هەنگاوێکی خێرا بۆ یەکلاکردنەوەی موچە؛ هەرێم لیستی مانگی ئەیلول‌و ڕاپۆرتی دارایی مانگى ئاب ڕادەستی بەغدا دەکات

کوردستان

46 خولەک پێش ئێستا‌ 2737 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی دارایی‌و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناردنی تیمی تەکنیکی خۆی بۆ بەغدا ڕاگەیاند؛ به‌گوێره‌ى بڕیارە فەرمییەکان، سێبەرو پێکهاتەی تەواوی لیستی موچەی مانگی ئەیلول لەپاڵ ڕاپۆرتی تەرازوی پێداچونەوەی دارایی مانگی ئاب، فەرمی ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێن بەمەبەستی وردبینیکردنی خێراو دەستپێکردنی پڕۆسەی ناردنی شایستە داراییەکانی موچەخۆران.


پێشهاتە داراییەکانی نێوان هەولێرو بەغدا دەچنە قۆناغێکی خێراوە؛ ئەمڕۆ یەکشەممە، تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی‌و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەفەرمی گەیشتوەتە بەغداو تەواوی لیستی موچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەرانى گواستوەتەوە بۆ فەرمانگەی ژمێریاریی لەوەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ‌و بڕیاریشە سبەی دوشەممە بەشێوازێکی یەکجاری ڕادەستیان بکات.

لەگەڵ لیستی موچەکەدا، تیمی تەکنیکی هەرێم هەر سبەینێ دوشەممە، ڕاپۆرتی تەرازوی پێداچونەوەی دارایی تایبەت بەتەواوی خەرجی‌و داهاتەکانی (مانگی ئابی 2026) ڕادەستی لایەنی په‌یوەندیدار لەوەزارەتی دارایی عێراق دەکات.

وەزارەتی دارایی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردوە، ئامانجی سەرەکیی ئەم ناردنە خێرایە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پڕۆسەی وردبینیکردن لەلایەن بەغداوە کاتی زۆر نەخایەنێت‌و دابینکردنی شایستە داراییەکانی تەواوی هێزەکان‌و فەرمانبەران بۆ خەرجکردنی موچە خێراتربێت.