زەیدی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە مەترسیی پەیامە ئەمریکییەکان بەرامبەر مانەوەی چەکی گرووپەکان ئاگادار دەکاتەوە

عیراق

58 خولەک پێش ئێستا‌ 3375 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا هەوڵەکان بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت چڕکراونەتەوە، سەرچاوە ئاگادارەکان پەردە لەسەر ناوەڕۆکی کۆبونەوە نهێنییەکەی عەلی زەیدیی‌و چوارچێوەی هەماهەنگی لادەده‌ن، سەرۆک وەزیران لەهۆشدارییەکی تونددا سەرکردە شیعییەکانی لەمەترسی‌و لێکەوتە ئابوریی‌و ئەمنییە تونده‌كانى ئەمریکا ئاگادارکردوەتەوە ئەگەربێت‌و گروپه‌ چەکدارەکان لەژێر چەتری خشتە کاتییەکاندا چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت نەکەن.


سەرچاوەیه‌كى ئاگادار زانیاریى گرنگى ناو كۆبونه‌وه‌ نهێنیه‌كه‌ى شیعه‌كان ئاشكراكردوه‌و وتویه‌تى، "سەرۆک وەزیران لەکاتی سەرۆکایەتیکردنی کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ سەرکردەو بەرپرسانی چوارچێوەی هەماهەنگی، جەختی لەسەر پێویستیی یەکلاکردنەوەی سەرجەم مەلەفەکان کردوەتەوە، لەوانەش تەواوکردنی کابینەی حکومەت‌و مەلەفی کۆنترۆڵکردن‌و ڕێکخستنەوەی چەک، بەجۆرێک کە پێگەی بڕیاری دەوڵەت‌و سەقامگیریی ئەمنی لەوڵات‌و ناوچەکەدا بەهێزبکات".

سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شى ڕاگه‌یاندوه‌، "زەیدیی جەختی لەسەر گرنگیی پاڵپشتیکردنی کارەکانی لیژنەی چوارقۆڵی کردوەتەوە کە تایبەتە بەگفتوگۆکردن لەگەڵ گروپه‌ چەکدارەکان بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنێکی کۆتایی بەمەبەستی ڕادەستکردنی چەک بەدەستەی حەشدی شەعبی لەژێر چەتری ئەو خشتە کاتیانەی کە لەسەری ڕێککەوتون".

به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌، زه‌یدیى گرنگترین ئەو تەوەرانەی خستوەتەڕوو کە لەمیانی سەردانی ئەمدواییەی بۆ واشنتۆن لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکادا تاووتوێی کردبون‌و ڕاشكاوانه‌ ئەو لێکەوتە ئابوری، سیاسیى‌و ئەمنییانەی کە لەئەگەری جێبەجێنەکردنی ئەم هەنگاوانەدا ڕوبەڕوی وڵات دەبنەوە به‌هه‌موان ڕاگه‌یاندوه‌.

ئاماژەی بەوەشدا، "ئەو هێزە سیاسییانه‌ى کە شایستەی دواخرانیان لەحکومەتدا هەیە (پۆستی وەزاری)، لیستی كاندیده‌كانى خۆیان پێشکەشی سەرۆک وەزیران کردوە، لەئێستادا چاوەڕوانی ڕێککەوتنی پێکهاتەکانی دیكه‌شن وه‌كو (سوننەو کورد) لەسەر یەکلاکردنەوەی كاندیدى پۆستە وەزارییەکانیان، تا واده‌یه‌ك بۆ دانیشتنی پەرلەمان دیاریبکرێت بەمەبەستی دەنگدان لەسەر سەرجەمیان پێکەوە لەناو یەک پاکێجدا، بەجێگرانی سەرۆک وەزیرانیشەوە".

لای خۆیشییەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی لەکۆبونەوەی شەوی (هەینی)دا، دوپاتیکردەوە، ڕۆژی 30ی حوزەیرانی 2027 واده‌ى کۆتایی‌و ڕێککەوتو لەسەرە بۆ جێبەجێکردنی بەندە دەستورییەکانی تایبەت بەچارەسەرکردنی مەلەفی چەک، و داوای لەسەرجەم لایەنەکانیش کردوه‌، پابەندی هێورکردنەوەیەکی گشتگیربن.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەکی ئاگادار دوێنێ شه‌ممه‌ ئاشكرایكرد، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەسەرکردایەتیی نوری مالیکی، بەشێوەیەکی فەرمی یاسر سۆخەیل-ی بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی ناوخۆو حەیدەر بەهائـی کاندیدکردوە بۆ پۆستی وەزارەتی خوێندنی باڵا.