دووڕيان!

5 کاتژمێر پێش ئێستا

ئارێز عەبدوڵلا

ئەوەی هاتووەتەپێش چاوەڕوان کراو بوو، لە سايەی ئەو دەسەڵاتە قەرەقۆشيە، دەبێ چاوەڕوانی خراپتريش بين، بەڵام ئايا ئەو خاوەن دەسەڵاتانە ئەمجارە بە خۆياندا دچنەوە، يان دوای شکستێکی تر دەستی چەوريان بە سمێلی خەڵکی دی دەسڕنەوە؟

ئايا ئەم جارەش هۆکارەکەی بۆ پيلانێکی نێودەوڵەتی و هەرێميی دەگێڕنەوە، يان دواتر خۆيان لەگەڵ هەلومەرجی نوێ ڕادێننەوە و گورگی باران ديتە ئاسا درێژە بە کوردايەتيە تايبەتەکەی خۆيان دەدەنەوە؟ تو بڵێی ئەمجارە درەنگيش بێ پەندێک وەربگرن؟

ئەوەی ڕوو دەدات، کارێکی ئاسان نييە, بەڵام خۆمان لێی بەرپرسيارين، چونکە بيانوو بەدەستەوە دراوە، ئەمە لە لایەك، لە لایەکی دیکەش دوژمن و نەيارەکانمان ناسراون، کەچی چەندين ساڵە، سەرەڕای هەبوونی دەرفەتێکی فرە لەبار، بەڵام هەرگيز پايەکانی ئەم هەرێمە نيمچە دەوڵەتەی خۆمان، ئەوەندە قايم نەکردن بە ڕەشەبايەک نەهەژێ! چەندین ساڵە لە بەڕێوەبردنی وڵات سەربەخۆين، بەڵام کارمان گەياندە ئەو ئاستەی کەسانێک هەبن بە کاردانەوە هيوای گەڕانەوەی عێڕاق بخوازن! چەندين ساڵە بە ملياران دۆلار داهاتمان هەيە، کەچی نەخۆشخانە گشتيەکانمان ناتوانن چارەسەری نەخۆشيە درێژخايەنەکان بکەن! چەندين ساڵە ژمارەی زانکۆ تايبەتەکان زياد دەکەين، کەچی بە پێورە زانستيەکان ئاستی زانستی و فێرکردن ئەوەندە دابەزيوە شەرم بکەين هەر باسی بکەين!

چەندين ساڵە لە ترۆپکی دەسەڵاتی دەوڵەت بەشدارين، کەچی کێشەکانی هەرێم و بەغدا چارەسەر ناکەين! چەندين ساڵە هاوار دەکەين هەندێک شتی بچوک بکەنە قوربانی شتی گەورەتر، کەچی ئەوان هەر شتی گەورەی گەليان بە قوربابی شتی بچوکی خۆيان کرد! چەندين ساڵە دەستەبژێری رووناکبيری ئەم وڵاتە هاوار دەکەن و رەخنە دەگرن، کەچی نەک هەر گوێيان لێناگيرێ، بە خائين و دژە هەرێم ناويان دەبەن! لەم کوردستانەی بووەتە گەندەڵستان لێپرسينەوە لە هيچ گەندەڵکارێک ناکرێ، چونکە لەسەرەوە ڕا دەستی بێکردوە.

لەم کوردستانەی ژێر زەويەکەی دەريای نەوتە و کۆمپانيای کاک فلان و کاک فلانيش بە تورکيا و ئسڕائيل و ئەفغانستان دەيفرۆشن، کەچی خەڵکی گوندان ناچار داربەڕووە بە تەمەنەکان ببڕنەوە و خێزانە هەژارە شارنشينەکانيش لەسەرمان هەڵدەرزن و ناتوانن بەرميلێکی نەوتی سپیی پاڵاوگەکانی خۆيان بە چوار سەد هەزار دينار بکڕن! ئەم کوردستانەی بە خوێن ماوە و بە خوێن دروست کراوە لە پێناوی پۆستی ئەم و ئەو، دەسەڵاتی ئەم و ئەو نەک هەر بێ هێز بەڵکو لە لای دۆستەکانيشمان بێزراوە! ئەو خۆ بەزل زانانەی پێيان وايە تازە پيلانمان لێدەگێڕدرێ، زۆر دەبەنگن، چونکە ديارە نەشارەزای جوگرافيای وڵاتەکەيانن و نەيارەکانیان نەدەناسن و نە نرخی دەرفەتە مێژوويی و زێڕينەکان دەزانن، ئەوانە با گلەيی لە ئەقلی خۆيان بکەن و دواتريش پەنجەی پەشيمانی بگەزنەوە. زۆر دەرفەتی گەورە لە دەست دران، پارەی زۆر بەهەدەر درا و دزرا، زۆر فشە کرا، زۆرچەواشەکاری کرا…

ئێستا لە قۆناغێکی مەترسيدار داين و دوو ڕێگەمان لە پێشە: -گرتنەبەری رێگای ديبلۆماسی و رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، يان جيابوونەوە و جيا بوونەوە. چونکە سەردەمی چەواشەکاری و دروشمە نابەجێکان بەسەر چوو.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی