چارەسەر چیە! لەهەرێمی کوردستانەوە بۆ باشوری کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا

سۆران نەقشبەندی

بەندە وەک دیپلۆماتکارێکی سەربەخۆی بواری دیپلۆماسی کلتوری کە نوێترین ئاراستەی دیپلۆماسیە و گەل تێیدا کارەکتەری سەرەکیە، لە چەندین وتار و توێژینەوە و دیدار و سێمیناردا بەوردی هەموو ئەو هەنگاوانەم خستۆتە روو کە لەم سەردەمە گۆڕاوەی دونیای سیاسەت و دیپلۆماسیدا کورد وەک گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت لە جیهاندا پێویستە چێ بکات و چۆن مامەڵە لەگەڵ گۆڕانکاریە خێراکانی خۆرهەڵاتی ناوەراست و رای نێودەوڵەتیدا بکات، ئەمەش لەبەر ئەوەی لەماوەی خوێندنی ئەکادیمی و کارکردنم لەبواری دیپلۆماسیدا لە وڵاتانی خۆرئاوا، گەیشتمە ئەو بەرئەنجامەی کە کورد ناتوانێ بە چەک بگاتە کەناری ئارامی، ناشتوانێ بێ دەوڵەت بگاتە سەر شانۆی سیاسی جیهان، کەواتە ئاخۆ رێگاچارە چیە، دەبێ چ هەنگاوێک هەڵگرین کە نەکرابێ، چ ئامانجێک دەستنیشانبکەین کە دەستی بۆ نەبرابێ!

وەک چۆن زۆرجار ئەمەم دوبارە کردۆتەوە کە دەبێ خۆمان و مناڵانمان و نەوەی داهاتووشمان وا رابێنین و رامبکەین کە کوردستان بریتی نیە لە شارێک لە رۆژهەڵات کە ناوی سنەیە، کوردستان بریتی نیە لە هەرێمێ لە باشور کە ناوی هەرێمی کوردستانی عێراقە، کوردستان ئیدارەیەکی سەربەخۆ نیە کە لەرۆژئاوا ناوی خۆسەریە، دواجار کوردستان ناوچەیەک نیە لە باکور ناوی تەڤگەری ئازادیە، کوردستان وڵاتێکە و نابێ بەچوار.

با لەم نوسینەدا بە وردی باس لەنوێترین و گەرمترین روداوەکانی کە روبەروی کورد دەبنەوە لە باشوری کوردستان بە نمونە وەرگرین، ماوەی زیاتر لە ٢٣ ساڵە باشوری کوردستان بەبێ دەنگی ئینیتگراسیۆن دەکات لەگەڵ وڵاتێکی عەرەبی بەناوی عێراق، خۆی تواندۆتەوە لەو وڵاتەی کە هەرکات هێزی هەبوە کوردی کوشتوە، نمونەکانیش کەم نین نوێترینیان ئەنفال و کیمیاباران و گوندروخاندن و دارسوتاندن و ماڵات دزین و چەندین هەوڵی تر بۆ لەناوبردنی ئەم میلەتەی کە میزۆپۆتامیای دروستکردوە و شارستانیەتی بونیادناوە.

پێشتر لەوتارێکمدا بە راشکاوی باسی ئەوەم کردوە کە جەنابی مام جەلال بەسبوو ببێتە سەرۆک کۆمار، چونکە تا کاتی ئەو مانای هەبوو، بەوپێیە مام جەلال هەڵاتوو بوە و سەدام بۆ سەری دەگەڕاو موخەریب بوە، دواجار خەباتی ئەم پیاوە جێدەگرێت و دەچێتە سەر کورسیەکەی سەدام و دەبێتە سەرۆک کۆمار و ئەویش لەسێدارەدەدرێت، رەنگە ئەم دێڕە لەمێوژوی سیاسی و خەباتی کورد بەسبوبێت بۆ عەرەبی عێراق کە کورد کەم نیە و کاری گەورەی پێدەکرێت، لەدوای خولی مام جەلال، دەبوو خاڵ دابنێین و بێینە سەری دێڕ.

سەری دێرێک کە بونیاتنانی کوردستانێکی بەهێز و یەکگرتوو دەستپێکەکەی بێت، ئەگەر لە ساڵێ ١٩٩١ ئەمە نەکرا خۆ ساڵی ٢٠٠٣ و کاتی روخانی رژێمەکەی بەعس فرسەتێکی تر بوو، ئەگەر ئەمەش سەرینەگرت و فرسەتمان دایەوە عیراق خۆ دیسان ساڵی ٢٠١٧ و ریفراندۆم فرسەتێکی تر بوو، هەموو خولی سەرۆک کۆمارێک ماڵوێرانی بۆ کورد هێناوە و کورد، یان باشترە بڵێم یەکیەتی و پارتی دابەشکردوەتەوە بۆ دووبەرەی دژ بەری تا سەرئێسقان نەیار بەیەک، کە ناوخۆی ماڵی کوردی لە کوردستان پێ لەتکراوە، بۆیە بەبڕوای من کاتی جۆرێکی ترە لەسیاسەت، کە کورد لەناوچەکە بیگرێتەبەر.

ئێستەش نەچوە بچێ، بۆ کاری باش هەموو کاتێک گونجاوە، کاتی ئەوەیە کە کورد لە وڵاتی عێراق مەرجی هەبێت و داوای دەستەبەری هەندێک ئەرک و ماف بکات، لەوانە:

1- واز لەپۆستی سەرۆک کۆمار بهێنێت، لەراستیا من زۆر بیری لێدەکەمەوە و ناگەمە ئەنجام، داخۆ بۆچی دەبێت کوردێک سەرۆک کۆمار واتە کەسی یەکەمی وڵاتێکی عەرەبی بێت، گرنگی و حیکمەتی ئەم کارە لەچیدایە، بەراستی دەبوو خودی عەرەب لە عێراقدا ئەمە قبوڵ نەکەن کە کوردێک سەرۆکایەتیان بکات کە لەراستیا ئەوەی ئێستا تەنانەت زمانی عەرەبیەکەیشی باش نیە و بەجوانی نایزانێت، من نازانم ئەوان بۆ قبوڵی دەکەن، با لەخۆمان بپرسین ئایا بەراستی کورد رازی دەبێت رۆژێک عەرەبێک سەرۆکی هەرێمی ئێستا یان سەرۆکی دەوڵەتی کوردستان بێت لە داهاتوودا؟ لەپێناوی چیدا؟ بۆ؟ چۆن؟.

2- لەبەرامبەر ئەم وازهێنانەی کورد لەپۆستی نەگریسی سەرۆککۆمار، کە من پێم وایە بەمە ماف بۆ مافدار دەگەڕێتەوە، و عێراقی عەرەبی دەبێتەوە بەخاوەنی سەرۆکێکێ عەرەبی خۆی و کوردیش رزگاری دەبێت لەو تاو لەرزەی چوار ساڵ جارێک توشی میللەت دەبێت لەباشوری کوردستان کە هەموو جارێک درێژ دەبێتەوە بۆ چەندساڵێک و دەبێتە ماڵوێرانی و شەری هەلیسە بۆ میلەتەکە، لەبەرامبەر ئەمەشدا دەتوانێت داوای هێزی ئیداری و دیپلۆماسی زیاتر بکات، کە لەخاڵەکانی دواتردا رونی دەکەینەوە چۆن ئەم کارە بکات!.

3- ناوی هەرێمی کوردستانی عێراق بگۆڕێت بۆ هەرێمی باشوری کوردستان، بەمەش بەتیرێک دوو نیشانە دەپێكێت، یەکەم دان دەنرێت بەبونی کوردستانی گەورە لەلایەن وڵاتی عێراقەوە و دوەمیش رێخۆشکەریەکی یاسای و دەستوری دەبێت بۆ هەنگاوی گەورەی داهاتوو کە دەوڵەتی کوردستان بێت، لەبەزمی عێراقیبونیش رزگاری دەبێت، چونکە بە زۆر بەڵگەی ئاشکرای زمان و کلتور و داب ونەریت و جۆگرافیا، بەرونی دیارە کە نەتەوەی کوردو  نەتەوەی عەرەب نەک برا نین، بەڵكو بە خوێی چێشتیش بەیەک ناگەنەوە و هیچ شتێکی هاوبەش لەنێوانیاندا نیە جگە لەو سەرزەمینەی کە لەراستیدا لەبەر نەزانی کورد لە کورد وەرگیراو درا بە عەرەب و ناوی نرا عێراق، بەمەش داوای ماف بۆ خاوەن ماف دەکرێتەوە.

4- کورد بەتەواوی لەپرۆسەی حکومەت و دەوڵەتداری و پەرلەمانی عێراق بکشێتەوە و خەریکی خۆی و کاروباری خۆی بێت، وەک چۆن پێویست نیە سەرۆکی وڵاتێکی عەرەبی کورد بێت، بەهەمان پێودانگ هیچ پێویست ناکات وەزیری خارجیەی عێراقی عەرەبی کوردێکی عەیار ٢١ بێت و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانی وڵاتی عێراقی عەرەبی پەرەپێبدات، با بپرسین لەوەزیری دەرەوەی ئێستای عێراق، ئایا بەراستی خۆشحاڵە کە پەرە و گەشە بە پەیوەندیەکانی وڵاتی عێراقی عەرەب دەدات لەگەڵ وڵاتانی دونیادا و ئایا ئەمە ئازارێکی بەردەوام نیە بۆ کوردبونەکەی، وە ئایا حەز ناکات هەمان کار بۆ کورد و کوردستان بکات لەجیاتی پیاهەڵدان بەبیابانەکانی عێراق باسی جوانی کوردستان بۆ دونیا بکات و سەرنجی وڵاتان بۆ بەهەشتی ئاکرێ و هەورامان راکێشێت نەک عەرعەر و نوگرە سەلمان؟!

5- لەکاتێکدا ئەگەر ئەمەی سەرەوە خەوێکی شاعیرانەبێت لای عێراقچیەکان، ئەی باشتر نیە ئاورێک لەمێژووی نەتەوەکەیان بدەنەوە و مشورێک لەداهاتووی ئەم نەتەوەیە بخۆن، بەوەی کە چۆن کۆمەڵکوژی و تاوانی دژ بەمرۆڤایەتیەکانی عێڕاقی عەرەبی بەرامبەر بە نەتەوەی کورد بناسێنن بەدونیا و سنورێک بۆ ئەم پێکەوە ژیانە دۆزنانەیە داڕێژن، ئەمەش بەوەی تەنها لە دوو ئاستدا کار لەگەڵ دەوڵەتی عێراقی عەرەبیدا بکات: ئاستی یەکەم تەنها یەک وەزارەتی هەبێت لەبەغدا و ناوی وەزارەتی (ئەنفال و کیمیابارانبێت) یان وەزارەتی (دیرۆک) تەنها ئامانج و پلان و ستراتیژی کارکردنی بریتیبێت لەبەڵگەسازی و توێژینەوە و داتاکردنی بەئامانجگرتنی تاک و کۆمەڵی کوردی لەژێر هەرناوێکدا بێت و لەهەر مێژوو و لەسەر دەستی هەر رژێمێک بووبێت، بەمەش ئامانجەکە روونە کە بۆ بەکارهێنانی بێت لەدادگاکانی جیهان و لەدامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ سەلماندنی مافخوراوی کورد و گۆڵ و ئامانجی کۆتایشی بریتی بێت لەنزیکردنەوەی کورد لە قادرمەکانی سەربەخۆی و مافی چارەنوس بۆ کورد لەباشور.

6- لەدوا خاڵیشدا کە گرنگترینیانە لای من و لێرەوە هەموو ئەوانی تر دەکرێ دەستپێبکات، کۆکردنەوەی دەنگ و تواناکانی کوردە لەدەوری یەک بابەت ئەوەیش بابەتە ناسیۆنالیستی و نەتەوەییەکانە، نەهێشتنی پەرتبون و سەرچاوەکانی پەرتبون، کە دیارە لەهەموو کاتەکاندا بریتیبوە لە داهات و بەرژەوەندی حزبی، ئەمە بگۆردرێت بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و سیاسی، بەمەش بە یەکدەنگبونی کورد لەباشوور دوو هێزی سەرەکی وەک یەکیەتی و پارتی دەتوانن نمونەیەکی زۆر لەمەی ئێستە باشتر نیشانی ئێمە و دونیاش بدەن، نزیکترمان بکەنەوە لەخۆمان و لەدەوڵەتێک کە تا مردنی هەر کوردێک توند توند لەدڵیدا قەراری گرتوە و دەدرەوشێتەوە، سەرەرای ئەمانەش ئاستی متمانە لەنێوان گەل و حزبەکاندا زیاتر دەبێت و دەبنە ئەو  چیلکانەی کە پێکەوە بن هیچ هێزێک نایانشکینێ وەک چۆن پێچەوانەکەشی راست دەبێت و لاوازدەبێت، بەداخەوە رێک وەک ئەوەی ئێستە دەبینرێت، کە بەم پەرتەوازییەوە هێند ناسکین تەنانەت بەدەستێکی لەرزۆکی وەک عێڕاقی فشەڵی ئێستاش بەئاسانی دەتوانێ بمانخات و بمانلەرزێنێت، چونکە ئەم دوو پارتە دادپەروەرنین و ماڵوموڵک و بەرژەوەندی گشتیان خستۆتە پێناوی خۆیان و میلەتیش زەقەی چاوی دێ و پەرشەو بڵاوەو ناکۆک، بدەداخەوە بۆیە دەبینین کە کەسانێکی زۆر هەن لەسۆشیاڵ میدیادا پشتگیری کەسێکی وەک زەیدی دەکەن کە بێت و ئەم نادادپەروەریە راستبکاتەوە.

کۆبەندی ئەم باسە، رەنگە لەکورترین دەربڕیندا بریتیبێت لەوەی کە هیچ نەتەوەیەک هێندەی کورد مافخوراو نیە، کێشەی ئەم مافە خوراوەش تەنها و تەنها بە یەکدەنگی و پێکەوەی دەستەنرێت نەک بە جیا، ئەمرۆ درەنگە بۆ ئەو کارەی کە هەموو رۆژێک دەبوو دوێنێ بکرێت، کەواتە با سبەی کرابێت و هەنگاوێکی جدیتر هەڵبێنین، لانیکەم بە کۆنگرەیەکی نەتەوەیی دەست بەم باسوخواسانە بکەین و ئامانجێکی گەورەتر لەمەعاش و تانکەر و کۆمپانیای سکیوریتی دەستنیشانبکەین هەنگاوێک هەڵبێنین نوقتەی رەش لەسەر سپی دانێین و بزڤڕێین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی