پارتى دژى بڕیارى دابه‌شكارى كورسى پێكهاته‌كان ده‌نگى ناڕه‌زایی به‌رزكرده‌وه‌

کوردستان

21/05/2024‌ 5556 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دواى بڕیاره‌كه‌ى دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانى سەر بەئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق له‌باره‌ى دابه‌شكارى كورسى پێكهاته‌كان له‌هه‌رێمى كوردستان، پارتى ده‌نگى ناڕه‌زایی به‌رزكرده‌وه‌و په‌رله‌مانتارێكى ئه‌و حزبه‌ش له‌په‌رله‌مانى عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "بڕیاره‌كه‌ هەڵەو نادادپەروەرانەیه‌".


ئه‌مڕۆ دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان کە سەر بەئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقە؛ لەوەڵامی ژمارەیەک سکاڵای پێشکەشکراو لەلایەن پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بڕیاریدا لە100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان تەرخانبکرێن، واتا 95 کورسی گشتیی دەبن، پێنج کورسییەکەی دیکەش تایبەت دەبن بەپێکهاتەکان.

له‌وباره‌یه‌وه‌ شوان کەلاری بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق لەلێدوانێکدا سه‌باره‌ت به‌پێدانی پێنج کورسیی پەرلەمانی کوردستان بەپێکهاتەکان؛ ڕایگەیاند، "بڕیارەکە بەشێوەیەکی گشتیی ئەرێنییە، چونکە لەڕابردودا کورسیی کۆتاکان بەیەکجارەکی هەڵوەشێندرابونەوە".

گەڕاندنەوەی ئەو پێنج کورسییەی پێکهاتەکان، وەکو ئەوەی شوان کەلاری باسیکرد، "لەئەنجامی بەیاننامەی ناڕازیی مەکتەبی سیاسی پارتی، هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان‌و سکاڵاکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەدادگای فیدراڵی بوە".

بەوتەی بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی، ئەو دابەشکارییەی بۆ پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکان بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا کراوە، "هەڵەیە، نادادپەروەرانەیەو بڕیارەکە بۆ پاراستنی هاوسەنگی حزبی دەرکراوە کە نابێت دادگا لەمجۆرە بڕیارانە بدات".

 ڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی بۆ میدیاى نزیك له‌حزبه‌كه‌ى وتویه‌تى:"بڕیاری دابەشکارییەکە لەڕوی ژمارەی پێکهاتەکانەوە ناڕەوایە، بۆ نمونە زیاتر لە 40 هەزار کریستیان لەهەولێر هەن، لەبەرامبەردا تەنها نزیکەی 100 بۆ 200 ماڵی کریستیان لەسلێمانی هەن، بەهەمانشێوە بۆ تورکمانەکانیش؛ لەسنوری سلێمانی‌و گەرمیان، تەنها لەکفری تورکمان هەیە، ئەویش ژمارەیەکی زۆر کەمە بەراورد بەو تورکمانانەی لەهەولێر هەن".

پێشتر دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدابوو ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ 100 کورسی کەمبکاتەوە، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش، بەبشتبەستن بەو بڕیارە کورسییەکانی بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمدا دابەشکردبوو: هەولێر، 34 کورسی، سلێمانی 38، دهۆک 25و هەڵەبجەش سێ کورسی.

بەپەلە