لە ماوەی 18 رۆژی رابردوودا 25 بەندكراوی كورد لە سێدارە دراون

کوردستان

20/05/2024‌ 338 جار خوێندراوه‌ته‌وه



لە ماوەی ١٨ ڕۆژی رابردووی مانگی ئایاری ٢٠٢٤ لانی كەم سزای سێدارەی ٢٥ بەندكراوی كورد لە بەندیخانەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا جێبەجێ كراوە و ژمارەی بەندكراوانی كورد كە لە سەرەتای ساڵی نوێی زایینییەوە لە سێدارە دراون گەیشتووەتە ٧٢ كەس واتا ۳۱٪ی سەرجەم لە سێدارەدراوەكانی ئێران.

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆماركراوەكان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەكانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بە هەژماركردنی ئەو حاڵەتانە ژمارەی بەندكراوانی كورد كە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە لە بەندیخانەكانی ئێراندا لە سێدارە دراون گەیشتووەتە ٧٢ كەس كە بەرانبەر بە ۳۱٪ی سەرجەم ئەو بەندكراوانەیە كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە ئێران لە سێدارە دراون. ژمارەی بەندكراوانی لە سێدارەدراو لە تەواوی ئێران ٢٣٣ كەس بووە.

لە سەرجەم ٢٥ بەندكراو كە لە ١٨ ڕۆژی ڕابردوودا لە سێدارە دراون ٢ كەس بە تۆمەتی چالاكی مەزهەبی، ٥ كەس بە تۆمەی كوشتنی بە ئەنقەست و ١٨ كەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەكانەوە دەستبەسەر كرابوون و لەلایەن دەزگای دادوەریی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

زیاترین بەندكراوانی كورد لە ماوەی ١٨ ڕۆژی ڕابردوودا، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە (بەندیخانەی دەریا) لە سێدارە دراون كە ٩ كەس بوون و دواتر زیاترین ئامار لە بەندیخانەی قزڵحیساری كەرەج بە ٧ حاڵەتەوە تۆمار كراوە. هەروەها لە هەر یەك لە بەندیخانەكانی كرماشان، ئیلام و سەڵماس ٢ حاڵەت و لە هەر یەك لە بەندیخانەكانی میاندواو، شیراز و ئیسفەهان یەك حاڵەتی لە سێدارەدرانی بەندكراوانی كورد تۆمار كراوە.