ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی: بایکۆت بەردەوامە و سبەی خۆپیشاندانی سەرتاسەری ئەنجامدەدەین

کوردستان

07/01/2024‌ 8689 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ڕایانگەیاند، داهاتى ناوخۆ زۆر زیاترە لەو بڕەى کە بۆ جێبەجێکردنى داخوازییەکانمان پێویستە و جەختیان کردەوە، کە سبەى لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان بایکۆت و خۆپیشاندانى بەرفراوان ئەنجام دەدە.

لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیدا، ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی وەڵامى وەزارەتى پەروەردەیان دایەوە دەڵێن: لەبەردەوامى بایکۆتى هۆڵەکانى خوێندن لەلایەن مامۆستایانەوە خەباتى مەدەنى مامۆستایان هەنگاوى گرنگى بڕیوە، خوازیاربووین حکومەت بەدەم داواکارییەکانمانەوە بهاتایە.

دەشڵێن: مەرجدارکردنى داوا کارییەکانمان و بەستنەوەى بە هەموارى یاساى بوجەى عێراقەوە، خۆلادانە لە جێبەجێکردنى داواکارییەکانمان، ناتوانین و بەهیچ شێوەیەک چ باوەڕ بەوەناکەین ئەم حکومەتە نێتى چارەسەرى گرفتەکانى هەیە، چونکە داهاتى ناوخۆ زۆر زیاترە لەو بڕەى کە بۆ جێبەجێکردنى داخوازییەکانمان پێویستە و دەبوایە حکومەت ڕاستەوخۆ بڕیارى جێبەجێکردنى داواکارییەکانمانى بدایە.

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ڕایانگەیاند، کە سبەى لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان بایکۆت و خۆپیشاندانى بەرفراوان ئەنجام دەدەین، تاکەڕێکەیش بۆ دەستپێکردنەوەى خوێندنێکى تەندروست جێبەجێکردنى داواکارییەکانمانە.