ناوەندی راگەیاندن هەپەگە ڤیدیۆی چالاكییەكی بڵاوكردەوە

کوردستان

20/07/2018‌ 3126 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گەریلا تیڤی ڤیدیۆی چالاكییەكەی رۆژی 14ی نیسانی 2018ی لە ناوچەی بازیدی ئاگری بڵاوكردەوە، كە لە ئەنجامی ئەو چالاكییەدا 20 سەربازی توركیا كوژران.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لەبارەی ئەو چالاكییەوە راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاندووە، "سوپای توركیای داگیركەر لە شاخێكی نزیك بنكەی سەربازیی سەرێكانی لەناوچەی بازیدی ئاگری خۆی جێگیركردبوو و بنكەیەكی تری سەربازیی دروستكردبوو، هێزەكانمان لەو ناوچەیەدا لە چوارچێوەی هەڵمەتی سەركەوتنی شۆڕشگێڕی رۆژی 14ی نیسانی 2018 و لە دژی ئەو سەربازانە لەو شاخەدا چالاكییەكی بەرفراوانیان ئەنجامدا".

هەپەگە راشیگەیاندووە، "هێزەكانمان لە 3 قوڵەوە و لە نزیكەوە گورزی قورسیان لە سەنگەرەكانی دوژمن و قەڵاكەیان و حەشارگەكانیان دا".

لە راگەیاندراوەكەی هەپەگەدا ئەوەش هاتووە، "هێزەكانمان بەشێوەیی فیداییانە چوونە سەر سەنگەرەكانی دوژمن و زۆر قارەمانانە گورزیان لە هەموو سەنگەرەكان وەشاند. هێزەكانمان هەموو سەنگەرەكانی سەر ئەو شاخەیان تێكشكاند. لەو چالاكییەدا و ئەوەندەی روون بووەتەوە، 20  سەرباز كوژران و چەندین سەربازی تریش برینداربوون".

ئەوەش خراوەتەڕوو، "بەهۆی گورزی قورس و بەهێزی گەریلاكانمانەوە چەندین سەربازی ئەو بنكە سەربازییە لەسەر شاخەكە چەكەكانیان بەجێهشت، دوای چالاكییەكە سوپای توركیا بە كۆپتەری جەنگیی جۆری كۆبرا و سكورسكی هاتە شوێنی چالاكییەكە و كوژراو و بریندارەكانی گواستەوە".
ه.م