سەرچاوەیەک پلانی سەدر بۆ قۆناغی داهاتوو ئاشکرا دەکات

عیراق

23/04/2024‌ 526 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ڕەحیم دەراجی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوەکردۆتەوە  کە موقتەدا سەدر ڕێبەری بزووتنەوەی نیشتمانیی شیعە هەوڵی دامەزراندنی زۆرینەی شیعە دەدات.
دەراجی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنییدا ڕایگەیاندووە “موقتەدا سەدر کاردەکات بۆ بنیاتنانەوە و ڕێکخستنی بزووتنەوەی نەتەوەیی شیعە لە مەزهەبە جیاوازەکانی عێراق و پێکهاتە عێراقییەکان، چ کورد، عەرەب، سوننە یان شیعە، جەختی لەوەشکردۆتەوە کە دوای ڕێکخستنەوەی بزووتنەوەکە، دەچێتە سەر ناسنامەی ڕەسەن و ئەسڵیی، کە ناسنامەی عێراقیی بوونە.
هەروەک ئاماژەی بەوەکردووە، "زۆرێک لە هاوڵاتیان پێیانوابوو گۆڕینی ناوی بزووتنەوەکەی لەلایەن سەدرەوە بۆ بزووتنەوەی نیشتمانیی شیعە بەهۆی پاڵنەرێکی تائیفییەوە بووە"، جەختیشی لەوە کردەوە کە سەدر مەبەستی نییە بەم ناوە تائیفەگەریی درووست بکات، بەڵکو زیاتر مەبەستی ڕێکخستنەوەی بزووتنەوەکە و کۆکردنەوەی زۆرینەی شیعەیە لای خۆی".
باسی لەوەشکردووە  کە موقتەدا سەدر کار لەسەر دووبارە کێشانەوەی ناسنامەی لاوەکیی شیعە دەکات و دواتر دەگەڕێتەوە بۆ شوناسە ڕەسەنەکە، کە ناسنامەی عێراقیی بوونە، ئاماژەی بەوەدا کە موقتەدا سەدر کار بۆ دامەزراندنی زۆرینەی شیعە دەکات بۆئەوەی بچێتە قۆناغی داهاتوو.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی