وادەی چونی حاجییانی هەرێم بۆ سعودییە ڕاگەیەندرا

کوردستان

01/05/2024‌ 10435 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى حه‌ج‌و عومره‌ى هه‌رێم، وادەی چونی یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێم بۆ عه‌ره‌بستانى سعودییە ئاشكراده‌كات‌و وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌ش زانیاریى زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێت.


کاروان ستوونی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج‌و عومرەی هەرێم ئاشكرایكرد، لەکۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ، یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێم لەڕێگەی وشکانی‌و ئاسمانییەوە بەرەو وڵاتی سعودییە بەڕێدەکەوێت.

وتیشى:"ڕۆژی 28ى ئه‌م مانگه‌ یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێم کە ژمارەیان هەزارو 500 کەسە، لەڕێگەی وشکانییەوە بەرەو سعودییە بەڕێدەکەوێت، ڕۆژی 29ى ئه‌م مانگه‌ش یەکەم کاروانی حاجییان کە ژمارەیان سێ هەزارو 185 کەسە لەڕێگەی ئاسمانییەوە دەچێتە سعودییەو وابڕیارە تا 5ى 6ى 2024 هەمووان بگەنە ئەو وڵاتە".

به‌وته‌ى ستونى، "تێچوی حەجی ئەمساڵ لەڕێگەی هێڵی ئاسمانی، 4800 هەزار دۆلارە (شەش ملیۆن‌و 650 هەزار دینار)، لەڕێگەی وشکانیشەوە، 4000 دۆلارە (پێنج ملیۆن‌و 300 هەزار دینار)ه‌، دوای هەوڵێکی زۆری وەزارەتی ئەوقاف‌و کاروباری ئایینی‌و بەپاڵپشتی دارایی حکومەتی هەرێم، تێچوی حەج لەهەرێم هاوتای تێچوی حاجییانی ناوچەکانی دیکەی عێراق کراوە".

ئه‌وه‌شى وت:"بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج‌و عومرەی هەرێم بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی سعودییە، شوێنی نیشتەجێبون، خواردن، هاتوچۆو چاودێریی تەندروستیی بەردەوام‌و پێشکەشکردنی ڕێنمایی ئایینی بۆ حاجییان دابینکردوە".

ئەمەش لەکاتێکدایە لەڕۆژانی 10 بۆ 12ی حوزەیرانی 2023، چوار هەزارو 685 هاوڵاتیی هەرێم لەڕێگەی وشکانی‌و ئاسمانییەوە بۆ بەجێگەیاندنی "فەریزەی حەج" چونە شاری مەککەو دوای نزیکەی مانگێک مانەوە، لەماوەی نێوان 10-14ی ئەیلولی 2023، گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.