ئیسرائیل لێکۆڵینەوە لەسەر نیشتنەوەی نهێنیی فڕۆکەوانانی خاوەن ڕەگەزنامەی عێراقی، ئێرانی‌و سوری دەکات

جیهان

58 خولەک پێش ئێستا‌ 1799 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ڕوداوی ڕفاندنی فڕۆکەکەی فلای دوبەی، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل لێکۆڵینەوەیەکی کتوپڕو چڕیان لەسەر پێشێلکارییەکی گەورەی ئەمنی لەفڕۆکەخانەی بن گۆریۆن دەستپێکردوە؛ کەناڵی 12ی ئیسرائیلی ئاشکرایدەکات، گوماندەکرێت لەساڵانی ڕابردودا، چەندین فڕۆکەوان بەدوو ڕەگەزنامەوه‌ لەنێویشیاندا عێراقی، لەتەلئەبیب نیشتبێتنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی دەرکەوتوە لیستی ناوی فڕۆکەوانانی کۆمپانیا ئیماراتییەکە توشی کەمتەرخەمی بوەو نەخرابوە ژێر وردبینیی پێویستەوە."


میدیا عیبرییەکان ئاشکرایانکرد، ئیسرائیل خەریکی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی قورسە لەسەرئەوەی کە ئایا لەساڵانی ڕابردودا، هیچ فڕۆکەوانێک کە خاوەنی دوو ڕەگەزنامەبن‌و یەکێکیان سەر بە "وڵاتێکی دوژمن" بێت، لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بن گۆریۆن نیشتونەتەوە یان نا.

کەناڵی 12ی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوەکردوە، گومان‌و لێکۆڵینەوەکان لەسەرئەوەن چەندین فڕۆکەوان کە هاوکات خاوەنی ڕەگەزنامەی ئێرانی، سوری‌و عێراقیین، لەماوەی ساڵانی ڕابردودا بەفڕۆکە گەشتیارییەکان لەناوخاکی ئیسرائیلدا نیشتونەتەوە.

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "ئیسرائیل لەلایەن کۆمپانیای (فلای دوبەی)یەوە لیستی ناوی تەواوی فڕۆکەوانەکانی پێگەیشتوە، بەڵام دواتر دەرکەوتوە کە ئەم لیستانە پێشوەختە نەخرابونە ژێر پشکنین‌و وردبینیی ئەمنیی پێویستەوە".

ڕاپۆرتەکە تیشکیخستوەتەسەر ئەوەی کە "چەندین دەسەڵات‌و دەزگای نێودەوڵەتی دیكه‌ هاوکاریی ئیسرائیل دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم پێشێلکاریی‌و کەلێنە ئەمنییە گەورەیە".

ئەم لێکۆڵینەوە ئەمنییە چڕو کتوپڕانەش دوای ڕوداوەکەی گەشتی ژمارە FZ1073ی کۆمپانیای "فلای دوبەی" هات کە بەرەو تەلئەبیب بەڕێوەبوو.

وه‌كو ڕاپۆرته‌كه‌ى کەناڵی 12ی ئیسرائیلی باسیكردوه‌، دەزگای ئاسایشی ناوخۆ (شاباک)و لایەنە په‌یوەندیدارەکانی فڕۆکەوانی، دەستیانکردوە بەپشکنینی تەواوی ئەرشیف‌و لیستی گەشتەکانی ساڵانی ڕابردوو، گومانی سەرەکی‌و ترسناک لەوەدایە کە ژمارەیەک فڕۆکەوان کە خاوەنی ڕەگەزنامەی دوانەن (جنسیه‌ مزدوجه‌)و یەکێک لەڕەگەزنامەکانیان سەر بەوڵاتانی نەیارو "دوژمنە" وەک عێراق، ئێران‌و سوریا، توانیویانە لەچەندین گەشتی جیاوازدا لەناودڵ‌و هێڵی سەرەکیی تەلئەبیبدا بنیشنەوە.