خوێندنەوەیەک بۆ کەسایەتیی عەلی زەیدی و بڕیارەکانی لە نێوان سەرۆکوەزیرانەکانی دوای ٢٠٠٣ـدا
پێشەکی
مێژووی حوکمڕانیی عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە بە قۆناغی جیاوازی ململانێی حیزبی، دابەشکاریی تائیفی و لاوازیی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا تێپەڕیوە. بەڵام هاتنە سەرکاری (عەلی فالح کازم ئەلزەیدی) لە ئایاری ٢٠٢٦ـدا وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەرچەرخانێکی جیاوازی لە شێوازی بەڕێوەبردن و بڕیارداندا هێنایە ئاراوە.
لە ڕوانگەی زانستی سیاسییەوە، ئەلزەیدی تەنها درێژەپێدەری کارەکتەرە سیاسییەکانی پێش خۆی نییە، بەڵکو دەرئەنجامی تێکەڵبوونی چەند فاکتەرێکی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتییە کە دەرفەتێکی دەگمەنیان بۆ ڕەخساندووە تاوەکو دەست بۆ دۆسیە هەستیار و قەدەغەکراوەکان ببات.
یەکەم: کۆبوونەوەی فاکتەرە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، جیاوازیی ئەلزەیدی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانەکانی پێشوو
بەراوردێکی زانستی لە نێوان عەلی زەیدی و سەرۆکوەزیرانەکانی پێشووی عێراقدا (٢٠٠٣–٢٠٢٦) دەریدەخات کە هیچ کام لە سەرۆک وەزیرانەکانی پێشوو بەم ئەندازەیە کۆدەنگی و پاڵپشتیی هاوکاتیان لە ئاستی ناوخۆ، ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا بۆ کۆنەبووەتەوە:
• پشتیوانیی بەهێزی ئەمریکا و ڕۆژئاوا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر زاری دۆناڵد ترەمپ و نێردەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (وەکو تۆم باراک)، هاوکات لەگەڵ پاڵپشتیی فەرەنسا، پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی زەیدی لە پێناو سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت، کۆنترۆڵکردنی چەک و ڕاگرتنی بەقاچاخبردنی نەوت دەربڕیوە.
• ڕەزامەندیی جەمسەرە ئیقلیمییەکان (ئێران و تورکیا): بە پێچەوانەی ڕابردوو کە زۆرجار بەرژەوەندییەکانی تاران و ئەنقەرە لە عێراقدا پێکدادانیان دەکرد، زەیدی هاوسەنگییەکی دروست کردووە کە هەردوو وڵات پێی ڕازین، لە ڕێگەی ڕێککەوتنە ئابوورییەکان لەگەڵ تاران و کاراکردنی دۆسیەی ئاو و پڕۆژەی «ڕێگای گەشەپێدان» لەگەڵ ئەنقەرە.
• پشتگیریی ناوخۆیی و چوارچێوەی هەماهەنگی: دوای کشانەوەی نووری مالیکی و محەمەد شیاع ئەلسودانی و تێپەڕاندنی بۆشایی دەستووری، (چوارچێوەی هەماهەنگی) کۆدەنگیی لەسەر زەیدی دروست کرد. هاوکات هەڵمەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پشتگیرییەکی جەماوەریی بەرچاوی لە شەقامی عێراقیدا بۆ دروست کردووە.
دووەم: کەسایەتییەکی بێلایەن و بڕیارە بوێرەکان
نهێنیی بوێری و دەستپێشخەرییەکانی عەلی زەیدی دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی کەسایەتی و پاشخانە پیشەییەکەی، چونکە نە سەرکردەیەکی کلاسیکیی حیزبییە و نە خاوەنی میلیشیای چەکدارە، خاوەنی پاشخانێکی حزبی نییە و لەسەر هیچ هێزێکی سیاسی دياريكراو هەژمار ناکرێت، بۆیە کەمتر ملکەچی فشاری حیزبییە و ئازادییەکی زیاتری هەیە لە بڕیارداندا:
• سەربەخۆیی لە بڕیاردا: نەبوونی پابەندیی حیزبی وای کردووە نەکەوێتە ژێر باری بەرژەوەندییە تەسکەکان، بەڵکو بە عەقڵییەتێکی تەکنۆکراتی یاسایی و داراییەوە مامەڵە بکات.
• چڕکردنەوەی دەسەڵات: تێکەڵبوونی ئەم سەربەخۆییە لەگەڵ چڕکردنەوەی دەسەڵاتە ئەمنییەکان (بوون بە فەرماندەی گشتی و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی) و پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەکان، جورئەتێکی بێوێنەی پێبەخشیوە بۆ دەرکردنی بڕیاری یەکلاکەرەوە.
سێیەم: نەخشەڕێگای بڕیارەکان، لە جورف سەخرەوە بۆ دۆسیەی نەوت و سنوورەکانی هەرێم
عەلی زەیدی ستراتیژی «کۆکردنەوەی چەک و سامان لە دەستی دەوڵەت»ی بە دوو قۆناغی یەک لە دوای یەکدا جێبەجێ کرد:
• قۆناغی یەکەم (جورف سەخر): بە بڵاوەپێکردنی هێزە فیدراڵییەکان و دانانی بارەگای سەرکردایەتی لە جورف ئەلنەسر، هاوکێشەیەکی نوێی لە ڕێگەی لێکتێگەیشتنی تاکتیکی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان دروست کرد، کە وەک پەیامێکی دڵنیایی بوو بۆ ئەمریکا لەسەر توانای دەوڵەت بەبێ پێکدادانی خوێناوی.
• قۆناغی دووەم (هەرێمی کوردستان، بیرە نەوتەکان و دەروازە سنوورییەکان): بە پشتبەستن بە بڕیارە ڕاڤەکارییەکەی دادگای باڵای فیدراڵی (ژمارە ٢٦٨ لە ٢٥/١١/٢٠٢٦)، بڕیاری دا بە ڕادەستکردنی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێم بە دەستەی دەروازە فیدراڵییەکان، داخستنی دەروازە نافەرمییەکان، وەرگرتنەوەی کێڵگە نەوتییەکانی ناوچە جێناکۆکەکان، قەدەغەکردنی هەناردەکردنی نەوت بەبێ ڕەزامەندیی بەغدا، و دانانی بازگە و تاقیگەی پشکنین و وردبینی لە پاڵاوگەکانی (کار و بازیان).
چوارەم: ئاستەنگەکانی بەردەم زەیدی و مەترسییە شاراوەکان لەسەر هەرێم
١. ئایا لایەنە شیعییەکان تا کۆتایی لەگەڵ زەیدی دەمێننەوە؟ پشتگیریی هێزە شیعییەکان بۆ زەیدی پشتگیرییەکی پراگماتی و مەرجدارە. تا ئەو کاتەی هەنگاوەکانی زەیدی ببنە هۆی دوورخستنەوەی سزا و فشاری ئەمریکا و دەست بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییە قووڵەکانیان نەبات، پشتگیریی دەکەن، بەڵام ئەگەر هەڵمەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چەکداماڵین پێگەی ئابووری و سەربازیی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بخاتە مەترسییەوە، ئەگەری درزتێکەوتنی ئەم هاوپەیمانییە بەهێز دەبێت.
٢. ئایا ئامانجەکە تەنها نەوت و سنوورەکانە یان مەترسیی قووڵتر لە پشت بڕیارەکانەوەیە؟ لە ڕووکەشدا بڕیارەکان لە ژێر ناونیشانی «ڕێگری لە قاچاغچێتی و سەپاندنی یاسا»دان، بەڵام لە قووڵاییدا مەترسییەکی ستراتیژی لەسەر قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان هەیە. کاتێک بەغدا دەست بەسەر دەروازە سنوورییەکان، داهاتی نەوت، باج و داهاتە نانەوتییەکاندا دەگرێت و سنووری هەرێم بە هێڵی (١٩/٣/٢٠٠٣) دەبەستێتەوە، هەرێم سەربەخۆیی دارایی و ئیداریی لەدەست دەدات و دەگۆڕێت بۆ ئیدارەیەکی لۆکاڵیی پاشکۆی بەغدا. لەوەش مەترسیدارتر، قەیرانی متمانەی ناوخۆیی هەرێمە بەهۆی سیاسەتی خراپی ئابووری و قۆرخکاریی ڕابردوو، کە وایکردووە هاوڵاتی لە نێوان ئینتیمای نیشتمانی و بێزاری لە حوکمڕانیدا دابەش ببێت و بەرەی ناوخۆیی هەرێم لاواز ببێت.
پێنجەم: سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکانی قۆناغی داهاتوو
• سیناریۆی سازانی ناچاری و ڕێککەوتنی نوێ (ئەگەری بەهێز): لە ڕێگەی گفتوگۆ سیاسی و دادوەرییەکانەوە (هاوشێوەی لووتکەی زەیدی و فایەق زێدان)، هەرێم ناچار دەبێت بە بەشێکی زۆری مەرجەکانی بەغدا ڕازی بێت (بەئەلیکترۆنیکردنی دەروازەکان و چاودێریی فیدراڵی)، لە بەرامبەردا بەغدا پشکی بودجە و مووچەی هەرێم مسۆگەر دەکات و پەنا بۆ جوڵەی سەربازی نابات.
• سیناریۆی سەپاندنی ئەمری واقیع و لاوازکردنی قەوارەی هەرێم: ئەگەر هەرێم ڕێکارەکان ڕەت بکاتەوە، بەغدا بە پاڵپشتیی دادگای فیدراڵی و گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و دراوسێکان، لە ڕێگەی گەمارۆی دارایی و کۆنترۆڵکردنی ناوچە جێناکۆکەکان و بۆرییە نەوتییەکانەوە، دەسەڵاتەکانی هەرێم لە چوارچێوەی پارێزگاکاندا قەتیس دەکات.
• سیناریۆی پەککەوتنی پرۆژەکەی زەیدی بەهۆی ناکۆکیی ناوخۆیی بەغداوە: ئەگەر ململانێی هێزە شیعییەکان لەسەر دابەشکردنی بەرژەوەندییەکان بتەقێتەوە یان دۆخی ئەمنیی ناوچەکە تێکبچێت، زەیدی ناچار دەبێت پاشەکشە لە توندکردنەوەی فشارەکانی بکات و دۆسیەکان بە هەڵپەسێردراوی بمێننەوە.
شەشەم: حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت لەم قۆناغەدا چۆن مامەڵە بکات؟
• بڕینی پاساوە یاسایی و ئابوورییەکان: کۆتاییهێنان بە قاچاغچێتیی سنوورەکان و شەفافکردنی تەواوەتی دۆسیەی نەوت و داهاتی ناوخۆ، چونکە بەغدا و ئەمریکا ئەم خاڵانە وەک کارتی فشار بەکاردەهێنن.
• گواستنەوەی ململانێکە لە زمانی هێزەوە بۆ دانوستانێکی پیشەیی: دوورکەوتنەوە لە گوتاری سۆزداری و پەنابردن بۆ گفتوگۆیەکی دەستووری و یاسایی لەگەڵ بەغدا و ناوەندە دادوەرییەکان، بە ئامانجی پاراستنی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم و مسۆگەرکردنی مافە داراییەکانی هاوڵاتییان.
• ئاشتکردنەوەی شەقام و یەکخستنی ناوماڵی کورد: ئەنجامدانی چاکسازیی ڕاستەقینە لە بژێوی و مووچەی هاوڵاتییان و دروستکردنی کۆدەنگییەکی نیشتمانی لە نێوان سەرجەم هێزە سیاسییەکانی هەرێمدا، چونکە بەبێ متمانەی هاوڵاتی، هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت بەرگری لە قەوارە سیاسییەکەی بکات.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی