپ لەبەردەم چارەسەری کارسازی کیشەی کورد، ئەم دوو حزبە ئامانجی سەرەکییان تەنها ئەوە بووە کە بەشدار و هاوبەشی دەسەڵات، داهات و پۆستەکاندا بن.
زیاتر لە سێ دەیەیە سامان و سەرچاوە گشتییەکانی خەڵکی کوردستان بەهەدەر دەدرێن. ناکۆکیی ئەم دوو حیزبە لەسەر باشترکردنی ژیانی خەڵك، دابینکردنی خۆشگوزەرانی، پێداویستییە سەرەتاییەکان و مافو ئازادیەکانی خەلکی کوردستان نیە ، بەڵکو لەسەر شێوازی دابەشکردنی دەسەڵات و بەشە دزی وتاڵانی و پاراستنی بەرژەوەندییە حیزبی و بنەماڵەییەکانیانە. بۆیە نابێت خەڵکی کوردستان ببنە ئامرازی کەمپەین و ململانێ سیاسییەکان، یان هەر خۆشباوەڕییەك بە هەر کامیان کارەساتەکان قووڵتر دەکاتەوە.
هەرچەندە ئەم دوو بنەماڵەیە تا کاتێك لەسەر تاڵانکردنی داهاتی کوردستان لەنێوان خۆیاندا بە ڕواڵەت حکومەتێکی هاوبەشیان پێکهێنابوو، بەڵام لە دنیای واقعیدا هیچ کاتێك لە کوردستاندا یەك قەوارەی سیاسی و ئیداریی یەکگرتوو بوونی نەبووە، تەنانەت لەو کاتانەشدا کە تاڵەبانی و بارزانی ڕێك و تەبا بوون وحکومەتی هاوبەشیان بووە. حوکمەت هەبێت یان نەبێت، بەکردەوە دەسەڵاتی هەریەکەیان تا دێگەڵەیە و کوردستان بەسەر دوو دەسەڵاتی دوو زۆنی میلیشیایی-بنەماڵەییدا دابەش کراوە. لە ٣٥ ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتی ئەم دوو حیزبە هیچ جیاوازییەکی بنەڕەتی نەبووە لە ڕووی دزی، تاڵانی، قاچاغچێتیی نەوت، سەرانەسەندن، گەندەڵی، فرۆشتنی موڵك و ماڵی گشتی و سەرکوتی خەڵکدا. لە سایەی ئەم دەسەڵاتەدا کۆمپانیاکانی هەردوو بنەماڵە و سەرمایەدارەکانی نزیك لە خۆیان دەستیان لە قورگی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش گیر کردووە، هەر لە کارەبا، ئاو، سووتەمەنی، خەستەخانە و دەرمان تا خوێندن، پەروەردەو دامەزراندن و خزمەتگوزارییە گشتییەکان گیرفانی خاڵی خەڵکی کەمدەرامەتی هەڵتەکاندووە، هاوکات ئازادییە فەردی و سیاسییەکان، ڕادەربڕین و خۆپیشاندان ڕووبەڕووی سەرکوت، دەستگیرکردن، سوکایەتی و خەڵتانی خوێن بوونەتەوە.
دوای زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەماندا، بەهۆی ئەو دۆخە چەقبەستووەی هەردوولا دروستیان کردووە و نەگەیشتنیان بە ڕێککەوتن لەسەر پۆست و داهات وقازانج، پارتی تاکلایەنە لەڕێگەی ئەندام پەرلەمانەکانی خۆی و هەڵگەڕاندنەوە و کڕینی چەند ئەندام پەرلەمانێکی لایەنەکانی ترەوە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی هەڵبژارد. ئامانجی پارتی لەم هەنگاوە کاراکردنەوەی خودی پەرلەمانە کارتونیە نەبووەو نییە، بەقەد ئەوەی نیشاندانی هێزی سیاسی و نفوزی پەرلەمانیی خۆیەتی تا هەموو مەرج و داواکانی یەکێتی (کە دوای هاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ نەوەی نوێ دەیدا بە گوێی پارتیدا) پووچەڵ بکاتەوە، ڕەوایەتیی یاسایی ببەخشیت بە دەسەڵاتی بنەماڵەیی و وەك پێوانەیەك لە دانوستانەکانی دواتردا یەکێتی ناچار بکات بەو شێوەیەی خۆی دەیەوێت مل بدات. پەیامەکەی مەسعود بارزانیش بەدوای ئەم رووداوانەدا هەر بۆ ئەوەیە یەکێتی نیشتیمانی لە پێگەی لاوازدا بهێنێتە سەر مێزی گفتوگۆ و ڕق و تووڕەیی خەڵکی ناڕازی خاو بکاتەوە.
لە بەرامبەردا، یەکێتی کە پێشتر بە مەرجی ڕێککەوتنی پێشوەختە لەسەر حکومەت و پۆستەکان ئامادەی کاراکردنەوەی پەرلەمان بوو، کاردانەوە خێراکەی جگە لە شڵەژانێکی سیاسی و بەبارمتەگرتنی دانیشتووانی ناوچەی سەوز شتێکی تر نییە. نیگەرانیی سەرەکیی سەرۆکی یەکێتی لە هەڵوەرینی ئەندام پەرلەمانەکان و سووتانی ئەو کارتەیە کە لە ڕێگەی هاوپەیمانێتی لەگەڵ نەوەی نوێدا دەیویست باڵانسی هێز بگۆڕێت و پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە سیادییەکان بەدەست بهێنێت. هەوڵ و هەڕەشەکانی یەکێتی بۆ جیاکردنەوەی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین و ڕەسمیەتدان بە دووئیدارەیی یان دروستکردنی هەرێمێکی تر هیچ خێرێکی بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە نییە، زەرورەتەکەی تەنها ئەوەیە بنەماڵەی تاڵەبانی بەو بەشەی خۆیان ڕازی نین کە بنەماڵەی بارزانی پێیان دەدات و دەیانەوێت زۆنی سەوز وەك موڵکی خۆیان و خەڵکەکەی وەك کۆیلەی خۆیان دابڕن.
هەموو بەڵێنە درۆینەکانی یەکێتی و نەوەی نوێ بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵك، مووچە و هەرزانکردنی کارەبا و سووتەمەنی، وەك هاتوهاوارەکانی بافڵ تاڵەبانی وتەبلیغاتەکانیان تەنهاو تەنها چەواشەکارییە کە بۆ بەکارهێنانی کارتی فشاری خەڵك لەسەر پارتی بۆ وەرگرتنی ئیمتیازاتی زیاتر لە پارتی. خەڵکی سلێمانی مافی تەواویان هەیە داوای ماف، خزمەتگوزاری، دادپەروەری و بەڕێوەبردنی باشتر بکەن، بەڵام ئەم مافە نابێت ببێتە ئامرازێك بۆ جێگیرکردنی زیاتری دەسەڵاتی حیزبی و بنەماڵەیی. ئەگەر بافڵ تاڵەبانی یان هەر لایەنێکی تر بەڕاستی دەیانەوێت و نیازی خزمەتکردنی خەڵکی سلێمانی هەبێت، دەرفەتی هەیە بە کردار ئەنجامی بدەن و بیسەلمێنێت، بە دابینکردنی کارەبا، گاز، نەوت، سووتەمەنی و ئاو پێداویستییە سەرەتاییەکان بەتایبەت لە وەرزی سەرما و سۆڵەدا بەنرخێکی رەمزی و هەرزان.
زۆنی سەوز لە ساڵی ١٩٩١ەوە بە کردەوە بەدەست یەکێتییەوە بووە، کێ ڕێگری لە یەکێتی کردوە فۆرمێکی باشتر بچەسپێنێت و خزمەتگوزاری و ئازادی و مافە زۆر زەوەتکراوەکانی خەلکی زامن بکات؟ ئەوەی ئێستا یەکێتی بانگەشەی دەکات بۆ گۆڕینی فۆرمی گەنیووی دەسەڵاتی بنەماڵەیی نییە، بەڵکو پێداگرتنەوەیە لە درێژەدان بە فۆرمی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و هەوڵێکە بۆ وەرگرتنی ئیمتیاز لە پارتی و درێژەدان بە دەسەڵاتی هاوبەش لەگەڵیدا.
پێویستە ئەوەش بزانرێت کە ئەم چەقبەستوویی و ناکۆکییەی نێوان پارتی و یەکێتی دابڕاو نییە لەو گۆڕانکارییە گەورانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بزووتنەوەی ناسیۆنالیستیی کوردی لە پارچەکانی تری کوردستان تووشی شکست و بنبەستێکی ستراتیژی کردووە، لە پاشەکشە و تێکەڵکردنەوەی هێزە کوردییەکان لە سووریا و پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە لە تورکیاوە تا گۆڕانی ستراتیژیی ئەمریکا، تورکیا و ئێران بەرەو مەرکەزیکردنەوەی دەسەڵات لە بەغدا. لەم هاوکێشە نوێیەدا هەرێم وەك و ناوچەیەکی لاوەکی لێهاتووە، و قووڵبوونەوەی کێشەکانی پارتی و یەکێتی دەرگا دەکاتەوە بۆ بەشداری و دەخالەتی زیاتری دەوڵەتانی ناوچەکە و تەسلیمبوونی زیاتریان بە سیاسەتەکانی بەغدا وەك هەوڵەکانی مەسرور بارزانی بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانیی بەغدا و تەریکخستنەوەی یەکێتی لەسەر حسابی نەوت و بودجە. لەم نێوەندەشدا ئەوەی دەوترێت پاراستنی قەوارەی هەرێم، قەوارەی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و میلیشیایی ئەم دوو حیزبەیە کە ئەگەر بەهێز بێت سوودەکەی بۆ ئەوانە و ئەگەر لاوازیش بێت خەڵك باجەکەی دەدات.
ئەگەرچی هەڵگرساندنی شەڕی ناوخۆ بەهۆی تێکەڵبوونی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و کۆمپانیا هاوبەشەکانیانەوە ئەگەرێکی دوورە، بەڵام درێژەکێشانی ئەم بارگرژییە ڕاستەوخۆ پەلامارە بۆ سەر بژێوی، ئەمنیەت و ئازادییەکانی خەڵك، ئەم دوو حیزبە هەمیشە باجی شەڕ و ئاشتییان بەسەر ژیانی خەڵکدا شکاندووەتەوە. سەرەڕای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان وەك ١٧ی شوبات، گەیشتن بە ئازادی و ژیانێکی شایستە پێویستی بە تێپەڕاندنی ئەم دەسەڵاتەیە.
بەپێچەوانەی روانین و بەرژەوەندیەکانی نووسەر و رۆژنامەنوسە بە نرخی رۆژ ناخۆرەکان و لایەنە ناسیۆنالیستەکان، پیرۆزکردنی دەسەڵاتی دوو بنەماڵە بە ناوی 'قەوارەی هەرێمی کوردستان' تەنها چەواشەکارییە بۆ بەردەوامیدان بە نەهامەتیی خەڵك. خەڵکی کوردستان پێویستیان بە دابەشکردنی زیاتر و سنوورکێشانی نوێ نییە، پێویستیان بە کوردستانێکی یەکگرتوو، یەك حکوومەتی سەراسەری و یەکگرتوو، یەك دەستوور و یاسای مۆدێرن، ئازاد و پێشکەوتووانەیە کە بە رۆڵ و نەخش و ئیرادەی ئازادانەی خەڵك دابمەزرێت و کۆتایی بە دەسەڵاتی هەردوو بنەماڵە بهێنێت. هەروەها ئەگەر تەنانەت لە ناوچەیەکی بچووکیشدا بەکردەوە ژیان و گوزەرانی خەڵك باشتر بێت، ژنان لەژێر باری نەریت و یاسای کۆنەپەرستی ئیسلامی-عەشیرەتی-ناسیۆنالیستیدا نەکوژرێن و ناچار بە خۆسووتاندن نەکرێن، منداڵان لە خوێندن بەهرەمەند بن خاوەن پێداویستیی تایبەت ژیانێکی شکۆمەندیان هەبێت، مووچە وکرێ و هەقدەست لەکاتی خۆیدا بدرێت و بەشی ژیانێکی شکۆمەند بکات و بەپێی گرانی و هەڵاوسان زیاد بکات، خزمەتگوزاریی پزیشکی و دەرمان بە خۆڕایی یان بە نرخی ڕەمزی دابین بکرێت، ئاو و کارەبا و سووتەمەنی بە نرخی گونجاو و ڕەمزی بن، و کەرامەت و ماف و ئازادییەکان پارێزراو بن، ئەوکات پشتیوانی دەکرێت و بۆی تێدەکۆشرێت.
ڕێگای ڕزگارکردنی خەڵکی کوردستان لە بانگەشە و کەمپەینە چەواشەکارانەکاندا نییە، بەڵکوو لەوەدایە خەڵکی ناڕازی دەستەوەستان دانەنیشن و هەر ئێستا هێزی جەماوەری و یەکگرتووی خۆیان لە دەوری داخوازییەکان بۆ مووچە، سووتەمەنی، ئاو، کارەبا، تەندروستی و ئازادییەکان بهێننە مەیدان و ڕێگە نەدەن مەدەنیەت و ئاسایشی کۆمەڵگا بکرێتە قوربانیی ململانێی ئەم دوو حیزبە. ئەمەش تەنها لە ڕێگەی ڕێکخستن و هاتنەمەیدانی جەماوەریی کرێکاران و ئازادیخوازانەوە لە دەوری بەدیلێکی شۆڕشگێڕانە و پشتبەستوو بە ئیرادەی خەڵك دەستەبەر دەبێت. کوردستان موڵکی هیچ حیزب و بنەماڵەیەك نییە،کوردستان موڵکی هەموو خەڵکەکەیەتی.
٢٥/١١/٢٠٢٦
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی