پارتی سیاسی و ململانێی ناوچه‌گه‌ری له هه‌رێمی كوردستان
به‌شی یه‌كه‌م
پارتی سیاسی وه‌ك هه‌موو كۆبونه‌وه كۆمه‌ڵیه‌تیه‌كانی تر له‌تاكه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا پێك هاتووه، بۆیه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی تاكه‌كان به ئاشكرا به پارته سیاسیه‌كانه‌وه دیاره،ئه‌گه‌ر له‌ڕوانگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه بڕوانینه پارتی سیاسی ئه‌بینین جۆرێًكی ڕێكخراوه له‌په‌یوه‌ندی تاكه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگا، وه هه‌موو په‌یوه‌ندیه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیش تێكئاڵاو و هاوپێچ كراوه به جۆرێك له په‌یوه‌ندی(خوێن،ناوچه،مێژووی هاوبه‌ش،به‌رژه‌وه‌ندی ئابوری...هتد) بۆیه له‌كۆتایدا ره‌ِنگدانه‌وه‌ی ئه‌م په‌یوه‌ندیانه له‌ناو پارته سیاسیه‌كاندا ده‌بینرێته‌وه‌و ده‌بێته هۆكارێك بۆ ململانێ یان پێكه‌وه گونجانی باڵه سیاسیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان.په‌یوه‌ندی ناوچه‌گه‌ری یه‌كێكه له‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی كه له‌ناو پارته سیاسیه‌كاندا ده‌بینرێت، به‌ڵام جیاكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه ناوچه‌گه‌ریه‌كان له په‌یوه‌ندیه بنه‌ماڵه‌ی و خێڵه‌كیه‌كان ئه‌ركێكی قورسه چونكه له‌ناو هه‌موو په‌یوه‌ندیه‌كی خێڵه‌كی یان بنه‌ماڵیی دا ئه‌توانین جۆری ناوچه‌گه‌رێتیش بدۆزینه‌وه،چونكه خێڵ و بنه‌ماڵه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌سه‌ر یه‌ك خاك و له‌یه‌ك ناوچه‌دا ده‌ژین، به‌ڵام جیا له‌م په‌یوه‌ندیانه هه‌ندێك په‌یوه‌نی دیكه هه‌یه كه له‌ده‌ره‌وه‌ی بنه‌ماڵه و خێڵه به‌ڵام هه‌ر ئه‌چێته چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندی ناوچه‌گه‌ریه‌وه بۆ نمونه له‌كۆمه‌ڵگه‌ی كشتوكاڵیدا جۆرێك له‌په‌یوه‌ندی دروست ده‌بێت كه له‌سه‌ر بنه‌مای (زه‌وی بۆ كشتوكاڵ) بنیادنراوه كه كۆمه‌ڵه‌كه‌سانێك له شوێنێكدا كۆده‌بنه‌وه و ژیان به‌ڕێده‌كه‌ن كه ته‌نها خاڵی هاوبه‌شی نێوانیان شوێنی نیشته‌جێبون و پیشه‌كه‌یانه، به‌ڵام ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی له‌سه‌ر بنچینه‌ی زه‌وی دانراون لاوازترن و له‌بارترن بۆ ئه‌وه‌ی دوچاری لێكهه‌ڵوه‌شان ببنه‌وه له‌چاو ئه‌و په‌یوه‌ندیه خێڵیانه‌ی له له‌سه‌ر بنه‌مای خوێن بنیاد نراون.(1)بۆیه ماملانێی سیاسی و لێكهه‌ڵوه‌شانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی به‌هۆی ناوچه‌گه‌ریه‌وه بڵاوتره تا هۆكاره‌كانی تر. ململانێی ناوچه‌گه‌ری و خه‌سڵه‌تی ناوچه‌یی بوون به ڕوونی به سیما و هه‌ڵسوكه‌وتی سیاسی پارته‌كانی هه‌رێمه‌وه دیاره و به‌رێِژه و شێوازی جیاواز جیاواز كاری كردوه‌ته سه‌ر ناوچه‌یی بونی پارته‌سیاسیه‌كان،لێره‌دا پێویستمان به‌وه هه‌بوو كه دیراسه‌ی هه‌موو پارته سیاسیه‌كانی هه‌رێم بكه‌ین به‌ڵام به‌هۆی كه‌می كاتی ته‌رخانكراو بۆ ئه‌م توێژینه‌وه‌یه به‌شێوه‌یه‌كی كورت و پوخت سه‌رنج ده‌خه‌ینه سه‌ر پێنج پارتی سیاسی كه‌له ئێستادا له چالاكیدان و كاریگه‌ری گه‌وره‌یان له‌سه‌ر دۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه.
یه‌كه‌م| پارتی دیموكراتی كوردستان: پارتی دیموكراتی كورد له (16ی ئابی 1946) له به‌غدا و له‌ماڵی (علی حمدی) یه‌كه‌م كۆنگره‌ی خۆی به‌ست و تێیدا به‌رزانی به‌سه‌رۆكی پارته‌كه هه‌ڵبژێردرا، هه‌روه‌ها ده‌سته‌ی سه‌ركردایه‌تی و به‌رنامه‌ی حزبه‌كه له‌م كۆنگره‌یه‌دا په‌سه‌ند كران،پارتی دیموكراتی كوردستان له مێژووی خۆیدا چه‌ندین جار دووچاری نسكۆ و باری له‌یه‌كترازان بووه‌ته‌وه و پاشان هه‌ڵساوه‌ته‌وه، له‌ساڵی (1992) له‌یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردندا بوه‌ته یه‌كێك له حزبه گه‌وره و ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستان و خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری گه‌وره‌یه، تاكو ئێستا ئه‌م پارته (13) كۆنگره‌ی به‌ستووه كه دوا كۆنگره‌ی ساڵی (2011) بووه‌و تیایدا (مسعود به‌رزانی) به‌سه‌رۆكی پارته‌كه وه (نێچیرڤان بارزانی) به جێگری سه‌رۆكی پارته‌كه هه‌ڵبژێردران.
پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ره‌تای دروستبونیه‌وه وه‌ك پارتێكی سه‌روو ناوچه‌یی نه‌ته‌وه‌یی دروستبوو كه ئه‌ندام و دامه‌زرێنه‌رانی پێكهاتبون له خه‌ڵكانی نه‌ته‌وه‌ی و ڕۆشنبیران و كه‌سانی عه‌شایه‌ری خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی خێڵه‌كی، سه‌ركردایه‌تی پارتی به‌جۆرێك له هاوپه‌یمانی عه‌شایه‌ری پێك هاتبوو بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری به‌سه‌ر تیره و عه‌شیره‌ته كورده‌كانی ناوچه جیاوازه‌كانه‌وه هه‌بێ ، مٍـسته‌فا به‌رزانی وه‌ك نوێنه‌ری بنه‌ماڵه‌ی به‌رزانیه‌كان و ناوچه‌ی بادینان، شێخ له‌تیف شێخ محمود وه‌ك نوێنه‌ری بنه‌ماڵه‌ی شێخ مه‌حمودی حه‌فید و ناوچه‌ی سلێمانی، كاكه زیاد غفوری وه‌ك نوێنه‌ری ناوچه‌ی كۆیه و ده‌وروبه‌ری.
وه‌له دامه‌زراندنی حزبه‌كه‌وه مسته‌فا به‌رزانی بوو به سه‌رۆكی حزبه‌كه و دوو كه‌سه‌كه‌یتر بونه جێگری،ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریه‌كی باشی هه‌بوو له‌سه‌ر ڕاكێشانی ویست و خواستی خه‌ڵكانی سه‌رجه‌م ناوچه جیاوازه‌كانی كوردستان بۆ قایلبون به ئامانج و ڕێبازی پارتی و كاركردن له‌پێناو سه‌رخستنیدا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی خه‌بات و بره‌و سه‌ندنی شۆڕشدا ململانێی نێوان سه‌رۆكی حزبه‌كه و مه‌كته‌ب سیاسی په‌ره‌ی سه‌ند، باڵی مه‌كته‌ب سیاسی به ڕابه‌رایه‌تی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و باڵی سه‌رۆكی حزب به ڕابه‌رایه‌تی خودی مسته‌فا به‌رزانی كه‌وتنه ململانێیه‌كی قوڵه‌وه، هه‌رچه‌نه چه‌ندین هۆكاری فكری و ته‌كنیكی و ده‌ره‌كی له پشت ئه‌م ململانێیه‌وه‌بون وه‌ك رێككه‌وتنی نیوان (به‌رزانی و موشیر) و ده‌ستێوه‌ردان و پشتگیریكردنی ئێران بۆ باڵی مه‌كته‌ب سیاسی.
به‌ڵام هۆكاری ناوچه‌گه‌ری و ململانێی نێوان دوو ناوچه‌ی سۆران و بادینان ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بوو له‌سه‌ر گه‌وره‌تر بوونی كێشه‌كان به‌و پێیه‌ی زۆرینه‌ی لایه‌نگرانی باڵی مه‌كته‌ب سیاسی له سۆرانیه‌كانی ناو پارتی بوون وه زۆرینه‌ی لایه‌نگرانی باڵی سه‌رۆك پێكهاتبون له بارزانی و بادینیه‌كان، ململانێكان تا ده‌هات قوڵتر ده‌بویه‌وه تا گه‌یشته له‌كارخستنی عمر مسته‌فا ئامر هێزی كاوه وه علی عسكه‌ری ئامرهێزی خه‌بات وه جلال تاڵبانی ئامرهێزی ڕزگاری به‌فه‌رمانی مسته‌فا به‌رزانی، كه‌هه‌رسێ كه‌سه‌كه سۆرانی بوون و له كه‌سه هه‌ره نزیكه‌كانی ئیبرایم ئه‌حمه‌د بوون، وه حزبی سۆشیالستی یه‌كگرتوی كوردستان له‌به‌یاننامه‌ی دامه‌زراندنیدا هۆكاری جیابه‌نه‌وه‌ی له پارتی ئه‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه پارتی حزبێكی بنه‌ماڵیی و بێ فكر و مه‌دره‌سه‌یه.
ئه‌م به‌یانه‌ی حزبی سۆشیالستی یه‌كگرتوی كوردستان ئاماژه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌یه بۆ ئه‌و مه‌ترسیه‌ی كه دوچاری پارتی بوه‌ته‌وه‌و ڕۆژبه‌ڕۆژ هه‌نگاوی گه‌ره‌تر ده‌نێت به‌ره‌و ناوچه‌ی بون و زاڵبونی ته‌واوه‌تی حه‌زی ناوچه‌گه‌ری به‌سه‌ر خواسته نه‌ته‌وه‌ی و نشتیمانیه‌كاندا، پارتی دوای قوڵبونه‌وه‌ی ململانێی نێوان باڵی مه‌كته‌ب سیاسی و باڵی سه‌رۆك و دواتر ده‌ركه‌وتنی خه‌تی جه‌لالی و جیابونه‌وه‌ی حزبی سۆشیالستی یه‌كگرتوی كوردستان به‌ته‌واوه‌تی كه‌وته سه‌ر لێواری ناوچه‌یی بوون و هه‌نگاو به هه‌نگاو زیاتر چووه پێشه‌وه به‌ره‌و ئه‌و مه‌ترسیه، كۆنگره له دوای كۆنگره بارزانی و بادینیه‌كان سه‌ر ده‌كه‌وتن و سۆرانیه‌كان پاشه‌كشه‌یان ده‌كرد، له دوای ڕاپه‌ڕینیشه‌وه گه‌وره‌ترین هۆكار كه بووه هۆی تۆخكردنه‌وه‌ی ناوچه‌گه‌رێتی له‌ناو پارتیدا ئه‌نجامه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ بوو كه بوه هۆی دابه‌شبوونی كوردستان به‌سه‌ر یه‌كیه‌تی نشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا و ده‌ركردنی لایه‌نگرانی پارتی له‌لایه‌ن یه‌كیه‌تیه‌وه، وه له‌و كاته‌وه تا ئێسته‌ش پارتی نه‌یتوانیوه نوێنه‌رێكی باشی خواسته‌كانی ناوچه‌ی سلێمانی بێت و زیاتر وه‌ك حزبێكی بادینی هه‌ولێری خۆی نمایش ده‌كات و ئه‌مه‌ش به‌ڕونی به ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه دیاره كه‌له به‌شه‌كانی داهاتودا به وردی باسی لێوه ده‌كه‌ین.
دووه‌م| یه‌كیه‌تی نشتیمانیی كوردستان: دوای ڕێككه‌وتن نامه‌ی جه‌زائیر و نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلول و بێهیوایی گه‌لی كورد چه‌ند هه‌وڵێكی جدی هه‌بون بۆ به‌رده‌وامی خه‌باتو بوژاندنه‌وه‌ی شۆڕش‌و ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی داگیركه‌ران به فۆڕمێكی نوێ و كاریگه‌ر، جه‌لال تاڵه‌بانی یه‌كێك بو له‌و سه‌ركرده سیاسیانه‌ی كه به‌رده‌وام له‌هه‌وڵدا بووه بۆ درێژه‌پێدانی خه‌بات و تێكۆشان. ئه‌وه‌بوو دوای گفتوگۆیه‌كی چڕ و خێرا، سه‌ركرده‌ی دیاری كورد جه‌لال تاڵه‌بانی به ڕاوێژ و بیره‌ڕا گۆڕینه‌وه له‌گه‌ڵ چه‌ندین كه‌سایه‌تی سیاسی و تێكۆشه‌ری كورد سه‌ره‌نجام له دیمه‌شقی پایته‌ختی كۆماری سوریا له(22|5|1975) یه‌كه‌م كۆبونه‌وه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئه‌نجام درا و تێیدا (جه‌لال تاڵه‌بانی و دكتۆر فواد معصوم و عادل موراد و عبدول ڕزاق فه‌یلی) به‌شداربون، دواجار له‌به‌رواری (1\6\1975) یه‌كه‌م به‌یاننامه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كیه‌تی نشتیمانیی كوردستان ڕاگه‌یه‌نرا، پێكهاته‌كانی ناو ئه‌م یه‌كیه‌تیه له‌شێوه‌ی نیمچه به‌ره‌دا بوه‌و له‌چه‌ندین ڕێكخراوی سه‌ربه‌خۆ له‌ڕوی ئایدیا و ڕێكخستنه‌وه پێكهاتبوو.
زۆرێك له ئه‌ندام و كادیرانی ئه‌م پارته له‌لایه‌نگرانی باڵی برایم ئه‌حمه‌د پێك هاتبون كه‌له‌ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان هاتبونه ده‌ره‌وه به چه‌ندین هۆكاری وه‌ك جیاوازی فكری و عه‌قڵیه‌تی به‌ڕێوه‌بردن، ئه‌وه‌ی ڕوونه ئه‌وه‌یه كه باڵی برایم ئه‌حمه‌د نوێنه‌رایه‌تی ئاراسته‌یه‌كی فكری چه‌پره‌وی ئه‌كرد كه ئه‌م فكره‌ش زیاتر له ناوچه‌ی سلێمانی گه‌شه‌ی كردبوو، له‌سه‌ره‌تای دروستبونه‌یه‌وه یه‌كیه‌تی نشتیمانیی كوردستان هه‌وڵی داوه پارتێكی سه‌رتاسه‌ری باشوری كوردستان بێت چونكه چه‌ندین سه‌ركرده‌ی وه‌ك برایم عه‌زۆ كه خه‌ڵكی دهۆك بوو وه حسین بابه شێخ كه خه‌ڵكی ناوچه‌ی شنگال بوو له‌ناو ریزه‌كانیدا كۆكردبووه‌وه، ئه‌مه جگه له‌هه‌زاران ئه‌ندام و كادر و پێشمه‌رگه‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌ی بادینان،به‌ڵام له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی خه‌بات و پێشهاتنی چه‌ندین قۆناغی جیاوازی كاری سیاسی جیاواز و سه‌خت چه‌ندین هۆكار وایان له یه‌كیه‌تی نشتیمانی كوردستان كردووه كه وه‌ك پارتێكی ناوچه‌یی ده‌ربكه‌وێت كه گرنگترینن هۆكاره‌كان بریتین له:
•سیاسه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان كه عه‌قڵیه‌تێكی خێڵه‌كی ناوچه‌گه‌ری ڕێگه‌ی له گه‌شه‌كردنی یه‌كیه‌تی نشتیمانی كوردستان گرت له‌ناوچه‌ی بادینان چونكه به موڵكی خۆی ده‌زانی.
•عه‌قڵیه‌تی ناوچه‌گه‌ری كادیرانی یه‌كیه‌تی نشتیمانی كوردستان و دروستبونی ململانێی نێوان ناوچه‌ی بادینان و سۆران له‌ناو خودی پارته‌كه‌دا و دژایه‌تی كردنی كادیرانی ناوچه‌ی بادینان.
•له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕودانی شه‌ڕی ناوخۆ دابه‌شبونی كوردستانی لێ كه‌وته‌وه‌و یه‌كیه‌تی نشتیمانی كوردستان له بادینان و هه‌ولێر ده‌ركرا، چیدی به‌ته‌واوه‌تی ئه‌م پارته وه‌ك پارتێكی ناوچه‌یی لۆكاڵی خۆی ده‌نوێنی.
له ئێستادا یه‌كیه‌تی نشتیمانی كوردستان له غیابی سكرتێره‌كه‌یدا كاری سیاسی ده‌كات ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی چه‌ندین ئاراسته و باڵی جیاواز له‌ناو خودی پارته‌كه‌دا ده‌ربكه‌وێ له‌م دۆخه‌شدا ململانێی ناوچه‌گه‌ری به ڕونی باڵی به‌سه‌ر پارته‌كه‌دا كێشاوه‌و له ئاستی باڵای پارته‌كه‌دا هیچ به‌رپرسێكی بادینی نابینرێت و ته‌نانه‌ت به‌رپرسانی ئۆرگانه‌كانی پارته‌كه له‌و ناوچه‌یه به‌كه‌سانی سۆرانی پڕده‌كرێته‌وه ئه‌مه‌ش بوه‌ته هۆكارێكی كاریگه‌ر له‌سه‌ر گه‌شه‌نه‌كردنی پارته‌كه له‌و ناچه‌یه.
سێیه‌م| بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی سیاسی مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ 11\4\2009 كاتێك كه نه‌وشیروان مسته‌فا له چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی (شرق الاوست) ڕایگه‌یاند كه ڕابه‌رایه‌تی لیستێك ده‌كات بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو، مێژووی بزوتنه‌وه‌كه وه‌ك ڕێكخراوێكی سیاسی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ 31|5|2010 كه مۆڵه‌تی فه‌رمی به نوسراوی ژماره 13382 له وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌رگرت، له‌یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردندا كه به‌شداری تێدا كرد توانی 25 كورسی له‌كۆی 111 كورسی په‌ڕله‌مانی كوردستان به‌ده‌ستبێنێت و ببێته دووه‌م گه‌وره‌ترین هێز و وه‌ك ئۆپۆزسیۆنێكی چالاك به‌شداری كاری په‌رله‌مانیی كرد،بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروستبونیه‌وه وه‌ك پارتێك ده‌ركه‌وت كه نوێنه‌رایه‌تی ناوچه‌ی سلێمانی ده‌كات به‌و پێیه‌ی كه‌سی یه‌كه‌می بزوتنه‌وه‌كه و زۆرێك له كه‌سه به‌رپرسه‌كانی ناو بزوتنه‌وه‌كه خه‌ڵكی ناوچه‌ی سلێمانیین، هه‌رچه‌نده له‌ناو ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌دا چه‌ندین په‌رپرسی ده‌سڕۆشتو هه‌ن كه خه‌ڵكی ناوچه‌كانی هه‌ولێر و گه‌رمیان و كه‌ركوكن به‌ڵام زۆرێك له‌مانه ته‌نها ڕۆڵێكی ناسه‌ره‌كییان پێ به‌خشراوه و له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی كاری سیاسی بزوتنه‌وه‌كه‌دا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یان یه‌ك له‌دوای یه‌ك ده‌ر ده‌كه‌وێ وه‌ك (كاروان ساڵح) كه ئه‌ندامی خولی سێیه‌می په‌ڕله‌مان بوو له نیوه‌ی خوله‌كه‌دا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی ڕاگه‌یاند.
هه‌روه‌ها عوسمان بانی مارانی و محمد حاجی كه دوو كه‌سی زۆر دیاری بزوتنه‌وه‌كه بون و خه‌ڵكی ناوچه‌ی هه‌ولێر بون و ده‌ستیان له‌كار كێشایه‌وه و محمد حاجی له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا له له‌ڕۆژی 1\5\2016دا ڕایگه‌یاند هۆكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی "ناچه‌گه‌ری ناو بزوتنه‌وه‌كه‌یه‌و له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا ناوچه‌گه‌ری ده‌كرێت" له‌بنه‌ڕه‌تی دروستبه‌نیه‌وه گۆڕان خۆی وه‌ك جێگره‌وه‌ی یه‌كیه‌تی نشتیمانی كوردستان پیشان ده‌دا له ناوچه‌ی سه‌وزدا چونكه له‌هه‌رێمی كوردستان له غیابی ئایدۆڵجیایه‌كی ڕاسته‌قینه‌دا ناووچه‌گه‌رێتی بووه‌ته جێگره‌وه‌ی ئایدۆلۆجیا و له ئێستادا تاكه كه‌ره‌سته كه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بتوانێ ململانێی پێ بكات ناوچه‌گه‌رییه.
چواره‌م| یه‌كگرتوی ئیسلامیی كوردستان: حزبێكی ئیسلامی چاكسازییه له 6|2|1994 به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ڕاگه‌یه‌نرا، له‌ڕوی فكرییه‌وه له‌سه‌ر ڕاڕه‌وی (ئیخوان موسلمین)ی جیهانیه، پێش ئه‌و به‌رواره‌ی سه‌ره‌وه‌ش له چوارچێوه‌ی چه‌ندیه ڕێكخراوی خێرخوازی و به‌شێوه‌ی نهێنی كاری خۆی كردووه(10) ، به‌شداری چه‌ندین هه‌ڵبژاردنی كوردستان و عێراقی كردووه‌و له چه‌ندین حكومه‌تی كوردستان و عێراقدا به پۆستی وه‌زاری به‌شداربووه له حوكمكردن، ئێستا خاوه‌نی 10 كورسیه له په‌رله‌مانی كوردستان و به‌شداره له حكومه‌تی بنكه فراواندا، یه‌كگرتوی ئیسلامیی كوردستان له‌سه‌ره‌تای دروستبونیه‌وه به‌دور بوو له هزری ناوچه‌گه‌ری ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه بوو ئه خاوه‌نی ئایدۆڵجییایه‌كی دیاریكراو بوو كه ئه‌ندام و لایه‌نگرانی له‌به‌ر خواستیان بۆ ئایدۆلۆجیاكه په‌یوه‌ندییان به پارته‌كه‌وه ده‌كرد، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا و به‌به‌رده‌وامی كاری سیاسی ئه‌م پارته ورده ورده ناوچه‌گه‌ری كاری تێده‌كات و ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری ئه‌و هزره ناوچه‌ییه‌وه ی كه زۆرێك له پارته كوردیه‌كان پێوه‌ی ده‌ناڵێنن، یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان به درێژایی مێژوی خۆی نه‌یتوانیوه ببێته جێ متمانه‌ی خه‌ڵكانی ناوچه‌كانی كه‌ركوك و ناوچه كوردیه‌كانی موسڵ.
له پارێزگای هه‌ولێریش به به‌راورد به سلێمانی و دهۆك كه‌مترین گه‌شه‌ی كردووه، ئه‌مه‌شس ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ڵه‌ی سیاسه‌تی پارته‌كه خۆیی و سروشتی كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌ولێر و ئه‌و قۆرغكاریه‌ی كه‌له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه خراوه‌ته سه‌ر ئه‌و پارێزگایه.
ململانێی ناوچه‌گه‌ری له‌ناو یه‌كگرتودا له ئێستادا گه‌شتۆته ئاستێك كه مه‌ترسی په‌رتبوونی لێ ده‌كرێت، به‌سه‌رنجدان له هه‌ڵوێستی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو له په‌ڕله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كه بوو به دوو به‌شه‌وه و ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه بادینیه‌كان به‌شداری كۆبه‌نه‌وه‌كه‌یان نه‌كرد و ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایی به‌رفراوانی جه‌ماوه‌ره سۆرانیه‌كه‌ی ئه‌و پارته‌ی لێكه‌وته‌وه، ئه‌م ململانێیه‌ش گه‌یشته ئاستێك كه چه‌ندین كادری سه‌ره‌كی یه‌كگرتوو ده‌ستله‌كاربكێشنه‌وه له‌وانه‌ش دیندار دۆسكی بوو كه یه‌كێكه له دامه‌زرێنه‌رانی پارته‌كه و له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا هۆكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی بۆ زاڵبونی یه‌كگرتووه‌كانی ده‌ڤه‌ری سلێمانی به‌سه‌ر بڕیاره‌كانی ئه‌و حزبه گه‌ڕاندوه‌ته‌وه.
پێنجه‌م| كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان: جوڵانه‌وه‌كی ئیسلامییه و له مایسی ساڵی (2001)له باشوری كوردستان دامه‌زراوه، پێشتر سه‌ركرده و كادر و ئه‌ندامانی ئه‌م هێزه سیاسیه له‌هه‌ناوی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی و بزوتنه‌وه‌ی یه‌كبوونی ئیسلامیه‌وه پێگه‌شتون و په‌روه‌رده‌كراون، به‌ڵام له‌دوای دروستبونی ناكۆكی باری لێكترازان و داقڵیشان هاته ئاراوه، له‌ئه‌نجامدا باڵی(علی باپیر) جیابوونه‌وه و كۆمه‌ڵی ئیسلامی‌یان پێكهێنا، كۆمه‌ڵی ئیسلامی سه‌ره‌تا بڕوای به هێزی چه‌كداری هه‌بوو به‌ڵام دوای ڕوخاندنی ڕژێمی به‌عس و هاتنه كایه‌ی هه‌لومه‌رجێكی نوێ ده‌ستبه‌رداری چه‌كداری بوون و ئێستا وه‌ك هێزێكی سیاسی كارده‌كه‌ن و به‌شداریی له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌كه‌ن و خاوه‌نی چه‌ندین نوێنه‌رن له په‌ڕله‌مانی كوردستان و عێراق.
جیابوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه له‌سه‌ر چه‌ندین كێشه‌ی ناوخویی ناو (یه‌كبوون) بوو به‌ڵام ناوچه‌گه‌ریش بووه فاكته‌رێك بۆ زیاتر قوڵبونه‌وه‌ی ناكۆكیه‌كان و گه‌یشتن به بنبه‌ستی ململانێكان، ئه‌مه له كاتێكدا بوو كه ڕابه‌ری گشتی مه‌لا عبدول عزیز بوو وه جێگره‌كه‌ی شێخ سدیق عبدول عزیز بوو، ئه‌مه ببوه هۆكارێك كه بزوتنه‌وه‌كه وا ده‌ركه‌وێ زیاتر هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان كۆنترۆڵیان كردووه، پاشانیش كۆمه‌ڵی ئیسلامی كه پێكهاتبوو له باڵی مامۆستا علی باپیر خۆی ڕاگه‌یاند و زۆرێك له ڕانیه‌یی و پشده‌ریه‌كانی ناو بزوتنه‌وه‌كه پشتگیریان لێ كرد ئه‌مه جگه له‌وه‌ی زۆرێك له ئه‌ندامانی بزوتنه‌وه‌ی یه‌كبوون پشتگیریان لێ كردوو هاتنه ناو ڕیزه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی، كۆمه‌ڵی ئیسلامی له ئێستادا تا ڕاده‌یه‌كی باش خۆی له‌ناوچه‌گه‌ری به‌دوور گرتوه، به‌ڵام هه‌تا ئێسته‌ش هیچ ئه‌ندام و كادیرێكی دیاریان نیه له ناچه‌ی بادینان وه له ئاستی سه‌ركردایه‌تیشدا هیچ بادینیه‌ك به‌دی ناكرێ، به‌ده‌ر له‌مه‌ش ئه‌م پارته له‌كاتی نزیكبوونه‌وه‌ی كۆنگره‌كاندا تووشی كێشه‌ی گه‌وره ده‌بێت به هۆی ململانێی ناوچه جیاوازه‌كانی ناو پارته‌كه بۆ نمونه له‌كۆنگره‌ی دووه‌می پارته‌كه‌دا ئه‌ندامانی ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان و پشده‌ر پشتگیری یه‌كیانكرد و كاندیده‌كانی یه‌كیان سه‌رخست و ئه‌ندامه‌كانی ناوچه‌ی هه‌ولێر و هه‌ورامان ئه‌گه‌رچی ڕێژه‌شیان زۆربوو به‌ڵام نه‌یانتوانی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنن، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا بوونی ئایدۆلۆجیایه‌كی دیاریكراو بۆ ئه‌و پارته به‌رده‌وام توانیویه‌تی ململانێكان كاڵ بكاته‌وه چونكه ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵ وه‌لائیان بۆ ئیسلام كه ئایدۆلۆجیای پارته‌كه‌یه گه‌وره‌تره له وه‌لائیان بۆ ناوچه و خێڵ.
به‌ڵێن عزه‌ت میكه
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی